Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

بەرواری: تێبینیەکانی لەبەرچاو بگیرێن پارتی ئامادەیە بۆ ھەڵبژاردن

ھەولێر _KDP.info_ چاودێرێکی سیاسی باس لەوە دەکات، تێبینەکانی پارتی ھێندە قورس نین جێبەجێ نەکرێن و ئەگەر کۆمسیۆن و لایەنەکان بیانەوێت دەتوانن لەبەرچاوی بگرن و پارتیش ئامادەیە بۆ ئەوەی ھەڵبژاردن ئەنجامبدرێت، بەڵام ئەگەر بەو شێوەی ئێستا بێت باشترە دوابخرێت.

عەبدولسەلام بەرواری، چاودێری سیاسی، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: ھەڵبژاردنی بێ پارتی واتا ھەڵبژاردنی بێ گەورەترین ھێز و نیوەی دەنگدەری کوردستان، لەساڵی ١٩٩٢ەوە پارتی ھەوڵیداوە حوکمڕانی بکرێت و ھەموو ھێزەکان بەشێوەی فعلی بەشداری بکەن بەتایبەت یەکێتی نیشتمانی کوردستان، بۆیە ھەڵبژاردنیش بکرێت ھیچ ئەنجامێکی نابێت و باسی دواخستنی دەکرێت، ھێشتا بە فەرمیی دوانەخراوە، ڕاستە ھەڵبژاردن لەکاتی خۆی بکرێت باشە، بەڕای من دوابکەوێت نەک بەو شێوەیە بکرێت، ئەگەر ھەڵبژاردن بەو شێوەیە بکرێت قەیرانێکی سیاسی لە ھەرێمی کوردستان دروست دەبێت، بۆیە نەکرێت باشترە.
عەبدولسەلام بەرواری گوتیشی: لایەنەکانی دیکە گونەھبارن نەک پارتی لەوەی ھەڵبژاردن بەو دۆخەی ئێستا گەییشتووە، پەیامی پارتی ئاشکرایە و تێبینیان ھەیە، با گوێ لە تێبینی پارتی بگرن، بەڵام تا ئێستا کۆمسیۆن و لایەنەکان ھیچ باسێکیان نەکردووە، ئەگەر دڵنیایی بدرێتە پارتی و گومانەکانی نەمینێت، پارتی ئامادەی ھەڵبژاردنە، تێبینەکانیش بەزەحمەت نین لەبەرچاو بگیرێن، کۆمسیۆن دەتوانێت ئەو کارە بکات و جارێکی دیکە دەرگای تۆمارکردنی ناوی حزبەکان بکاتەوە، بەڵام پێویستە تێبینەکانی پارتی لەبەرچاو بگرن، لەوانە کێشەی پێکھاتەکان چارەسەر بکرێت لەبەر ئەوەی لە عێراقیش کۆتا ھەیە و دەتواندرێت لەو کورسیانەی ھەیە پشکی کۆتا بدرێت، ژماردنی دەنگی بەدەستیش بکرێت ئەوکات پارتی دڵنیا دەبێت ئەگەر لەئەلکترۆنیش دەستکاری بکرێت لە ژماردنی دەستی  دیار دەبێت، بۆیە ئەگەر بیانەوێت ھەڵبژاردن بکرێت دەتواندرێت کێشەکە چارەسەر بکەن و پارتیش ئامادەیە بۆ ھەڵبژاردن.

بڵند ئیبراھیم