Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

KDP.info پانۆڕاماو ڕاپۆرتێك لەسەر سەردانی سەرۆكی هەرێم بۆ ڕووسیا بڵاو دەكاتەوە

KDP.info_ هەولێر/ بەشێكی زۆری هێزە سیاسیەكانی كوردستان و ڕۆژنامە نووسان بەگرنگیەوە باس لەسەر دانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان بۆ وڵاتی ڕوسیادەكەن ئەوەش دەخەنە ڕوو جگە لە شێوازی سیاسی شێوازی ئەتەكێتی پێشوازی كردنەكەشی نیشانەی سەنگی كورد لە چوار چێوەی نێودەوڵ‌تی دەردەخات.

بەڕێز مسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان ڕۆژی سێشەممە 19/2/2013 بە یاوەریی شاندێكی پایەبەرز، بە سەردانێكی فەرمیی هەولێری پایتەختی بەجێهێشت و بەرەو مۆسكۆ بەڕێكەوت.

سەرۆك بارزانی لە میانی ئەم سەردانەیدا، چاوی بە گەورە بەرپرسانی رووسیا كەوت‌ و بەڕێزیان لە چوارچێوەی ئەو دیدار و كۆبوونەوانەیدا چەندین پرسی گرنگی پەیوەست بە پەیوەندییەكانی نێوان رووسیا و هەرێمی كوردستان و پەرەسەندنە سیاسییەكانی عێراق و ناوچەكە بە گشتی تاوتوێ كرد

ئەو شاندەی یاوەریی سەرۆك بارزانی دەكەن لەم سەردانەدا، پێكهاتووە لە بەڕێزان مەسرور بارزانی راوێژكاری ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان و فوئاد حوسێن سەرۆكی دیوانی سەرۆكایەتی هەرێم و د.ئاشتی هەورامی وەزیری سامانە سروشتییەكانی حكوومەتی هەرێم و كامەران ئەحمەد عەبدوڵلا وەزیری ئاوەدانكرنەوە و نیشتەجێكردن و فەلاح مستەفا بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی حكوومەتی هەرێم و ژمارەیەك لە راوێژكاران.

قۆناغەكانی سەردانی كردنی بەم شێوەیە بوون

یەكەم : سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان سه‌ردانی باڵیۆزخانه‌ی عێراق له‌ مۆسكۆ ده‌كات

 له‌ چوارچێوه‌ی سه‌ردانه‌كه‌یدا بۆ روسیا؛ به‌ڕێز مه‌سعود بارزانی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان سه‌ردانی باڵیۆزخانه‌ی عێراق له‌ مۆسكۆ كرد و له‌لایه‌ن باڵیۆز و كارمه‌ندانی باڵیۆزخانه‌وه‌ پێشوازی لێكراو و دواتر له‌ كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا تیشكی خسته‌سه‌ر ره‌وشی ناوخۆی عێراق و په‌یوه‌ندیی نێوان روسیا و هه‌رێمی كوردستان و ته‌نگژه‌ی سوریا.

له‌ به‌شێكی كۆنگره‌ رۆژنامه‌وانییه‌كه‌دا سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان باسی له‌ ره‌وشی ناوخۆی عێراق كرد و گوتی ناكۆكی له‌ نێوان شیعه‌ و سونه‌دا هه‌یه‌ و هۆكاره‌كه‌شی بۆ هه‌ڵوێستی هه‌ردوولا ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ و هه‌ندێك جاریش هه‌ندێك دروشم كاریگه‌ری دروست ده‌كات.

له‌ به‌شێكی دیكه‌ی كۆنگره‌ رۆژنامه‌وانییه‌كه‌دا سه‌رۆك بارزانی ئاماژه‌ی به‌و هه‌وڵانه‌دا كه‌ بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ و ناكۆكییه‌كان به‌ رێگه‌ی ئاشتی ده‌درێن و گۆتی پاش گه‌ڕانه‌وه‌م له‌گه‌ڵ هه‌موو لایه‌نه‌ سیاسیه‌كانی عێراق گفتوگۆ ده‌كه‌ین بۆ دۆزینه‌وه‌ی میكانیزمێك بۆ چاره‌سه‌ركردنی ئه‌و بارودۆخه‌.

