Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

حکوومەتی ھەرێم بە ئەنجامدانی پڕۆژە سێمێل دەباتە قۆناغێکی دیکە


سێمێل _KDP.info_  قایمقامی قەزای سێمێل دەڵێت: حکوومەتی ھەرێمی کوردستان گرنگی زۆر باش بە سێمێل دەدات بۆ ئەنجامدانی پڕۆژە، ئێستا بە گوژمەی زیاتر لە ٢٧ملیار دینار پڕۆژە لە بواری جێبەجێکردندان و ڕەزامەندی دراوە ٢٠ پڕۆژەی دیکەش بە گوژمەی ١٠ملیار و ٤٠٠ملیۆنی دیکە ئەنجام بدرێت، بەمەش سێمێل لەڕووی ئەوەدانییەوە گۆڕانکاری تەواوی تێدا دەکرێت و دەچێتە قۆناغێکی تازەوە.
قایمقامی قەزای سێمێل، خەلیل مەحمود، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: لە قەزای سێمێل چوار پڕۆژەی دروستکردنی ڕێگای زۆر باش بە گوژمەی ٢٢ملیار دینار بەردی بناغەیان بۆ دانراوە و کاریان تێدا دەکرێت کە درێژی سەرجەمیان (٩.٣٥٠کم)، پارێزگاریش خۆی سەردانی پڕۆژەکانی کرد بۆ ئەوەی بە ڕێکوپێکی کارەکان بەڕێوەبچن، بەتەواوبوونی ئەو ڕێگایانە سێمێل دەچێتە قۆناغێکی دیکەوە لەڕووی ئاوەدانییەوە، چونکە بەردی بناغەی دروستکردنی یاریگایەکیش بە گوژمەی زیاتر لە  پێنج ملیار دینار دانراوە و کاری تێدا دەکرێت.
خەلیل مەحمود گوتیشی: ماوەیەک پێش ئێستا لیژنەیەک لە سەرۆکایەتی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران سەردانیان کردین و بە گوژمەی ١٠ملیار و ٤٠٠ملیۆن دینار ڕەزامەندی لەسەر ٢٠ پڕۆژە دراوە، ڕەزامەندییەکە گەڕاوەتەوە بۆ دیوانی پارێزگا دهۆک، تەنیا ماوە پارە سەرف بکرێت و دەست بە ئەنجامدانی پڕۆژەکان بکرێت، حکوومەتی ھەرێمی کوردستان گرنگییەکی تایبەت بە قەزای سێمێل دەدات، بە تەواوبوونی ئەو پڕۆژانە گۆڕانکارییەکی تەواو لە قەزای سێمێل دەکرێت.
مەحمود ڕوونیشیکردەوە: ئەو پڕۆژانەی ڕەزامەندیان لەسەر دراوە ھەموو بوارەکانی گرتووەتەوە و لە ماوەیەکی نزیکدا جێبەجێ دەکرێن.