Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

سەرۆک بارزانی بۆ مەسیحییەکان: خۆڕاگر بن، یان هەموومان پێكەوە دەمرین یان پێكەوە بە ئازادی و سەربەرزی دەژیێن

هەولێر-KDP.INFO(سەرۆک بارزانی) لە پێشوازیکردنی پاتریاك لویس ڕۆفاییلی یەكەم ساكۆ پاتریاكی كلدانی لە عێراق و جیهاندادڵنیای كردنەوە كە هەرێمی كوردستان هەموو هەوڵێكی دەخاتە گەڕ بۆ یارمەتیدانی پەنابەران و ئاوارەكان و كوردستانیش وڵاتی هەمووانە و دەرگەی بۆ لێقەوماوان كراوەیە. گوتیشی: "یان هەموومان پێكەوە دەمرین یان پێكەوە بە ئازادی و سەربەرزی دەژیێن."

ئەمڕۆ چوارشەممە، لە سەڵاحەددین، سەرۆكی هەرێمی كوردستان(مەسعوود بارزانی) پێشوازی لە پاتریاك لویس ڕۆفاییلی یەكەم ساكۆ پاتریاكی كلدانی لە عێراق و جیهان و شاندێكی یاوەری كرد كە لە ژمارەیەك مەتران و پیاوی ئایینی مەسیحیی كوردستان و عێراق پێكهاتبوو.

لە كۆبوونەیەكداپاتریاك لویس ڕۆفاییلی یەكەم ساكۆ پاتریاكی كلدانی لە عێراق و جیهان سوپاسی (سەرۆك بارزانی)-ی كرد بۆ ڕەخساندنی ئەم دیدارە و سوپاسی سەرۆك بارزانی و حكوومەتی هەرێمی كوردستانی كرد بۆ پێشوازی و حەواندنەوەی مەسیحییەكانی نەینەوا و عێراق و هەروەها هاوكاریكردن و پاراستنیان لە هەڕەشەی تیرۆریستان.

 پاتریاكی كلدانی لە عێراق و جیهان نیگەرانیی خۆیشی نیشان دا بەرانبەر ڕووداوەكانی مووسڵ و هەروەها ئەو هەڕەشە و جیاكارییەی لەسەر بنەمای ئایین و بە ناوی ئیسلام لە دژی مەسیحییەكان دەكرێ و ئاماژەی دا كە، ئەوەی ئێستا لە ئارادایە پەرەسەندنی كولتووری ئینكاری بەرانبەر و شێواندنی سیمای ئیسلامە و ڕایشیگەیاند كە دەركردن و تێكدانی كەنیسەكان و کولتووری مێژوویی و ئایینیی مەسیحییەكان لە نەینەوا بوونی مەسیحییەكانی لەم ناوچەیە كردووەتە ئامانج.

 لە درێژەی قسەكانیدا پاتریاكی كلدانی لە عێراق و جیهان جەختی كردەوە كە پێویستە کولتووری مێژوویی مەسیحییەكان و مانەوەی مەسیحییەكان بپارێزرێت و شێوەیەكی سەردەمیانە بۆ یەكلاییكردنەوەی گرفتەكانی عێراق بدۆزرێتەوە و داوایشی كرد كە لەگەڵ حكوومەتی هەرێمی كوردستان هەماهەنگی و بەدواداچوونی هاوبەش هەبێت بۆ چارەكردنی گرفتی ئاوارە و پەنابەرانی مەسیحی.

لەبەرانبەردا (سەرۆك بارزانی) بەخێرهاتنی شاندی میوانی كرد و سەبارەت بە دەركردنی خوشك و براكانی مەسیحی لە دەشتی نەینەوا بە توندی ئەو هەوڵانەی ئیدانە كردن كە لە دژی مەسیحییەكان لە لایەن تیرۆریستانەوە ئەنجام دەدرێن و ڕایگەیاند كە، "ئەم تەوژمە تەنیا هەڕەشە نییە بۆ سەر مەسیحییەكان، بەڵكو هەڕەشەیە بۆ سەر هەموو پێكهاتەكانی عێراق و ناوچەكە و جیهان و دژی هەموو پڕەنسیپە ئایینی و مرۆڤییەكان و دژی ژیانە و، لەو ماوەیەدا نەك تەنیا كەنیسەكان بەڵكو مەزارگە و شوێنە پیرۆزەكانی موسلمانانیش كەوتوونەتە بەر پەلاماری تیرۆریستانەوە."

 (سەرۆك بارزانی) لە درێژەی قسەكانیدا شاندی میوانی دڵنیا كردەوە كە هەرێمی كوردستان هەموو هەوڵێكی دەخاتە گەڕ بۆ یارمەتیدانی پەنابەران و ئاوارەكان و كوردستانیش وڵاتی هەمووانە و دەرگەی بۆ لێقەوماوان كراوەیە و ڕایگەیاند كە، زۆر باش لە كێشە و گرفتەكانی خوشك و برا مەسیحییەكان دەگات و "پێویستە هەموومان وڵاتی خۆمان بپارێزێن"، گوتیشی: "یان هەموومان پێكەوە دەمرین یان پێكەوە بە ئازادی و سەربەرزی دەژیێن."

 (سەرۆك بارزانی) داوایشی لە خوشك و برا مەسیحییەكان كرد كە خۆڕاگر بن و بیر لە كۆچكردن بۆ دەرەوەی وڵات نەكەنەوە و ئەوەی خستەڕوو كە دژایەتیكردنی تیرۆر و نەهێشتنی توندڕۆیی، هەوڵێكی هەمەلایەنە و نێودەوڵەتیی پێویستە و هەرێمی كوردستانیش بە هەموو توانایەكیەوە ڕووبەڕووی تیرۆریستان دەبێتەوە و بەرگری لە خاك و ژیانی هاووڵاتیان دەكات.