Kurdî  ■  كوردی  ■  عربي
FRI, 26 APR 2024 21:11 Erbil, GMT +3
پارتی دیموکراتی کوردستان
ئازادی . دیموکراسی . دادپەروەری
 

به‌ به‌ڵگه‌وه‌؛ سه‌رپێچی و گه‌نده‌ڵییه‌كانی سه‌رۆكی په‌رله‌مان.. سەرۆكایەتیی پەرلەمان 7ملیار دیناری كردووه‌تە هاوكاری
| KDP.info


هه‌ولێر -KDP.info-  به ‌گوێره‌ی ئه‌و به‌ڵگانه‌ی كه‌ گۆڤاری سڤیل له‌سه‌ر سه‌رۆكی په‌رله‌مان ده‌ستی خستوون، سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان پاره‌ی كوردستانی ته‌خشان و په‌خشان كردووه‌، له ‌میوانخانه‌كه‌یه‌وه‌ بگره‌ تا شوشتنی ئۆتۆمبێله‌كانی. له‌ به‌خشینه‌وه‌ی پاره‌ی ملیۆنی به‌ كه‌سانێك كه‌ جێگه‌ی گومانن تا به‌خشینه‌وه‌ی پاره‌ به‌ ژماره‌یه‌ك له‌ مێدیاكان له ‌سلێمانی و تا كڕینی چه‌ك و هاوكاریكردنی په‌رله‌مانتاران و ده‌یان سه‌رپێچیی دی. له‌و ڕاپۆرته‌دا ته‌واوی زانیارییه‌كان خڕاوه‌ته‌ ڕوو.



سەرۆكایەتیی پەرلەمان 7ملیار دیناری كردووه‌تە هاوكاری
هەرچەندە ئەنجوومەنی وەزیران بڕیاری داوە هەموو هاوكاری و پادداشتێك ڕابگرێت، بەڵام سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان بەردەوام بووە لەسەر ئەو هاوكاریانە و بەشێك لە هاوكارییەكانیشی بۆ كەسانی دەرەوەی پەرلەمان بووە. لە ڕاپۆرتی چاودێریی داراییدا هاتووە: "هەرچەندە فەرمانی سەرۆكایەتیی ئەنجوومەنی وەزیران بە ژمارە (1018) لە 11/2/2014 دەرچووە بە ڕاگرتنی سەرجەم پادداشت و هاوكارییەكان، هەر وەكو لە بڕگەی (2)ی نووسراوی سەرەوەدا هاتووە، كەچی كۆی گشتیی هاوكارییەكان ئەوەی لەسەر بودجەی پێداچوونەوەی مانگی كانوونی یەكەمدا بەدیار كەوت، بریتییە لە (7،706،119،100) 7ملیارو706ملیۆن‌و119هەزارو100 دینار، كە (5،000،000،000) 5ملیار دینار وەكو هاوكاری بۆ فەرمانبەرانی دیوانی پەرلەمانی كوردستان خەرج كراوە، نزیكەی ملیارە دینارێکی وەكو هاوكاریكردنی بنەماڵەی شەهیدانی ڕێگای ڕزگاریی كوردستان خەرج كراوە، ئەو بەشەشی كە ماوەتەوە، وەكو هاوكاری دراوە بەو كەسانەی لە دەرەوەی پەرلەماندان، بە ناوی نەخۆشی، یان یارمەتیی دەزگاكان، یان یانە وەرزشییەكان...."
چاودێریی دارایی، پەرلەمان ڕادەسپێرێت كە كار بە فەرمانی ئەنجوومەنی وەزیران بكات.

پەرلەمان و "سەرپێچیی زەق"ـی ڕێنماییەكانی جێبەجێكردنی بوودجە
لە خاڵی كرێی خانوو وەك هاوكاریی مانگانەدا باس لەوە كراوە كە مانگانە 850هەزار دراوەتە پەرلەمانتارێك و  لە 1ـی هەشتی 2014ـیشەوە بڕی یەك ملیۆن دینار دراوە بە هەر ڕاوێژكار و شارەزایەك، كە ماڵی لە دەرەوەی هەولێر بێت و لە هەولێر خانووی نەبێت."
ڕاپۆرتەكەی چاودێریی دارایی ئەوەی بە سەرپێچیی زەقی ڕێنمایی جێبەجێكردنی بوودجەی هەرێمی كوردستان داناوە، چونكە بەپێی ماددەی 10ی بڕگەی 1ی خاڵی 3، دەرماڵەی نیشتەجێبوون نادرێت، تەنها بە یاسا نەبێت. تاكو ئێستایش هیچ یاسایەك لەسەر ئەو بابەتە دەرنەچووە.

115ملیۆن دینار بۆ چەك و تەقەمەنیی پاسەوانەكانی سەرۆكی پەرلەمان
بەپێی بەڵگەی خەرجی ژمارە 272 لە 24/7/2014 بڕی 15ملیۆن‌و6هەزار دینار خەرج كراوە بۆ كڕینی چەك و تەقەمەنی بۆ پاسەوانانی سەرۆكی پەرلەمان. به‌ڵام به‌گوێره‌ی به‌ڵگه‌یه‌كی دیكه‌ كه‌ سڤیل خستوویه‌تییه‌ ڕوو سەرۆكی پەرلەمان بایی زیاتر لە "115ملیۆن دینار لەسەر حیسابی پەرلەمان چەكی بۆ پاسەوانەكانی كڕیوە".

