كۆبانی-KDP.info- جێگری سه‌رۆكی كانتۆنی كۆبانی باسی ئازایه‌تیی پێشمه‌رگه ده‌كات له ئازادكردنه‌وه‌ی كۆبانی و پێی وایه داستانیان تۆمار كردووە و، وایشیان كرد كۆمه‌ڵگای نێوده‌وڵه‌تی به چاوێكی دیكه‌وه سه‌یری یه‌كگرتووییەکەی كوردان بكات.
(ئیدریس نه‌عمان) جێگری سه‌رۆكی كانتۆنی كۆبانی به ماڵپه‌ڕی فه‌رمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی راگه‌یاند: "بارودۆخی كۆبانی زۆر ئارامه و، له ده‌ره‌وه‌ی كۆبانییش شه‌ڕڤانان و پێشمه‌رگه له ڕۆژهه‌ڵاته‌وه گه‌یشتوونه‌ته لای پارێزگای ڕه‌ققه، له باشووریشەوە گه‌یشتوونه‌ته سه‌ر ڕێگای حه‌له‌ب، له ڕۆژئاوایشەوە گه‌یشتوونه‌ته سنووری دیاریكراوی خۆیان؛ له هه‌رچوار لایشه‌وه پێشمه‌رگه و شه‌ڕڤانان گه‌یشتوونه‌ته خاڵە سه‌ربازییەکەی خۆیان و، راوه‌دوونان و له‌ناوبردنی داعش‌یش به‌رده‌وامە؛ له چه‌ندین شوێنی كۆبانێدا هه‌زاران كوژراویان هه‌یه؛ خۆی به هاوكاریی پێشمه‌رگه توانراوه خاڵی ستراتیژی ناوچه‌كه بخرێته ژێر ده‌ستی هێزه كوردە‌كانه‌وه."
جێگری سه‌رۆكی كانتۆنی كۆبانێ گوتیشی: "هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان قاره‌مانەتییه‌كی گه‌وه‌ری تۆمار كرد و ڕۆڵێكی گرنگ و دیرۆكیی گێڕاوه به‌رخودانی كوردانی به‌هێزتر كرد و، وایشی كرد كۆمه‌ڵگای نێوده‌وڵه‌تی به چاوێكی دیكه‌وه سه‌یری یه‌كگرتووییەکەی كوردان بكات؛ كاتێك پێشمه‌رگه هاته ته‌ل‌حه‌میس و شه‌ڕڤانانیش چوون بۆ هاوكاری پێشمه‌رگه له مه‌خموور ئه‌و كاته یه‌كیەتیی كوردان بووه ئامانجی هه‌رچوار پارچه‌ی كوردستان؛ ئه‌گه‌ر پێشمه‌رگه نه‌بایه ئه‌و دۆخه‌ی ئێستا نه‌ده‌بوو، چونكه پێشمه‌رگه به چه‌كی قورس هاوكارییەکی باشی شه‌ڕڤانەکانیان كرد؛ ئەوەندەیشی نەماوە دەڤەری كۆبانێ بە تەواوەتی پاک بکرێتەوە."