له‌باره‌ی په‌یوه‌ندی نێوان روسیا و هه‌رێمی كوردستان سه‌رۆك بارزانی گوتی ئێستا كۆمپانیای غازپرۆم له‌ هه‌رێمی كوردستان كار ده‌كات و به‌م دواییه‌ش ژماره‌یه‌ك رێكه‌وتنی گرنگی له‌گه‌ڵ حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌ستووه‌ و له‌كاره‌كانیشی به‌رده‌وامه‌ ده‌بێت. هه‌روه‌ها سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان دووپاتیكرده‌وه‌ كه‌ كۆمپانیای دیكه‌ی رووسی له‌گه‌ڵ هه‌رێمی كوردستان له‌ دانوستاندان.

دووەم :بوتین لەگەڵ بارزانی کۆبۆوە و باسی پەرەپێدانی هاوکاری ئابوری لەگەڵ کوردستان دەکەن

دوای سەردانە فەرمییەکەی سەرۆک بارزانی بۆ مۆسکۆ، لەلایەن فلادیمیر بۆتین پێشوازی لە بەرێز مەسعود بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان کرا و لەم دیدارەدا وەکو پەیامنێری روسیا ئەلیەوم ئاماژەی پێکردووە بەرنامە و گفتوگۆکانی نێوان هەردوو لا باسی پەرەپێدانی هاوکاری ئابوری نێوان روسیا و هەرێمی کوردستانی لەخۆگرتووە.

سێهەم : سەرۆک بارزانی و سەرۆک بۆتین کۆبوونەوە و هەر ئەمڕۆش سەردانی ئەو خانووەی کرد کە بارزانی نەمر تێیدا جێنشین بوو

ئێواره‌ی رۆژی سێشه‌ممه‌ 20/2/2013به‌ڕێز مسعود بارزانی سه‌رۆكی كوردستان و شاندی یاوه‌ری گه‌یشتنه‌ مۆسكۆی پایته‌ختی روسیا و له‌ فڕۆكه‌خانه‌ له‌ لایه‌ن بالیۆزی روسیا له‌ عێراق و به‌ڕێوه‌به‌ری به‌شی عێراق- ئوردن له‌ وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی روسیا و بالیۆزی عێراق له‌ روسیا و زه‌لیم خان مونسه‌یف ئه‌ندام په‌رله‌مانی روسیای فیدراڵ پێشوازی لێكرا.

دوای ئه‌وه‌ی گه‌یشته‌ مۆسكۆ سه‌رۆك بارزانی سه‌ردانی ئه‌و خانووه‌ی كرد، كه‌ بارزانیی نه‌مر له‌ ساڵانی 1954-1958 تێیدا ده‌ژیا. به‌ ئاماده‌بوونی ژماره‌یه‌ك له‌ كوردانی روسیا و به‌رپرسانی مۆسكۆی پایته‌خت سه‌رۆك بارزانی وته‌یه‌كی پێشكه‌شكرد،

چوارەم : سه‌رۆك پۆتین سه‌رۆكی روسیای ئیتحادی پێشوازی كرد له‌ سه‌رۆك بارزانی

چوارشه‌ممه‌ 20/2/2013 سه‌رۆك پۆتین سه‌رۆكی روسیای ئیتحادی پێشوازی كرد له‌ سه‌رۆك بارزانی. له‌ دیدارێكی زۆر دۆستانه‌دا ئاماژه‌ به‌ په‌یوه‌ندی مێژوویی نێوان گه‌لی كوردستان و گه‌لانی سۆڤیه‌تی جاران و گه‌لی روسیا درا. هه‌روه‌ها تەئكید لە‌ په‌یوه‌ندییه‌ دیرۆكییه‌كانی نێوان روسیا و عێراقیش كرا.