خەرجیی سەرپێچییەكانی ئۆتۆمبێلەكانی پەرلەمان بە ملیۆنانە
راپۆرتەكەی چاودێری دارایی باسی ڕاوێژكارێكی ئافرەت دەكات، كە ئۆتۆمبێلی لاندگرۆزی پەرلەمانی لایە و جارێك 175هەزاری بۆ خەرج كراوە بۆ گۆڕینی كوشنەكانی، ئەگەرچی لە 24/3/2014 تا 1/7/2015 مۆڵەتی دایكایەتی وەرگرتووە، بەڵام لەو ماوەیەدا ئۆتۆمبێلەكەی هەر لابووە و بەكاریهێناوە. لەكاتێكدا ئەو ماوەیە وەك ڕاپۆرتەكە دەڵێت هیچ خزمەتێكی بە پەرلەمان نەكردووە. سەرەڕای ئەوەش خەرجی ئۆتۆمبێلەكە وەك بەنزین و پاتری و خەرجی دیكەی بۆ خەرج كراوە، هەروەها كڕینی دوو تایە بە بڕی 425 هەزار دینار لە 22/2/2015، ئەوەش لەكاتێكدا وردبینی یاداشتی لەسەر خەرجنەكردنی ئەو بڕە پارەیە نووسیوە.
جگە لەوانەش، ئەو ڕاوێژكارە ژنە مانگانە یەك ملیۆن‌و شەست هەزار دیناریشی بۆ خەرج كراوە.
چاودێریی دارایی ڕاسپاردەی كردووە، كە ئۆتۆمبێل لە فەرمانبەری مۆڵەتپێدراو وەربگیرێتەوە و بەڕێوەبەرایەتی ژمێریاری و وردبینی و كارگێڕی بەرپرس كردووە لەو بڕە پارەیەی وەك هاوكاری مانگانە پێیدراوە.
بەڕێوەبەری خزمەتگوزارییەكان لە 2/10/2014 یاداشتێكی ئاراستەی بەڕێوەبەری گشتیی دیوانی پەرلەمان كردووە، ئاماژە بە لیستێك دەكات كە لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆوە نێردراوەتە پەرلەمان، كە تێیدا داوای بڕی (34ملیۆن‌و315هەزار دینار دەكات، لەبری سەرپێچییەكانی هەندێك لە فەرمانبەران كە ئۆتۆمبێلی پەرلەمانیان لە ئەستۆدایە.
هەر بۆیە چاودێری دارایی ڕاسپاردەی كردووە كە بە زووترین كات پارەی ئەو سەرپێچیانە لە فەرمانبەران وەربگیرێتەوە و ئاگاداری فەرمانبەرانیش بكرێتەوە، كە پابەندی یاسا و ڕێنماییەكانی هاتووچۆ بن.

دەرماڵەی پیشەیی بە پێچەوانەی یاسا لە پەرلەمان دراوە
بەپێی ڕاپۆرتی چاودێری دارایی، پەرلەمان بڕی 75 هەزار دیناری وەك دەرماڵەی پیشەیی بۆ هەڵگرانی بڕوانامەی یاسایی خەرجكردووە. هەروەها بڕی 30% وەك دەرماڵەی مەترسی بۆ هەڵگرانی هەمان بڕوانامە خەرجكردووە. ئەمە لەكاتێكدا دەرماڵەی پیشەیی لە دوای دەرچوونی یاسای ژمارە 22ی ساڵی 2008 كە تایبەتە بە مووچە و دەرماڵەی فەرمانبەران ڕاگیراوە و بەپێی ڕێنمایی دارایی ژمارە 10ی ساڵی 2011 ڕێژەی 30%یش تەنیا بۆ ئەو فەرمانبەرانە خەرج دەكرێت، كە بە فعلی لە بەشی یاسایی كاردەكەن، ڕێژەی 20% بۆ ئەوانە خەرجدەكرێت، كە لە بەشی یاسایی و لە پسپۆڕی خۆیاندا كارناكەن.
ئەمەش دەریدەخات كە ئەو كارە پێچەوانەی یاسایە، هەربۆیە چاودێری دارایی ڕاسپاردەی كردووە كە هەر پارەیەك كە وەك دەرماڵەی پیشەیی خەرجیكردووە، وەربگیرێتەوە. 30%ـەكەش تەنیا 12 فەرمانبەر دەگرێتەوە.
لە بەشی خانەنشینكردنی ڕاوێژكاراندا ئاماژە بە حاڵەتێكی خانەنشینكردن كراوە، كە ڕێوشوێنی نایاسایی تێدا بەكارهاتووە، هەربۆیە چاودێری دارایی ڕاسپاردەی كردووە، كە كار بە یاسا پەیوەندیدارەكان بكرێت و "هەر پارەیەك بە زیاد خەرج كراوە وەربگیرێتەوە". هەروەها ئاگاداری بەڕێوەبەرایەتی دارایی و كارگێڕی بكرێتەوە، بە جێبەجێكردنی یاسا و ڕێنماییەكان و ڕێگر بن لە بە هەدەردانی سامانی گشتی.

فەرمانبەر بە سەرپێچی كراوەتە "شارەزا"
لە بەشی شەشەمدا، ڕاپۆرتەكە دەڵێت "ساڵانە لە پەرلەمانی كوردستان ژمارەیەك فەرمانبەر ڕاستەوخۆ بە پلەی شارەزا دادەمەزرێن، یان ناونیشانیان دەكرێتە شارەزا، بەبێ هەبوونی مەرجە یاساییەكان". هەر بۆیە ڕاسپاردەی كردووە، هەموو ئەوانەی بەبێ مەرجی یاسایی ناونیشانیان كراوەتە شارەزا، بەپێی یاسای ناونیشان ڕاستبكرێتەوە و هەر پارەیەك زیاد خەرج كراوە وەربگیرێتەوە.

دۆسیەی كەسی
راپۆرتەكە دۆسیەی كەسی چوار فەرمانبەری خستووەتەڕوو، كە بەشێوەیەكی نایاسایی پلەكانیان گۆڕدراوە.  یەكێكیان بە ناوی (ه. ح. ف) بە فەرمانی ژمارە 883 لە 11/5/2014 بەناونیشانی نووسەر دامەزراوە بە بڕوانامەی ئامادەیی. هەر لەو ساڵەدا بە فەرمانی ژمارە 1781 لە 7/8/2014 ناونیشانی گۆڕدراوە بۆ بەڕێوەبەری پێشكەوتوو بە مووچەی 758000 دینار. چاودێری دارایی ڕاسپاردەی دەركردووە، كە بگەڕێندرێتەوە بۆ ناونیشان و مووچەی شایستەی خۆی و هەر بڕە پارەیەك بە زیادە بۆی خەرج كراوە وەربگیرێتەوە.
هەروەها باسی دۆسیەی كەسی فەرمانبەرێكی ئافرەتی كردووە، بە ناوی (ش. خ. ح) كە بە بڕوانامەی ئامادەییەوە كراوەتە شارەزا. بۆ ئەویش هەمان ڕاسپاردەی كردووە، كە بگەڕێندرێتەوە بۆ ناونیشان و مووچەی شایستەی خۆی و جەختی كردووەتەوە كە بڕوانامەی ئامادەیی مافی بوون بە شارەزای نییە و "بەڕێوەبەرایەتی و كارگێڕی و خۆیەتی بەرپرسیارن لەو جۆرە سەرپێچیانە".
دۆسیەیەكی دیكە، دۆسیەی ئافرەتێكە بە ناوی (ش.ن.م) كە لەساڵی 2012 دامەزراوە، شەش مانگ پاش دامەزرانی، سەرۆكی پەرلەمان پلەیەكی پێ دەدات، پاش دوو ساڵ لە 21/10/2014 ناونیشانەكەی لە تێبینەر بە مووچەی 380هەزار گۆڕدراوە بۆ شارەزا بە مووچەی 948هەزار دینار. لەوەشدا چاودێری دارایی ڕاسپاردەی كردووە پلەكەی دابەزێندرێتەوە و هەر پارەیەكی زیادە خەرج كراوە بۆی، لێی وەربگیرێتەوە.

