هەولێر-KDP.info- لە گفتوگۆی لیژنه‌ی كاروباری ده‌ره‌وه‌ی سێناتی ئەمەریکادا کە بۆ باسكردنی په‌ره‌سه‌ندنه‌كانی شه‌ڕی دژ به داعش، ساز درابوو، سێناتۆر (باربارا بۆكسه‌ر)، نیگه‌رانیی خۆی له‌باره‌ی یارمه‌تییه‌كانی سوپای ئه‌مه‌ریكا بۆ پێشمه‌رگه ده‌ربڕی و بە ژه‌نه‌ڕاڵ (جۆن ئالن) نوێنه‌ری (سه‌رۆك ئۆباما) بۆ شه‌ڕی هاوپه‌یمانانی دژ به تیرۆریستانی داعشی گوت، "پێشمەرگە سه‌ربازی سه‌ر زه‌وین و ده‌بێ چی‌یان پێویسته بۆیان دابین بكه‌ین."
چوارشه‌ممه‌ی رابرد 25/2/2014، ژه‌نه‌ڕاڵ (جۆن ئالن) نوێنه‌ری (سه‌رۆك ئۆباما) بۆ شه‌ڕی هاوپه‌یمانانی دژ به تیرۆریستانی داعش، ئاماده‌ی گفتوگۆی لیژنه‌ی كاروباری ده‌ره‌وه‌ی سێنات بوو بۆ باسكردنی په‌ره‌سه‌ندنه‌كانی شه‌ڕی دژ به داعش. له‌و گفتوگۆیه‌دا سێناتۆر (باربارا بۆكسه‌ر)، نیگه‌رانیی خۆی له‌باره‌ی یارمه‌تییه‌كانی سوپای ئه‌مه‌ریكا بۆ پێشمه‌رگه ده‌ربڕی و ئاماژه‌ی به دیدارێكی (مه‌سروور بارزانی) راوێژكاری ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی هەرێمی کوردستان له‌گه‌ڵ ته‌له‌ڤزیۆنی "بلوو‌مبێرگی ئه‌مه‌ریكایی"ـدا، كه نیگه‌رانیی خۆی له‌باره‌ی پابه‌ندیی ئه‌مه‌ریكا به كورد ده‌ربڕیبوو و، تێیدا گوتبووی "ته‌نها هێزه‌كانی ئێمه له‌سه‌ر زه‌وی قورسایی ئه‌م شه‌ڕه‌یان له ئه‌ستۆدایه. ئێمه به گومانین، له‌وه‌ی له‌وانه‌یه بڕیارێكی سیاسی هه‌بێت، كه چ جۆره پێداویستییه‌كی سه‌ربازی به كورد بدرێ. ئێمه له‌بری هه‌موو جیهان شه‌ڕی ئه‌م رێكخراوه تیرۆریستییه ده‌كه‌ین. ئێمه ژیانی خۆمان خستووەته شه‌ڕ، هه‌موو ئه‌وه‌ی ئێمه داوای ده‌كه‌ین دابینكردنی پێداویستیی ته‌واوه بۆ پاراستنی ژیانی ئه‌م پێشمه‌رگانه."
سێناتۆر (باربارا) داوی له نوێنه‌ری (سه‌رۆك ئۆباما) بۆ شه‌ڕی هاوپه‌یمانانی دژ به تیرۆریستانی داعش كرد و گوتی: "من پێویستم به‌وه‌یه ئێوه وه‌ڵامی ئه‌و پرسیارانه بده‌نه‌وه، ئایا ئه‌مه رێسایه؟ ئێوه چۆن بیر له‌مه ده‌كه‌نه‌وه؟ ئایا به جیددی كۆمێنتان له‌سه‌ر ئه‌مه هه‌یه؟ ئایا ئه‌مه مایه‌ی نیگه‌رانی ئێوه نییه؟"
له وه‌ڵامی ئه‌م پرسیارانه‌دا، (جۆن ئالن) گوتی: "من زۆر به دیققه‌ت گوێم له‌وه بووه، كه كورد چ ده‌ڵێن و باس چ ده‌كه‌ن، ئه‌وان له به‌ره‌ی جه‌نگدا لێهاتوویی و قاره‌مانێتیی خۆیان نیشان داوه و به‌دیار خستووه، كه شایه‌نی رێز و پێزانینی ئێمه‌ن. ئێمه زۆر به دیققه‌ت و زۆر له نزیكه‌وه كار له‌گه‌ڵ كورد ده‌كه‌ین. گریمانی پرسیاره‌كه‌ت، راسته پشتیوانیی ئه‌مه‌ریكا بۆ كورد توانای داوه‌ته كورد، له‌وه‌ش واوه‌تر پشتیوانیی هاوپه‌یمانیی ئه‌م دواییه بۆ كورد ئه‌و توانایه‌ی پێداون، كه كاری زیاتر بكه‌ن له‌وه‌ی توانیویانه جێبه‌جێی بكه‌ن و ئه‌نجامی بده‌ن، به‌تایبه‌تی رزگاركردنی به‌نداوی مووسڵ و چوارڕێیانی كه‌سكێ و هێرشی سه‌ركه‌وتووی گوێڕ. زۆر له‌و كارانه‌ی كردوویانه به‌هۆی پشتیوانیی نزیكی هێزه‌كانی هاوپه‌یمانان بووه. هاوكات له زۆر جه‌وله‌ی جودادا، ئێمه زۆر به جیددی له‌گه‌ڵ ئه‌ندامانی هێزی هاوپه‌یمانان كارمان كردووه تا وه‌ڵامی داواكاریی كورد بۆ پێداویستیی سه‌ربازی بده‌نه‌وه و پێداویستییش چووه. هه‌روه‌ها له‌و 1.6 بلیۆن دۆلاره‌ی ته‌رخان كراوه بۆ راهێنان و به‌رنامه‌ی پێداویستی بۆ 12 لیوای عێراق، سێ لیوای پێشمه‌رگه‌ش هه‌مان چه‌كی پێشكه‌وتوو وه‌رده‌گرن."
جارێكی دیكه سێناتۆر (باربارا بۆكسه‌ر) قسە دەکات و دەڵێت: "پرسیاره‌كه‌ی من له‌باره‌ی ئه‌وەوە نییه كه ئه‌وان چه‌نده باشن، ئێمه له‌سه‌ر ئه‌وه كۆكین. ئه‌وان ده‌ڵین، ئێمه هه‌ست ناكه‌ین پێداویستیی ته‌واومان هه‌بێت. منیش ده‌ڵێم، ئێوه هه‌موو شتێك به گه‌شبینییه‌وه باس ده‌كه‌ن، به‌ڵام ئه‌وان سكاڵایان له‌سه‌ر ئه‌وه هه‌یه. من وه‌ك سێناتۆرێك ناتوانم بۆ هه‌موو یه‌كێكی دیكه قسه بكه‌م، ئه‌وان سه‌ربازی سه‌ر زه‌وین و ده‌بێ چیان پێویسته بۆیان دابین بكه‌ین. من ئه‌وه‌ش ده‌زانم له لایه‌ن لایه‌نی دیاریكراوه‌وه گوشار هه‌یه، به‌ڵام ئه‌وان سه‌ربازی سه‌ر زه‌وین و ده‌بێ ئه‌وه‌ی پێویستیانه بۆیان دابین بكه‌ین و بیانده‌ینێ."