له‌م كۆبوونه‌وه‌یه‌دا كۆمه‌ڵێك ته‌وه‌ر خرانه‌ به‌ر باس، له‌وانه‌ په‌یوه‌ندی ئابوری و رۆشنبیری و رۆڵی كۆمپانیا روسییه‌كان له‌ پرۆسه‌ی دووبارە ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی عێراق و كوردستان.

سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان ته‌ئكیدی له‌ دۆستایه‌تی نێوان هه‌ردوو لا كرد و گوتی: پێویسته‌ ئه‌و په‌یوه‌ندیانه‌ به‌ره‌و پێشه‌وه‌بچن.

هه‌روه‌ها باسی مێژووی خه‌باتی گه‌لی كوردی كرد به‌و قوربانیانه‌ی داویه‌تی له‌ پێناو ئازادی و سه‌رفرازیدا. سه‌رۆك بارزانی تەئكیدی كرده‌وه‌، كه‌ گه‌لی كوردستانی عێراق پابه‌ندن به‌ ده‌ستووری عێراق و ئه‌و په‌یوه‌ندیانه‌ی، كه‌ هه‌یه‌تی له‌گه‌ڵ جیهانی ده‌ره‌وه‌ و روسیادا له‌ چوارچێوه‌ی عێراق دایه‌.

سه‌رۆك پۆتین له‌ لای خۆیه‌وه‌ ته‌ئكیدی له‌ دۆستایه‌تی نێوان گه‌لی روسیا و كوردستان كرده‌وه‌و ئاماژه‌ی به‌وه‌ كرد كه‌ ئه‌وان ئاگاداری خه‌باتی گه‌لی كوردستان و خه‌باتی بارزانی نه‌مرن كه‌ ماوه‌یه‌ك ژیانی له‌ روسیا بردۆته‌ سه‌ر.

پێنجەم :سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان سه‌ردانی په‌یمانگای مۆسكۆ بۆ دیراساتی رۆژهه‌ڵاتناسی كرد

هه‌رله‌چوارچێوه‌ی سه‌ردانه‌كه‌یدا بۆ مۆسكۆ ڕۆژی پێنجشه‌ممه‌ 21/2/2013 به‌ڕێز مه‌سعوود بارزانی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان سه‌ردانی په‌یمانگای مۆسكۆ بۆ دیراساتی رۆژهه‌ڵاتناسی كرد و له‌وێش سه‌رۆك بارزانی له‌ وته‌یه‌كدا به‌ ئاماده‌بوونی سه‌رۆكی په‌یمانگه‌ی ناوبراو و ژماره‌یه‌ك توێژه‌ر و كه‌سایه‌تی ئه‌كادیمیی رووسی، باسی له‌ كۆمه‌لێك ته‌وه‌ری گرنگ كرد له‌وانه‌ بارودۆخی عێراق و كوردستان و سوریا و كێشه‌كانی نێوان هه‌ولێر و به‌‌غدا، هه‌روه‌ها ناوچه‌كه‌ به‌ گشتی و په‌یوه‌ندبی هه‌رێمی كوردستان له‌گه‌ڵ ولاتانی ناوچه‌كه‌.

 

شەشەم : سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان و وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ڕووسیا كۆبوونه‌وه‌

 ڕۆژی پێنجشه‌ممه‌ 21/2/2013 له‌ مۆسكۆ، سێرگی لاڤروڤ وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی رووسیای فیدراڵ پیشوازیی له‌ به‌رێز مه‌سعوود بارزانی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان و شاندی یاوه‌ری كرد، له‌ ده‌ستپێكی كۆبوونه‌وه‌كه‌دا، باس له‌ په‌یوه‌ندیی دیرۆكیی نێوان گه‌لی رووسیا و گه‌لی كوردستان كرا.

