Kurdî  ■  كوردی  ■  عربي
WED, 24 APR 2024 07:07 Erbil, GMT +3
پارتی دیموکراتی کوردستان
ئازادی . دیموکراسی . دادپەروەری
 

پێگەی سەرۆكی هەرێم لە نێوان خواستی حزبی و بەرژەوەندیی نەتەوەییدا
| KDP.info


قارەمان مەهدی
بۆ ئێمەی كورد و واقیعە گشتییەكەی ئەمڕۆی كوردستان و ناوچەكە و جیهان، سەرۆكایەتیی هەرێم ناوەند و ڕەمزێكی فرە كاریگەری سیاسی و نەتەوەییە.

ئێمەی كورد و كوردستانی هەقە خوێندنەوەی نیشتمانیانەمان بۆ ئەو هاوكێشەیە هەبێت و لەو ڕاستیانە تێبگەین؟ لە هەرێمێك كە دەسەڵاتی سەربەخۆی نەتەوەیی و كیانێکی سەربەخۆی سیاسیمان نییە، وەلێ لە سۆنگەی ئەو سەرۆكایەتییە و كاراكتەرە بەهێزەكەیەوە توانراوە بەتایبەتی لە ڕووی ئابووری و دیبلۆماسی و پێشمەرگەییەوە خەسڵەتێكی دەوڵەتداری هەبێت و ڕۆڵێكی ئەرێنی كارا لەسەر ئاستی ناوچەیی و نێودەوڵەتی لە نوێنەرایەتیكردنی گەلەكەمان و پاراستنی حوكمڕانییە خۆجێییەكەمان بگێڕێ. لە ناوخۆیشدا وێڕای ڕۆڵە ئیداری و یاساییەكەی، ئەوا بەشێك لە دەسەڵاتەكانی حوكمڕانی لەو پێگەیەدا دانراوەو بەمەش بووەتە هۆكارێك بۆ زیاتر بڵاوبوونی دەسەڵاتەكان و كۆنەبوونەوەی تەنها لە دوو ناوەندی حوكمڕانیدا.
بێگومان كەسیش ناتوانێ هۆكاری ئەو سەنگ و كاریگەرییەی كە ئەو سەرۆكایەتییە هەیبووە و هەیەتی لە كەسایەتی و پێگەو تواناكانی خودی سەرۆك مەسعوود بارزانی دایببڕێ و تا هەنووكەش هیچ لایەنێك ئەم ڕاستیەی ڕەتنەكردۆتەوەو هەموان درك بە پێویستبوونی سەرۆك بارزانی لەو پێگەیەدا دەكەن. كەواتە لێرەدا پرسیار ئەوەیە، ئاخۆ كەمكردنەوەی دەسەڵاتەكانی ئەو سەرۆكایەتیە بەهێزو كارایە لەبەر چی و بۆ چی لەم بارودۆخە هەستیارەدا شەڕ دژی ئەو ناوەندەی دەسەڵاتی كوردی دەكرێت؟ بۆچی بە بیانووی یاساوە فەرهەنگی دیالۆگ و سازانی 20 ساڵەی حوكمڕانیمان تێك درا؟ بۆچی كاتێ تواناداری كەسایەتی و ڕۆڵی نیشتمانی و سەركەوتنە دیبلۆماسیەكانی سەرۆك بارزانی دوژمنانی هەراسان كردووە كەچی لە ناوخۆشدا ئەو هەراسان بوونە ڕەنگدانەوەی هەبێت و بە جۆرێكی تر دەرببڕدرێ؟ ئاخۆ لەبری پشگیریكردن، لێدانی ئەو سەرۆكایەتییە و سەرۆكەكەی خزمەت بە دوژمنان نەبێت بە كام بنەماو بەرژەوەندی گشتیی ڕاست و سوودبەخش دەكات؟
ئەوانەی داوای كەمكردنەوەی دەسەڵاتی سەرۆك دەكەن
