Kurdî  ■  كوردی  ■  عربي
SAT, 20 APR 2024 02:58 Erbil, GMT +3
پارتی دیموکراتی کوردستان
ئازادی . دیموکراسی . دادپەروەری
 

حوسێن مەدەنی: پەكەكە بەڵایە.. ئایا بۆ ڕیفراندۆم پرسمان پێ کراوە؟
| KDP.info


هەولێر-KDP.info-  حوسێن مەدەنی پێیوایە، لەگەڵ راگەیاندنی دەوڵەتی سەربەخۆی كوردستاندا هاوسەنگی تێك‌دەچێت، هەربۆیە دەڵێ، "ئێستا زۆر گرینگە كوردایەتی بكەین، نەك حزبایەتی"، مەدەنی جەختیش دەکاتەوە، پەكەكە بەڵایە بۆ بزووتنەوەی رزگاریخوازی كوردستان، چونکە وابەستەی فیكرێكی فەلسەفی سیاسی و ئایدیۆلۆژیی سەروەختی ستالینە و دیكتاتۆریەتێكی بێ پێچ و پەنایە و كەسی دیكە قەبووڵ ناكات.

حوسێن مەدەنی راویژكاری دەفتەری سیاسیی حزبی دیموكراتی كوردستان باوەڕی وایە، ئەو كێشانەی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا هەن، تەنیا رووبەڕووی كورد نەبوونەتەوە. ئەو دەڵێ، ئێرانیش یەكێكە لەو وڵاتانە و چەندەها كێشەی هەیە و بە ئاسانی لێیان دەرباز نابێت.
جەختیش دەکاتەوە کە، لەو كاتەوەی كوردستان بەسەر چوار دەوڵەتی ناوچەكە دابەش كراوە، دەبینین بە دریژایی ئەو مێژووە هیچ كاتێك بارودۆخەكە بەوشێوەیە نەبووە كە هەر چوار دەوڵەتەكە كێشەیان هەبێت و هەر چواریان دژی یەكتری بن، ئەو زەمەنەش بەسەرچوو كە بتوانن هاوپەیمانێتی لەگەڵ یەكتر بكەن.
لە دیمانەیەکدا کە گۆڤاری "گوڵان" لەگەڵیدا سازی داوە، مەدەنی بە سەرنجدان لەوە کە ئێران لە ناوچەكەدا لە بەرانبەر عەرەبدا لاوازە، لەسەر ئەو باوەڕەیە کە، بۆ بەرژەوەندیی ئەمەریكا لە ناوچەكە باش نییە ئێران ئەوەندە لاواز بێت. كەواتە ئەمەریكا و بە هەمان شێوە رووسیایش زۆر باش لەم راستییە تێگەیشتوون، ئەوە نییە خەریكە رووسیا و ئەمەریكا لەسەر پرسی سووریا رێك‌دەكەون، كە من یەقینم هەیە ئەم كارە دەكەن. چونكە ئێمە بینیمان كە لە ناوچە كوردییەكاندا سێ كانتۆنیان پێك‌هێنا كە راستەوخۆ بە رەسمی ناسێنران لە لایەن رووسیاوە و نووسینگەیان لە مۆسكۆ بۆ كردەوە.


لە رووی ئەمری واقیعەوە هەرێمی کوردستان دەوڵەتێكی سەربەخۆیە
دەرباری بڕیاردانی مەسعوود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان بۆ سازدانی ڕیفراندۆم لە باشووری كوردستان و، گرینگییەکەی و زەوینەسازی بۆ سەربەخۆییی كوردستان، حوسەین مەدەنی گوتی، خۆ پێشتریش ریفراندۆم كراوە و خەڵك گوزارشتی لە رای خۆی كرد و داوای سەربەخۆیی كرد؛ با ئەمە لە یاد نەكەین، دواتر كە ئێستا باس لە ریفراندۆم دەكرێت ئایا كاك مەسعوود بارزانی پرسی بە ئێمە كردووە ئەو ریفراندۆمە دەكات؟ چونكە خۆ كوردستان هەر ئەم بەشە نییە، پرسیاری دیكە ئەوەیە بۆچی ئەم بەشەی كوردستان و بەشەكەی ئێمە نا؟ بێگومان لەبەر ئەوەی هەمیشە ئەوەمان دووپات كردووەتەوە، تەنانەت لە ناو حزبەكەی خۆشماندا، كە هەرێمی كوردستان پێگەیەكی جیۆپۆلەتیكی زۆر گرینگی هەیە، كە كوردستانی توركیا و ئێران نییانە.
راویژكاری دەفتەری سیاسیی حزبی دیموكراتی كوردستان ڕوونی کردەوە، لەبەرئەوەی ئەم هەرێمە لەسەر دەریایەك نەوتە و لەسەر نەخشەی وزەی جیهانی جێی خۆی كردووەتەوە، ئەوەتا سەرجەم هێزەكانی جیهان، ئەمەریكا و رووسیا و چین و ئەورووپا و ... تاد، كۆنسووڵگەریی خۆیان لە هەرێمی كوردستان كردووەتەوە، ئەمەش واتە بێ ئەوەی هەرێمی كوردستان دەوڵەتی سەربەخۆی خۆی رابگەیەنێت، لە رووی ئەمری واقیعەوە بووەتە دەوڵەتێكی سەربەخۆ و، تەنیا ئەوەی ماوە ئابوورییە سەربەخۆكەی بكەوێتە سەرپێی خۆی و بودجەی خۆی دابین بكات.