14 ڕاسپاردە بۆ ڕاگرتنی سەرپێچییەكانی سەرۆكی پەرلەمان
لە كۆتایی ڕاپۆرتەكەیدا چاودێریی دارایی ڕاسپاردە گشتییەكانی داناوە، كە 14 ڕاسپاردەیە، كە پەرلەمان پابەند دەكات بەپێی یاسا كارپێكراوەكان ڕەفتار بكات و لەخاڵی 13دا هاتووە "هەرچەندە دامەزراندنی ڕاوێژكاران هیچ بنەمایەكی یاسایی و هیچ بەرژەوەندییەكی گشتی تێدا بەدیناكرێت، بەڵام لەكاتی دامەزراندنیاندا ڕاستەوخۆ بە ڕاوێژكاری پێشكەوتوو دادەمەزرێن، ئەوەش تەنها لەبەر بەرژەوەندی تاكەكەسی دەكرێت، نەك بەرژەوەندی گشتی. بۆیە لێرەدا دەبێت ڕاوێژكار بە پلەی تایبەتی (بێ) دابمەزرێن نەك (ئەلف) ". لە خاڵی 14شدا دەڵێت "بەشی وردبینی شوێن پەنجەی دیار نییە لەسەر كارەكانی دارایی دا، بۆیە دەبێت زیاتر گرنگی پێبدرێت".


سەرۆكی پەرلەمان پارەی كوردستان تەخشان دەكات و میوانخانەكەشی حەشر دەكات
هەرچەندە ئەنجوومەنی وەزیران بڕیاری داوە بەهۆی خراپیی باری دارایی هەموو هاوكاری و پاداشتێك ڕابگرێت، بەڵام سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان بەردەوامبووە لەسەر ئەو هاوكاریانە و بەشێك لەهاوكارییەكانیشی بۆ كەسانی دەرەوەی پەرلەمان بووە. لەلایەن دیوانی چاودێری دارایی هەرێمی كوردستانیش ئەو پارە بەخشینەوەیە قبوڵنەكراو بووە، ژمارەیەكی زۆر لە پەرلەمانتارانیش گومانیان لە مەبەستی ئەو پارە بەخشنیانە هەیە.

"لیستی خەرجیاتی هاوكاری "زۆر درێژە"
چەندین لیستی پارە خەرجكردن بەناوی "لیستی خەرجیاتی هاوكاری لەسەر فەرمانی بەڕێز سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان" دەست سڤیل كەوتوون، كە پارەیەكی زۆر دراوەتە كەسانێك بەبێ ئەوەی ڕوونكرابێتەوە، ئەو كەسە كێیە؟ بۆچی هاوكاری دەكرێت؟ هاوكارییەكان لە 400 هەزارەوە تا 13 ملیۆنیشی تێدایە.
ئەوەی جێگەی سەرنجە، هیچ سەرۆك پەرلەمانێك ژمێریاری تایبەت بەخۆی نییە، بەڵام یوسف محەممەد سەرۆكی ئێستای پەرلەمان، ژمێریارێكی تایبەت بە نووسینگەكەی داناوە بەناوی (ر.ح.ح) و زۆرترین پارە بەخشین لەرێگەی ئەوەوە بووە، بێ ئەوەی جۆری هاوكارییەكە دیاری بكرێ، پارە دراوەتە خەڵك. نموونەی وا هەیە كە یەك كەس هاتووە نزیكەی 13ملیۆن دیناری وەرگرتووە و دەڵێ ئەم هاوكارییە بۆ 12 كەسە، بەبێ ئەوەی ئەو كەسانە ناویان هەبێ، یاخود ناونیشانیان دیاربێ. تەنانەت خەڵك هەیە هاوكاری مانگانە لە نووسینگەی سەرۆكی پەرلەمان وەردەگرێ، كە بڕی هاوكارییەكە زیاتر لەملیۆنێك دینارە.
هەروەها خەڵك هەیە لەدەرەوەی پەرلەمان لە نووسینگەی سەرۆكی پەرلەمان كرێی خانووی بۆ خەرجدەكرێ كە كرێیەكەی ملیۆنێك و 700هەزار دینارە!
تەنانەت ئەندام پەرلەمان هەیە جگەلەوەی مانگانە زیاتر لە 8ملیۆن‌و500هەزار دینار وەردەگرێ، لەلایەن سەرۆكی پەرلەمانەوە بە چەندین جار و هەر جارە بەدوو ملیۆن دینار بە ناوی هاوكاری دراوە پێی!
بۆ نموونە لە لیستێكی خەرجیاتدا، كە لە 4ی حوزەیران واژۆی بەڕێوەبەری كاروباری دارایی پەرلەمانی لەسەرە، بڕی 28ملیۆن‌و670هەزار دینار وەك هاوكاری خەرج كراوە، لە 2ی حوزەیرانی 2014دا، بەهەمان شێوە 3ملیۆن دینار دراوەتە كەسێك بە ناوی (دانا) بەبێ ئەوەی ڕوون كرابێتەوە هاوكارییەكە بۆ چییە؟

