هه‌ولێر-KDP.info- به‌گوێره‌ی لێدوانێكی یاریده‌ده‌ری ئه‌مینداری گشتیی یه‌كگرتووی ئیسلامی كوردستان، سبه‌ینێ چوارشه‌ممه ژورێكی عەمەلیات لەنێوان هەر پێنج لایەنەكە دروست دەكرێت و، پڕۆژەیەكی هاوبەش رێك دەخرێت، بە جۆرێك كە جێگای رەزامەندیی هەموو لایەك بێت، دواتریش پڕۆژه‌كه ده‌درێته پەرلەمان تا لەڕووی یاساییەوە چوارچێوەیەكی سەركەوتووانەی بۆ دابنێت.
شاندێكی یه‌كگرتووی ئیسلامی كوردستان له‌ئێستادا ده‌ستی كردووه به‌زنجیره‌یه‌ك كۆبوونه‌وه له‌گه‌ڵ لایه‌نه سیاسییه‌كان و، ئه‌مڕۆیش له‌میانی كۆبوونه‌وه‌یان له‌گه‌ڵ پارتیی دیموكراتی كوردستاندا پابه‌ندبوونی خۆیان به سازانی سیاسی و نیشتمانی راگه‌یاند..پێوه‌ست به هه‌ڵمه‌تی ده‌سپێكردنی سازانی سیاسی و نیشتمانی كه به‌گوێره‌ی زانیارییه‌كانی یاریدەدەری ئەمنیداری گشتیی یەكگرتووی ئیسلامیی كوردستان (د.محەممەد ئەحمەد) سبه‌ینێ واده‌ی هه‌ڵمه‌ته‌كه‌یه و ژوورێكی عه‌مه‌لیاتی بۆ رێكده‌خرێ، له‌لێدوانێكیشدا زانیارییه‌كانی وه‌ها راگه‌یاند "وه‌ك یەكگرتووی ئیسلامیی كوردستان له هه‌وڵداین و له‌گه‌ڵ ئه‌و لایه‌نانه‌ی كه له‌گه‌ڵیاندا كۆ بووینه‌ته‌وه، پێشنیازمان كردووه كه، میكانیزمێك دابنێین بۆ ئەوەی سازانێك رێك بخرێت، بڕیارە سبەی چوارشەممەیش ئەو سازانە دەست پێبكات و هەرلایەنێك نوێنەری خۆی بنێرێت بۆ ئەوەی سازانێكی باش بكەین".
یاریدەدەری ئەمینداری گشتیی یەكگرتوو هه‌روه‌ها ده‌یشڵێ، "ژورێكی عەمەلیات لەنێوان هەر پێنج لایەنەكە دروست دەكرێت و، پڕۆژەیەكی هاوبەش رێك دەخرێت، بە جۆرێك كە جێگای رەزامەندیی هەموو لایەكمان بێت، دواتریش بدرێتە پەرلەمان لە ڕووی یاساییەوە چوارچێوەیەكی سەركەوتووانەی بۆ دابنێت".
جەختیشی كردەوە، پێشنیازی ئه‌وان بۆ پێكهێنانی ژووری عەمەلیات بۆ مه‌به‌ستی لێكنزیككردنه‌وه و گه‌یشتنه به سازانی نیشتیمانی، ئاماده‌یشن كه شه‌و و ڕۆژ بخه‌نه سه‌ریه‌ك تا ده‌گه‌نه ئه‌نجامێكی دڵخۆشكه‌ر و هه‌مووان له‌باره‌یه‌وه كۆك بن.
ئه‌م لێدوانه‌ی یاریده‌ده‌ری گشتیی ئه‌مینداری یه‌كگرتوو له‌كاتێكدایه كه ئه‌مڕۆ ئه‌مینداری گشتیی یه‌كگرتوو سه‌ردانی جێگری سه‌رۆكی پارتیی دیموكراتی كوردستانی كرد و له‌كۆبوونه‌وه‌یه‌كدا له‌كۆبوونه‌وه‌كه‌دا لەسەر گەیشتن بە چارەسەرێكی سیاسی لەسەر بنەمای سازان لەبارەی یاسای سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستانەوە كۆكبوون بە شێوەیەك لە بەرژەوەندیی گەل و هەرێمی كوردستاندا بێت.
دوێنێیش دووشەممە، شاندێكی باڵای یەكگرتووی ئیسلامیی كوردستان بە سەرۆكایەتیی (محەممەد فەرەج) ئەمینداری ئەو حیزبە گەیشتە سلێمانی و لەگەڵ هەریەك لە بزووتنەوەی گۆڕان و یەكێتیی نیشتمانیی كوردستاندا كۆ بووەوە. ئەمڕۆیش شاندێكی یەكگرتوو لەسەر هەمان پرس سەردانی پارتیی دیموكراتی كوردستانی كرد.
هەروەها هەر ئەمڕۆ سێشەممە شاندێكی بزووتنەوەی گۆڕان بە سەركردایەتیی (نەوشیروان مستەفا) لەسەر هەمان پرس سەردانی مەكتەبی سیاسیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانی كرد.
وه‌ك جێگری ئه‌مینداری یه‌كگرتوو ده‌ڵێ، ئه‌وان سوورن لەسەر دەستپێشخەرییەكەیان كه كۆكردنه‌وه‌ی پێنج لایه‌نه‌كه‌یه و، هەموو هەوڵشكیشیان بۆ سەرگرتنی كۆبوونەوەی لووتكەی پێنج قۆڵی خستووەتەگەڕ.
دكتۆر (محەممەد ئەحمەد) ئه‌وه‌یشی گوت، لە كۆبوونەوەكاندا یەکگرتوو داوای كردووە بلۆكبەندی لە نێو پەرلەمانی كوردستان نەكرێت و، پەنا نەبردرێتە بەر زۆرینە و تەواوكردنی رێژەی یاسایی بۆ ئەنجامدانی خوێندنەوەی دووەم بۆ پڕۆژەیاسای هەموارکردنەوەی یاسای سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان، چونكه ئه‌و باوه‌ڕی وایه كه ئه‌مه پرۆسه‌یه‌كه پێویستی به سازانی نیشتیمانییه و له كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌مڕۆیشیاندا له شاندی پارتیی دیموكراتی كوردستاندا كه (نێچیرڤان بارزانی) سه‌رۆكایه‌تی ده‌كرد، هه‌ردوو لا جه‌ختیان له پێویستیی سازانی نێوان لایه‌نه‌كان له‌سه‌ر ئه‌و پرسانه‌ی ڕه‌هه‌ندی نشتیمانییان هه‌یه، به پرسی سه‌رۆكایه‌تیی هه‌رێمیشه‌وه.