Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

بەرپرسێکی پارتی: لە باشترین حاڵەتی پێکهێنانی حکوومەتی نوێی عێراقیشدا، هەرێمی کوردستان کۆنفیدراڵی بە دەست دێنێ

ھەولێر-KDP.INFO-  ئەندامێکی ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی پارتی دیموکراتی کوردستان دەڵێت، داواکاریی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ ئەنجامدانی ریفراندۆم لە ناوچە رزگارکراوەکان و سەربەخۆیی کوردستان بۆ راگەیاندن نییە، بەڵکو کاتی ھاتووە و ئەرکی پارتییە باسی لێوە بکات، چونکە پارتی بۆ بەدیھێنانی خەونی گەلی کورد دامەزراوە. باوەڕیشی وایە کە لە باشترین حاڵەتی پێکهێنانی حکوومەتی نوێی عێراقیشدا، هەرێمی کوردستان کۆنفیدراڵی بە دەست دێنێ.

ئەندامی ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی پارتی دیموکراتی کوردستان(عەلی عەونی) بە kdp.infoی راگەیاند: "پرسی سەربەخۆیی ھەرێمی کوردستان کە بەردەوام پارتی دیموکراتی کوردستان جەختی لێ دەکاتەوە، بۆ راگەیاندن نییە کە زۆر جار باسی لێوە دەکرێت، چونکە کاتی ھەڵبژاردن نییە، تا دەنگی پێ کۆ بکاتەوە.. ڕەنگە جگە لەمە ببێتە ھۆی توڕەبوونی ھەندێک وڵات کە کێشەی لەگەڵ کورددا ھەیە، بۆیە ئەگەر پارتی نەزانێت کاتییەتی باسی ناکات."

(عەلی عەونی) گوتیشی: "پرسی ئەنجامدانی ڕیفراندۆم لە ناوچە ڕزگارکراوەکان کارێکی مەبدەئییە و پێویستە ئەو ناوچانە بگەڕێنەوە سەر ھەرێمی کوردستان و پرسی سەربەخۆیی کوردستانیش ھیوا و ئومێدی ھەموو کوردێکە و، پارتی دیموکراتی کوردستانیش بۆ بەدیھێنانی خەونی گەلی کورد دامەزراوە."

ئەو بەرپرسەی پارتی زیاتر ڕوونی کردەوە، "پرسی ریفراندۆم لە ناوچە رزگارکراوەکان و سەربەخۆیی کوردستان ھەرلایەنێک دژی بوەستێتەوە دەکەوێتە بەر نەفرەتی مێژوو و گەلی کوردستانەوە، بۆیە کۆدەنگیی لایەنە سیاسییەکانی ھەرێمی کوردستان، کاریگەریی خۆی ھەیە و پێویستە لەسەر پارتی دیموکراتی کوردستان راستی بۆ خەڵک ڕوون بکاتەوە و ئامادەکارییش بۆ ریفراندۆم و سەربەخۆی بکات."

ئەوەشی خستەڕوو، یەکیەتیی ناوماڵی کورد، بریتی نییە لە کۆدەنگیی چەند پارتێکی سیاسی، بەڵکو بریتییە لە کۆدەنگیی گەلی کوردستان و، زۆرینەی ھەرەزۆری خەڵکی ھەرێمی کوردستانیش پشتگیری لە بانگەوازەکەی سەرۆکی ھەریمی کوردستان دەکەن، چونکە ئەمە پرسێکە ھیچ کەسێک ناتوانێ دژی بوەستێتەوە."

(عەونی) راشیگەیاند: "چوونی کورد بۆ بەغدا و هاوکات داوای سەربەخۆیی پێک ناکۆک نین، چونکە پرۆسەی سەربەخۆیی ھەرێمی کوردستان کاتی دەوێت و عێراقیش ئەستەمە بگەڕێتەوە بۆ پێش 9/6 و ئەگەر لە باشترین سیناریۆیشدا حکوومەتی عێراق دروست ببێت، کۆنفیدراڵی دەبێت بە سەربەخۆیی ھەرێمی کوردستان و ھەرێمی دیکەیش، بۆیە پێویستە پەیوەندیی ئێمە لەگەڵ بەغدا بەردەوام بێت."

ئاماژەیشی دا، "بەشداریکردنی کورد لە حکوومەتی نوێی عێراق، ھیچ کاریگەریێکی نەرێنی نابێت، چونکە تەنیا بۆ ریفراندۆم کۆمەڵێک ئامادەکاری پێویستە، لەوانە پەسەندکردنی یاسا و دامەزراندنی کۆمسیۆنی ھەڵبژاردنەکان."

بڵندئیبراھیم