ئەم تەنگەژە حزبیەی كە لە 23ی حوزەیرانەوە هێنرایە سەر باری گرانی دۆخ و قەیرانەكانی تری هەرێمی كوردستان هیچ هۆكار و پاساوێك هەڵناگرێ، هەر بۆیەشە دەبینین لە ئەنجامدا ئاڵۆزكردنی ڕەوشی ناوخۆییمانی لێكەوتەوە، چونكە ئەو ئاراستە حزبیە نەیتوانی لە مەرامەكانیدا پابەندێتی بە هەستیاری و بەرپرسیارێتییەكانی ئەم هەلومەرجە و ڕوحیەتی دیموكراتیانە نیشان بدات و خواستی حزبیانەیان خستە سەروو بەرژەوەندیی نەتەوەیی و نیشتمانی و پێویستیە هەنووكەییەكانی باری سەربازی و سیاسی و حوكمڕانیمان. ئەمەش چەقبەستنێكی سیاسی بەدوای خۆیدا هێنا كە بەداخەوە خەڵكی ئەم هەرێمە و دۆستەكانمانیشیی نیگەران كرد. ئەم بێزارییە سەرتاسەرییەی بەو هۆیەوە لە بەرامبەر پرۆسەی سیاسیماندا هەیە بەڵگەیە كە گەل خواست و پێداویستی لەوە گەورەتر و لەپێشتری هەیەو بە ڕەوا نازانرێ بە دەستی خۆمان باری قەیرانەكان بە پرۆژەی حزبییانە و نالۆژیكی لەسەر خۆمان قورستر بكەین، چونكە ئەو حاڵەتە لەم كات و قۆناغەدا زادەی دڵسۆزی و بوونی هەستی بەرپرسیارێتی نییە و میللەت و ئەركە هەنوكەییەكان تیادا پەشێو و زیانمەند دەبێت.
هەمووان دەزانین، بارودۆخی حزبی، لەم هەرێمەدا لە ڕووی دیموكراتیبوون و یاساو مەدەنیەتەوە لە حاڵێكی هێندە پەرەسەندوودا نییە، بۆیە حاڵەتێكی بێ تەمومژ نییە گەر حزب هەبن، كە خۆیان هێشتا لە ناوخۆی حزبەكانیان خاوەن پەیڕەو و پرۆگرام و شیرازەیەكی مەدەنی نین و پەیڕەوی پرنسیپە دیموكراتیەكان ناكەن و دامەزراوەیی بوون تیایاندا غائیبە، كەچی ئەوان یاسا و دیموكراسی، بكەنە دروشم و چەكێكی سیاسی و لە كڵێشەیەكی ئینشاییدا هەرای حزبی و میدیایی لەسەر دروست بكەن و بخوازن بە لایەنی تری بفرۆشن و ڕای خەڵكیی پێ چەواشە بكەن. ڕەوا نییە حزب هەبن ئەو قازانج و خواستە حزبیانەی لەژێر ناوی یاسای سەرۆكایەتی و هەڵبژاردنی سەرۆكی هەرێم دایانڕشتووە، نەتوانن لە ڕێگەی دیموكراتی و هەڵبژاردنەوە حاسڵی بكەن ئەوجا بەناوی یاساو گوایە ترسان لە دیكتاتۆرییەت پەنا بۆ كودەتا بەرن و، تەنها لەپێناو زیادكردن و زامنكردنی حسەی حزبیدا بە تەوافوقی سیاسی نەك لە ڕێگەی هەڵبژاردنەوە، وڵاتێك بخەنە ژێر ڕەحمی بەرژەوەندی تەسكی حزبییەوە.
