ئانكارا -KDP.info- سه‌ركونسوڵی توركیا له مووسڵ خۆی یه‌كلاكردووه‌ته‌وه كه له لیستی جه‌هه‌په خۆی بۆ په‌رله‌مانی توركیا كاندید بكات ئه‌مه‌یش بووه‌ته جێگه‌ی شۆك بۆ هه‌وادارانی چونكه وایان ده‌زانی كه ئه‌و بۆ ئاكپارتی خۆی كاندید ده‌كات.
مانگی حوزه‌یرانی ساڵی 2014دا كاتێك گروپی تیرۆریستی داعش ده‌ستی به‌سه‌ر شاری مووسڵدا گرت، توانی 49 دیپلۆماتكاری تورك كه له كونسوڵخانە‌ی توركیا له مووسڵ كاریان ده‌كرد وه‌كو بارمته بگرێت. ئه‌وكات داعش هه‌ڕه‌شه‌ی له توركیا كرد كه ئه‌گه‌ر هاوكاریی ئه‌مه‌ریكا بكات بۆ لێدانی ئه‌وان، هه‌ر ڕۆژه و دیپلۆماتكارێك سه‌ر ده‌بڕێت، به‌ڵام كۆتاییه‌كه‌ی به ئازادكردنی هه‌موویان بوو.
ئه‌وكاته‌ی هه‌موو دیپلۆماتكاره‌كان گه‌ڕانه‌وه بۆ توركیا به‌ره‌به‌یان بوو، وه‌لێ له لای خه‌ڵكی توركیا وه‌كو ڕۆژی جه‌ژن بوو و هه‌موویان له‌خه‌و هه‌ستابوون و له ته‌له‌ڤیزیۆنه‌وه ته‌ماشای ئه‌و دیمه‌نانه‌یان ده‌كرد كه چۆن دیپلۆماتكاره‌كان باوه‌ش به كچ و كوڕ و خێزان و دایك و باوكیاندا ده‌كه‌ن. ئه‌و ڕۆژه گریانی خۆشی له هه‌موو ماڵێكدا بوو.
(ئۆزتورك یڵماز) سه‌ركونسوڵی توركیا له مووسڵ، یه‌كێك بوو له‌و كه‌سانه‌ی وه‌كو بارمته لای داعش بوو و كاتێك هاته‌وه بۆ توركیا سه‌ركۆماری توركیا و سه‌رۆكوه‌زیران نێوچاوانیان ماچ كرد و گوتیان ئێمه شانازین به تۆ (ئۆزتورك)ـەوە ده‌كه‌ین.
به گوێره‌ی گوته‌ی (ئۆزتورك) بێت، ئه‌و له زیندانه‌كانی داعشدا به هیچ شێوه‌یه‌ك سه‌ری بۆیان نه‌وی نه‌كردووه و گوتویه‌تی بمكوژن باشتره نه‌ك سووكایه‌تی به ئاڵای توركیا بكه‌م، چونكه داعش پێی گوتبوو وه‌ره سووكایه‌تی به ئاڵاكه‌تان بكه و ئێمه‌یش وێنه‌ی ده‌گرین.
هه‌موو خه‌ڵك چاوه‌ڕوان بوو ئۆزتورك له هه‌ڵبژاردنی 7ـی حوزه‌یراندا وه‌كو كاندیدی ئاكه‌په بپاڵێورێت بۆ په‌رله‌مانی توركیا، به‌ڵام ناوی ئه‌و له هیچ لیستێكدا نه‌بوو.
دوێنێشه‌و له كاتی هه‌واڵه‌كاندا كه‌ناڵی هه‌به‌ر تورك له ڕاپۆرتێكدا له‌سه‌ر ئۆزتورك ئاماژه‌ی دا كه پارتی گه‌لی كۆماری جه‌هه‌په داوای لێ كردوه بۆ هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌خته له‌سه‌ر شاری (ئه‌رده‌هان) ببێت به كاندیدی ئه‌وان و ئه‌ویش پێی ڕازی بووە.
ئه‌م هه‌واڵه بۆ توركه‌كان زۆر چاوه‌ڕواننه‌كراو بوو، چونكه (ئۆزتورك) له ئاكه‌په‌وه زۆر نزیك بوو و هه‌موو چاوه‌ڕێ بوون له‌م كابینه‌یه‌دا ببێت به وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی توركیا. ڕه‌نگه ئەو عاجزبوونەوەی لەبەر ئەوە بووبێ کە نه‌یانكرد به وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی توركیا.
كارزان گلی