Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی: بەشداری شاندی حکوومەتی ھەرێم بۆ ئەمەریکا زۆر گرنگ بوو

بەغدا _KDP.info_  سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق گوتی: سەردانی شاندی عێراق بە بەشداری  شاندی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بۆ ئەمەریکا زۆر گرنگ بوو، گرنگترین مەلەفی سەرەکی سەردانەکەش فراوانکردنی ڕێککەوتنی ستراتیژیی نێوان عێراق و ئەمەریکا بوو.


د.ڤیان سەبری، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: کاتی سەردانی سەرۆک وەزیرانی عێراق و شاندی یاوەری بۆ ئەمەریکا زۆر گرنگ و ھەستیار بوو، بەو ھۆیەی گرژی نێودەوڵەتی و ھەرێمیی ھەیە لە ناوچەکە، لەبەر ئەوەی کاتەکەی زۆر ھەستیار بوو، پێشتریش بەرنامە بۆ سەردانەکە دانرابوو و سەردانی شاندەکەش بۆ سێ مەلەفی سەرەکی بوو، لەوانە ڕێککەوتنی ستراتیژی نێوان عێراق و ئەمەریکا بۆ ئەوەی کارا بکرێت کە ماوەی چەند ساڵە تەنیا لە بواری ئەمنی بوو، ڕێککەوتنەکە زۆر فراوانە و زۆر تەوەری دیکە لەخۆ دەگرێت وەکو پیشەسازی، وەبەرھێنان، ئابووری و ڕۆشنبیری، یەکێکی دیکە کێشەی دارایییە کە دەبینین نرخی دۆلار جێگیر نییە و بەردەوام بەرزی و نزمی بەخۆیەوە دەبینێت.

د.ڤیان سەبری گوتیشی: بابەتێکی دیکە ھەیە ئەویش بابەتی ئەمنییە بۆ ئەوەی عێراق نەبێتە لایەنگری ھیچ لایەنێک و سیاسەتی حکوومەتی عێراق پەیوەندییەکی  ھاوسەنگی ھەبێت و ببنە ھۆکارێک بۆ ئەوەی دۆخەکە ھێوربێتەوە لە ناوچەکە، ئەوەی گرنگە ڕێککەوتنی ستراتیژی نێوان عێراق و ئەمەریکایە کە لە ساڵی ٢٠٠٨ ئیمزا کراوە، ئەگەر ئەو ڕێککەوتنە فراوان بکرێت گرنگە و لە بەرژوەندی عێراق دایە.

سەبری باسی لەوەش کرد: شاندی عێراق بۆ ئەمەریکا ئەندامی حکوومەتی ھەرێمی کوردستانیشی تێدایە، دواین ڕێککەوتنی نێوان ھەرێم و عێراقیش زۆر گرنگ بوو و کێشەی دارایی چارەسەر بوو، ھیوادارین ئەو کێشانەی ماون ئەوانیش بەپێی دەستووری عێراق چارەبکرێن، بۆیە گرنگە تەوازن، تەوافق و شەراکەت ھەبێت، بۆیە ھیوادارین ئەو سێ خاڵە گرنگە لەبەرچاو بگیرێت.

بڵند ئیبراھیم