Kurdî  ■  كوردی  ■  عربي
FRI, 26 APR 2024 15:01 Erbil, GMT +3
پارتی دیموکراتی کوردستان
ئازادی . دیموکراسی . دادپەروەری
 

عەبدوڕەحمان سدیق: هاوپەیمانان كار بۆ سەربەخۆیی كوردستان دەكەن، نەك یەكپارچەیی خاكی عێراق.. ئێستا سێیەم جەنگی جیهانی رانەگەیەندراوە
| KDP.info


هەولێر-KDP.info-  بۆ دوو ساڵی لەسەر یەك، نیویۆرك تایمز، نەخشەی هەڵوەشانەدنەوەی سایكیس-پیكۆ بڵاو دەكاتەوە و دەنووسێت، رۆژئاوای كوردستان دەگەڕێتەوە سەر هەرێمی كوردستان و دەوڵەتی كوردی دادەمەزرێت. هاوكات نووسەر و توێژەر (عەبدوڕەحمان سدیق)، ئەم ئەگەرە بە ئەستەم نازانێت و رایدەگەیەنێت كە، هاوپەیمانان لەناوچەكەدا كار بۆ سەربەخۆیی كوردستان دەكەن.

هەڵوەشانەوەی سایكیس-پیكۆ بە قازانجی كام دەوڵەتە؟
سنوورەكانی رۆهەڵاتی ناوین، لە رێككەوتنامەی سایكس-پیكۆدا بەرهەم هاتن و لە ئێستایشدا بە گوێرەی شیكارە سیاسییەكانی رۆژهەڵاتی ناوین، دەرگا داخراوەكەی ئەم رێككەوتنە بە كلیلی دروستبوونی چەند دەوڵەتێكی نوێ لە رۆژهەڵاتی ناوین دەشكێنرێت و سەرلەنوێ لە ناوچەكە نەخشەی نوێ دەكێشرێتەوە. سایكس پیكۆ كە، رێككەوتنی نهێنی ئەمەریكا، فەڕەنسا و بەریتانیایا بوو، لە بابەت دابەشكردنی سنووری رۆژهەڵاتی ناوین بۆ چەند دەوڵەتێك، لە ساڵی 1916 بە نهێنی رێككەوتنەكە واژۆ كرا و لەساڵی  1917ـیش، ئاشكرا بوو. لە فەڕەنسا (فرانسوا جۆرج پیكۆ) و لە بەریتانیایش (مارك سایكس) رێككەوتننامەكەیان واژۆ كرد و ناو نرا (سایكس-پیكۆ).
رێككەوتننامەكە لە 12 ماددەی سەرەكی پێك دێت و دابەشكردنەكەیش هەریەك لە وڵاتانی (كورد، سووریا، عێراق، توركیا، فەلەستین، لیبیا و وڵاتنی دی عەرەبی) گرتەوە. بەپێی ئەو رێككەوتنە سنووری جیۆگرافیی وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوین دیاری كراون و ئەوەی كە بۆ نەتەوەی كوردیش مایەوە، لكاندنی بوو بەسەر دەوڵەتی سووریا، توركیا، عێراق و ئێراندا.