هاوكاریی ملیۆنی بۆ گومناو و بێ ناونیشانەكان
هەر لەو لیستەدا  هاوكاری بە بڕی 4ملیۆن‌و250هەزار دینار بۆ پەرلەمانتارێك بەناوی (غەریب مستەفا حەمە) بە ناوی كرێی خانوو خەرج كراوە.
2ملیۆن‌و500هەزار دیناریش بۆ شەش كارمەندی پەرلەمان خەرج كراوە. یەك ملیۆن‌و نیویش بۆ كەسێك بە ناوی (ك.ا.خ) وەك هاوكاری خەرج كراوە.
هەر لە لیستەكەدا بڕی 7ملیۆن دینار بۆ سەنتەری پەرەپێدانی لاوان و دواڕۆژ خەرج كراوە.
لە لیستێكی دیكەدا كە ڕێككەوتی 30ی حوزەیرانی 2014ی لەسەرە، بڕی 16ملیۆن‌و400هەزار دینار بەخشراوەتە چەند كەسێك و یانەیەكی وەرزشی.
بڕی 5 ملیۆن دینار دراوەتە یانەی وەرزشی جیهان. ئەوانیتر هاوكارین بۆ چەند كەسێك و هەیە 400هەزاری پێدراوە وەك (هەلوان ا. س) و هەیە 3 ملیۆن دیناری پێدراوە وەك (بەرزان ا. م). بۆ هیچیان هۆكاری هاوكارییەكە و ناسنامەی كەسەكە ڕوون نەكراوەتەوە.
لیستێكی دیكەی هاوكاری بڕی 33ملیۆن‌و850هەزار دینارە، كە دراوەتە چەند كەسێك. هاوكارییەكان لە 500هەزارەوە دەست پێدەكەن  تاوەكو دەگاتە 6ملیۆن دینار.
لیستێكی دیكەی هاوكاری لەسەر فەرمانی سەرۆكی پەرلەمان، بڕی 9ملیۆن‌و800هەزار دینارە.
لەو لیستەدا یەك ملیۆن دینار كامەران سوبحان لە نووسینگەی سەرۆكی پەرلەمان وەریگرتووە بۆ كەسێك بەناوی (ئومێد كەریمی)، هەروەها بڕی یەك ملیۆن‌و 500هەزار دینار ئومێد حمە عەلی ساڵحی پەرلەمانتاری گۆڕان وەریگرتووە بۆ كەسێك بەناوی بەهائەدین حەسەن.
لیستێكی دیكەی هاوكاری لە 10ی تەمووزی 2014دا ئامادەكراوە، كە بڕی 21ملیۆن‌و‌810هەزار دیناری تێدا تۆمار كراوە، كە تێیدا بڕی 5ملیۆن دینار بۆ (هێمن حوسێن عومەر) ناوێك خەرج كراوە و هیچ زانیارییەكیش لەبارەی هۆكاری پێدانی هاوكارییەكە نییە. هەروەها بڕی 3 ملیۆن دینار بۆ یەكێك بەناوی (عومەر محەمەد) خەرج كراوە و (مونیرە عوسمان)ـی پەرلەمانتاری گۆڕان وەری‌گرتووە، لەوێشدا هۆكاری پارە خەرجكردنەكە ڕوون نەكراوەتەوە.


سەرۆكی پەرلەمان هاوكاری دەداتە ئەندامێكی لیژنەی یاسایی
هەر لەو هاوكارییانەی لەو لیستەدا تۆماركراون، هاوكاریكردنی پەرلەمانتارێكی یەكێتییە بە بڕی 3ملیۆن دینار.
ئەو بڕە پارەیە (دەروون عەبدولكەریم ڕەحیم) سكرتێری سەرۆكی پەرلەمان وەریگرتووە و نووسراوە هاوكاری بۆ (تەلار لەتیف) كه‌ پەرلەمانتاری یەكێتی نیشتیمانی كوردستانە و ئەندامە لە لیژنەی یاسایی.
ئەوە لەكاتێكدایە ئەندامانی پەرلەمانی كوردستان مووچەیان یەكجار بەرزە بە بەراورد لەگەڵ فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستاندا و پێویستیان بە هاوكاری نییە.
هەر لەلیستەكەدا 500هەزار دینار بۆ دەروونی سكرتێری سەرۆكی پەرلەمان و 750هەزار دینار بۆ كامەران سوبحان لە نووسینگەی سەرۆكی پەرلەمان خەرج كراوە.
هەروەها لەلیستەكەدا 850هەزار دینار دراوەتە پەرلەمانتار (غەریب مستەفا حەمە) بۆ كرێی خانوو. كە لە لیستەكەی 4ی حوزەیرانیشدا پارەی چەند مانگێكی كرێی خانووی بۆ خەرج كراوە. ئەو پەرلەمانتارە لە هەموو مانگەكانی دواتردا 850هەزار دیناری پێدراوە وەك هاوكاری بۆ كرێی خانوو.
لە ڕێكەوتی 23ی تەمووزی 2014 لیستێكی دیكە ئامادەكراوە بە بڕی 18ملیۆن‌و600هەزار دینار، كە 17ملیۆن‌و350هەزار دینار وەك هاوكاری دراوەتە پاسەوانانی سەرۆكی پەرلەمان و جێگری سەرۆك پەرلەمان و سكرتێری پەرلەمان.
هەروەها هەر ڕۆژێك دواتر، واتە لە 24ی تەمووز، لیستێكی دیكەی هاوكاری ئامادەكراوە بە 21ملیۆن دینار، تێیدا بە بڕی جیاجیا هاوكاری چەند كەسێك كراوە و زۆربەی ئەوانەی هاوكاریكراون، ناسنامەیان دیار نییە. دوو لەوانەی هاوكاری كراون، پەرلەمانتاری گۆڕان و زولفا مەحموود بۆی وەرگرتوون.
4  لیستی هاوكاری لەمانگی ئابی 2014 دەست گۆڤاری سڤیل كەوتوون، لیستێكیان ڕێككەوتی 12/8ـی لەسەرە و بڕی 16ملیۆن‌و 400هەزار دینارە.
لەو لیستەشدا بڕی 2ملیۆن‌و500هەزار دینار بۆ خەرجیاتی پەسەوانەكانی سەرۆكی پەرلەمان خەرج كراوە.
هەروەها بڕی 3 ملیۆن دینار بۆ سەرۆكی فراكسیۆنی یەكگرتووی ئیسلامی ئەبوبەكر عومەر عەبدوڵڵا (هەڵەدنی) خەرج كراوە و لە بەرامبەریدا نووسراوە هاوكاری ئەندام پەرلەمان.
لیستێكی دیكەی هاوكاری لە ڕێكەوتی 19ی ئابە و بڕی 40ملیۆن دینارە و هاوكاری چەند كەس و شوێنێك كراوە.
رۆژێك دوای ئەوە، واتە لە 20 ئاب، لیستێكی دیكە بە 19 ملیۆن دینار ئامادە كراوە و هاوكاری چەند كەسێك كراوە.
هەروەها لە 28/8/2014 لیستێك بە بڕی 34ملیۆن‌و300هەزار دینار ئامادەكراوە. لەو لیستەدا هاوكاری بۆ 3 ئەفسەری پاسەوانانی سەرۆكی پەرلەمان خەرج كراوە، هەر یەكەیان بە بڕی یەك ملیۆن دینار. هەروەها بڕی 7ملیۆن دینار بۆ پاسەوانەكانی سەرۆكی پەرلەمان و 7ملیۆن‌و200هەزار دینار بۆ پاسەوانانی جێگری سەرۆكی پەرلەمان.
هەروەها بڕی یەك ملیۆن دینار دراوەتە "ئێڤار ئیبراهیم"ی پەرلەمانتاری گۆڕان بەناوی هاوكاریكردنی ماڵە ئاوارەیەك. پەرلەمانتارانی گۆڕان هەمیشە لەلایەن دەنگدەرەكانیانەوە داوایان لێ دەكرێت هاوكاریان بكەن، چونكە لەكاتی بانگەشەكانیاندا زۆر بەڵێنیان بە خەڵك دابوو.