لەو رۆژەوە كە مەسعوود بارزانی رایگەیاندووە پرسی سەربەخۆیی ئەجێندای سەرەكیی كاری ئەوە، میدیاكانی ئێران هێرشێكی ناڕەوا دەكەنە سەر بارزانی و پارتی دیموكراتی كوردستان، هۆكاری سەرەكیی دژایەتیی ئێرانیش بۆ پارتی و سەرۆك مەسعوود بارزانی بە لای حوسێن مەدەنییەوە ئاشكرایە و دەڵێت، لەگەڵ راگەیاندنی دەوڵەتی سەربەخۆی كوردستاندا هاوسەنگییەكە تێك‌دەچێت، كە ئەمە مەسەلەیەكی زۆر بنەڕەتییە. لەبەر ئەوە ئەگەر زۆر ژیرانە هەنگاو هەڵنەگرن دووچاری ئەو كێشەیە دەبن. بەڵام ئەوە زۆر گرینگە كە كاك مەسعوود بارزانی دوو ساڵە بەردەوام باسی ئەنجامدانی ریفراندۆم دەكات و ئەو تەلیسمەی شكاندووە كە لە بارەی پرسی سەربەخۆییەوە هەبوو، چونكە ئەگەر پێشتر كاك مەسعوود بارزانی باسی سەربەخۆیی بكردایە، ئەوا هەموو جیهان دەهەژا، بەڵام ئێستا كاردانەوەكە بەو توندییە نییە.

كۆماری كوردستان، بەشی كوردستانی عێراقیشی لەگەڵ بووە
هەر پێوەست بەم پرسی ڕیفراندۆم و سەربەخۆییەوە، مەدەنی بەپێویستی دەبینی کە، كاری دیپلۆماسی بەگەڕ بخرێت، چونكە عێراق بیر دەكاتەوە و ئێرانیش بیر دەكاتەوە، ئێران لە لایەك هەڕەشە دەكات و لەلایەكی دیكەوە بیر لە چاكسازی دەكاتەوە لە كوردستانی ئێراندا، ئەوە واقیعەكەیە. ئێران سەرنج دەدات كە پەراوێزخستنی كوردی رۆژهەڵات كارێكی مومكین نییە. خۆ ئەگەر پێمانوابێت ئێران بێ بەرنامە كار دەكات، وا نییە و راستییەكەی ئەوەیە ئێران زۆر بە بەرنامە هەنگاو هەڵدەگرێت. هەروەها كاتێك ئێمە باسی كۆماری كوردستان دەكەین، ئەوا بەشی كوردستانی عێراقیشی لەگەڵ بووە، كە بەردەوام هاوكاریی كوردەكانی دیكەی كردووە، كە كۆماری كوردستان بەو چەشنە بەهێز بوو و توانی لە ماوەی 11 مانگدا ئەو هەموو دەستكەوتە مەزنە بە دەست بهێنێت، ئەمە بە هاوكاریی هێزی پێشمەرگە و مەلا مستەفا بارزانی بوو، بە هاوكاریی ژەنەڕاڵە كوردەكان بوو، كە توانییان بەرەیەكی سەربازی زۆر بەهێز لە ناوچەی سەقزدا لە بەرانبەر ئێرانییەكاندا رابگرن. ئەو راستییە كە هێزی پێشمەرگەی ئەو كاتە كە لە ژێر چاودێریی مەلا مستەفا بارزانیدا بوون زۆر بەهێزتر و بە ورەتر بوون لە سوپای ئێران و شەڕەكانیشیان گەواهیدەری ئەم راستییە بوون. كەواتە كاتێك كورد مێژوو فەرامۆش دەكات، ئەوا هەڵەیەكی زۆر گەورە دەكات.
راویژكاری دەفتەری سیاسیی حزبی دیموكراتی كوردستانجەختیش دەکاتەوە لەوەی کە، ئێستا زۆر گرینگە كوردایەتی بكەین، نەك حزبایەتی، ئەگەر دیتگای جیۆپۆلەتیكیمان زۆر پەرە پێنەدەین، ئەوا مەسەلەكانمان بۆ جێبەجێ نابێت. لەبەر ئەوە هەموو ئەو پرسانە پێكەوە بەستراون و ئەگەر دەمانەوێت سیاسەتێكی ستراتیژیمان هەبێت ئەوا دەبێت ئەو مەسەلانە بە وردی بخوێنینەوە.

