Kurdî  ■  كوردی  ■  عربي
FRI, 19 APR 2024 07:35 Erbil, GMT +3
پارتی دیموکراتی کوردستان
ئازادی . دیموکراسی . دادپەروەری
 

لە کۆبوونەوەی سەرۆک بارزانی لەگەڵ پێنج لایەنە سیاسییەکەی هەرێم جەخت لە حەوت خاڵی ستراتیژی کرایەوە..پشتیوانی لە حکوومەت دەکەن
| KDP.info


هەولێر-KDP.info-دوای ئەوەی (سەرۆک بارزانی) لەگەڵ پێنج  لایەنە سەرەکییەکەی هەرێم کۆ بۆوە؛ لە راگەیاندراوێکدا کۆبوونەوەکە جەختی لە حەوتخاڵی ستراتیژی کردەوە و تێکڕای لایەنە سیاسییەکان پشتیوانیان بۆ حکوومەتی هەرێم دووپات کردەوە.

دەقی ڕاگەیێندراوی كۆبوونەوەی لایەنە سیاسییە كوردستانییەكان
جەماوەری كۆڵنەدەری كوردستان

پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ پێنجشەممە 26ـی 2ـی 2015 بە سەرپەرشتیی جەنابی سەرۆكی هەرێمی كوردستان و ئامادەبوونی سەرۆكی حكوومەت و جێگرەكەی، كۆبوونەوەی باڵای حزبە كوردستانییەكان لە سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان ساز درا.
دوای ئەوەی جەنابی سەرۆكی هەرێم باسی بەشداریكردنی لە كۆنفڕانسی ئاساییشی میونیخی ئەڵمانیا كرد و گرنگیی بڕیارە پەسەندكراوەكانی كۆنفڕانسەكەی لە دژی داعش و چاوپێكەوتنەكانی لە پەراوێزی كۆبوونەوەكاندا لەگەڵ گەورەبەرپرسانی وڵاتاندا ڕوونكردەوە، جەختیشی لەوە كرد كە، ئەزموونی سیاسیی هەرێمی كوردستان و خۆڕاگریی و سەركەوتنەكانی هێزی پێشمەرگەی كوردستان لە شنگال هەتا خانەقین و تا دەگاتە سەركەوتنە  بەردەواكانی كۆبانێ، بۆتە مایەی كاریگەریی زیاتری پێگەی كورد لەناو وڵاتان و لەسەر ڕای گشتیی ڕۆژئاوایش، و هەموو ئەم سەركەوتن و گۆڕانكاریی و لە ئەنجامی قارەمانێتیی پێشمەرگە و شەهیدانی سوورخەڵاتی كوردستانە، كۆبوونەوەكە لەسەر دۆخی عێراق و كوردستان و حكوومەتی هەرێم و تەنگژەی دارایی هەڵوەستەی كرد.
بۆ ئەوەی ئامادەبووان وردتر و بە ئامار لە كێشەكان ئاگادار بن، وەزیری سامانە سروشتییەكان بە داتاشۆ ڕاپۆرتێكی تێروتەسەلی لەبارەی ڕێككەوتنی نێوان حكوومەتی هەرێم و حكوومەتی بەغدا و وردەكارییەكانی هەناردەكردنی نەوت پێشكەش كرد.
لەسەر كۆی ڕووداوەكان و تەنگژەكان و سیاسەتی هەرێم و ئەركی حزبە كوردستانییەكان لەم باروۆخە هەستیار و چارەنووسسازەدا، كۆبوونەوەكە ئەم بڕیارانەی خوارەوەی پەسەند كرد:
یەكەم: بە پێزانینی بێڕادە، كۆبوونەوەكە گیانی قارەمانێتیی پێشمەرگەی لە بەرەكاندا بەرز نرخاند و خۆڕاگریی و قارەمانێتیانی بە مایەی شانازی كورد و كوردستان و دیموكراتخوازان لە ناوچەكە و لە جیهانیشدا زانی. هەروەها كۆبوونەوەكە كێلی نەمری شەهیدانی كوردستانی گوڵبارانی وەفا كرد و سەرجەم سەركەوتنەكانیش بە خوێنی گەشی ئەوان مۆری مێژوویی لێ دراوە. هەر بەم گیانی خۆڕاگرییەی پێشمەرگە و  قوربانیی شەهیدان و پشتیوانیی بێ دریخی گەلەكەمان، لە سەرانسەری كوردستان و تاراوگەدا دوا سەركەوتن بە دەست دێت و دەستەبەری بەدیهێنانی باقی ئامانجەكانی گەلەكەمانیش دەكرێت.
دووەم: جەخت لەسەر یەكڕیزیی هێزە سیاسییەكانی كوردستان  لە عێراق و ناوچەكە و كوردستاندا كرایەوە هەتا لەم هاوكێشە سیاسی و سەربازییەی كوردستان و ناوچەكە، پێكەوە سەركەوتنە سیاسی و ئیداری و سەربازییەكان بەرەو سەركەوتنی یەكجارەكی بەرین.