هاوكاری نەبڕاوە بۆ پاسەوانەكانی سەرۆكی سەرۆكی پەرلەمان
لە مانگی ئەیلوولی 2014یش لیستی هاوكاری هەیە. لە یەكی ئەیلولدا لیستێك هەیە بە بڕی 116ملیۆن دینار. جگەلە هاوكاری بۆ بنەماڵەی شەهیدان، هاوكاری چوار كارمەندی نووسینگەی سەرۆكی پەرلەمان كراوە و ملیۆنێک‌و600هەزار دیناریان پێ دراوە. هەروەها بڕی 3ملیۆن دینار دراوەتە سەنتەری داون سترۆم. هەروەها هاوكاری چەند كەسێكی دیكە كراوە.
لە لیستی هاوكاری 15/9/2014دا، بڕی 19ملیۆن دینار كراوەتە هاوكاری، جگەلە هاوكاریكردنی چەند كەسێك بەبێ دیاریكردنی هۆكاری هاوكارییەكە، بڕی 14ملیۆن‌و700هەزار دینار بۆ 21 پاسەوانی سەرۆكی پەرلەمان خەرج كراوە.
لە لیستەكانی 22 و 23ی ئەیلولدا بە بڕی زیاتر لە 16 ملیۆن دینار هاوكاری بەسەر چەند كەسێكدا دابەشكراوە، هۆكاری هاوكاری و ناسنامەی كەسەكان دیار نییە. بڕی 850هەزار دیناریش بۆ پەرلەمانتار غەریب مستەفا حەمە خان ئەندامی پەرلەمان خەرج كراوە بۆ كرێی خانوو.

هاوكارییە ملیۆنییەكان بۆ میوانخانەی سەرۆكی پەرلەمان
لیستی 28/9ی هاوكارییەكان بڕی 27 ملیۆن دینارە، 8 ملیۆن دینار هاوكاری دوو مانگی میوانخانەی سەرۆكی پەرلەمانە. لەكاتێكدا میوانخانەكە هەروەك بەشێك لە ماڵەكەی خۆی حیساب دەكرێت و بزووتنەوەی گۆڕان خۆی دژی پارەدان بە دیوەخانەكان بوو. هاوكاری 3 پاسەوانی سكرتێری پەرلەمان كراوە. زۆربەی لەو لیستەدا ناویان هاتووە، نەناسراون و هۆكارەكەش دیار نییە.
لە مانگی 10ی 2014 لیستی هاوكارییەكان زۆرترن لە مانگی ئەیلول.
لە لیستی 2ی ئەو مانگەدا بڕی 51ملیۆن دینار كراوەتە هاوكاری. 3ملیۆن دینار دراوەتە (محەمەد سادق سەعید) ئەندامی پەرلەمان.
بڕی 2ملیۆن‌و100 هەزار دینار دراوەتە سێ پاسەوانی بەڕێوەبەری گشتی دیوان. 15ملیۆن‌و800هەزار دینار دراوەتە پاسەوانانی سەرۆكی پەرلەمان و جێگری سەرۆك و سكرتێری پەرلەمان.
11ملیۆن‌و600هەزار دیناریش دراوەتە 26 كەس بەبێ ئەوەی ناوی هیچ كام لەو 26 كەسە دیاربێ! نووسراوە بە دەستی ڕێبین سەلام كەریم.
لەناو لیستەكەدا بڕی ملیۆنە دینارێک دراوەتە (ئالتوسە سەنجەر ئیبراهیم) لە بەرامبەریدا نووسراوە هاوكاری بۆ خەرجیات و ئامادەكردنی خوانێك بۆ پەرلەمان!
11ملیۆن‌و900هەزاری دیكەش خەرج كراوە بۆ 14 هاووڵاتی.


ئێڤار ئیبراهیم هاوكاری بۆ خۆی و خەڵكیش وەردەگرێت
لەلیستی 15ی 10دا بڕی 120ملیۆن دینار كراوەتە هاوكاری، جگە لە هاوكاری بۆ هەندێ بنەماڵەی شەهید. لەو لیستەدا هاوكاری پەرلەمانتاری گۆڕان ئێڤار ئیبراهیم بە 2ملیۆن‌و500هەزار دینار كراوە. هەروەها 3ملیۆن دینار دراوەتە میوانخانەی سەرۆكی پەرلەمان. هاوكاری مانگانەی كرێی خانووی غەریب مستەفا حەمەخان، كە هەموو مانگێك بڕی 850هەزار دیناری بۆ خەرج كراوە.

هێمن سابیر و كامەران سوبحان و هاوكاریی زیاتر لە یەك جار
لیستی 19/10 نزیكەی 20ملیۆن دینار لەخۆ دەگرێت. لە لیستی 23/10دا، 8ملیۆن‌و750هەزار دینار كراوەتە هاوكاری. لەو لیستەدا 3ملیۆن دینار كراوەتە هاوكاری. ناوی كامەران محەمەد تاهیری لەسەرە، لەبەرامبەریدا نووسراوە هاوكاری مانگانە بۆ مانگی 10. نازانرێت بۆچی خەرج كراوە. بەڵام لە لیستەكەی 15ی هەمان مانگدا، ئەو ناوە هاوكاری میوانخانەی سەرۆكی پەرلەمانی پێدراوە بۆ مانگی نۆ.
لە 28/10 لیستێكی دیكە خەرج كراوە بەبڕی 17ملیۆن‌و500هەزار دینار، لەو لیستەدا 6ملیۆن دینار بۆ 3 ئەفسەری پاسەوانی سەرۆكی پەرلەمان بەناوەكانی عەدالەت و نەبەز و هونەر خەرج كراوە. دوو ملیۆن دیناریش بۆ هەر یەكە لە كامەران سوبحان و هێمن سابیر خەرج كراوە.