ئەمە سەرباری ئەوەی ئەوانەی ئەم سیناریۆ ناوەختەیان داڕشتووە لەلایەك داواكانیان هیچ پاڵپشتیەكی یەكلاكەرەوی یاسایی نییەو لەلایەكی تریش بۆ ئەم گەرموگوڕییەیان كە دژی سەرۆكایەتیی هەرێم دەینوێنن جارێك بەرامبەر ئەو هەموو غەدرو ڕێگرییەی بەغدا دژی مافە دەستوری و نەتەوەییەكانمان، نەیانگرتە بەر؟ بۆ جارێك بەرامبەر بڕینی بوودجە و مووچەی خەڵكی كوردستان بەم حەماسەتەوە نەهاتنە دەنگ؟ هەر ئەوانە زۆربەیان لە ماوەی زیاتر لە یەك ساڵی ئەم شەڕەدا جورئەتی ئەوەیان تیا نەبووە تەنانەت سەردانی خەلفیترین سەنگەرەكانی پێشمەرگە بكەن و لەمەش عەیبدارتر تەنانەت یەكێكیان سەردانی پرسەی شەهیدێكیشیان نەكردووە، ئیتر چ بڕوا و ڕاستگۆیی و چاوەڕوانییەك لەم كەس و لایەنانە بەدی بكرێ و چ متمانەیەك بكرێت بەوەی ئەم كەس و لایەنانە لەژێر دەمامكی یاسا و دیموكراسیدا خۆیان بكەنە نوێنەری هەموو خەڵكی كوردستان بە هەموو پێكهاتە و ئینتیما جیاوازەكانیەوەو مەرامیان بێت ئەوان بەڕێوەبەری سیاسەت و دیاریكەری چارەنووسی ئەم نەتەوەیە بن؟!
سەیرە لە 1992 تا هەنووكە دەسەڵات و ئیدارەی ئەم هەرێمە هەر بە ڕێككەوتنی حزبەكان و ئیتفاقی ستراتیژی و بەشكردنی پلەوپایەكان بەڕێوە چووە، خێرە لەم دۆخەی شەرو قەیرانی ئابوورییەدا یەك دوو لایەن دەخوازن، یان میزاجی ئەوان یان تێكدانی ئەم وڵاتە؟! لەكاتێكدا ئەم حزبانە تەنانەت لە بەڕێوەبردنی حزبەكانی خۆیان پڕ كێشەن و توانای چارەسەرییان نییە. ئەمانە بە كام ڕابردوویان و خزمەت و توانایانەوە شەڕی پێگەو ڕۆڵی بارزانی دەكەن، لە كاتێكدا بە هەموویان نەیانتوانیوە تەنها هێندەی جەمەدانی و جلوبەرگە كوردییەكەی بارزانی خزمەت بە دۆزو ناوبانگی كوردو كوردستان بكەن.
پێوەری ئەوان بۆ پلەوپێگەی سەرۆكی هەرێم
بە داخەوە پێدەچێت لای ئەوان پێوەر بۆ پلەو پێگە و ئەركی سەرۆكی هەرێم تەنها ئەوەند بێت كە ئەو پێگەو پۆستە ژێدەرێك بێت بۆ دابەشكردن و زامنكردنی بودجەو بەرژەوەندی زیاتری حزب. لە كاتێكدا ئەگەر بنەماكانی یاسا و سیستەمی حكومڕانی و تەنانەت پرۆسەی تەوافوقی و سازان و هەر بنەمایەكی تری هاوشێوە تەنها لەم چوارچێوەی دابەشكاریە حزبیەدا سەیر بكرێت، ئەوە بەر لەهەر ڕەنگدانەوەو ڕەهەندێكی نیگەتڤ، ڕاستەوخۆ تیایدا گەل و نیشتیمان و فەرهەنگە كەلتورییەكەی پێكەوە ژیان و بارودۆخی ئێستامان زیانبار دەبێت. لەبەر ئەوەی ئەرك و بەرپرسیارێتیە ئەخلاقییەكانی مەبدەئی دیموكراسی و مەدەنیەت دەكەونە ژێر پرسیارو هاوكات واقیعی هەمەلایەنەی دۆزی كوردو بەرپرسیارێتیە گەورەو كاریگەرەكانی ئەم قەوارە فیدراڵییەی باشووری كوردستان و بە تایبەت بارودۆخە سەربازی و ئابورییە هەنوكەیەكە لە بەرژەوەندی حزبیی گەورەترەو