Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

سەرچاوەیەکی تایبەت: پارتی پێنجشەممە دواکۆبوونەوەی لەگەڵ لایەنە براوەکانی هەڵبژاردن ساز دەدات

هەولێر-KDP.info/ سەرچاوەیەکی تایبەت بە KDP.info-ی ڕاگەیاند، لە چوارچێوەی گفتوگۆکان بۆ پێکهێنانی کابینەی هەشتەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، وەها بڕیارە پێنجشەممە 17/4 پارتی دیموکراتی کوردستان گەڕێکی دیکەی دانوستان لەگەڵ لایەنە براوەکانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەست پێ بکاتەوە، بەڵام وەک سەرچاوەکە ڕایگەیاند ڕەنگە ئەمە دوادانوستانی پارتی بێت لەگەڵ لایەنەکان بۆ پێکهێنانی حکوومەت.

سەرچاوەیەکی تایبەت لە پارتی دیموکراتی کوردستان کە نەیویست ناوی ببرێت، بە KDP.info-ی ڕاگەیاند پاش کۆبوونەوە و دانوستان لەگەڵ لایەنە براوەکانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، تا ئاستێکی باش لێکتێگەیشتن لەنێوان لایەنەکاندا هەبووە، وەهایش بڕیارە بۆ ئەوەی چی دی پێکهێنانی کابینەی نوێ دوانەکەوێت و نەکەوێتە پاش هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی عێراق و ئەنجوومەنی پارێزگاکانەوە، دووسبەی پێنجشەممە، پارتی دیموکراتی کوردستان بە جیا لەگەڵ لایەنەکانی دەرچووی هەڵبژاردن دەست بە گفتوگۆ بکاتەوە و وەهایش چاوەڕوان دەکرێت کە ئەم گەڕی کۆبوونەوەیە دواکۆبوونەوەی پارتی بێت بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێ.