Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

چەکی قەرەبووی ژمارەیەک ھاووڵاتی گەڕاوەتەوە کەرکووک

کەرکووک _KDP.info_ نوێنەری ھەرێمی کوردستان لە لیژنەی باڵای ماددەی ١٤٠ ئاماژەی بۆ ئەوە کرد، دوای دانوستانێکی زۆر بۆ گەڕانەوەی چەکی قەرەبوو ئێستا چەکی قەرەبووی نزیکەی ٨٥٠ کەس گەڕاوەتەوە کەرکووک و دەشڵێ: ٤٣٥ ھەزار کەس لە چوارچێوەی ماددەی ١٤٠ی دەستوور مافی قەرەبووکردنەوەیان ھەیە.

دژوار فایەق، نوێنەری ھەرێمی کوردستان لە لیژنەی باڵای ماددەی ١٤٠ بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: دوای دانوستانێکی زۆر لەنێو لیژنە توانیومانە ڕەزامەندی بەدەستبێنین بۆ قەرەبووکردنەوەی ئەو کەسانەی لە چوارچێوەی ماددەی ١٤٠ی دەستووری عێراق مافی قەرەبووکردنەوەیان ھەیە، چونکە گەڕانەوەی چەکی قەرەبووکردنەوە بۆ نووسینگەکانی باشووری عێراق ھەبووە، بەڵام ئێمە گلەیی ئەوەمان گەیاندووە کە قەرەبووکردنەوە لە سێ نووسینگەی ناوچە کوردستانییەکان کەم بووە، ئێستا چەکی قەرەبووکردنەوە بۆ ٨٤٥ کەس لە کەرکووک گەڕاوەتەوە، ھەرچەندە ئەو ژمارەیەش بە دڵی ئێمە نییە بەڵام ھەر باشترە.

نوێنەری ھەرێم لە لیژنەی ماددەی ١٤٠  گوتی: ئەرکی حکوومەتی عێراقە چەکی قەرەبووی ماددەی ١٤٠ بۆ ھاووڵاتییانی مەخموور، شنگال، کەرکووک و خانەقین بگەڕێنێتەوە، چونکە داوای یەکسانیمان کردووە لە نێوان نووسینگەکان و ناکرێت چەکی قەرەبووکردنەوە بۆ نووسینگەکانی دیکەی عێراق ھەبێت بەڵام بۆ ئەوانە نەبێت یان وەکو پێویست نەبێت.

دژوار فایەق ڕوونیکردەوە: لە سەرتاسەری عێراق ٤٣٥  ھەزار کەس ماوە قەربوو نەکراونەتەوە، ئەمە ژمارەیەکی زۆرە و ئەگەر بەگوێرەی ئەو بودجەیە بێت کە بۆ لیژنە دیاری کراوە ئەوە ٢٠ ساڵی دیکەش قەرەبووکردنەوەکە تەواو نابێت، لەبەر ئەوە پێشتر من پێشنیاری دابەشکردنی زەویم کردبوو کە لە ھەر ناوچەیەک بەگوێرەی ئەو پارەیەی بۆ قەرەبووکردنەوە خەرج دەکرێت پارچەیەک زەوی بدرێتە ئەو ھاووڵاتییەی مافی قەرەبووکردنەوەی ھەیە، ھادی عامریش پێشنیارەکەی لا پەسەندە و ئەگەر سەربگرێت دەتوانین لە ماوەیەکی دیاریکراودا قەرەبووی ھاووڵاتییان بکەینەوە.

قائید میرۆ