دژایەتیی پەکەکە بۆ حكوومەت و سەربەخۆییی كوردستان شتێکی انمۆ نییە
حزبە كوردستانییەكانی رۆژهەڵات، رێز لە سەروەریی حكوومەتی هەرێمی كوردستان دەگرن، بەڵام سەیر ئەوەیە پەكەكە كە ئیدیعای حزبێكی كوردستانی دەكات، ئێستا بە ئاشكرا دژایەتیی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و ئاستەنگ بۆ پرۆسەی سەربەخۆییی كوردستان دروست دەكات، ‌حوسێنی مەدەنی لەم بارەیەوە دەڵێ، كاتێك پەكەكە دژایەتیی حكوومەت و سەربەخۆییی كوردستان دەكات، ئەوە بۆ پەكەكە شتێكی زۆر سروشتییە و نامۆ نییە، لەبەر ئەوەی پەكەكە بەڵایە بۆ بزووتنەوەی رزگاریخوازی كوردستان، پەكەكە وابەستەی فیكرێكی فەلسەفی سیاسی و ئایدیۆلۆژی كۆمۆنیستییە، كۆمۆنیستی سەروەختی ستالین، لەبەر ئەوە پەكەكەش لەسەر ئەو شێوازە بونیاد نراوە و دیكتاتۆریەتێكی بێ پێچ و پەنایە و كەسی دیكە قەبووڵ ناكات. نەیاری خۆی بە هیچ شێوەیەك قەبووڵ ناكات. هەر نەیارێكیش سەرهەڵبدات راستەوخۆی سەركوتی دەكات و هاوبەشی لەگەڵ هیچ لایەنێكی دیكە قەبووڵ ناكات.
ئەو زیاتر دەربارەی ڕۆڵی پەکەکە دوا و گوتی، پەکەکە هەر بە هەمان ئەو توندوتیژییەوە هەڵسوكەوت دەكەن كە پتر لە 30 ساڵە پیادەی دەكەن و تەنانەت بە مافیای بارزگانیی ماددە هۆشبەرەكانیشە، لەگەڵ رووسەكان، ئەمانە كۆمەڵە پرسێكی پێكەوەگرێدراوی زنجیرە ئاسان. ئێرانیش كە حیساباتی خۆی دەكات ئەوا لە بەرانبەر توركیادا كەم دەهێنێت، چونكە توركیا ئەندامی ناتۆیە و ناتۆش واتە ئەمەریكا و ئەوروپا، لەبەر ئەوە بۆ پارسەنگكردنەوە پارێزگاری لە پەكەكە دەكات. لەبەر ئەوە هەرگیز پەكەكە لە بەرژەوەندی میللەتی كورددا هەنگاو هەڵناگرێت، شتی وا مومكین نییە. لەگەڵ دەوڵەتی سەربەخۆیی كوردستان نییە و لەگەڵ ئاڵای كوردستان نییە و خۆی چەندین ئاڵای رەنگاوڕەنگی هەیە كە نازانرێت هەر یەكە لەو ئاڵایانە چین و گوزارشت لە چی دەكەن.