میوانخانەی سەرۆكی پەرلەمان ملیۆنان ڕادەكێشێت
لە یەكێك لە لیستەكاندا بە 4 ملیۆن دینار هاوكاری میوانخانەی سەرۆكی پەرلەمان كراوە.
جگە لە خەرجی میوانخانەكەی سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان كە لەسەر حیسابی پەرلەمانە، بەپێی بەڵگەیەك تەنیا لە مانگی ئاداری 2015 بۆ كڕینی (سێو، پرتەقال و لیمۆ، شكولاتە و كێك و شەربەت......و چەندین جۆری دیكە ناوی كێك و شكولاتە) بۆ سەرۆكی پەرلەمان و لەسەر حیسابی پەرلەمان "ملیۆنێك‌و117هەزار دینار" خەرج كراوە.
لەلیستی 29ی هەمان مانگدا، نزیكەی 19ملیۆنكراوەتە هاوكاری، 15ملیۆن‌و600هەزار دینار كراوەتە هاوكاری پاسەوانانی سەرۆك و جێگری سەرۆك و سكرتێری پەرلەمان. لەلیستی 30/9دا، 8ملیۆن دینار دراوەتە چەند كەسێك.
لە لیستەكانی مانگی 11دا، پارەیەكی زۆر بۆ هاوكاری خەرج كراوە. لیستی یەكەمی ئەو مانگە لە 4/11 ئامادەكراوە و پارەی پێ خەرج كراوە،  كە بڕەكەی 16ملیۆن‌و350هەزار دینارە، كە 13ملیۆن‌و100 بە 12 كەس دراوە، نووسراوە هاوكاری بۆ 12 كەس بەپێی ئەوەلیات. نازانرێت ئەو 12 كەسە كێن و ئەوەلیاتەكەیان چییە؟
هەروەها ڕۆژێك دوای ئەوە، لە 5/11دا لیستێكی دیكە ئامادەكراوە و بڕی 13ملیۆن‌و400هەزار دینار تەرخان كراوە. ڕۆژی 11/11 لیستێكی دیكەی هاوكاری هەیە و بڕی 11 ملیۆن دینارە. 3 ملیۆن دینار دراوەتە یانەی سیروانی نوێ. لە 16/11ش 7ملیۆن‌و300هەزار دینار كراوەتە هاوكاری، لەو پارەیەش 3ملیۆن دینار دراوەتە 3 ئەفسەری پاسەوانی سەرۆكی پەرلەمان.
هەر لە مانگی 11دا، لە 19ی مانگ لیستێكی دیكە ئامادەكراوە كە تێیدا بڕی 14ملیۆن دینار بۆ ژمارەیەك كەس خەرج كراوە.
هەروەها لە 27/11/2014 لیستێكی دیكەی هاوكاری ئامادەكراوە كە بڕی 36ملیۆن‌و880هەزار دیناری پێ خەرج كراوە، كە 22ملیۆن‌و200هەزاری بۆ پاسەوانای سەرۆك و جێگری سەرۆك و سكرتێری پەرلەمان خەرج كراوە، لەو پارەیەشدا 14 ملیۆن‌و 400 هەزار دیناری بۆ پاسەوانانی سەرۆكی پەرلەمانە. هەروەها 4 ملیۆن دیناریش بۆ میوانخانەی سەرۆكی پەرلەمان تەرخانكراوە.
دوایین لیستی ئەو مانگە بڕی 18ملیۆن‌و350هەزار دینارە.
لە مانگی 12، دوایین مانگی ساڵی 2014، ژمارەیەك لیستی هاوكاری ئامادەكراوە. یەكەم لیستی ئەو مانگە لە 2/12 ئامادەكراوە، بڕی 16ملیۆن‌و450هەزار دینارە. 4ملیۆن دینار هاوكاری بۆ میوانخانەی سەرۆكی پەرلەمان و 3ملیۆن دینار بۆ میوانخانەی جێگری سەرۆكی پەرلەمان خەرج كراوە. چەند كەسێك لە لیستەكەدا ملیۆنێك دیناریان وەك هاوكاری دراوە پێی.
لیستی دووەم ڕێكەوتی 4/12ی لەسەرە، یەكەم هاوكاریش بڕی 8ملیۆن دینارە بۆ پاسەوانانی سەرۆكی پەرلەمانە. بڕی تەواوی هاوكارییەكان لەو لیستەدا 18ملیۆن دینارە. بێجگە لە 8ملیۆن دینارەكەی پاسەوانانی سەرۆكی پەرلەمان، بڕی 3ملیۆن دیناریش بۆ 3 ئەفسەری پاسەوانی سەرۆكی پەرلەمان تەرخان كراوە، نەبەز و عەدالەت و هونەر.
لە 8/12 لیستێك بە بڕی 33ملیۆن دینار بۆ هاوكاری هەیە،  لەو لیستەشدا هاوكاری بۆ 13 پاسەوانی سەرۆكی پەرلەمان هەیە، بە بڕی 9 ملیۆن‌و 100 هەزار دینار.
لە 11/12دا لیستێكی دیكەی هاوكاری ئامادەكراوەو بڕی 14 ملیۆن‌و880هەزار دینار كراوەتە هاوكاری. لە 16/12 بڕی 12ملیۆن‌و350هەزار دینار كراوەتە هاوكاری. لە 22/11دا بڕی 19ملیۆن‌و450هەزار دینار هاوكاری دراوەتە چەند كەسێك.

5ملیۆن دینار بۆ تەقەمەنیی مەشقی پاسەوانەكانی سەرۆكی پەرلەمان
دوایین لیستی ئەو مانگە و ئەو ساڵەش، لیستێكە لە ڕێكەوتی 24/12 ئامادەكراوە و بڕی هاوكارییەكەش 39ملیۆن‌و820هەزار دینارە. لەو پارەیە 12ملیۆن‌و600هەزار دینار بۆ پاسەوانانی سەرۆكی پەرلەمان خەرج كراوە. هەروەها 5ملیۆن‌و 400هەزار دینار بۆ كڕینی تەقەمەنی بۆ مەشقپێكردنی پاسەوانەكانی سەرۆكی پەرلەمان خەرج كراوە. هەروەها 2ملیۆن‌و800هەزار دیناری دیكە بۆ 7 پاسەوانی سەرۆكی پەرلەمان خەرج كراوە. هەروەها 10ملیۆن دینار بۆ پاسەوانانی جێگری سەرۆكی پەرلەمان كراوەتە هاوكاری.
لە 10/3/2015 چوار كەس كە خەڵكی كەلارن بە ناوی (س. ابوبكر. ع) و (ه. م. س) و (ن.م.م) و (ه.ر.ح) لەلایەن سەرۆكی پەرلەمانەوە هاوكاری كراون و هەریەكە و بڕی پێنج ملیۆن دیناری بۆ خەرج كراوە، تەنیا لە نووسراوەكەشدا ئەو چوار كەسە داوا لە سەرۆكی پەرلەمان دەكەن هاوكاریان بكات، سەرۆكی پەرلەمانیش یەكسەر بەبێ ئەوەی داوای ڕوونكردنەوە بكات، كە بۆچی ئەو یارمەتییە بدات، پارەكەی خەرج كردووە.
چاودێری دارایی چی دەڵێت؟
چاودێریی دارایی ڕاپۆرتێكی لەبارەی خەرجی پەرلەمان ئامادەكردووە و لەبارەی ئەو هاوكاریانە نووسیویەتی "هەرچەندە فەرمانی سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیران بە ژمارە (1018) لە 11/2/2014 دەرچووە بە ڕاگرتنی سەرجەم پاداشت و هاوكارییەكان، هەر وەكو لە بڕگەی (2)ی نووسراوی سەرەوەدا هاتووە، كەچی كۆی گشتی هاوكارییەكان ئەوەی لەسەر بوودجەی پێداچوونەوەی مانگی كانوونی یەكەمدا بەدیاركەوت بریتییە لە (7706119100) 7ملیارو706ملیۆن‌و119هەزارو100  دینار".
چاودێری دارایی، سەرۆكایەتی پەرلەمان ڕادەسپێرێت كە كار بە فەرمانی ئەنجومەنی وەزیران بكات.