سێیەم: بۆ ئەوەی یەكڕیزیی سیاسیی هێزە سیاسییەكانی كوردستان زیاتر لە ئێستا بگەیێندرێتە قۆناغی باڵای متمانەی سیاسی، كۆبوونەوەكە ڕایسپارد كە وا بە زووترین كات بە پێی شاییستەیی هەڵبژاردن، لایەنە بەشدارەكانی حكوومەتی بنكەفراوانی كابینەی هەشتەم (گۆڕان و یەكگرتوو و كۆمەڵ) پشكی خۆیان لە حكوومەتی ناوەند و هەرێم و پارێزگاكانیش بۆ دابین بكرێ.
چوارەم: گەلی كوردستان و حكوومەتی هەرێم بە مافی بێ ئەملا و ئەولای خۆی دەزانێ بە پێی ماددەی 112 و 115ـی دەستووری عێراق، سیاسەتی هەڵگۆزین و هەناردەكردنی نەوت لەناو پڕۆسەی یاسایی و ڕێسایی خۆیدا بە پابەندبوونی هەردوولا بە یاسای بودجەی عێراقی فیدڕاڵ بۆ ساڵی 2015، بۆ دەستەبەری ئابووریی هەرێم، پەیڕەو بكات، هەر ئەوەیش كێشەی بنەڕەتیی بودجە و مووچەی خەڵكی كوردستان چارە دەكات. ڕێككەوتنە مۆركراوەكانیش لەگەڵ حكوومەتی بەغدا لە لایەن حكوومەتی هەرێم بڕگە بە بڕگە جێبەجێ دەكرێ، هەر وەكو پێویستیشە لە لایەن حكوومەتی بەغدایشەوە جێبەجێ بكرێ. گیروگرفتی تەكنیكیش تێكرا قابیلی دیالۆگ و چارەسەركردنن. لەم پێناوەدا بەرنامەی سیاسی و زانستیی پەسەند كرا، هەتا كۆسپ و تەگەرەكانی بەردەم ڕێككەوتنەكان بە دڵنیاییەوە وەلاببردرێن.
پێنجەم:  كۆبوونەوە داوای لە پارلەمانی عێراق و حكوومەتی عێراق و هاوپەیمانیی شیعە و لایەنەكانی سووننە دەكات لە هیچ بارودۆخێكدا كێشەی سیاسی و گرفتی تەكنیكی نەكرێنە كۆسپ لەبەردەم مووچەی خەڵكی كوردستان و هەروەها پشتیوانیكردنی پێشمەرگە و دابینكردنی مووچەیان هەر وەكو سوپای عێراق و باقی هێزە چەكدارەكانی عێراق.
شەشەم: سەرۆكایەتیی هەرێم و حكوومەت و پارلەمانی كوردستان بەرنامەیەكی فراوانتری دیپلۆماسی و نێونەتەوەییان هەبێ بۆ دەستەبەركردنی پشتیوانیی زیاتری سیاسیی وڵاتان و ناوەندە جیهانییەكان هەروەها بۆ دابینكردنی پشتیوانی هێزی پێشمەرگە لەڕووی چەكی قورس و لۆجستییەوە.
حەفتەم: كۆبوونەوەكە پشتیوانیی خۆی بۆ حكوومەتی هەرێمی كوردستان دووپاتكردەوە و ئومێدەواریشە حكوومەتیش بەردەوام بێ لە هەوڵ و كۆشیشەكانی بۆ چارەكردنی كێشەی بودجە و مووچە.
لە كۆتاییشدا كۆبوونەوەكە سوپاسی زۆری تەواوی ئەو وڵاتە ئیقلیمی و هاوپەیمانییە جیهانییە كرد كە لەم جەنگەدا دژی تاریكپەرستانی داعشە سەلەفییەكان زوو هاتنە دەست و دەستبەجێیش بە هانای كوردستان و عێراقەوە هاتن.
كۆبوونەوەكە ئومێدەواریشە پێكەوە و بە زووترین كات بە پێی نەخشەیەكی تۆكمە و توانایەكی زیاتر سەركەوتنی ستراتیژی بەسەر داعشەكاندا بەدی بهێنن. ئەم سەركەوتنانەیش ببنە مایەی ئەوەی تەواوی كێشە سیاسی و ئابووری و كۆمەڵایەتییەكانی عێراق و كوردستان و ناوچەكە بە جێبەجێكردنی مادەی 140ـیشەوە چارەسەری ڕیشەیی بكرێت.
ئیتر بۆ پێشەوە بەرەو سەركەوتنی یەكجارەكی
هەزاران سڵاو لە ڕۆحی پاكتان ئەی شەهیدە نەمرەكان
پارتی دیموكراتی كوردستان
یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان
بزووتنەوەی گۆڕان
یەكگرتووی ئیسلامی
كۆمەڵی ئیسلامی
26ـی 2ـی 2015
 




