Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

پەیامی مەسرور بارزانی بەبۆنەی جەژنی رەمەزانی پیرۆزەوە

ھەولێر-KDP.info-  مەسرور بارزانی سەرۆکوەزیرانی ھەرێمی کوردستان، بەبۆنەی جەژنی رەمەزانی پیرۆزەوە پەیامێکی پیرۆزبایی راگەیاند کە ئەمە دەقەکەیەتی:


بە بۆنەی هاتنی جەژنی پیرۆزی ڕەمەزانەوە، گەرمترین پیرۆزبایی لە گشت موسڵمانانی كوردستان و عێراق و جیهان دەكەم، بە تایبەتی پیرۆزبایی لە پێشمەرگە قارەمانەکان و هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ و کەسوکار و بنەماڵەی سەربەرزی شەهیدان و ئەنفالکراوان دەکەم.

هیوادارم جەژن ببێتە مایەی خۆشی و شادی و خۆشگوزەرانیی بۆ خەڵکی کوردستان و کۆتاییهاتنی هەموو شەڕ و ناخۆشی و نەهامەتییەک لە جیهان.

سوپاسی خۆڕاگری و پشوودرێژیی خەڵکی نیشتمانپەروەری هەرێمی کوردستان دەکەم کە هاوکار و یارمەتیدەرمان بوون لە تێپەڕاندنی ئەم دۆخە سەختە ئابوورییەی ڕووبەڕوومان بووەوە. هیوادارم ئەو ڕێککەوتن و لەیەکگەیشتنەی لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکوومەتی فیدراڵ لەبارەی مووچە و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان دروست بووە، بەردەوام بێت و لەمەودوا، بابەتی مووچە کە مافێکی ڕەوا و دەستووریی خەڵکە، تێکەڵی هیچ کێشە و ناکۆکی و ململانێیەکی سیاسی نەکرێت و فەرمانبەر و مووچەخۆرانی هەرێمیش، مانگانە بە شێوەیەکی ئاسایی، لە ڕێگەی لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە مووچەکانیان وەربگرن.

هەروەها ئومێد دەکەین ئەم پێشکەوتن و هەنگاوانە، ببنە دەستپێکێک بۆ چارەسەرکردنی کێشە هەڵواسراوەکانی دیکەش و هەموو ئەو گرفتانەی ماون بە لەیەکگەیشتن و پابەندبوون بە دەستووەرەوە، چارەسەر ببن.

جەژنتان پیرۆز و خوای مەزن كوردستان بپارێزێت.

مەسرور بارزانی
سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان