Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

فراکسیۆنی پارتی شکستی بە پیلانی داگیرکردنی گوندەکانی زوومار ھێنا

زوممار  _KDP.info_پەرلەمانتارێکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق دەڵێ، عەرەبی ھاوردە دەیانویست زەوی کورد لە زوممار داگیر بکەن، دوای ھەوڵەکاتی پارتی پیلانەکە شکستی ھێنا، گوتیشی: ئێمە ڕێگە نادەین جارێکی دیکە بڕیارەکانی رژێمی بەعس بۆ داگیرکاری جێبەجێ بکرێن.

مەحما خەلیل، پەرلەمانتاری فراکسیۆنی پارتی بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: پێش چەند ڕۆژێک پەرلەمانتارێکی شۆڤێنی دەیویست ژمارەیەک عەرەبی ھاوردە لە گوندە کوردنشینەکانی سنووری ناحیەی زوممار نیشتەجێ بکات و زەوی جووتیارانی کورد داگیر بکات، چونکە ئەو پەرلەمانتارەی عێراق بە نەفەسی شۆڤێنی کار دەکات و دەیەوێ زەوی کوردانی زوممار داگیر بکات و بیدات بە عەرەبی ھاوردە، بەڵام پێشمان بە پیلانەکە گرت و ھەڵمانوەشاندەوە.
ئەو پەرلەمانتارەی پارتی دەشڵێت: دوای گەیشتنی زانیاری شاندێکی پەرلەمانی عێراق و فراکسیۆنی پارتی سەردانی دەڤەری زومماری کرد، فراکسیۆنی پارتی بە ھەماھەنگی و ھاوکاری مەکتەبی ڕێکخستنی نەینەوای پارتیمان توانیمان ئەو پیلانە ھەڵوەشێنینەوە و ڕێگە نەدەین عەرەبی ھاوردە لە گوندەکانی کورد جێگیر بکرێن.
مەحما خەلیل ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: ئێمە وەک فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق خۆمان بە نوێنەری ڕاستەقینەی خەڵکی ئەو ناوچانە دەزانین و لەگەڵ ئەوەی ئێمە لەگەڵ مافی عەرەب و ھەموو نەتەوە و پێکھاتەکانی ناوچەکەین، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا بە ھیچ شێوەیەک ڕێگە نادەین بڕیارەکانی ڕژێمی لەناوچووی بەعس جێبەجێ بکرێن بۆ داگیرکردنی زەوی جووتیارانی کورد.

قائید میرۆ