هه‌ولێر-KDP.info- له‌مه‌ودوا له كاتی ونكردنی پاسه‌پۆرت، پێویست ناكات سه‌ردانی به‌غدا بكه‌یت، له‌و شاره‌ی پاسه‌پۆرتەکە ده‌رهێنراوه، ده‌توانی داوا له داگای ئه‌و پارێزگایه بكه‌یت و پاسه‌پۆرته‌كه‌ت نوێ بكه‌یته‌وه.
(نه‌دا مێرگه‌سۆر) ئه‌ندامی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانى عێراق به ماڵپه‌ڕی فه‌رمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی ڕاگه‌یاند: "خوێندنه‌وه‌ی یه‌كه‌م و دووه‌م بۆ پڕۆژه‌یاسای پاسه‌پۆرت كراوه، له پڕۆژه‌یاساكه مادده‌یه‌ك هه‌یه، كه له سوودی هاووڵاتیانی عێراقه به شێوه‌یه‌كی گشتی و هه‌رێمی كوردستان به تایبه‌تی، چونكه پێشتر ئه‌وانه‌ى پاسه‌پۆرته‌كانیان ون ده‌كرد، ده‌بووایه ڕوو له داگای به‌غدا بكه‌ن بۆ ده‌رهێنانه‌وه‌ی پاسه‌پۆرت، به‌ڵام به‌پێی ئه‌و پڕۆژه‌یاسایه و ئه‌و بڕگه‌یه‌ی كه له پڕۆژه‌یاساكەدا جێگیر كراوه، دانیشتووانی هه‌رێم ده‌توانن له‌مه‌ودوا له‌و شوێنه‌ی پاسه‌پۆرته‌كه‌ی لێ ده‌رهێنراوه، داوا له دادگای ئه‌و شاره‌ی هه‌رێمی كوردستان بكات بۆ نوێكردنه‌وه‌ی پاسه‌پۆرته‌كه.
(مێرگه‌سور) گوتیشی: "گه‌شبینم به جێبه‌جێكردنی ئه‌و پڕۆژه‌یاسایه خوێندنه‌وه‌ی یه‌كه‌م و دووه‌مى بۆ كراوه و له داهاتوویه‌كی نزیكدا ده‌نگی له‌سه‌ر ده‌درێت، ئه‌وه‌یش مایه‌ی دڵخۆشیى هاووڵاتیانی هه‌رێمی كوردستانە."
ڕابین شێروانی