قبوڵی سیناریۆ و تموحی تەسكی حزبیی ناكات. هەلومەرجەكەمان پێویستی بە یەكبوون و هاوگوتاریی و هاوهەنگاوییە بەتایبەتی لە پرسێكی وەك پلەوپێگەی سەرۆكی هەرێم كە لەم شەڕە داسەپاوەی داعش بەسەر گەلەكەماندا لای هەمووان ئاشكرا بوو پێگەو ڕۆڵی ئەو پۆستە چەند كاریگەری بەرفرەو ڕاستوخۆی هەیەو كاراكتەرە بەهێزەكەشی چەند بەرهەمدارانە دەسەڵاتەكانی كردۆتە زامنكاری پاراستن و بەردەوامیدان بەم حكومڕانییە خۆجێتیەی باشووری كوردستان و فەرامهێنانی گەشبینی دەهەمبەر داهاتوویەكی ڕوون و سەركەوتوانە بۆ تەواوی خەڵك و خاكی كوردستان. هەروەسا ڕوونیش بووەوە كە، ئەوەی لە توانا و جورئەتی سەرۆك 'مەسعوود بارزانی'ـدا هەیە لەوانەیە لە كۆی ئەو حزبانەدا نەبێت و بە هەموویان نەكارێن بەو ئاستە دیبلۆماسی و ئیدارییە زامنكارو بەرهەمدارە سەركردایەتی هەرێمێكی نیمچە داخراوو ئەم هەلومەرجە سەختە بكەن و بە نیەت و پەیامێكی ستراتیژییانەی نەتەوەیی و نیشتیمانیەوە كار لەسەر نەخشەڕێیەكی تۆكمە بۆ گەیشتن بە دەسەڵاتی نەتەوەیی بكەن. كەواتە تەقەكردن لەم پێگەیەو دەسەڵاتەكانی و لەم كاراكتەرە بەهێز و بێ هاوتایە بۆچی؟!
ترسان لە هەڵبژاردن و دەنگی جەماوەر
یەكێك لە هۆكار و ئامانجە ئاشكراكانی پشت قسەو هەڵوێستی ئەو كەس و لایەنانەی دژی هەڵبژاردنی سەرۆكن لەلایەن گەلەوە ترسانیانە لە دەنگی خەڵك، ئیدی ئەو ترسە بڕوا بە خۆنەبوون و بێ كاندیدی بێت یاخود دڵنیا بوون لەوەی كە بە هەڵبژاردن ڕكابەریی پارتییان پێ ناكرێ و هاوكات بەهۆی هەڵبژاردنی سەرۆك لەناو خەڵك ئەوكات ئیدی دەرفەتی دابەشكردنی پلەو پۆست لەناو پەرلەمان بۆ حزبەكان كەم دەبێتەوە.
ئایا هەموو خەڵك بەشداری دەنگدان و هەڵبژاردنی سەرۆك بكەن باشترە یان تەنها 111 كەسی سەر بە چەند حزبێكی دیاریكراو؟
ئایا ئەوانە كە هەڵبژاردنی سەرۆك لەلایەن گەلەوە ڕەت دەكەنەوەو تەنانەت دژی ڕیفراندۆمیشن لەسەر ئەم پرسە، پرسیار لە خۆیان ناكەن ئەم ویستەیان تا چەند لەگەڵ دیموكراتیەت و ئازادی بیروڕا دەگونجێ!
ئایا ئەوە سووكایەتی نییە بە گشت خەڵكی كوردستان كاتێ دەوترێ، ئەگەر سەرۆك لەناو خەڵك هەڵببژێردرێ ئەوە ئەگەری دیكتاتۆرییەت دێتە ئارا. ئاخۆ بۆچی دەنگی خەڵك دیكتاتۆر دروست دەكات؟ بۆچی دەنگی خەڵك بەلایانەوە هێندە مەترسیدارە؟ یان ئەم قسەیەیان تەنها بۆ پاساو هێنانەوەو چەواشەكارییە تا ڕەوایەتی بدەن بە مەبەست و سیناریۆ حزبیەكانیان!.