دوای تێپەڕبوونی ساڵێك بەسەر بڵاوكردنەوەی بابەتێكی هەستیار لە رۆژنامەی نیویۆرك تایمز، كە تێیدا ئاماژە دراوە گۆڕانكاری لە نەخشەی رۆژهەڵاتی ناویندا دەكرێت و رێككەوتنی سایكس-پیكۆ، هەڵدەوەشێنرێتەوە و لە ئەگەری جێبەجێكردنی ئەو ستراتیژییەتەیش، رۆژئاوای كوردستان دەگەڕێتەوە سەر هەرێمی كوردستان و دەوڵەتی كوردستان دادەمەزرێت. جارێكی دی، نەخشەی هەڵوەشاندنەوەی سایكس-پیكۆ لە 2014 هەڵدرایەوە و بەپێی زانیاریی رۆژنامەی نیویۆرك تایمز، لە رۆژهەڵاتی ناوین لە 5  دەوڵەتی (سووریا، عێراق، سعوودیە، لیبیا و یەمەن)، 14 دەوڵەتی نوێ دروست دەكرێن و سووریا دەبێتە 3 دەوڵەت، لەوانە: دەوڵەتی عەلەوی، دەوڵەتی كوردستان و دەوڵەتی سوننەكان. لە بابەت دەوڵەتی كوردستان، خاكی كوردنشین لە رۆژئاوای كوردستان، دەچێتە سەر هەرێمی كوردستان و دەبێتە دەوڵەتێكی گەورە لە ناوچەكەدا. دەوڵەتی عەلەوی، لەنێو سووریا دروست دەبێت كە، نفوزی لە سووریا هەیە، خاكی سوننەنشین لە سووریاوە لەگەڵ چەند پارێزگایەكی دی سوننەی عێراق، یەك دەگرێتەوە و دەبێتە دەوڵەتێكی سەربەخۆ.
هەریەك لە (ئەحمەد ئەسكەندەری)-شیكەرەوەی سیاسی لە سوێد و (عەبدوڵڵا حیجاب) شارەزای بواری رۆژهەڵاتی ناوین لە نۆرویژ، هەفتەی رابردوو بۆ دەنگی ئەمەریكا، هاوڕا بوون لەسەر روودانی گۆڕانكاریی گەورە لە رۆژهەڵاتی ناوین بە تایبەت لە عێراق و سووریادا، كە سنووری سووریا و عێراق دەگۆڕێت و ئەم دوو دەوڵەتە هەڵدەوەشێنرێنەوە كە بە قازانجی كورد كۆتایی دێت. ئەوان بە پێویستیان دەزانی كە كوردیش لە ئامادەییدا بێت و سوود لە گۆڕانكارییەكە وەربگرێت.

 

سایكس-پیكۆ، ئێكسپایەر بووە
هاوكات، نووسەر و توێژەر (عەبدولڕەحمان سدیق)، بە KDP.info-ی ڕاگەیاند، "ئێمە هیواخوازین ئەم گۆڕانكارییە لەسەر نەخشەی ئەو ناوچەیەدا روو بدات، رووداوەكان پێمان دەڵێن ئەگەری لەم شێوەیە روودانی ئەستەم نییە، لەبەر ئەم خاڵانەی خوارەوە: یەكەم، بە تێپەڕبوونی كات بە 50 ساڵ و 100 ساڵ، گۆڕانكاری دێتە ئاراوە، لە 1914 بۆ 2014 سەد ساڵ بەسەر سنووری ئەو ناوچانەی ئێستا هەن، تێدەپەڕێ. دووەم، رووداوەكان پێمان دەڵێن كە، لە 1514 بۆ 2014، پێنج سەد ساڵ بەسەر شەڕی چاڵدێران تێدەپەڕێت كە دابەشكردنی سنووری یەكەمی ئەم ناوچانە بووە. سێیەم، بۆ دوو ساڵی دی واتە 2016، سەد ساڵ بەسەر سایكس –پیكۆـدا تێدەپەڕێت، ئەمەیش پێمان دەڵێت سنووری ناوچەكانی جیهان، هەمیشە خوێناوی بوون، بەو مانایەی لە جیهاندا یەكەم جار رووی داوە بە ئاشتی سنوور دیاری بكرێت، ئەمانەی ئێستا پێیان دەگوترێت دەوڵەت، لە كۆی 193 دەوڵەتدا لە دوای جەنگی یەكەمی جیهانی، بەشێكیان هاتنە بوون و بەشێكی دی لە دوای جەنگی دووەمی جیهانی و بەشەكەی دییان، لە ئەنجامی ململانێی خوێناویی شۆڕشی وڵاتانی بەلکان و، هەڵوەشانەوەی یەكیەتیی سۆڤیێتی جاران و، باشووری سوودان و تەیموور، هاتوونە ئاراوە. كەواتە هۆكاری دروستبوونی دەوڵەت و میكانیزمی دروستبوونی لە شەڕدا هاتووەتە بوون، گۆڕانكارییەكانیش بەپێی كات روویان داوە. لە ئێستادا سێیەم جەنگی جیهان رانەگەیەندراو بوونی هەیە بە دەیان دەوڵەت كۆ بوونەتەوە و، بە شێوازێك لە شێوازەكان دەكرێت بڵێین كە هەندێك لە وڵاتانی ناوچەكەیش پێان وایە كە هاوپەیمانان، كە ئەو كارەی دەیكەن لە هەڵوەشاندنەوەی سایكس-پیكۆ و شەڕی تیرۆر، كارێكە بۆ سەربەخۆیی كوردستان دەیكەن، نەوەك لە خەمی یەكپارچەیی خاكی عێراقدا بن".
دەشڵێت، "پێویستە خۆمان ئامادە بكەین لەم بارودۆخەی ئێستادا كار بۆ هەموو ئەگەرەكان بكەین، یەكێك لەو ئەگەرانە سەربەخۆیی كوردستانە كە خەونی لەمێژینەی كوردستانە". لە بابەت گەڕانەوەی خاكی رۆژئاوای كوردستان بۆ سەر هەرێمی كوردستان كە دەوڵەتێكی كوردی لە هەرێمەوە رابگەیەنرێت، (عەبدورەحمان سدیق) گوتی، "لە كاتی خۆیدا لە دابەشكردنی خاكی سووریا و عێراق، گۆڕانكارییەك رووی دا، سەرەتا ناوچەكە بە دەست فەڕەنساوە بوو، دوایی بەریتانیا ئەم ناوچانەی وەرگرتنەوە و لەگەڵ گۆڕینەوەی ناوچەكە لە نێوانیان و دۆزینەوەی نەوتدا نەخشەكە گۆڕا، بۆیە ئەستەم نییە كە خاكی كوردنشین لە سووریا بگەڕێتەوە سەر هەرێم، ئیسڕائیلیش رایگەیاندووە كە، سایكس-پیكۆ، ئێكسپایەر بووە و دەكرێ گۆڕانكاری لە نەخشەی عێراق و سووریادا بكرێت". 

