Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە: قۆناغی یەکەمی پڕۆژەی ھێڵی شەمەندەفەر لە ھەرێم تەواوبووە


ھەولێر_KDP.info_  بریکاری وەزارەتی ئاوەدانکردنەوەی  حکوومەتی ھەرێمی کوردستان دەڵێت، قۆناغی یەکەمی پڕۆژەی دروستکردنی ھێڵی شەمەندەفەر تەواو بووە و ئێستا گفتووگۆ دەکرێت لەگەڵ کۆمپانیای بیانی بێن پڕۆژەکە جێبەجێ بکەن.

حەکیم وەلید، بریکاری وەزارەتی ئاوەدانکردنەوەی  حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان دەڵێت،  وەک وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە ھەنگاومان بۆ دروستکردنی ھێڵی شەمەندەفەر ناوە و لەقۆناغی یەکەم گرێبەستێکمان لەگەڵ کۆمپانیایەکی ئیسپانی ھەبوو بۆ بابەتی لێکۆڵینەوەو دیراسەتی بەھا بزانین ئەو ھێڵە بۆ ھەرێمی کوردستان سوودی ھەیە یاخود نا ئەوەمان بۆ دەرکەوت و دیراسەکە تەواوبوو و دەرکەوت سوودی بۆ ھەرێمی کوردستان زۆر باش دەبێت، کە گرێبەستی دیراسەکە دووملیار دینار بوو لەگەڵ کۆمپانیایەک کرابوو، بۆیە ئەوە دەمینێتەوە کۆمپانیای بیانی بێن کاری دروستکردنی بۆ بکرێت، کە لەڕووی تەکنیکی ئاسانە، بەڵام بودجەیەکی زەبەلاحی دەوێت و بەملیاران دۆلاری پێویستە.
حەکیم وەلید گوتیشی ، گفتووگۆ بەردەوام ھەیە و بەم دوایانە وەزیر و تیمێک سەردانی وڵاتی ئئسپانیایان کرد بۆ پەیداکردنی وەبەرھێنەر وکۆمپانیا بێن ھەنگاوی یەکەم لە پڕۆژەکە دەست پێ بکەن،  ئەمە جارێ لە قۆناغی گفتووگۆ دایە و ھەرکاتێک کۆمپانیای بیانی ھەبوو ئەوکات دەتوانن دەست بەکار بکەن.

وەلید باسی لەوەشکرد ، عێراق بەھەمان شێوەی ھەرێمی کوردستان بەنیازە ھێڵئ شەمەندەفەر لەبەسڕا بۆ سنووری ھەرێمی کوردستان دروست بکەن ئەگەر ئەو دوو ھێڵە تێکەڵ یەک بکرێت سوھدەکانی دەبنە دووقات، ئەگەرنا ئەوکات لەڕووی بازرگانی کەمتر دەبێت، چونکە لەزاخۆ دەست پێ دەکات تا دەگاتە دھۆک و ھەولێر وسلێمانی و خاڵە سنووریەکانیش، بەڵام ئەمە ھەمووی بەقۆناغ دەبێت پڕۆژەکە، بۆیە کارکردن لەسەر ئەو پڕۆژەیە بەردەوامی ھەیە و کاریشی لەسەر کراوە و ھەرکاتێک کۆمپانیا و وەبەرھێنەری بیانی ھەبێت کارکردن لەپڕۆژەکە دەست پێ دەکات، لەبەر ئەوەی بودجەیەکی گەورەی پێویستە.
ھەر پێوەست بە ھێڵی شەمەندەفەر، عەلی ئیبراھیم، راوێژکار لە بواری  بازرگانی و وەبەرھێنان لە ھەرێمی کوردستان، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی، شادەماری ئابووری وڵاتان ئێستا  بریتییە لە شەقامی خێرا و رێرەوی شەمەندەفەر لەڕووی گواستنەوەی کاڵا بەتایبەت پێگەی جوگرافی ھەرێمی کوردستان زۆر گرینگە ئەوکاڵانایەی لە وڵاتان دێن پێویستە لەرێگەی عێراقەوە بێن وناتواندرێت ئەوکاڵایانەش بێن لەرێگەیەکی سەلامەت وسیکورتی ھەبیت پێویستە بێن بە ھەرێمی کوردستان و بڕوات بۆ تورکیا ئەوکات بۆ وڵاتانی ئەوروپا و ئێستا عێراق پڕۆژەیەکی گەورەی ھەیە لەو بوارە و سەرەتا دەیانویست ھەرێمی کوردستانی لێ بێبەش بکەن و دواتر زانیان ھەرێمی کوردستان جێگەی متمانەی کۆمپانیاکانە ناچار بوون رێگاکە بە ھەرێمی کوردستان تێپەڕبێت، ھەرێمی کوردستان ماوەیەکی زۆرە کار لەسەر بناغەی وبەرھێنان کردووە، بۆیە پرسی دروستکردنی ھێڵی شەمەندەفەر بۆ ھەرێمی کوردستان سوودی بۆ ھەرێمی کوردستان دەبێت و پێوەندی لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ بەھێزتر دەکات.

عەلی ئیبراھیم دەشڵێت، ئەو پڕۆژەیە دەبێتە ھۆی ئەوەی  بەرھەمی ناوخۆی ھەرێمی کوردستان گەشە بکات و بازاڕی زۆری بۆ دروست دەبێت بۆ ئەوەی بەرھەمی خۆی ساخبکاتەوە، چونکە ھەرێمی کوردستان سەبەتەی خۆراکەو بەشی عێراق و وڵاتانی کەنداو بەرھەمی ھەیە، بەڵام پێویستی بەرێگای ساخکردنەوە ھەیە، رێگایەک بێت تێچووی کەمبکاتەوە، بۆیە ئەو ھێڵە وادەکات سێکتەری کشتوکاڵی و پیشەسازی و گەشتیاری زۆر بەخێرایی گەشە بکات.

بڵند ئیبراھیم