کەریم قادر
دواجار حكوومه‌تی ئانکارا رازیبوو راسته‌وخۆ به‌شداری شه‌ڕی هاوپه‌یمانان دژ به تیرۆریستانی داعش بكات، هه‌م فڕۆكه‌كانی بۆردوومانی بنكه و باره‌گاكانی داعشیان له‌ناو سووریا كرد، هه‌م بنكه ئاسمانییه‌كانی وڵاته‌كه‌ی بۆ ئه‌مەریكا كرده‌وه.
بێگومان به‌شداریكردنی راسته‌وخۆی توركیا ئاراسته‌ی شه‌ڕه‌كه و هاوسه‌نگیی هێز ده‌گۆڕێ، ره‌نگه له‌گه‌ڵ به‌رزبوونه‌وه‌ی پله‌كانی گه‌رما، به شێوه‌ی شه‌ڕی كه‌نداوییه‌كان دژ به حوتی و گرووپه‌كه‌ی ساڵح، شه‌ڕی توركیایش دژ به تیرۆریستانی داعش و رژێمه‌كه‌ی به‌شار ئه‌سه‌د و كلكه‌كانی گه‌رمتر بێت، كه له ئه‌نجامدا به به‌رژه‌وه‌ندیی هاوپه‌یمانان ده‌شكێته‌وه، داعش و لایه‌نی به‌رامبه‌ر زیانمه‌ندی یه‌كه‌م ده‌بن. چونكه ئیراده و كۆده‌نگییه‌كی نێوده‌وڵه‌تی بۆ سڕینه‌وه‌ی ئه‌م رێكخراوه تیرۆریستییه هه‌یه، كه كاریگه‌ری له ئاشتی جیهانی كردووه.
ماوه‌یه‌كی زۆر توركیا به بیانووی جۆراوجۆر، كه په‌یوه‌ندی به خۆیه‌وه هه‌بوو، خۆی له‌و شه‌ڕه نه‌ده‌دا و تاكلایه‌نه دژی رژێمی به‌شار ئه‌سه‌د كاری كرد. هه‌رچه‌نده سه‌ره‌تا هه‌وڵی میانگیری دا، به‌ڵام كه بینی به‌شار سه‌ر ناهێنێته‌به‌ر، بایدایه‌وه و به شێوه‌یه‌كی دی كه‌وته یارمه‌تیدانی گرووپه به‌رهه‌ڵستكاره‌كانی رژێمی به‌شار ئه‌سه‌د، به حیساب له دژی به‌شار یارمه‌تیی گرووپه میانڕۆكان ده‌دات، به‌ڵام به شێوه‌یه‌ك له شێوه‌كان توركیا بووه باریكه‌ڕێی به سه‌لامه‌ت گه‌یشتنی جیهادییه بیانییه‌كان بۆ ناو داعش، له‌ولایشه‌وه ئێران به ناوی پاراستنی شوێنه پیرۆزه‌كانی شیعه هێزی ره‌وانه‌ی سووریا كرد، به‌مه‌ش به به‌رژه‌وه‌ندیی مانه‌وه‌ی رژێمی به‌شار دۆخه‌كه بۆ گه‌لانی سووریا زۆر خراپتر بوو.
شتێكی پێشبینیكراو بوو، كه پڕیشكی ئه‌م شه‌ڕه ئاودیوی توركیایش ده‌بێت، نه‌خاسمه به‌شێك له سه‌ركرده‌كانی ئۆپۆزیسیۆنی سووریا و نزیكه‌ی دوو ملیۆن ئاواره‌ی سووریایی له‌وێ ده‌ژین. ئه‌وه‌بوو له شاری پرسووس له‌كاتێكی هه‌ستیاردا داعش به توركیای وه‌دا، كه به‌هۆیه‌وه 32 كه‌س شه‌هید بوون و ژماره‌یه‌كی دیكه‌ش بریندار بوون. ئه‌م رووداوه دڵته‌زێنه‌وه و لێكه‌وته‌كانی، ئانکارای ناچار كرد بۆ پاراستنی ئه‌منیه‌تی خۆی رێوشوێنی جیاواز بگرێته‌به‌ر. ئیدی بڕیاری دا راسته‌وخۆ بێته ناو شه‌ڕه‌كه، له‌گه‌ڵیشیدا وه‌ك هه‌نگاوێكی خۆپارێزی هه‌موو خۆپشاندانێكی قه‌ده‌غه كرد و ئۆپه‌راسیۆنی دژه‌تیرۆری له زۆربه‌ی شاره گه‌وره‌كان و شارۆچكه‌كان ده‌ست پێكرد، وه‌ك ئه‌وه‌ی بڵاو كراوه‌ته‌وه له دوو رۆژی رابردوودا 590 گومانلێكراوی ده‌ستگیر كردووه، كه 37ـیان بیانین. به قسه‌ی سه‌رۆكوه‌زیرانیش ئه‌م ئۆپه‌راسیۆنه به‌رده‌وام ده‌بێت.
