Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

د. عەبدولباست سەیدا بۆ KDP: ئێمە سەرۆکێکمان هەیە خودان مێژوو و خەباته‌

ھەولێر-KDP.info- د.عەبدولباست سەیدا، نووسەر و سیاسەتمەداری دیاری کورد لە هەڤپەیڤینێکی تایبەتی ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: گۆڕانکاریی گەورە لە ڕۆژهەڵاتی ناڤین ڕوودەدەن و لە قۆناغێکی نوێداین، ئێستا لەنێو گۆڕەپانی سیاسیدا وا دیارە گۆڕانکاری گەورە ڕوودەدەن، قەرەباڵغیێکی گەورەی سیاسی لە نێوان هێزە هەرێمی و نێودەوڵەتییەکاندا هەیە.. لە بوارەکانی جوگرافی، سەربازی، غاز و پەترۆل، ئیستاش دنیا سەرقاڵی ژیری دەستکردە، هەمووانیش دەیانەوێت بێبەش نەبن لەم بوارەدا، ئێستا لە جیهاندا شێوازی دانوستاندن و شەڕیش گۆڕاوە، بە بۆچوونی من ئێستا ئەوەی نائامادەن بۆ ئەم گۆڕانکاریانە “بەداخەوە” تەنیا کوردن، کاتێک ئەم گۆڕانکاریانە ڕوودەدەن دەبێت بزانین ئەم گۆڕانکارییە جۆرین نەک گۆڕانکاری ئاسایی و سروشتی، ناوچەکەش گۆڕانکاری بەسەردا دێت و ئەو خەڵکانەی دەبنە قوربانی خەڵکی ئاسایی و بێهێزن و هەر ئەوانیش باجەکەی دەدەن، خەڵکی رۆژئاڤای کوردستان زوڵمێکی گەورەیان لێ کرا، زیاتر لە ملیۆنەک کەس کۆچبەربوون، ئەگەر دەرفەتێک بۆ ئەوانەی ئێستاش دروستبێ لەو بڕوایەدام نیوەی تریش لەوانەی ئێستا ناوچەکە بەجێ دەهێڵن.

دەشڵێت: ئێستا ئەو هێزەی لە ڕۆژئاوای کوردستان دایە، بە دیاریکراویش پەکەکە زۆر زوڵم و ستەمی لە خەڵک کردووە و دەستی بۆ زۆربەی شتەکان بردووە، ئیستا خەڵک دەبینێت ئەوان چی دەکەن، لەو کاتەشەوە هەر ئەو ڕەخنەیەمان لەو هێزە هەبوو کە ئەمانە بە کەڵکی سیاسەت و بەڕێوەبردن نایەن، بەڵام ئێستا ئەوە دەرکەوت ئەم هێزە چی بەسەر ئەو گەلەدا هێنا، هەندێک خەتای هێزەکانی تریشی تێدابوو چونکە ئێستا زیاتر لە ١٠٠ ڕێکخستنی کورد لەو پارچەیەی کوردستان هەیە، ئێستا ئەوەی جێگای هیوایە و ڕۆناکی لێ بەدیدەکرێت هەرێمی کوردستانە، بەڵام پیلان لە دژی ئەم هەرێمە دەکرێ، ئەوەی کوردستان پێی بکرێت ناهێڵێت ئەم پیلانانەی لە دژیان دەکرێت سەرکەوتوو بن، بۆ هەمووان ڕۆنبوویەوە ئەوەی دژی هەرێمی کوردستان بێت ڕاستەوخۆ دێت دژی پارتی و بارزانی دەوەستێت، چونکە ئەمانە وەک ستونێکن بۆ کوردستان، لایەنەکانی تر کێشەیان نییە چی بکرێت و چی هەبێت، ئەوەی گرنگە بۆ ئەو لایەنانە تەنیا سەرگرتنی بەرژوەندییەکانیانە، ئەوان بیری بوونه دەوڵەتیان نییە.

سەیدا ئاماژەیشی دا: "ئێستا لە ڕۆژئاڤایی کوردستانیش ئەو مێشکەی کوردەواری نییە، کرێکاری ڕژێمی سووریا هاتوون دەستیان بەسەر ئەو پارچەیەدا گرتووە، ئەمریکاش بۆخۆی بەکاریان دەهێنێت و ئێستا جێگای پرسیارە و دەڵێم ئەگەر ئەمریکا سووریا بەجێبێڵێت چی ڕوودەدات؟ ئەمە جێگای هەڵوەستەیە!

زیاتر لە ١٠ هەزار کچ و کوڕی ڕۆژئاوا شەهیدکران لە پێناو ڕۆژئاوای کوردستان بەبێ هیچ گرەنتیەک بۆ ئەو پاڕچەیە.

پەیەدە عامیلی ڕژێمە و قەندیل بە ڕاشکاوانە دەڵێت: ئەگەر ئەوان نەبوونایە ڕژێم دەڕوخا، خەمیان نییە ملیۆنێک کورد ڕۆژئاوایان بەجێهشت و سبەینێش دەچن دانوستاندن لەگەڵ ڕژێم دەکەن، ئەوەی جێگای داخە نەوەیەکمان بۆ کەوتووەتەوە بێ خوێندنە، ئەوەی ئێستا لە ڕۆژئاوا دەخوێندرێت هیچ ستاتۆیەکی یاسایی نییە، ئەوەی فێریشدەکرێن مەنهەجی پەکەکەیە، ئەم نەوەیە سبەی ناتوانێ ڕووبەڕووی خەڵک ببێتەوە، ئەمەش هەڵەیەکی گەورەیە بۆ ئایندەی نەوەی داهاتوو، ئەنەکەسەش دەبوایە کارێکی کردبا، لەم چەندین ساڵەدا هیچی نەکرد، لە دەرەوەبوون و نەیانتوانی ببنە بەدیلی پەیەدە و ساڵانێکی زۆر بوو دەیتوانی ببنە بەدیل، بەڵام ئێستاش بەخۆیدابچێتەوە و هەڵەکانی خۆی نیشان بکات خراپ نییە."

