مه‌شخه‌ڵ كه‌وڵۆسی
له‌ماوه‌ی ڕابردوودا گفتوگۆكان له‌سه‌ر پرسه سیاسییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان گه‌رموگوڕترن له‌هه‌ر قۆناغێكی تری مێژووی سیاسی خه‌ڵك و حیزبه‌كانی كوردستان. به‌م پێودانگه‌ش زۆرێك بیروڕا و لێدوان له‌سه‌ر ئه‌و كایه هه‌ستیاره ده‌درێن كه شایسته‌ی هه‌ڵوێسته له‌سه‌ر كردنن.
ئه‌ڵبه‌ته به‌گوێره‌ی پرنسیپه سیاسیی و شارستانییه‌كان، هه‌ر كه‌سێك بگریت مافی خۆیه‌تی چۆن و به‌چ شێوازێك قسه له‌سه‌ر هه‌ر بابه‌تێك ده‌كات. یان ڕای خۆی له‌باره‌یانه‌وه ده‌رده‌بڕێت. بۆیه ئێمه ناچینه سه‌ر ورده‌كاری ئه‌و لێدوانانه‌ی له‌باره‌ی پرسه‌كانه‌وه دراون یان ده‌درێن. به‌ڵكووه‌ك پرنسیپ له‌سه‌ر گۆشه‌یه‌كی هه‌ستیاری ئه‌م كایه هه‌ستیاره ده‌وه‌ستین كه پێی ده‌گوترێت كاری په‌رله‌مانی. یان كۆی مه‌نزومه‌ی په‌رله‌مانی، ئه‌ویش له‌ژێر ڕۆشنایی ئه‌و لێدوانه‌ی سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستاندا كه‌گوتی: " هیچ ئیراده‌یه‌ك نیه له‌ده‌ره‌وه‌ی په‌رله‌مان، ئیراده‌ی په‌رله‌مان بوه‌ستێنێت".
ئه‌م لێدوانه ده‌خه‌ینه ژێر نه‌شته‌ری شیكاری له دوو ڕووانگه‌وه:
یه‌كه‌م: چه‌مكی ئیراده‌ی په‌رله‌مان چییه؟ ئایا چ جیاوازییه‌ك هه‌یه له‌نێوان"مودخه‌لات و موخره‌جات"ی كاری په‌رله‌مانیدا، ئایا ئیراده‌ی په‌رله‌مان ده‌چێته ناو چوارچێوه‌ی كام له‌دوو بواره‌وه؟ پاشتر ئایا چ جیاوازییه‌ك هه‌یه له‌نێوان ئیراده‌ی په‌رله‌مان و موخره‌جاتی كاری په‌رله‌مانیدا؟.
دووه‌م: ئایا هه‌ر به‌ڕاستی ئیراده‌یه‌ك نیه له‌ده‌ره‌وه ئیراده‌ی په‌رله‌مان بوه‌ستێنێت؟ ئه‌وه چۆنه؟ ئایا هه‌ر له‌كوردستان وایه؟ یان له‌هه‌موو جیهاندا وایه؟ ئایا ئیراده هه‌یه بتوانێت ئیراده‌ی په‌رله‌مان بوه‌ستێنێت؟.
لێره‌وه ده‌گوازمه‌وه سه‌ر خاڵی یه‌كه‌م و ده‌پرسم: ئیراده‌ی په‌رله‌مان چییه؟ هه‌ر به‌ڕاست چۆن جێگه‌ی ئه‌و ده‌سته‌واژه‌یه بكه‌ینه‌وه له‌ناو فه‌رهه‌نگی زاراوه سیاسییه‌كاندا؟ ئایا شتێك هه‌یه به‌ناوی ئیراده‌ی په‌رله‌مان؟..هتد.
ئاشكرایه ئیشه‌كانی په‌رله‌مان و خودی ده‌وڵه‌ت و داخوازییه‌كانی خه‌ڵكیش به‌دوو قۆناغ تێكه‌ڵی ناو پرۆسه‌ی به‌ڕێوه‌بردن ده‌بن، یه‌كه‌میان مودخه‌لاتی كایه‌كه‌یه، واته هه‌موو ئه‌و داخوازی و ئیراده سیاسیی و كۆمه‌ڵایه‌تی و سیستماتیكییه‌ی كه پێكه‌وه كۆده‌بنه‌وه ده‌بنه هۆی دروست بوونی پێدراوێك له‌ناو ژیانی ده‌وڵه‌تداری كۆمه‌ڵگه‌دا" بائه‌و پێدراوه ناو بنێین په‌رله‌مان".
لێره‌دا ئێمه ده‌كه‌وێنه به‌رده‌م هاوكێشه‌یه‌ك: كۆمه‌ڵێك داخوازی وئاتاج وئیراده‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی وسیاسی و ئابوری وفه‌رهه‌نگی ومێژوویی پێكه‌وه كۆده‌بنه‌وه و په‌رله‌مانێك دروست ده‌كه‌ن. واته ئاتاجه‌كان= په‌رله‌مان.