ئەنجام، هەموو ڕێگاكان هاتنەوە بەردەم سازان
پاشەكشەی هەڵوێست و مەرامەكانی 23ی حوزەیران گەیشتە ئەوەی كە تەنها پەڵپ گرتن لە یاسای سەرۆكایەتی بمێنێتەوە، ئەویش خرایەوە سەر مێزی سازان. بۆیە دەتوانین لە واقیعیانەترین خوێندنەوەی ئەم ڕەوشەماندا قامك بخەینە سەر ئەو ڕاستیەی، لە كاتێكدا هیچ هۆكارو لەبارییەكی واقعی و پاڵپشتیەكی یەكلاكەرەوەی یاساییان بە دەستەوە نیە بۆیە ئەم قەیران زیادكردن و شەڕە حزبییەی ئەوان دەیكەن تژی بوو لە نابەرپرسیارێتی و تەنها شەڕی حسەی كورسی و بودجەی حزبەكانیانە نەك داكۆیكردن لە چەسپاندنی زیاتری یاساو پرنسیپەكانی دیموكراتی هەروەك چەند لە بەرپرسان و چاودێران جەختیان لەسەر ئەم ڕاستیە كردووەتەوە. دۆخەكە و بەرپرسیارێتیە نەتەوەیی و سیاسی و پێشمەرگەییەكان و ڕای زۆرینە ڕێگە نادات ئەو ئاراستە حزبییە نیشانەكەیان بپێكن، چونكە ویست و هەڵوێستە حزبیەكانیان ناكامڵ و ناوەختەو لەگەڵ بەرژەوەندی نەتەوەیی و هەلومەرجی ئەمڕۆی كوردستان و پێنگاڤ بۆ دەرچوون لەم دۆخەو ڕۆیشتن بەرەو داهاتویەكی ڕوون و زامنكراوی سیاسی و ئابووری، ناگونجێ.
سەرۆك، زەمانەتە
سەرۆك بارزانی و سەرۆكایەتی هەرێم بوونەتە ڕەمز و بڕبڕەی پشتی حوكمڕانی كورد لە باشوور و هەموو پارچەكان و گشت كورد چاویان لە هەڵوێست و پەیام و هەنگاوەكانی ئەم دەسەڵاتە و سەرۆكەكەیەتی؟ بۆیە لەبری پەلاماردان و هەوڵدان بۆ داماڵێنی ئەو ناوەندە بەهێزو كارایە لە دەسەڵات و هەوڵ و هەنگاوە پۆزەتیڤ و بەرهەمدارەەكانی ئەركی هەموو لایەكە پشتگیری بكەن و داكۆكی لە ڕۆڵ و سەنگی كاریگەرانەی ئەو پێگەیە و لە بەردەوامی سەرۆكەكەی بكەنەوە، ئەو سەرۆكەی كە بووەتە زەمانەتی پارێزراوی قەوارەی هەرێمی كوردستان و ئومێدو زامنكاری ئاسۆی ڕوونی نەتەوەییمان. هەروەرك نوسەرێكی عەرەب (حامید شەهاب) دەڵێ: مەسعوود بارزانی هەڵبژێرنەوە بۆ سەرۆكایەتیكردنی هەرێمەكەتان، بۆ ئەوەی بە گەورەیی بمێننەوەو دەوڵەتان ڕێزتان لێ بگرن لای حكومەت و گەلانی دونیاش شكۆمەند بن و حسابتان بۆ بكرێت! ئەم بۆچونەش لەبەرژەوەندی یەكڕیزیمان و چارەنوسی گەلەكەماندایە، بۆیە هەقە لایەنە سیاسیەكان لە واقیع دەرنەچن و هەمووان كۆك بین ئەمانەتی بەرپرسیارێتیی میللەتەكەمان بە كاروانی كۆشش و بەخششەكانی سەرۆك بارزانی لە ڕەوتی خۆی بەردەوام بێت بۆ ئەوەی بگەینە سەركەوتنی زیاتر و سەقامێکی یەكجارەکی.