بە لای پەکەکەوە، نەتەوەییبوون مایەی دواكەوتویییە
پەكەكە ئاڵای كۆماری كوردستان وەك ئاڵای كوردستان سەیر ناكات، لەکاتێکدا ئەم ئاڵایەی كۆماری كوردستان پێوەندی بە حزبێك، یان لایەنێكی سیاسییەوە نییە، ئەگەر پێوەندی نییە، بۆچی پەكەكە داژیەتی دەكات؟، ئەمەیش پرسێکە و حوسێنی مەدەنی لەبارەیەوە ڕایگەیاند، پەكەكە پارتێكی نەتەوەیی نییە، ئەوان تەنیا دروشمەكانیان نەتەوەیین، پەكەكە پارتێكی كۆمۆنیستییە و كۆمۆنیستەكانی سەروەختی یەكێتیی سۆڤیێت چەند باوەڕیان بە نەتەوە هەبوو، ئەوانیش هەر ئەوەندە باوەڕیان پێیەتی. نەتەوەییبوونیش مایەی دواكەوتوییە لە كۆمۆنیزمی سەروەختی ستالینیدا، لەبەر ئەوە پەكەكە بە هیچ شێوەیەك باوەڕی بە ئاڵای كوردستان نییە. پەكەكە بۆ رزگاركردنی كوردستان تێناكۆشێت، بەڵكو ئامانجی ئاژاوەنانەوەیە. ئاڵای كوردستان و سروودی ئەی رەقیب بە میرات لە حزبەكەی ئێمەوە- حزبی دیموكراتی كوردستان- بۆ ئێرە هاتووە، كەچی دەڕوانیت ئێمە پەراوێز خراوین. لە لایەكی دیكەوە ئێستا رووسیا بە هەموو هێزێكیەوە هاوكاریی پەكەكە دەكات، واتە ئەو لایەنە بەهێزەی هاوكاریی پەكەكە دەكات رووسیایە و لە بەرانبەر ئەو بەرەیەی كە مەسعوود بارزانی ئاڵاهەڵگریەتی و بەرەی ناسیۆنالیزم و راگەیاندنی دەوڵەتی سەربەخۆییە، پەكەكەیان زەقكردووەتەوە.




دوایین هەواڵەکان

وەزیری بازرگانی ھەنگاوەکانی وەرگرتنی گەنمی ئەمساڵ بۆ KDP ئاشکرا دەکات

FRIDAY, 19 APRIL 2024 21:04:30

ھەولێر-KDP.info- وەزیری بازرگانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، تاوەکو ئێستا بڕی وەرگرتنی گەنمی ھەرێمی کوردستان لەلایەن بەغدا دیاری نەکراوە، بڕیاریشە حکوومەتی ھەرێم و بەغدا بە ھەماھەنگی بڕەکە دیاری بکەن، بۆ ئەو مەبەستەش خۆمان ئامادەکردووە.

 
شاخەوان عه‌بدوڵڵا بۆ KDP: دەرکردنی ئەو ماڵە کوردانەی خانەقین ڕاگیرا

THURSDAY, 18 APRIL 2024 23:04:20

ھەولێر-KDP.info- جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق گوتی، دەرکردنی ئه‌و ماڵە کوردانه‌ی لە خانووی شارەوانی بوون کە بڕیاری لێدرابوو راگیرا.

 
ڕێگای نێودەوڵەتی ھامڵتۆن نوژەن دەکرێتەوە

THURSDAY, 18 APRIL 2024 20:04:17

سۆران _KDP.info_بەڕێوەبەری چاککردنەوە و پاراستنی ڕێگاوبانی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران گوتی: بە بڕیاری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ڕێگای نێودەوڵەتی ھامڵتۆن لە نێوان ھەرێمی کوردستان و کۆماری ئیسلامی ئێران نوژەن دەکرێتەوە.‌

 
پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارتی پێشوازیی لە شاندێکی کۆمەڵەی دۆستایەتی کورد و ئەڵمان کرد

THURSDAY, 18 APRIL 2024 17:04:30

ھەولێر-KDP.info- شاندێکی  کۆمەڵەی دۆستایەتی  کورد و ئەڵمان سەردانی مەکتەبی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارتی دیموکراتی کوردستانیان کرد و هۆشیار سیوەیلی، بەرپرسی مەکتەب و ژمارەیەک لە ستافی دێسک و یۆنیتەکانی مەکتەب  پێشوازیان لێ کردن.

ھەوراز عەبدولقادر: بەگوێرەی پڕۆژەیەک ١٠٠ ھەزار بۆ مووچەی ئەم توێژە زیاد دەبێت

THURSDAY, 18 APRIL 2024 17:04:31

ھەولێر  _KDP.info_ بەرپرسێکی وەزارەتی کاروباری کۆمەڵایەتی ئاشکرایکرد، بەگوێرەی پڕۆژەیەک ١٠٠ ھەزار دینار بۆ مووچەی کەمئەندامان زیاد دەکرێت، گوتیشی: لە ھەرێمی کوردستان ٧٤ ھەزار کەمئەندام و خاوەن پێداویستی تایبەت مووچەی مانگانەیان بۆ خەرج دەکرێت.

 


 
© 2023 Kurdistan Democratic Party, KDP

Contact