Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

وەزارەتی دارایی: لێکتێگەیشتنی باش لەبارەی پڕۆژەی ھەژماری من ھەیە


ھەولێر _KDP.info_ گوتەبێژی  وەزارەتی دارایی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان گوتی: سیستەمی  پڕۆژەی ھەژماری من زۆر لە پڕۆژەکەی عێراق پێشکەوتووترە و ئێستا لێکتێگەیشتنی باش لە نێوان حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و عێراق لەسەر ئەو پڕۆژەیە ھەیە.

ھونەر جەمال، گوتەبێژی  وەزارەتی دارایی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: پڕۆژەی ھەژماری من پڕۆژەیەکی گرنگ و ستراتیژییە و پێش ئەوەی دادگای فیدراڵی بڕیاری لێ بدات ئێمە دەستمان پێکردبوو و دەمانەوێت دابەشکردنی مووچە بەئەلکترۆنی بکرێت، پڕۆژەی ھەژماری من تەنیا لایەنێکی دابەشکردنی مووچەیە و کۆمەڵێک لایەنی دیکە لەخۆ دەگرێت کە گرێدراوە بە دامەزراندنی ئابوورییەکی بەھێز و پێشخستنی ژێرخانی بانکیی لە ھەرێمی کوردستان.
ھونەر جەمال گوتیشی: لەسەر ئەو پڕۆژەیە لێکتێگەیشتنی باشمان لەگەڵ حکوومەتی عێراق ھەیە و تەنیا پێویستی بە ڕوونکردنەوەیەکی دادگا ھەیە چۆن تەفسیر بۆ بانکەکان دەکات، لەبەر ئەوەی مەرجعی ھەموو بانکەکانی عێراق بانکی ناوەندی عێراقە، بۆیە لەو پڕۆژەیە ئەوانیش ئاگادارن و ھیچ تێبینی  تەکنیکییان لەسەر ئەو پڕۆژەیە نییە و سیستەمی پڕۆژەکە بگرە زۆر لە پڕۆژەکەی ئەوان پێشکەوتووترە،  بۆیە ئێمە شوێنگرەوەی بانکی ڕافیدەین و ڕەشیدمان ھەیە و پێش سێ ساڵ کارمان لەسەر کردنەوەی بانکی نیشتمانی کردووە، لێکتێگەیشتنی باش لە نێوان سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و عێراق لەسەر ئەو پڕۆژەیە ھەیە و ئومێدەوارین بتوانین لە داھاتوویەکی نزیکدا بگەینە ڕێککەوتن.

بڵند ئیبراھیم