Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

یەکەمین مانیڤێستی هەڵبژاردن و دەریچەیەک بۆ چارەسەر

سالار عوسمان 

بەشی حەفتەم

گوشاری سپی، بۆ ؟

ئاماژەمان بە جۆرەکانی ڕۆشنبیر، ئەوەی کە بۆ ئەم باسەی ئێمە دەگونجێ کرد، کە لێرەدا واباشە ڕووی قسە، ڕووی هەڵسەنگاندن و بگرە ڕووی ڕەخنەشمان لە هەموویان بێت.

سەبارەت بە ڕۆشنبیری نێو پارتە سیاسییەکان، دەبوا پتر لەوە ڕۆڵی پۆزەتیڤ ببینن، هەندێکیان خەسڵەتی ڕۆشنبیریی خۆیان ون کردووە، تەنانەت هەندێکیان  لە بەرهەمیش چوونەتەوە.

ئەوانەش، کە لەدەرەوەی پارتە سیاسییەکانن، بەشێکیان لە کۆڵانی ترەوە خۆیان گرێداوەتەوە بە حزب، بەڵام بانگەشە بۆ بێلایەنیی خۆیان دەکەن، کە دیار و خۆیایە بانگەشەکەیان ناڕاستە و خۆیان و خەڵکیش دەزانن، کە ناڕاستن، ئەو جۆرەشیان، کە بەڕاست بێلایەنن و سەریان خستۆتە سەر کارە ڕۆشنبیرییەکانیان، هەم کەمن بە ژمارە، هەمیش کەمێکی ئەم کەمەیە کاریگەرن، کەواتە پرسی کاریگەریی، باندۆر، گوشار، کە من ناوم لێناوە (گوشاری سپی) زۆر کەمە، کە ئەمەش گرفتێکە و، دەکرێ ناوی لێنێین گرفتی بۆشایی ڕۆشنبیریی لە ژیانی سیاسی و تەنانەت جڤاکیی کوردستاندا.

بۆ گوشاری سپی؟

ڕۆشنبیر نابێ زمانپیس بێ، نابێ ناڕاست و فیتنەگێڕ بێت، نابێ، کە جیاواز بووی لەگەڵیدا، لەبری گفتوگۆ درۆت بۆ هەڵبەستێ و ناوت بزڕێنێ، ئێستا هەموو ئەمانە هەیە، بەشێک لە ڕۆشنبیران زمانیان لە زێراب دەچێ و، ئیتر مرۆڤ بەزەیی بە وشەی کوردیدا دێتەوە، کە لە زێرابی ئاخافتنی ئەواندا دەردەچێت!..

نابێ ڕۆشنبیر، بەهەر بیانوو و پەڵپ و پاساوێکەوە بێت دژی نیشتمان بێت، دژی ئاخ و ئاو و ئاوەدانیی مرۆیی بێت، دژی حکوومەتی هاووڵاتییان بێت و دامەزراوەکان ناشیرین بکات، ئێمە ئەگەر کێشەشمان هەبێت، کێشەمان لەگەڵ بنیاد نییە، کە کوردستان و دۆز و دامەزراوەکانن، هەرگیز ڕەخنە دەستی نەبەستراوە تا کار بکات بۆ بەهێزکردنی بنیاد، بەڵام حەرامە و نابێ بنیاد هەڵوەشێنێتەوە، ئێستا هەندێ ڕۆشنبیر، کە شیانی ڕەخنە، گفتوگۆی لۆژیکی و خوڵقاندنی گوشاری سپییان نییە، دەیانەوێ دەست بۆ حەرامی هەڵوەشاندنەوەی بنیاد ببەن، لە کاتێکدا حەڵاڵەکانی قسەلێکردن و هەڵسەنگاندن و هەڵوێستوەرگرتن هێندە زۆرن، بێگومان ئەوە ئەگەر بمانەوێ ڕۆڵی ڕۆشنبیرییانەی خۆمان ببینین، ڕۆڵێک کە چاکەی گشتیی بوێت و ئاوەدانیی مرۆیی خۆش بوێت.

ڕۆشنبیر دەکرێ حزبی بێت، دەکرێ دۆستی حزب، یان ئۆپۆزیسیۆن، یانژی بێلایەن بێت، بەڵام ناکرێ وشەی لە خراپە بگەڕێ و ڕستەی لە تێکدان سەردەرکا و، لەبری چاکەی گشتی، پتەوکردنی نیشتمان و پێوەندییە مرۆییەکان ڕۆڵی نەرێنی و نادیدەگرتن و ناشیرینکردنی دۆز و خەڵک و خاکەکەی ببینێت.

دەمەوێ بڵێم : ڕۆشنبیران، جا هەر ڕەنگ و ڕوو و ڕوما و ڕووخسارێکیان هەبێت، دەیانتوانی باشتر کار‌ بکەن، باشتر گفتوگۆ بکەن، باشتر بەرهەمداریی بکەن و، ببنە هێز و شیان بۆ خوڵقاندنی ئەو گوشارە سپییەی، کە بۆ نیشتمان و دۆز و خەڵک و پڕۆسەی بنیادنان پێویستییەکی ژیانی و ژیارییە.

ـــــــــــ

ماویەتی