 

سه‌رۆك بارزانی جارێكی دیكه‌ سوپاسی گه‌ل و وڵاتی رووسیای كرد بۆ پێشوازیكردن و میوانداریكردنی بارزانی نه‌مر و هه‌ڤاڵانی كه‌ بۆ ماوه‌ی 12 ساڵ له‌ رووسیا ژیان.

 

هه‌ر له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا، باس له‌ چه‌ندین بابه‌تی گرنگ كرا به‌ تایبه‌تیش په‌یوه‌ندیی نێوان عێراق و رووسیا، هه‌روه‌ها هه‌رێمی كوردستان و رووسیا و هه‌ردوولا جه‌ختیان له‌وه‌ كرده‌وه‌ كه‌ پێویسته‌ ئه‌و په‌یوه‌ندییانه‌ زیاتر په‌ره‌یان پێ بدرێت و به‌ره‌وپێشه‌وه‌ بچن.

حەوتەم : دوای سەردانێكی فەرمی بۆ روسیا سەرۆكی كوردستان گەیشتەوە وڵات

ڕۆژی 24/2/2013 بەڕێز مسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان كۆتایی هاتنی سەردانە فەرمییەكەی بۆ روسیا و لە رێگەی فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی هەولێرەوە، گەیشتەوە هەرێمی كوردستان.

شایەنی باسە سەردانەكەی سەرۆكی هەرێمی كوردستان و شاندە یاوەرەكەی بۆ روسیا چوار رۆژی خایاند، لەو سەردانەیدا سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە گەڵ ڤلادیمێر پۆتین سەرۆكی روسیا و سێرگی لاڤرۆڤ وەزیری دەرەوە و چەند بەرپرسێكی پایەبەرزی ئەم وڵاتە كۆبۆوە.

زۆربەی چاودێرانی سیاسی و ئابووری ئەو سەردانەی سەرۆكی هەرێمی كوردستان بە گرنگ و سەركەوتوو وەسف دەكەن، بەو پێیەی زەمینەی لەبار بۆ گەشەسەندنی پەیوەندییە سیاسی و ئابووریەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و روسیا دەرەخسێنێت.

بەپێی ڕاپۆرتێكیش كەKDP.info ئەنجامی داوە بە گرنگیەوە باس لەسەردانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان بۆ ڕووسیا دەكرێت سەلیم كۆیی ئەندامی سەركردایەتی كۆمەڵی ئیسلامی لە لێدوانێكدا بۆKDP.info گوتی " سەردانەكە زۆر باش بووە بەتایبەتی لەسەر ئە ئاستە بۆیە لەگەڵ تەواوی ئەو هەوڵانەدام بۆیە خوێندنەوەی وڵاتێكی وەكو ڕووسیار بۆ هەرێم زۆر باشە بەتایبەتی لە ڕووی ئەمنیتی كوردستان و گەشە كردنی ئابوریەوە".

گوتیشی " ئەگەر هاتوو لە داهاتوودا ئەم شاندانە فراوانتر بكرێت ئەوە زۆر گرنگ دەبێت چونكە ئێستا ڕوسیا چاو لە پێشنیار و گفتوگۆكانی بارزانی دەكات".

