Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

زۆزان کۆچەر بۆ KDP: بڕیارەکە ھەرێمی کوردستانیش دەگرێتەوە

بەغدا-KDP.info- جێگری یەکەمی لیژنەی کشتوکاڵ لە پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند، گەنمی جووتیارانی ھەرێمی کوردستانیش ھاوشێوەی پارێزگاکانی دیکەی عێراق ھەمووی ڕادەستی سایلۆکان دەکرێت، دەشڵێت، دوای جەژن بڕیارە لیژنەیەکی بەغدا سەردانی ھەرێمی کوردستان بکات.

زۆزان کۆچەر، جێگری یەکەمی لیژنەی کشتوکاڵ لە پەرلەمانی عێراق، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "حکوومەتی عێراق بڕیاری داوە ھەموو بەرھەمی گەنمی ئەمساڵی جووتیاران وەربگرێت و بۆ ھەر تۆنێک گەنم ساڵی ڕابردوو ٨٥٠ ھەزار دیناری عێراقی دیاریکراوە، بڕیارەکە ھەرێمی کوردستانیش دەگرێتەوە ئەگەر بێت و کێشە و گرفت بۆ وەرگرتنی بەرھەمی جووتیارانی ھەرێمی کوردستان دروست نەکرێت، چونکە ئێمە پلانی ئەمساڵی ھەرێم و ناوی جووتیارانیشمان ڕادەستی بەغدا کردووە".

جێگری سەرۆکی لیژنەی کشتوکاڵ دەشڵێت: "بەگوێرەی پلانی ئەمساڵی کشتووکاڵی ھەرێم، سێ ملیۆن دۆنم زەوی بە بەرھەمی گەنم داچێندراوە و ئامارەکە لای بەغداش ھەیە، ئەو ڕێژەیەش ئەرکی حکوومەتی فیدڕاڵیە بەرھەمی گەنم لە جووتیارانی کوردستان وەربگرێت و ھاوشێوەی پارێزگاکانی دیکەی عێراق بەگوێرەی پلانی کشتوکاڵ بەرھەم ڕادەستی وەزارەتی بازرگانی فیدڕاڵ دەکرێت".

کۆچەر ئاماژەی بۆ ئەوەکرد: "بڕیارە ڕۆژانی دوای جەژنی ڕەمەزان لیژنەیەکی بەغدا سەردانی ھەموو پارێزگاکانی ھەرێمی کوردستان بکات و لەبارەی ڕەوشی گەنم دانوستان بکەین، چونکە بەپێی پلانی کشتوکاڵی ئەو ڕووبەرەی دیاریکراوە کە سێ ھەزار دۆنم زەویە لە گەنم خەملاندنی بۆ دەکرێت و بزانرێت ئەمساڵ ھەر دۆنمێک چەند بەرھەمی دەبێت و لەسەر ئەو بنەمایە دیار دەبێت ئەو ڕێژەیەی گەنمی جووتیاران کە وەردەگیرێت چەندە".

 

قائید میرۆ