Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

پەیامێک لە سەرۆکی حكوومەتی هەرێمی كوردستانەوە

ھەولێر-KDP.info- ئەمشەو مەسروور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە پەیامێکدا رایگەیاند: "بە توندی سەرکۆنەی هێرشە تیرۆریستییەکەی ئەمشەو بۆ سەر كۆرمۆر دەکەم. سەرەخۆشی لە کەسوکاری ئەو چوار هاووڵاتییە سیڤیلە دەکەم کە گیانیان لەدەست دا، هیوای زوو چاکبوونەوەش بۆ بریندارەکان دەخوازم. وەزارەتی تەندروستییم ڕاسپاردووە کە هەموو هاوکاری و پاڵپشتییەکی پێویست پێشکەش بکات.

سەرۆكی حكوومەت لە پەیامەكەیدا دەڵێ: "داوا لە حکوومەتی فیدراڵ دەکەم کە بە شێوەیەکی جیددی لێکۆڵینەوە بکات و لێپرسینەوە لە ئەنجامدەران بکات و دڵنیایی بە خەڵکی هەرێمی کوردستان بدات. بەپێی زانیاریی سەرەتایی، ئەم هێرشانە لە ناوچەیەکی نزیک لەناو خاکی عێراقەوە ئەنجام دەدرێن. چاوەڕوانی ڕێکاری خێرا دەکەین لە بەغدا بۆ ئەوەی ڕێگە نەدات ئەم جۆرە هێرشانە ببنە مایەی هەڕەشە بۆ ئێمە. دەبێت کۆنتڕۆڵی ئەو گرووپە چەکدارییە نایاساییانە بکات کە زیان بە هەموومان دەگەیەنن."

هەروەها ئاماژەی بەوە داوە: "هێرشکردنە سەر ناوەندەکانی وزە کە کارەبا دەدەنە ملیۆنان ماڵ لە هەرێمی کوردستان و پارێزگاکانی عێراق، هیچ پاساوێک هەڵناگرێت. هەروەها هەوڵەکانی هەولێر و بەغدا بۆ پەرەپێدانی سێکتەری وزە تێکدەدات. ئەم هێرشانە بەردەوام دووبارە دەبنەوە و بە تاوانی جەنگ دادەنرێن. ئامادەین لەگەڵ بەغدا هەماهەنگی بکەین بۆ ئەوەی سنوورێک بۆ ئەم هێرشانە دابنرێت."