خەرجیی ماڵی سەرۆكی پەرلەمان لەسەر پەرلەمانە!
لەسەر بودجەی پەرلەمان پارە بۆ ماڵەكانی لە هەولێر و سلێمانی خەرج دەكات
ژمێریار (رێباز حەسەن) لە نووسراوێكدا لە ڕێكەوتی 30/9/2014 داوا لە بەڕێوەبەری گشتی دیوانی پەرلەمان دەكات، كە ئەویش سەر بە بزووتنەوەی گۆڕانە، بڕی 21 ملیۆن‌و 65 هەزار دینار خەرج بكات "بەمەبەستی كڕینی كەرەڤانە بۆ شوێنی حەوانەوەی بەڕێز (سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان) لە سلێمانی و دروستكردنی كەتیبەی پەنجەرە بۆ شوێنی حەوانەوەی بەڕێزیان لە هەولێر".
ئاكار محەمەد، بەڕێوەبەری نووسینگەی سەرۆكی پەرلەمان لەسەر نووسراوەكە جەختی لە داواكارییەكە كردۆتەوە.
پارەكە خەرج كراوە و پسوولەیەك تەرخان كراوە بەناونیشانی (پوختەی خەرجیاتی ماڵی بەڕێز سەرۆكی پەرلەمان)، كە تێیدا چۆنیەتی خەرجكردنی پارەكەی تێدا ڕوونكراوەتەوە. بەم شێوەیە:
13ملیۆن‌و361هەزارو440 دینار بۆ كڕینی كەرەڤانەكە و گواستنەوەی.
7ملیۆن‌و704هەزار دینار بۆ دروستكردنی كەتیبەی پەنجەرەی ماڵەكەی لە هەولێر.

شوشتنی ئۆتۆمبێلی سەرۆكی پەرلەمان
بەپێی نووسراوێك لە ڕێكەوتی 30/3/2015 بڕی ملیۆنێک‌و 815هەزارو250 دینار خەرج كراوە بۆ خەرجی بەنزین و شوشتنی ئۆتۆمبێلی سەرۆكی پەرلەمان و دەستەی پاسەوانەكان لە مانگی ئازاری 2015دا بە ئیمزای ڕێباز حەسەنی ژمێریار.
هەر لە 30/3/2015ـدا بڕی یەك ملیۆن‌و179هەزارو750 دینار خەرج كراوە بۆ كڕینی پێداویستییەكانی نووسینگەی سەرۆكی پەرلەمان.
هەروەها لە 25/8/2014دا، بەڕێوەبەری نووسینگەی سەرۆكی پەرلەمان داوای لەسەرۆكی پەرلەمان كردووە بڕی 4ملیۆن دینار مانگانە تەرخان بكات بۆ میوانخانەكەی، ئەویش لە 22ی مانگی ئەیلوول ڕەزامەندی داوە و نووسیویەتی لە مانگی ئابەوە جێبەجێ بكرێت. بۆیە مانگانە 4ملیۆن دینار بۆ میوانخانەی سەرۆكی پەرلەمان خەرج كراوە.

زیاتر لە 5هەزار دۆلار بۆ میوانە تایبەتەكانی!
بەپێی هەندێ نووسراو و پسوولەی خەرجكردن، بڕی 5254 دۆلار، كە دەكاتە 7ملیۆن‌و40 هەزار دینار، بۆ میوانی تایبەتی سەرۆكی پەرلەمان خەرج كراوە، لە تكتی فڕۆكە و هۆتێل. ئەم پارەیە بۆ چوار میوانە كە لە ڕێكەوتی جیاجیا هاتوون.
چاككردنەوەی ئۆتۆمبێلی بەرپرسی نووسینگەی سەرۆك بە پارەی پەرلەمان.
ئەگەرچی بەرپرسی نووسینگەی سەرۆكی پەرلەمان لە ڕێگای سلێمانی و لەدەرەوەی كاتی دەوام و لەكاتی چوونەوەی بۆ ماڵ تووشی ڕووداوی هاتووچۆ دەبێت، بەڵام خەرجی چاككردنەوەی ئۆتۆمبێلەكەی خراوەتە ئەستۆی پەرلەمان.
بۆ خۆی لەنامەكەیدا بۆ سەرۆكی پەرلەمان نووسیویەتی "دوای تەواوبوونی ئەركەكانم". لەنامەكەدا هاتووە "لە 23/10/2014 ڕۆژی پێنجشەممە سەعات (9)ی شەو، لەدوای تەواوبوونی ئەركەكانم، لەنووسینگەی بەڕێزتان گەڕامەوە بۆ شاری سلێمانی و لەرێگای گەڕانەوە لەگوندی كانی وەتمان دووچاری ڕووداوێك بووم بەهۆی ئاژەڵێكی گوندەكە لەتەواوی كاتژمێر 10ی شەو. لەرۆژی 24/10/2014 ئۆتۆمبێلەكەم بەژمارە (54/پەرلەمان) گواستەوە بۆ ناوچەی پیشەسازی سلێمانی".
سەرۆكی پەرلەمانیش بۆ دیوانی ناردووە بۆ كاری پێویست، كامەران سوبحانیش لە نووسینگەی سەرۆكی پەرلەمان، گەواهی بۆ داوە، كە تووشی ڕووداوی هاتووچۆ بووە.
بەپێی نووسراوەكانیش لەوبارەوە، ناوبراو كەشفی هاتوچۆی نەكردووە، ڕێگەشی پێدراوە دوای دەوام ئۆتۆمبێلی فەرمانگە بەكار بێنێت.
بەڕێوەبەری نووسینگەی سەرۆكی پەرلەمان ئۆتۆمبێلەكەی لەسلێمانی چاك دەكاتەوە و بەڕێوەبەری كۆگاش بۆ بەڕێوەبەری گشتی دیوانی دەنووسێت، كە ناوبراو كەلوپەلە كۆنەكانی نەگەڕاندووەتەوە كۆگا و داوایكردووە وردبینی و بەشی خزمەتگوزاری لێ ئاگادار بكرێتەوە. ئەو پارەیەی بۆ چاككردنەوەی ئۆتۆمبێلەكە خەرج كراوە، بڕی چوار ملیۆن‌و 301 هەزار دینار بووە.

