Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

پێگەی ھەرێمی کوردستان لە کۆبوونەوە و دانوستانەکاندا

ھۆشیار سیوەیلی

بۆ یەکەمین جار سەرۆکوەزیرانی عێراق سەردانی واشینتۆنی کردوو لەگەڵ سەرۆک بایدن و گەورە بەرپرسانی ویلایەتە یەکگرتوەکان کۆبووەوە، ئەمە سەردانێکی گرنگەو وەک ھەردوولا دووپاتیان کردۆتەوە لەو دیدارانەدا باسی پەیوەندییەکانی ٣٦٠ پلەی دەکەن لە ھەموو ئەو کەرت و بوارانەی لە ڕێککەوتننامەی چوارچێوەی ستراتیژی نێوانیاندا جێگیرکراون، بەپێچەوانەی چاوەڕوانییەکان گفتوگۆ و دانوستاندن دەربارەی پەیوەندییەکان لە ڕووی سەربازی و ئاسایش نەکراوە و ئەم بابەتە لە کۆمیتەی باڵای سەربازیدا باسدەکرێ و بڕیاری پێویستیان لە بارەوە دەدرێت.

لە کۆبوونەوەکاندا ھەرێمی کوردستان و پەیوەندییەکانی نێوان ھەولێر و بەغدا بە بایەخەوە باسکراون و ئەمەش لە بەیاننامە ھاوبەشەکاندا گرنگی و بایەخێکی زۆری پێدراوە. لێرەدا ئاماژە بە ھەردوو بەیاننامەی ھاوبەش دەدەین کە دوای کۆبوونەوەکانی سەرۆکوەزیران لەگەڵ سەرۆکی ئەمەریکا و وەزیری بەرگری ئەمەریکا بڵاوکرانەوە، بەیاننامەی ھاوبەش دوای کۆبوونەوەی سەرۆک بایدن و سەرۆکوەزیران محەممەد شیاع سودانی:

• سەرۆکوەزیران سوودانی و سەرۆک بایدن پێداگربوون لەسەر گرنگی دڵنیابوون لە ھەناردەکردنی نەوتی عێرق بۆ بازارەکانی جیھان و ویستی خۆیان دەربڕی بۆ وەگەڕخستنەوەی بۆری نەوتی نێوان عێراق و تورکیا.

• سەرۆک بایدن و سەرۆکوەزیران سوودانی باسی تێڕوانینی ھاوبەشی خۆیان کرد کە ھەرێمی کوردستانی عێراق بەشێکی دانەبڕاوە لە خۆشگوزەرانی و سەقامگیریی گشتی عێراق، لەو ڕوانگەیەوە، سەرۆک بایدن دەستخۆشی لە ھەوڵەکانی سەرۆکوەزیران و حکوومەتی ھەرێمی کوردستان کرد بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنی بەردەوام کە چارەسەری ئاستەنگە درێژخایەنەکان بکات، لەوانەش، ڕێککەوتنی ئەم دواییە بۆ پێدانی مووچەی دوو مانگی فەرمانبەرانی ھەرێمی کوردستان و ھەردوولا ھانی پێشکەوتنی بەردەوامیان دا، ھەروەھا سەرۆک پشتگیریی ئەمەریکای بۆ بەھێزکردنی دیموکراسی لە عێراق دووپاتکردەوە، لە نێویاندا، ھەڵبژاردنی ئازاد و دادپەروەر و شەفاف لە ھەرێمی کوردستانی عێراق.

• نزیکەی دە ساڵ دوای پێکھێنانی ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی بۆ تێشکاندنی داعش، ھەردوو سەرکردە باسی سەرکەوتنی ھاوپەیمانێتییەکەیان کرد لە عێراق و سووریا، کە ڕۆڵی ھەموو ھێزە ئەمنییەکانی عێراق، لە ناویاندا ھێزەکانی کوردستان گرنگ بوون بۆ تێشکاندنی داعش.