دوایین هەواڵەکان

سەرۆکی حکوومەت لایەنە پەیوەندیدارەکان ڕادەسپێرێت

TUESDAY, 23 APRIL 2024 22:04:47

ھەولێر-KDP.info- سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان داوای تەرخانکردنی دارایی دەکات بۆ دامەزراندنی سێ یەکەمەکانی زانکۆ و پەیمانگاکانی ھەرێمی کوردستان.

 
حزبەکانی کوردستان بۆ KDP: سەردانەکەی سەرۆککۆماری تورکیا گرنگی پێگەی کوردستان دەردەخات

TUESDAY, 23 APRIL 2024 21:04:02

ھەولێر-KDP.info- بەرپرسانی باڵای حزبی سۆسیال دیموکرات و بزووتنەوەی ئیسلامی و حزبی زەحمەتکێشان، سەردانەکەی سەرۆککۆماری تورکیا بۆ ھەولێری پایتەختی کوردستان بەگرنگ دەزانن لەم كاته‌دا، ھاوکات پێشیان وایە، دەوڵەتی تورکیا پێگەی ھەرێمی کوردستانی لا گرنگە و دەیەوێت پەیوەندییەکانی لەگەڵ فراوان بکات لەڕووی دیبلۆماسی و سیاسی و ئابووری.

 
سەرۆكایەتی هەرێم و نه‌ته‌وه‌یه‌کگرتووه‌کان تاوتوێی پرسی هەڵبژاردنیان كرد

TUESDAY, 23 APRIL 2024 20:04:51

ھەولێر-KDP.info- لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆی نێوان سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان و بەرپرسێكی باڵای یۆنامی، تاوتوێی كێشە و بەربەستەكانی بەردەم ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان و هەروەها كورسی پێكهاتەكان كرا.

 
لە پارێزگای سەلاحەددین کورد دوو پۆستی بەدەستهێنا

TUESDAY, 23 APRIL 2024 18:04:03

سەلاحەددین _KDP.info_ ڕاوێژکاری پارێزگاری سەلاحەددین بۆ کاروباری ئەمنی دەڵێت، ئەمڕۆ ژمارەیەک پۆستی دیکەی پارێزگای سەلاحەددین یەکلاکرانەوە و دوو پۆستی پارێزگاکەش بەر کورد کەوتن، ڕاوێژکاری پارێزگاری سەلاحەدین بەر پارتی دیموکراتی کوردستان و بەڕێوەبەری وەبەرھێنانیش بەر یەکێتی نیشتمانی کەوت.

 
میری ئێزدیان بۆ KDP.info: سەرۆک بارزانی پشتیوانی تەواوی خۆی بۆ ئێزدیان دووپات کردەوە

TUESDAY, 23 APRIL 2024 16:04:38

شێخانKDP.info-  میر حازم تەحسین  بەگ میری ئێزدیان لە جیهان ڕایگەیاند، کۆبوونەوەیەکی زۆر بەرهەمدارمان لەگەڵ سەرۆک بارزانی مان ئەنجامدا و پشتیوانی تەواوی خۆی بۆ ئێزدیان دووپات کردەوە.

 



 
© 2023 Kurdistan Democratic Party, KDP

Contact