پارەیەكی زۆر بۆ چەك و پاسەوانانی سەرۆك
چەندین بەڵگە دەست سڤیل كەوتوون، كە تایبەتە بەخەرجی پاسەوانەكانی سەرۆكی پەرلەمان و سكرتێری پەرلەمان، ئەو خەرجیانە بریتین لەكڕینی چەك و جل و هەندێ جار پاداشت و هاوكاری.
لەرێكەوتی 1/6/2015 ڕائید نەبەز جەلال قادر، ل.د.پ. سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان داواكارییەكی ئاراستەی سەرۆكی پەرلەمان كردووە، بۆ خەرجكردنی بڕی 300هەزار دینار بۆ هەر پاسەوانێك لە دەستەی پاسەوانانی سەرۆكی پەرلەمان، بە مەبەستی دابینكردنی جلوبەرگی (مەدەنی و سەربازی) هاوینە.
لیستەكە كە پارەكەیان بۆ خەرج كراوە، 39 پاسەوانە و لەبەرامبەر ناوەكانیان ئیمزاكراوە و بڕی پارەكەش 11ملیۆن‌و700هەزار دینار بووە.
لە نووسراوێكی دیكەدا كە هەر بە ئیمزای ڕائید نەبەز جەلال قادر، ل.د.پ. سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان لە ڕێكەوتی 8/3/2015 ئاراستەی سەرۆكی پەرلەمانی كردووە و لەوێدا لیستێكی داواكاری چەك و تەقەمەنی نووسیوە كە بۆیان بكڕدرێت، بڕی پارەكەش 23ملیۆن‌و 610هەزار دینارەو سەرۆكی پەرلەمانیش ڕەزامەندی لەسەر داوە.
لە پسولەیەكی دیكەدا، لە ڕێكەوتی 22/7/2014 بڕی 46ملیۆن‌و443. هەزار دینار دینار بۆ كڕینی چەك و تەقەمەنی بۆ دەستەی پاسەوانەكانی سەرۆكی پەرلەمان خەرج كراوە، كە بەو پارەیە 4 دەمانچە و سێ كلاشینكۆف و تەقەمەنی پێ كڕدراوە.
پسوولەیەكی دیكە كە ڕێكەوتی 24/7/2014ی لەسەرە، تایبەتە بەخەرجكردنی 15 ملیۆن‌و شەش هەزار دینار بۆ كڕینی چەك و تەقەمەنی بۆ پاسەوانەكانی سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان، لەپسوولەكەدا جۆری چەك و تەقەمەنی و بڕەكەی نەنووسراوە.
هەر لە ساڵی 2014دا، لە 20/12 بڕی  5ملیۆن‌و400هەزار دینار خەرج كراوە، بۆ كڕینی 60 پاكەتی 50 فیشەكی بۆ پاسەوانەكانی سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان.

پاسەوانەكانی سكرتێریش چەك و تەقەمەنییان بۆ كڕدراوە
فەخرەدین قادر، سكرتێری پەرلەمانی كوردستان لە نووسراوێكدا لە ڕێكەوتی 24/4/2015 داوای لە سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان كردووە، كە ڕەزامەندی بدەن بۆ كڕینی دوو دەمانچە لە جۆری (كلۆك 15 خۆر) بۆ پاسەوانەكانی.

 




دوایین هەواڵەکان

چلەی ماتەمینی تێکۆشەر و خەباتگێڕ دکتۆر جەرجیس حەسەن بەڕێوەچوو

FRIDAY, 26 APRIL 2024 01:04:37

ھەولێر-KDP.info- ڕۆژی پێنجشەممە لە شاری هەولێر بە ئامادەبوونی نوێنەری سەرۆک بارزانی چلەی ماتەمینی تێکۆشەر و خەباتگێڕ (دکتۆر جەرجیس حەسەن) بەڕێوەچوو.

 

فازڵ میرانی: پارتی به‌ سه‌رۆكایه‌تیی سه‌رۆك بارزانی دوو ئه‌ركی له‌ ئه‌ستۆدایه‌

THURSDAY, 25 APRIL 2024 21:04:43

ھەولێر-KDP.info- به‌رپرسی ده‌سته‌ی كارگێڕیی مه‌كته‌بی سیاسیی پارتی ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات، پارتی به‌ سه‌رۆكایه‌تیی سه‌رۆك بارزانی له‌م هه‌لومه‌رجەدا دوو ئه‌ركی له‌ ئه‌ستۆدایه‌، ده‌شڵێت، ده‌بێت ئه‌مڕۆ بپارێزن بۆ ئه‌وه‌ی سه‌رفرازییه‌كانی دوێنێ به‌رده‌وام بن.

 
شێروان دوبەردانی" ھەندێ لایەن لە نەینەوا دەیانەوێ زێدەڕۆیی بکەنە سەر مافەکانی کورد و پارتی"

THURSDAY, 25 APRIL 2024 20:04:44

نەینەوا -KDP.info- پەرلەمانتارێکی پارتی دەڵێت، ھەندێ لایەن لە نەینەوا دەیانەوێ  دەستوەردان لە پۆستە کارگێڕییەکانی نەیەنەوا بکەن و گۆڕانکاری لەو پۆستانە بکەن کە پشکی پارتی و کوردن..دەشڵێت، ئێمە بەرەنگاریان دەبینەوە.

 
مەکتەبی سیاسی پرسەنامەیەک ئاراستەی خانەوادەی (سەید مەحموود تاوەگۆزی) دەکات

THURSDAY, 25 APRIL 2024 19:04:31

ھەولێر-KDP.info- مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان، پرسەنامەیەک ئاراستەی خانەوادەی خوالێخۆشبوو (سەید مەحموود سەید حسێن تاوەگۆزی) دەکات.

 
بەڕێوەبەری کوشتارگەی هەولێر"بڕیاری سەرۆکی حکوومەت کاریگەری لەسەر نرخی گۆشت دەبێت

THURSDAY, 25 APRIL 2024 17:04:26

ھەولێر-KDP.info-  بەڕێوەبەری کوشتارگەی هەولێر دەڵێت، نرخی گۆشت لە بازاڕەکانی هەرێم دادەبەزێت..دەشڵێت، بڕیاری سەرۆکی حکوومەت کاریگەری لەسەر نرخی گۆشت دەبێت.

 


 
© 2023 Kurdistan Democratic Party, KDP

Contact