جگە لەوەی سەردانی بارزانی بۆ وڵاتی ڕووسیا گرنگیەكی تایبەتی خۆی هەبووە لە هەمان كاتدا لە ڕووی ئەتەكێت و چۆنیەتی پێشوازی كردنیەوە لەلایەن ئە وڵاتەوە شتێكی زۆر جیاواز بوو بەوەی شێوەیەكی فەرمی تری وەرگرت لەم بارەوە دڵشاد وەسانی ڕۆژنامە نووس بۆKDP.infoگوتی " دوای ڕووخانی كۆماری كوردستان، جارێكی دی نائومێدی باڵی بەسەر كوردستاندا كێشایەوە، سوپای ئێران دەستی بەسەر كوردستان دا گرتەوە و مهابادی پایتەختی كۆماری داگیركردەوەو، قازی محەمەد و هەڤاڵەكانی لەسێدارەدران، هێزی بارزانییەكان و خێزانەكانیان گەڕانەوە كوردستان و بارزانیی نەمر و 500 هەڤاڵی بەنێو سنووری سێ دەوڵەت و بە شەڕو قارەمانەتیەكی بێ نموونەو، دەردەسەرییەكی زۆرەوە گەیشتنە سۆڤیەت، لەو ڕۆژگاردا كە بەهەرسێ دەوڵەتی ئێران و توركیاو عێراق گەلەكۆمەكییان لە كورد دەكردو شەڕی بارزانیی نەمرو هەڤاڵەكانییان كرد تا گەیشتنە سۆڤیەت، سۆڤیەتیش دەرگای لێكردنەوەو بۆ ماوەی 12 ساڵ لەوێ مانەوە، سەرۆك بارزانی لەم سەردانەیدا بۆ ڕووسیا لەبەردەم ئەو خانووەی كاتی خۆی بارزانیی نەمر لە ساڵی 1954تا 1958 تیایدا ژیاوە گوتی: "كاتی خۆی بارزانیی نەمرو هەڤاڵەكانی بە 53 ڕۆژ بە زەبری لولەی تفەنگ گەیشتنە مۆسكۆو من لە هەولێرەوە بە 3 سەعات گەیشتم" ئەمەش ئاماژەیەكی گرنگە بۆ ئەوەی بزانین دۆزی كورد چەند چۆتەپێش و بەكوێ گەیشتووە، ئەگەر دوێنێ بارزانیی نەمرو هەڤاڵەكانی لەنێو گەلەكۆمەكیی دەوڵەتانی ناوچەكەو شەڕكردن لەگەڵیاندا لە دەرگای سۆڤیەتی دابێت، ئەمڕۆ بەڕێز مسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان، بەشێوەیەكی ڕەسمی داوەت دەكرێ و وەك سەرۆكێكی بە ئەزموون و ڕۆڵگێڕێكی گرنگ لەناوچەكەدا مامەڵەی لەگەڵ دەكرێ، لەبارەی عێراق و گۆڕانكاری و پێشهاتەكانی ناوچەكە گفتوگۆی لەگەڵ دەكرێ."

مەریوان نەقشبەندی ڕۆژنامە نووس لەبارەی گرنگی ئەم سەردانەوە بۆKDP.infoگوتی "سەردانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان بۆ ڕووسیا و شێوازی پێشوازی كردنی بە ئاسایی دەبینم چونكە سەرۆكی هەرێم تەنیا سەرۆكی هەرێمێك نیە، بەڵام ئەو زیاترە لە سەرۆكی هەرێمێك لە ڕووی سیاسی و مەعنەویەوە بەو پێیەیی لەناوچەیەكدا توانیویەتی سەرۆكایەتی هەرێمێك بكات كە گڕگرتووە پڕە لە كیشە لە كاتێكدا ئەو توانیویەت شوێنێكی زۆر ئارام بخولقێنێت كە جیاوازی هەیە لەگەڵ هەموو ناوچەكانی دیكە بۆیە چاوەڕوان كراو بووە بەو شێوە پێشوازی لێبكرێت گوتی " لە ڕوە سیاسیەكەشەوە ئێستا كورد دەركەوتووە كە كورد چیتر بە هەست و سۆز سیاسەت ناكات و هێلكەكانیشی لەیەك سەبەتە دانانێت و دەزانێت چۆن مامەڵە لەگەڵ زلێهێزەكان بكات بۆیە بە هەموو شێوەیەك ئەو سەردانە سەركەوتوو بووە".