روونیشی کردەوە: ڕێککەوتنی پەیەدە و ئەنەکەسە بە چاودێری سەرۆک بارزانی لە هەولێر و دهۆک، ڕێککەوتنێکی سیاسیی بوو و سەرۆک بارزانی و هەردوو لایەنیش دەیانزانی ئەم ڕێککەوتنە سەرناگرێت چونکە هەموویان دەزانن پەکەکە شه‌ریک بۆ خۆی قبوڵ ناکات، ئەزموونم هەیە لە ڕۆژی عەبدووڵڵا ئۆجەلان هاتووەتە سوریا لە سیاسەتەکەی چاودێرم.. ئەوان شریکایەتی قبوڵ ناکەن و دەیانەوێ ئەوان تەنیا سەردەست بن، ئەو ڕۆژەی پەکەکە تەنگاو دەبێت زۆر خۆی کەم دەکات، بەڵام ئەگەر دەرفەتی بۆ دروستبوو گورز دەوەشێنێت، چاوی هەمووان لەسەر ئەنەکەسە بوو و سەرۆک بارزانی ئاگاداری ڕەوشەکەبوو و دەیزانی کورد فاکتۆرێکی گرنگ و گەورەن لە سوریا، پەکەکە ئەو پرۆژە سیاسییە نەبوو، ئەگەر ئەو ڕێککەوتنە سیاسییە سەریگرتبا زۆر باش دەبوو، بەڵام ئێستاش ئەمریکا دەزانێت پەیەدە لقێکە سەر بە پەکەکە و  پەکەکەیش پەیوەندی لەگەڵ وڵاتە هەرێماتییەکاندا چۆنە!

گوتیشی: ئەمریکا کاتێک دانوستاندن دەکات لەسەر ئەساسی سیاسیی دەیکات، بۆ نموونە ئێستا لە هەرێمی کوردستان بەتایبەت پارتی و سەرۆک بارزانی لەسەر ئەساسی سیاسییە و لەسەر پرۆژە پەیوەندی و بەرژەوەندییە هاوبەشەکان بۆ کوردستان کاردەکات،  بەڵام هی پەکەکە هیچ پڕۆژەیەکی سیاسی نییە، پەیوەندییەکەی لەگەڵ پەکەکە لەسەر ئەساسی هەواڵگری و عەسکەرییە، وەک چۆن کەسێک سود لە قاچاخچیەک ببینێت پەکەکە وایە سوودی بۆ کورد نییە، ھەرێمی کوردستان داھاتووی ھەیە، بەڵام ڕۆژئاوای کوردستان هیچ ئاسۆیەکی روونی نییە و بەرەو خراپتریش دەڕوات، ترسمان لەم گۆڕانگارییەشە.

لە بارەی دۆخی کوردانی باکووری کوررستانیش گوتی: دۆخی باکووری کوردستان دوای هەڵبژاردنی شارەوانییەکان.. ئەو هەڵبژاردنە بە دڵی کوردان نییە، دەبێت ئەوانیش سیاسەتێکی نوێ دابڕێژن، چونکە کوردانی باکوور دەیانتوانی لە پیڤاژۆی ئاشتیدا دەستکەوتی باشیان هەبێت بەڵام جێگای داخە نەگەیشتنە ئەو قەناعەتە و قۆناغەکە تێپەڕی.

دەشڵێت: ئەمرۆ ڕۆڵی سەرۆک بارزانی ڕۆڵێکی مێژووییە، ئێستا فۆکسی گەورە لە جیهان لەسەر سەرۆک بارزانییە و جیهان بە سەرۆکی نەتەوەی کوردان تەماشای دەکەن، ئەم ڕۆڵە لە بارزانی باوکیشدا هەبوو بەڵام ئێستا قۆناغەکە جیاوازە و پەیوەندیی دیبلۆماسیی و سیاسیی گەورە دروستبوون، حزبە سیاسییەکانی تری کوردستان ئەو کاریزمایە نین بۆیە هەموو چاوەکان لەسەر سەرۆک مەسعود بارزانینە، سەرۆکیش ڕۆڵی گەورەی خۆی دەگێڕێت و زۆربەی گەلان دەیانەوێت سەرۆکێکیان هەبێت، بەڵام ئێمە سەرۆکێکمان هەیە خودان مێژوو، خەبات، ماندوو لە پێناو گەلدایە لە منداڵییەوە وەک پێشمەرگەیەک کاردەکات و کەوتووەتە نێو گۆڕەپانی سیاسیی، ئێستاش لەپێناو گەلەکەیدا تێدەکۆشێت و لە زۆربەی کۆبوونەوەکان لەگەڵ شاندەکانی بیانی بەڕێزەوە باس لە خەباتی سیاسی و لەشکری سەرۆک بارزانی دەکرێت.

 

هەڤپەیڤین: کاروان باعەدری