لە 2014-دا، لەگەڵ بەدیاركەوتنی تیرۆریستانی داعش لە عێراق و سووریا كە رووبەرێكی زۆری سووریا و عێراقیان داگیر كردووە، گۆڕانكاری لە نەخشەی سایكس-بیكۆ، زیاتر شیكردنەوەی بۆ دەكرێت، مامۆستای زانكۆی نیویۆرك و، شارەزا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، پرۆفیسۆر (زەكاری لۆكمان) بۆ گۆڤاری گوڵان رایگەیاندووە كە، رۆژهەڵاتی ناوین بە هۆی نەخشەی رێككەوتننامەی سایكس-پیكۆ، پڕ لە كێشە بووە كە، ئەو نەخشەیە لە سەرەتادا لەلایەن وڵاتانی هاوپەیمان داڕێژرا و لە ئێستایشدا بووەتە ناكۆكی بۆ سەرجەم رۆژهەڵاتی ناوین. (لۆكمان) ئاماژەی داوە كە لە ئەمەریكا ستراتیژییەت بۆ گۆڕانكاریكردنی ئەو سنوورانە، هەن و جارێكی دی داڕێژراونەتەوە.


پاشخان
هەرێمی كوردستان، یەكەم پارچەی كوردستانە كە لەسەر دەستی رێبەری گەورەی كورد (بارزانیی نەمر) لە ساڵی 1970، ئۆتۆنۆمی بۆ كورد گەرەنتی كرد. دواتر لەسەر دەستی (سەرۆك بارزانی) راپەڕینە مەزنەكەی بەهاری 1991 لە كوردستان بەرپا بوو، كورد بۆ یەكەم جار بە شێوەیەكی فەرمی پەرلەمان و حكوومەتی دروست كرد و، دواتریش لە دوای ڕووخانی رژێمی پێشووی عێراق، هەرێمی كوردستان لە دەستووری عێراقدا بە فەرمی جێگیر كرا و لە ساڵی 2005ـیشدا، سەرۆكایەتیی هەرێم دامەزرا و (سەرۆك بارزانی) بە سەرۆكی هەرێمی كوردستان، هەڵبژێردرا. بەپێی بۆچوونی توێژەر و سیاسەتمەدارانی جیهانیش، دەوڵەتی كوردی لەسەر دەستی (سەرۆك بارزانی) دادەمەزرێت، بە تایبەت كە دیپلۆماسیەتی سەركەوتووی سەرۆكی هەرێم وای كردووە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، پاڵپشتی هەرێمی كوردستان بێت و، هەرێم وەك  ناوەند و مەرجەعی دۆزی كورد لە رۆژهەڵاتی ناوین، لێی بڕوانرێ.
رێككەوتنی سایكیس-پیكۆ، 1916، ناڕەزایەتیی زۆری كوردی بە دوادا هات و كورد رەتی كردەوە. (بارزانیی نەمر) فەرموویەتی، (كوردستان یەك پارچەیە و ئەو سنوورەی جیای دەكاتەوە دەستكردە)، دواجار لەسەر دەستی (بارزانیی نەمر)، شۆڕشی گەورەی كورد دەستی پێ كرد، تا بەیاننامەی 11ـی ئاداری 1970 كە، (بارزانیی نەمر) رژێمی ئەو كاتی عێراقی ملكەچ بە واژۆكردنی رێككەوتنامەكە كرد.