به‌م واتایه په‌رله‌مان ده‌ره‌نجامه، ئه‌نجامی یه‌كگرتنی كۆمه‌ڵێك ئیراده‌یه له‌خاڵێكی دیاری كراودا، بۆخۆی ئیراده نیه. په‌رله‌مان له‌ڕووی دروست بوونیه‌وه، له‌ڕووی سه‌رهه‌ڵدانییه‌وه ئه‌نجامی كۆمه‌ڵێك ئاتاجی كۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسییه نه‌ك ئیراده‌یه‌كی سه‌ربه‌خۆ بێت.
ئه‌م پێشه‌كییه‌م پێویست بوو بۆ ئه‌وه‌ی بڵێم: ئه‌گه‌ر هه‌ركام له‌و ئیرادانه له‌ئارادانه‌بن، شتێك دروست نابێت به‌ناوی په‌رله‌مان. وڵاتیش هه‌ر به‌ڕێوه ده‌چێت.ئیتر شێوه‌ی به‌ڕێوه‌چوونه‌كه‌ی چۆنه؟ ئه‌وه‌یان بابه‌تێكی تره.
ئه‌م قسه‌یه له‌وسۆنگه‌یه‌وه ده‌كه‌م كه له‌لایه‌كه‌وه سه‌رهه‌ڵدانی ده‌وڵه‌ت كۆنتره له‌په‌رله‌مان. به‌ڕێوه‌بردنی كاروباره‌كانی كۆمه‌ڵگه كۆنتره له‌په‌رله‌مان. له‌لایه‌كی تریشه‌وه له‌هه‌ندێك كۆمه‌ڵگه‌ی ئێستاشدا، شتێك به‌ناوی په‌رله‌مان بوونی نیه، به‌ڵام وڵاتیش به‌ڕێوه ده‌چێت. بۆنمونه: له‌سعودیه په‌رله‌مانیش نیه، به‌مانا باوه‌كه‌ی، به‌ڵام سعودیه ئه‌ندامه له‌كۆمه‌ڵه‌ی (جی-بیست). كه‌واته ئه‌گه‌ر یه‌كێك له‌ئیراده‌كانی پێكهێنه‌ری په‌رله‌مان له‌كایه‌كه‌دا نه‌بوون، له‌بنه‌ڕه‌ته‌وه په‌رله‌مان بوونی نابێت. نه‌ك ئه‌وه‌ی په‌رله‌مان خۆی ئیراده‌ی هه‌بێت.
به‌ڵام ئه‌مه به‌و واتایه نیه كه په‌رله‌مان هیچ گرنگییه‌كی نیه، به‌ڵكو په‌رله‌مان وه‌ك فلته‌رێك كۆی داخوازییه‌كان و مودخه‌لاتی ئیشی خۆی له‌شێوه‌ی یاسادا ده‌رده‌كات. واته له‌به‌شی موخره‌جاتدا په‌رله‌مان ڕۆڵ په‌یدا ده‌كات.
به‌ڵام ئایا ئه‌گه‌ر ئاتاجی كۆمه‌ڵایه‌تی نه‌بێت بۆ داڕشتنی یاسایه‌ك، په‌رله‌مان خۆی ده‌توانێت یاسا داڕێژێت؟ به‌پشت به‌ستن به‌ئیراده‌ی خۆی ده‌توانێت بڕیار بدات؟ لێره‌شدا ئه‌وه‌نده‌ی زه‌ره‌وره‌تی ئاتاجه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان بۆ ده‌ركردنی یاسایه‌ك كۆنترۆڵی كاری په‌رله‌مان ده‌كات. نیو ئه‌وه‌نده ئیراده‌ی په‌رله‌مان خۆی، بڕیارده‌ر نیه بۆ ده‌ركردنی یاسایه‌ك. به‌واتایه‌كی تر: ئه‌گه‌ر پێویستی كۆمه‌ڵایه‌تی بۆ ده‌ركردنی یاسای"ئه‌لیف" توندبێت. په‌رله‌مان ناتوانێت به‌ئیراده‌ی خۆی یاسای"ئه‌لیف" پشتگوێ بخات و، بچێت تاوتوێی ده‌ركردنی یاسای" واو" بكات، بۆنمونه.
دووه‌م: ئایا هیچ ئیراده‌یه‌ك نیه له‌ده‌ره‌وه‌ی په‌رله‌مان، كاری په‌رله‌مان بوه‌ستێنێت؟
ئه‌و لێدوانه‌ی سه‌رۆكی په‌رله‌مان زیاتر دروشمێكی سیاسی بوو، نه‌ك ده‌ربڕ له‌هه‌قیقه‌تی كاری په‌رله‌مانی بكات. چونكه خودی په‌رله‌مان خۆی ده‌ره‌نجامی ئیراده‌یه‌كی سیاسی وكۆمه‌ڵایه‌تیی وئابوری و فه‌رهه‌نگییه، هه‌ركام له‌و ئیرادانه‌ش ده‌توانن ئیشی په‌رله‌مان بوه‌ستێنن.
