ههولێر-KDP.info- (زەلمای خەلیلزاد) باڵیۆزی پێشووی ئەمهریکا لە عێراق، راگەیاند، ئەگەر ریفراندۆم لە باشووری کوردستان بەڕێوە بچێت، پێویستە بە ھەماھەنگی لەگەڵ حکوومەتی عێراق بێت و بە رێککەوتن ھەنگاوەکان بنرێن.
(زەلمای خەلیزاد) گوتیشی: "ھەرکاتێک دەست کرا بە جێبەجێکردنی ئەنجامی ریفراندۆم، زۆر گرینگە کە ئەم کارانە بە ھەماھەنگی لەگەڵ حکوومەتی عێراقی ئەنجام بدرێن، لەبەرئەوەی ھەر ھەنگاوێک بنرێت، ئەوە پێویسته بەگوێرەی رێککەوتن و بە شێوەیەکی ئاشتیانە بەڕێوە بچێت، جا ئەوە سەربەخۆیی بێت یانیش ھەر شتێکی دیکە، پێویستە بە ھەماھەنگی بێت لەگەڵ بەغدا".
(خەلیزاد) لە لێدوانێکیدا بۆ (كورستان24)، هاوكات پیرۆزبایی لە خەڵكی كوردستان كرد بە بۆنەی جەژنی نەورۆزهوه و، سوپاسی قارەمانێتیی پێشمەرگەی كرد و، گوتیشی: "دەمەوێت پیرۆزبایی لە سەرجەم خەڵکی کوردستان بکەم بەبۆنەی جەژنی نەورۆزەوە و ھیوادارم ھەموویان کاتێکی خۆش بهسهر ببهن لەم جەژنەدا و، ھیوادارم ساڵی نوێ، ساڵێکی خۆشتر و باشتر بێت بۆ کوردستان، باشتر لە ساڵی رابردوو لە بوارەکانی ئاسایش و ئابووریدا، ههروهها دەمەوێت باس لەو قوربانیانە بکەم کە پێشمەرگە دەیدات لە رووبەڕووبوونەوەیان دژی داعش و، سوپاسیان دەکەم لەو رۆڵە گەورەیەی لەو شەڕەدا ھەیانبووە و ئەوانە تەنیا بەرگری لە کوردستان ناکەن، بەڵکو بەرگری لە تەواو جیھان دەکەن".