Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

د.پشتیوان سادق: بە ھەوڵی حکومەت و خۆڕاگری خەڵکی کوردستان، کێشەی مووچە چارەسەر کرا

ھەولێر _KDP.info_  بەرپرسی مەکتەبی ڕێکخستنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ھەولێر گوتی: ھەوڵەکانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و خۆڕاگری خەڵکی کوردستان وای کرد کێشەی مووچە چارەسەر بکرێت و بێتە سەرەتایەک بۆ ئەوەی کێشەکانی دیکەش چارە بکرێن.

د.پشتیوان سادق، بەرپرسی مەکتەبی ڕێکخستنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ھەولێر لە پانێڵێکدا تایبەت بە دۆخی عێراق و ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست گوتی: سەردانی سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بۆ ئەمەریکا ڕۆڵێکی گەورەی ھەبوو .. لەکاتی سەردانی شاندی حکوومەتی عێراق بۆ ئەمەریکا سەرۆکی ئەمەریکا زۆر بە ڕوونی باسی مافە دەستووری و داراییەکانی ھەرێمی کوردستان و چارەکردنی کێشەکانی نێوان ھەرێمی کوردستان و بەغدای کرد، ھەر بۆیە ھەڵوێستی سەرۆکی حکوومەتی عێراق بۆ چارەکردنی کێشەکانی نێوان ھەرێمی کوردستان و بەغدا جێگەی ڕێزە و دەستپێکێکە بۆ ئەوەی ئەو کێشانەی ماون ئەوانیش چارە بکرێن.
گوتیشی: سەردانی سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بۆ ئەمەریکا ڕۆڵێکی زۆر گرنگی ھەبوو لە ڕوونکردنەوەی ڕاستییەکان، وایکرد سەرۆکی ئەمەریکا و ئیدارەی ئەمەریکا لەکاتی سەردانی شاندی عێراق بەڕوونی باسی ئەو پرسە بکەن و بەپێی بڵاوکراوەکان باسی چەند خاڵێکی کردووە، لەوانە بودجە و مووچە و چارەکردنی کێشەکان لەڕێگەی گفتوگۆ و ھەڵبژاردنێکی شەفاف وئازاد، چونکە دەزانێت دەستوەردان دەکرێت، بۆیە ئەوە جێگەی ڕێزە سەرۆکی گەورەترین وڵات باسی موعاناتی خەڵکی ئێمە  بکات لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی عێراقی فیدڕڵ.
د.پشتیوان سادق گوتیشی: سەرۆکی ئەمەریکا جۆ بایدن خۆی باسی لەوە کرد پێویستە ھەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد لە ھەرێمی کوردستان ئەنجام بدرێت، ئەمەش واتای ئەوەیە  دەستوەردان لە ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ھەیە، ھەر بۆیە سەرۆکی ھەرێمی کوردستان لەگەڵ لایەنەکان لە گفتوگۆدایە بۆ ئەوەی یەکڕیزی دروستبێت، ئەمەش پرنسیپی پارتی بووە لە ڕابردوو و ئێستاشدا ، ھەر بۆیە ٩٠%ی ئەو حزبانەی ناویان پێشکەشی کۆمسیۆن کردووە بڕوایان وایە ناتواندرێت ھەڵبژاردن بەبێ پارتی ئەنجام بدرێت.
سادق ڕوونیشی کردەوە: ھەوڵی پارتی دیموکراتی کوردستان و حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بۆ گەیاندنی معاناتەکان و خۆڕاگری خەڵکی کوردستان بەشێکی ئەنجامی ھەبوو و بەشەکەی دیکەش لە داھاتوو دەبینین.
گوتیشی: مووچە مافی سروشتی خەڵکی کوردستانە و خێر نییە عێراق دەیکات، ھەڵوێستی سەرۆک وەزیرانی عێراق کە کێشەکەی چارەسەرکرد سەرەتایەکە بۆ ئەوەی کێشەکانی دیکەش چارەسەر بکرێن، بۆیە پێویستە ئەو ھەڵوێستەی سەرۆکوەزیرانی عێراق بەھەند وەربگیرێت، خۆڕاگری خەڵکی کوردستان و پێداگری حکوومەت ئەوە ئەنجامەکەی بوو مووچە ھات و کێشەکە چارەسەر بوو.

بڵند ئیبراھیم