شاو كوردی




دوایین هەواڵەکان

چلەی ماتەمینی تێکۆشەر و خەباتگێڕ دکتۆر جەرجیس حەسەن بەڕێوەچوو

FRIDAY, 26 APRIL 2024 01:04:37

ھەولێر-KDP.info- ڕۆژی پێنجشەممە لە شاری هەولێر بە ئامادەبوونی نوێنەری سەرۆک بارزانی چلەی ماتەمینی تێکۆشەر و خەباتگێڕ (دکتۆر جەرجیس حەسەن) بەڕێوەچوو.

 

فازڵ میرانی: پارتی به‌ سه‌رۆكایه‌تیی سه‌رۆك بارزانی دوو ئه‌ركی له‌ ئه‌ستۆدایه‌

THURSDAY, 25 APRIL 2024 21:04:43

ھەولێر-KDP.info- به‌رپرسی ده‌سته‌ی كارگێڕیی مه‌كته‌بی سیاسیی پارتی ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات، پارتی به‌ سه‌رۆكایه‌تیی سه‌رۆك بارزانی له‌م هه‌لومه‌رجەدا دوو ئه‌ركی له‌ ئه‌ستۆدایه‌، ده‌شڵێت، ده‌بێت ئه‌مڕۆ بپارێزن بۆ ئه‌وه‌ی سه‌رفرازییه‌كانی دوێنێ به‌رده‌وام بن.

 
شێروان دوبەردانی" ھەندێ لایەن لە نەینەوا دەیانەوێ زێدەڕۆیی بکەنە سەر مافەکانی کورد و پارتی"

THURSDAY, 25 APRIL 2024 20:04:44

نەینەوا -KDP.info- پەرلەمانتارێکی پارتی دەڵێت، ھەندێ لایەن لە نەینەوا دەیانەوێ  دەستوەردان لە پۆستە کارگێڕییەکانی نەیەنەوا بکەن و گۆڕانکاری لەو پۆستانە بکەن کە پشکی پارتی و کوردن..دەشڵێت، ئێمە بەرەنگاریان دەبینەوە.

 
مەکتەبی سیاسی پرسەنامەیەک ئاراستەی خانەوادەی (سەید مەحموود تاوەگۆزی) دەکات

THURSDAY, 25 APRIL 2024 19:04:31

ھەولێر-KDP.info- مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان، پرسەنامەیەک ئاراستەی خانەوادەی خوالێخۆشبوو (سەید مەحموود سەید حسێن تاوەگۆزی) دەکات.

 
بەڕێوەبەری کوشتارگەی هەولێر"بڕیاری سەرۆکی حکوومەت کاریگەری لەسەر نرخی گۆشت دەبێت

THURSDAY, 25 APRIL 2024 17:04:26

ھەولێر-KDP.info-  بەڕێوەبەری کوشتارگەی هەولێر دەڵێت، نرخی گۆشت لە بازاڕەکانی هەرێم دادەبەزێت..دەشڵێت، بڕیاری سەرۆکی حکوومەت کاریگەری لەسەر نرخی گۆشت دەبێت.

 


 
© 2023 Kurdistan Democratic Party, KDP

Contact