شنگال-KDP.info-بەرپرسێكی ئێزدییەكان دەڵێ، پارتیی كرێكارانی كوردستان یاری بە هەست و سۆزی شنگالییەكان دەكات و، دەیانەوێ كوردانی ئێزدی بکەنە بەشبەش، لەوەتەی هاتوونەتە ناوچەكە بۆ مەرامی خۆیان كار دەكەن و، نایانەوێت شنگالیش ئازاد بكرێتەوە.
(مەحما خەلیل) ئەندامی پێشووی ئەنجوومەنی نوێنەران و كەسایەتێكی ئێزدی وای بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستان گوت: "زۆر شەرمە بۆ سەركردەیەكی حزبێكی كوردی یاری بە هەست و سۆزی كوردانی ئێزدییەوە بكات، ئەوانە دوژمنی ئێزدییەكانن، نایانەوێت شنگال و ناوچە داگیرکراوەکان ئازاد بكرێن، دووبەرەكییان خستووەتە ناو كوردانی ئێزدی؛ لەوەتەی ئەوان هاتوونەتە شنگال دەیانەوێ كوردانی ئێزدی بکەنە دوو بەشەوە و بەشبەشی بکەن."
گوتیشی: "حكوومەتی هەرێمی كوردستان خۆی لە كوردانی ئێزدی كردووەتە خاوەن و، لە دوای 2003وە تا ئێستا شەو و ڕۆژیان داوەتە دەم یەكەوە بۆ خزمەتكردنی ئێزدییەكان، ئێستا زیاتر لە 400هەزار ئێزدی ئاوارەی كوردستان بوونە و، هەموویان لە رەوشێكی زۆر باشدانە و لە ناو كەمپەكاندا خزمەتی پێویستیان بۆ دابین كراوە و، هیچ شتێكیان کەم نییە."
(خەلیل) گوتیشی: "ئەوە چەندین جارە پارتیی كرێكارانی كوردستان قسە لەسەر شنگال دەكات و، دەیەوێت شنگال بۆ سەدەیەك پێش بگەڕێنێتەوە و، بیكاتە كانتۆن، بەڵام خەڵكی شنگال هۆشیارن و، لێ ناگەڕێ بۆ بەرژەوەندی خۆیان، دووبەرەکی بخەنە ناو ئێزدییەكانەوە."
ڕابین شێروانی