بەیاننامەی ھاوبەش دوای کۆبوونەوەی لۆید ئۆستین و سەرۆکوەزیران محەممەد شیاع سودانی:

جگە لە کۆبوونەوەی سەرۆکوەزیرانی عێراق لەگەڵ سەرۆک بایدن، چەندین کۆبوونەوەی تری ئەنجامداوە لەگەڵ وەزیری دەرەوە و وەزیری بەرگری و وەزارەتی دارایی و بڕیارە تا ١٩ی ئەم مانگە دیدار و کۆبوونەوەکان بەردەوام بن، لە دوای کۆبوونەوەی نێوان بەڕێز محەممەد شیاع سوودانی و لۆید ئۆستین بەیاننامەیەکی ھاوبەشیان بڵاوکردەوە، لەو بەیاننامەیەشدا بە ڕوونی پشتگیریی ھەرێمی کوردستان کراوە:

• وەزیری دەرەوە و سەرۆکوەزیران باسی ئەنجامدانی نوێکارییان کرد لە ھێزەکانی بەرگری عێراق لەناویشیاندا ھێزەکانی پێشمەرگە و پتەوکردنی تواناکانیان.

• وەزیری دەرەوە و سەرۆکوەزیران تیشکیان خستە سەر ھەوڵە بەردەوامەکان لە نێوان وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا و وەزارەتی بەرگری عێراق بۆ پاراستنی چەندین شوێنی سەرەکی لەسەرتاسەری عێراقدا و لە ھەرێمی کوردستانیشدا لە ھەڕەشە ئاسمانییەکان. 

دەربارەی ڕۆڵی داھاتووی ھێزەکانی ھاوپەیمانان و پەیوەندی سەربازی و ئەمنی نێوان ئەمەریکا و عێراق، لە بەیاننامەی ھاوبەشی نێوان سەرۆک بایدن و سەرۆکوەزیران سوودانیدا ھاتووە:

• پابەندیی ھەردوولا بە پرۆسە و ئەنجامەکانی گفتوگۆکانی کۆمیتەی باڵای سەربازی (HMC) نێوانیان.

• ھەردوولا پابەندیی خۆیان دووپاتکردەوە دەربارەی بڕیار و ئەنجامەکانی ھەر سێ گرووپی کاری نێوانیان کە ھەڵدەستن بە ھەڵسەنگاندنی:

• ھەڕەشە بەردەوامەکانی داعش

• پێداویستییە ژینگەیی و ئۆپەراسیۆنییەکان

• بەھێزکردنی توانای ھێزە ئەمنییەکانی عێراق

• ھەردوو سەرکردە دوپاتیانکردەوە کە پێداچوونەوە بۆ ئەم فاکتەرانەی سەرەوە دەکەن بۆ ئەوەی ئەوە دیاری بکەن کە کەی و چۆن ئەرکی ھاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژی داعش کۆتایی دێت و چۆنییەتی گواستنەوە بە شێوەیەکی ڕێکخراو بۆ ھاوبەشێتی درێژخایەنی دوو لایەنی ئەمنی بە پێی دەستووری عێراق و ڕێککەتننامەی چوارچێوەی ستراتیژی نێوان ئەمەریکا و عێراق.

• ھەردوو سەرکردە ویستی خۆیان دووپاتکردەوە کە کۆتایی ئەمساڵ دایەلۆگی ھاوکاری ئەمنی نێوان ھەردوولا دەستپێبکاتەوە بۆ گفتوگۆکردن لەسەر داھاتووی شەراکەتی ئەمنی دووقۆڵی نێوانیان.

جگە لەم کۆمیتە و میکانیزمانەی پەیوەندیکردن و گفتوگۆکردن لە نێوان ھەردوولادا (کۆمیتەی باڵای ھاوئاھەنگی) لە نێوان ھەردوولادا ھەیە کە ھاوسەرۆکەکانی بریتین لە وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا و وەزیری پلاندانانی عێراق، ھەردوو سەرکردە بڕیاریانداوە کە کۆبوونەوەکان بەردەوام بن لە پێناوی گەڵاڵەکردنی دیدێکی ھاوبەش بۆ ھاوبەشییەکی گشتگیر و بەرھەمدار بۆ جێبەجێکردنی ئامانجە ھاوبەشەکانی نێوان ھەردوو وڵات.