بهغدا -KDP.info- بڕیاردەری لیژنەی ئاسایشوبەرگری لە پەرلەمانی عێراق ئاشکرای کرد، کورد کاندیدی خۆی بۆ پۆستی سوپاسالاری عێراق دیاری کردووە و، تا چەند ڕۆژی دی دەستبەکار دەبێت.
(شاخەوان عەبدوڵا) بڕیاردەری لیژنەی ئاسایشوبەرگری لە پەرلەمانی عێراق بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "ئەمڕۆ کورد سوپاسالار (ئەنوەر حەمەئەمین)ـی بەربژار کردووە بۆ وەرگرتنی پۆستی سوپاسالاری عێراق و، تا چەند ڕۆژی دی دەستبەکار دەبێت؛ سوپاسالار (بابەکر زێباری)، سوپاسالاری پیشووی عێراق ئێستا خانەنیش بووە."
(شاخەوان عەبدوڵا) گوتیشی: "پێویستە ھەموو ئەو سەرکردە سەربازیانەی تازە دەستنیشان کراون، پەرلەمان متمانەیان پێ بدات، بەڵام تاوەکو ئێستا ھیچیان بۆ نەھاتووە، ڕەنگە بەینێکی دی ھەموویان پێکەوە ڕەوانە بکرێن."
جێی ئاماژهیه، (بابەکر بەدرخان شەوکەت زێباری)، لە ساڵی 2003 ـەوە دوای رووخانی حکوومەتەکەی (سەددام حوسێن)، لەسەر پشکی کورد و لەنێو کوردیش لەسەر پشکی پارتیی دیموکراتی کوردستان بووە بە سەرۆکئەرکانی سوپای عێراق.
بڵند ئیبراھیم