هه‌رچه‌نده ماوه‌ی دوو ساڵ و نیو ده‌بێت ئاگربه‌ستێكی شلۆق له نێوان توركیا و په‌كه‌كه‌دا هه‌یه، به‌ڵام هه‌میشه له‌ژێر هه‌ڕه‌شه‌ی له‌باربردن بوو. بێگومان له‌وه‌دا هه‌ردوولایان به‌رپرسن، به‌وه‌ی زه‌مینه‌یان خۆش نه‌كرد ئه‌م ئاگربه‌سته به‌رده‌وام بێت. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا به‌گه‌ڕخستنه‌وه‌ی چه‌كه‌كان به هیچ شێوه‌یه‌ك له به‌رژه‌وه‌ندیدا نییه، چونكه له قووڵكردنه‌وه‌ی زیاتری كێشه‌كان هیچی دیكه‌ی لێ وه‌به‌رنایه‌ت. بۆیه پێویسته په‌رله‌مانتارانی كورد له په‌رله‌مانی توركیا هه‌وڵه‌كانی خۆیان بخه‌نه‌گه‌ڕ بۆ دووركه‌وتنه‌وه له شه‌ڕ.
توركیا به ناوی پاراستنی ئه‌منیه‌تی وڵاته‌كه‌ی له یه‌ككاتدا دوو به‌ره‌ی شه‌ڕی كرده‌وه، له لایه‌ك بنكه و باره‌گاكانی داعشی له‌ناو سووریا بۆردوومان كرد، له لایه‌كی دیكه‌وه باره‌گاكانی په‌كه‌كه‌ی له ناوچه شاخاوییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان بۆردوومان كرد، به‌مه‌ش توركیا ده‌یه‌وێ ئه‌م په‌یامه بداته جیهان، كه په‌كه‌كه‌ش هه‌ڕه‌شه‌یه، كه ئه‌مه بۆ پرۆسه‌ی ئاشتی خراپه. ره‌نگه به‌شێكی ئه‌مه به‌ره‌نجامی سیاسه‌تی باڵه توندڕۆكه‌ی په‌كه‌كه بێت، كه له سه‌ره‌تاوه به چاوی گومانه‌وه له پرۆسه‌ی ئاشتی ده‌ڕوانی. لێدوانی ئه‌م دواییه‌ی سه‌ركرده‌كانی ئه‌م حزبه به‌رامبه‌ر په‌ره‌سه‌ندنه‌كانی دۆخه‌كه، له‌لایه‌ك تاكڕه‌ویی ئه‌و باڵه، له لایه‌كی دیكه‌وه دروست نه‌خوێندنه‌وه‌ی ئه‌وان به‌رامبه‌ر رووداوه‌كان و واقیعحاڵه‌كه نیشان ده‌دات. چونكه خۆی كردووه به به‌شێك له ئه‌جێندای خه‌ڵكی دیكه و تا راده‌یه‌ك له‌گه‌ڵ ویسته‌كانی ئیمراڵییش یه‌ك ناگرێته‌وه یا به پێچه‌وانه هه‌ڵسوكه‌وت ده‌كات.
په‌كه‌كه، دوای ئه‌و دوو ساڵ و نیوه‌ی نه شه‌ڕ نه ئاشتی، به‌تایبه‌تی دوای رووداوه‌كانی ساڵی رابردووی ناوچه‌كه، به‌ده‌ر له ناوچه شاخاوییه دووره‌ده‌سته‌كان، توانی بوونی خۆی له هه‌ندێ ناوچه‌ی هه‌رێمی كوردستان جێگیر بكات و پاوانی دۆخی رۆژئاوایش بكات. سه‌ره‌نجام ئه‌م بوونه و ده‌ستێوه‌ردانه‌كانی دۆخی هه‌رێمی كوردستانی به‌ره‌و ئاڵۆزی و لێكترازانی یه‌كڕیزی برد، ته‌نانه‌ت به بیانووی سه‌مه‌ره به ئاشكرا دژایه‌تیی هه‌نگاوه‌كانی هه‌رێمی كوردستان به ئاراسته‌ی خۆ دامه‌زراندن به دی ده‌كرا.
هه‌رچه‌نده شه‌ڕ كاولكاری و شوێنه‌واری خراپی خۆی هه‌یه، لێ كورد هیچ كاتێك نابێ له شه‌ڕ بترسێ، به پێچه‌وانه‌وه له ئه‌نجامی شه‌ڕه‌كانی ناوچه‌كه‌دا قازانج ده‌كات، له‌به‌رئه‌وه‌ی به‌رگری له خاك و خه‌ڵكی خۆی ده‌كات، به مانایه‌كی دیكه شه‌ڕی دیاریكردنی سنووره‌كانی كوردستان ده‌كات، به‌ڵام چۆنیه‌تیی به‌شداریكردن و هه‌ڵبژاردنی به‌ره‌كان له خودی شه‌ڕه‌كه گرینگ‌ترن.
له هه‌فته‌كانی داهاتوودا كاریگه‌ریی ئه‌م به‌شداریكردنه‌ی توركیا له شه‌ڕی هاوپه‌یمانیی نێوده‌وڵه‌تی، دژ به تیرۆریستانی داعش زیاتر ده‌رده‌كه‌وێ، چونكه باریكه‌ڕێی به سه‌لامه‌ت گه‌یشتنی جیهادییه بیانییه‌كان و پێداویستیی شه‌ڕ بۆ ناو سووریا نامێنێ. واته له لایه‌ك داعش ئابڵۆقه ده‌درێ، له‌لایه‌كی دیكه‌وه ئه‌و كارته سیاسییه به ده‌ست به‌شار و هاوپه‌یمانه‌كانی ده‌سووتێ، كه شه‌ڕی داعشیان بۆ به‌رژه‌وه‌ندیی خۆیان به كار ده‌هێنا، له‌گه‌ڵیدا هێزی ئه‌و به‌ره‌یه‌ش به‌ره‌و پوكانه‌وه ده‌چێ، كه دژایه‌تیی هه‌نگاوه‌كانی خۆدامه‌زراندنی كوردستان ده‌كه‌ن.