هەرلەم بارەوە بەڵێن عبدلڵە سكرتێری حزبی زەحمەتكێشانی كوردستان بۆKDP.infoگوتی "هەرێمی كوردستان لە دوای ڕاپەڕینی 1992 پێگەی لە هاوكێشە سیاسیەكانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و عێراق بەهێز بووە ئەوەش بەهۆی پێشكەوتنی كوردستان لە كۆمەڵێك ڕوەوە لە بواری ئابوری سیاسی فەرهەنگیەوە ئەو پێشكەوتنە ڕۆڵێكی باش دەگێڕێت لە جیهان و هەرێم لە ئاستێكی بەرزە لەگەڵ پەیوەندی وڵاتان ئەو سەردانەی سەرۆكی هەرێمیش لەو ڕوەوە سەرچاوە هەڵدەگرێت گرنگی دانی جیهانیش بەهەرێمی كوردستان لەو ڕوەوە هاتووە پێگەی بەهێز بووە لە جیهان.

گوتیشی " ئەو جۆرە سەردانانە جگە لەوەی سەردانی باش و دیپلۆماسین لە هەمان كاتدا زۆر گرنگن بۆ ئێستای هەرێمی كوردستان".

وڵاتی ڕووسیا وڵاتێكی پانوپۆڕ و گەورەیە، بەدرێژایی مێژوو سەرزەمینێك بووە چەندین نەتەوەو ئاینی جیاجیای لەخۆگرتووە، لە شەڕی یەكەمی جیهان 1914-1918 چەند ئیمپراتۆریەتێك ڕووخان، یەكێكیش لەوان ئیمپراتۆریەتی ڕووسیا بوو، ئەم گۆڕانكارییەش لەدوای شۆڕشی 1917 بوو، كە بەهۆیەوە سیستەمی حوكمڕانی گۆڕاو، ناوی وڵاتەكەش بووە یەكێتی سۆڤیەت، كە لە چەندین كۆماری ئۆتۆنۆمی لەسەر بنەمای نەتەوەیی پێكهاتبوو، ئەم وڵاتە لە شەڕی دووەمی جیهان 1939-1945 وەك هێزێكی گەورەی جیهان بەشداری كرد، لەدوای كۆتایی هاتنی شەڕەكە تا كۆتایی هەشتاكان و سەرەتای نەوەدەكانی سەدەی ڕابردوو، وەك جەمسەرێك لەگەڵ ئەمەریكادا كەوتە ململانێ و جەنگی سارد. دوای ئەوەی لە كۆتایی هەشتاكان و سەرەتای نەوەدەكانی سەدەی بیستەم، یەكێتی سۆڤیەت هەڵوەشایەوە، چەند كۆمارێكی ئۆتۆنۆمی سەردەمی سۆڤیەت سەربەخۆیی خۆیان ڕاگەیاند و لە ڕوسیا جیابوونەوە وەك: ئازەربایجان، ئەرمینیا، ئۆزبەكستان، توركمانستان، جۆرجیا، تاجیكستان، قیرغیزیا، كازاخستان. دوای جیابوونەوەی ئەو كۆمارانە، هێشتا ڕووسیا بە گەورەترین دەوڵەتی جیهان دادەندرێت لە ڕووی ڕووبەرەوە كە لە 17 ملیۆن كیلۆمەتری چوارگۆشە زیاترە و ژمارەی دانیشتوانیشی نزیكەی 144 ملیۆن كەس دەبێت. ڕووسیا كە یەكێكە لە پێنج ئەندامە هەمیشەییەكەی ئەنجوومەنی ئاسایش، لەم بیست ساڵەی دواییدا هەمیشە لە هەوڵی ئەوەدابووە، هێز بێنێتەوە بەرخۆیی و تەپوتۆزی كەوتنی یەكێتی سۆڤیەت لە ململانێ لەگەڵ بەرەی ڕۆژئاوا بەسەركردایەتی ئەمەریكا لەخۆی ڕاتەكێنێ

.

راپۆرتی _ كارزان هەورامی