ئه‌وه‌بوو هه‌ر دوای چه‌ند ڕۆژێك هه‌مووان بینیمان كه ئیراده‌ی په‌رله‌مان، له‌ده‌ره‌وه‌ی په‌رله‌مانیش وه‌ستێنراو، دروشمه‌كه‌ی سه‌رۆكی په‌رله‌مان له‌به‌رده‌م هه‌قیقه‌تی كاری په‌رله‌مانیدا خۆی پێ نه‌گیرا.
نه‌بوونی ئیراده‌ی سیاسی، ئیراده‌ی په‌رله‌مان گۆج ده‌كات. ئه‌وه نه‌ك هه‌ر له‌كوردستان وایه، له‌ته‌واوی وڵاتانی جیهاندا وایه، ته‌نانه‌ت له‌ئه‌مریكاش كه لانكه‌ی دیموكراسیه‌ت و لیبراڵیزمی هاوچه‌رخه، به‌هه‌مان شێوه‌یه ده‌یان ئیراده‌ی جیاواز كۆنترۆڵی ئیراده‌ی كۆنگریس ده‌كه‌ن،وه‌ك ئیراده‌ی لۆبییه‌كانی جوله‌كه.
ئه‌م قسه‌یه‌م به‌چه‌ند نمونه‌یه‌ك پشت ئه‌ستور ده‌كه‌م:
یه‌كه‌م: له‌كوردستان، ئیراده‌ی حیزبه‌كان و وڵاتانی زلهێز ئیراده‌ی په‌رله‌مانی وه‌ستاند، ده‌شی وه‌ستێنێت تاكو له‌ده‌ره‌وه‌ی په‌رله‌مان سازان ده‌كرێت و هه‌موو لایه‌نه‌كان ڕێك ده‌كه‌ون.
دووه‌م: له‌لوبنان بۆ ماوه‌ی ساڵێكه، نه‌بوونی ئیراده‌ی ده‌ره‌وه‌ی په‌رله‌مان، ئیراده‌ی په‌رله‌مانی وه‌ستاندووه‌و، نه‌یتوانیوه یه‌ك هه‌نگاو بنێت. نه‌یتوانیوه پرسی سه‌رۆك له‌و وڵاته یه‌كلایی بكاته‌وه.
سێیه‌م: له‌ئه‌مریكا، ئیراده‌ی سیاسی جۆرج بۆش بۆ ڕزگاركردنی عێراق، به‌سه‌ر ئه‌ندامانی كۆنگریسدا زاڵ بوو. پاشان هه‌بوونی مافی ڤیتۆ لای سه‌رۆكی ئه‌مریكا، میكانیزمێكی ده‌ستورییه بۆ ئه‌وه‌ی سه‌رۆك بتوانێت ئیراده‌ی كۆنگریس، له‌ده‌ره‌وه‌ی كۆنگریس بوه‌ستێنێت.
سه‌رباری ئه‌وه‌ش ئیراده‌ی جۆراوجۆر هه‌ن كه كار له‌ئیراده‌ی كۆنگریسی ئه‌مریكا ده‌كه‌ن.بۆنمون لۆبییه‌كانی جوله‌كه، كارتڵه سه‌رمایه‌داری و كۆمپانیا زه‌به‌لاحه‌كان...هتد.
دوێنێ "هاشمی ڕه‌فسنجانی" هۆشداری دایه كۆنگریسی ئه‌مریكا كه پێویسته ڕێككه‌وتنی ئه‌تۆمی له‌گه‌ڵ ئێران ڕه‌ت نه‌كه‌نه‌وه. كه‌واته كاره‌كته‌ری ده‌ره‌كی له‌ده‌ره‌وه‌ی كۆنگریسه‌وه ئه‌جێندای كاری كۆنگریس دیاری ده‌كات.
به‌كورتی وبه‌كوردی: له‌هه‌موو دنیا نه‌ك ته‌نها له كوردستان، چه‌ندین ئیراده هه‌ن كه ده‌توانن پرۆسه‌ی كاری په‌له‌مانی بوه‌ستێنن. دڵنیام سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستانیش ئه‌م ڕاستیانه‌ی زانیوه، به‌ڵام "لغایه فی نفس یعقوب" ئه‌و دروشمه‌ی به‌رزكرده‌وه كاتێ گوتی: هیچ ئیراده‌یه‌ك نیه له‌ده‌ره‌وه‌ی په‌رله‌مان ئیراده‌ی په‌رله‌مان بوه‌ستێنێت!.پێشم وایه له‌دوای ئه‌وه‌ی به‌كرده‌وه بینی كه ئیراده‌ی په‌رله‌مان ئاسانترین ئیراده‌بوو بۆ وه‌ستاندن، چیتر ئه‌و دروشمه به‌رز ناكاته‌وه.
لە خەندانەوە