Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

ڕێگای نێودەوڵەتی ھامڵتۆن نوژەن دەکرێتەوە

سۆران _KDP.info_بەڕێوەبەری چاککردنەوە و پاراستنی ڕێگاوبانی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران گوتی: بە بڕیاری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ڕێگای نێودەوڵەتی ھامڵتۆن لە نێوان ھەرێمی کوردستان و کۆماری ئیسلامی ئێران نوژەن دەکرێتەوە.‌

ئەندازیار خوسرەت سادق، بەڕێوەبەری چاککردنەوە و پاراستنی ڕێگاوبانی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بریاری داوە ڕێگای نێودەوڵەتی ھامڵتۆن لە نێوان ھەرێمی کوردستان و ئێران کە بە نێو چۆمان و سۆراندا دێت نوژەن بکرێتەوە، بڕیارە ئەمساڵ زیاتر لە (٢٠کم) نوژەن بکرێتەوە کە پێویستی بە دووملیار و ٢٥٠ملیۆن دینار ھەیە، ئێستا ملیارێک و ٥٠٠ملیۆن دینارمان بۆ سەرف کراوە بۆ ئەوەی قۆناغی یەکەم دەست پێ بکرێت.

ئەندازیار خوسرەت سادق گوتیشی: گەورەترین ڕێگای سۆرانە و ڕێگای نێوان ھەرێمی کوردستان و کۆماری ئیسلامی ئێرانە، بۆیە ئامادەکاری دەکەین بۆ ئەوەی لەم قۆناغەدا (٧کم) نوژەن بکرێتەوە و (١٠کم)ی دیکە لە تەندرە و (٥کم)یش کاری بۆ دەکرێت، ڕێگاکە ھەمووی نزیکەی (٨٠کم) دەبێت، ئەوەی تێکچوبێت نوژەن دەکرێتەوە.

دەشڵێت: ئێمە کار دەکەین بۆ ئەوەی (١٧کم)ی نوژەن بکەینەوە، لە (٧کم)دا دەست بەکار دەبین، (١٠کم) دیکەش لە تەندەر دایە، ئەو ڕێگایە زۆر گرنگ و ستراتیژییە بۆ ھەرێمی کوردستان و دەکەوێتە نێوان ھەرێم و ئێران.

بڵند ئیبراھیم