دوایین هەواڵەکان

شاخەوان عه‌بدوڵڵا بۆ KDP: دەرکردنی ئەو ماڵە کوردانەی خانەقین ڕاگیرا

THURSDAY, 18 APRIL 2024 23:04:20

ھەولێر-KDP.info- جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق گوتی، دەرکردنی ئه‌و ماڵە کوردانه‌ی لە خانووی شارەوانی بوون کە بڕیاری لێدرابوو راگیرا.

 
ڕێگای نێودەوڵەتی ھامڵتۆن نوژەن دەکرێتەوە

THURSDAY, 18 APRIL 2024 20:04:17

سۆران _KDP.info_بەڕێوەبەری چاککردنەوە و پاراستنی ڕێگاوبانی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران گوتی: بە بڕیاری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ڕێگای نێودەوڵەتی ھامڵتۆن لە نێوان ھەرێمی کوردستان و کۆماری ئیسلامی ئێران نوژەن دەکرێتەوە.‌

 
پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارتی پێشوازیی لە شاندێکی کۆمەڵەی دۆستایەتی کورد و ئەڵمان کرد

THURSDAY, 18 APRIL 2024 17:04:30

ھەولێر-KDP.info- شاندێکی  کۆمەڵەی دۆستایەتی  کورد و ئەڵمان سەردانی مەکتەبی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارتی دیموکراتی کوردستانیان کرد و هۆشیار سیوەیلی، بەرپرسی مەکتەب و ژمارەیەک لە ستافی دێسک و یۆنیتەکانی مەکتەب  پێشوازیان لێ کردن.

ھەوراز عەبدولقادر: بەگوێرەی پڕۆژەیەک ١٠٠ ھەزار بۆ مووچەی ئەم توێژە زیاد دەبێت

THURSDAY, 18 APRIL 2024 17:04:31

ھەولێر  _KDP.info_ بەرپرسێکی وەزارەتی کاروباری کۆمەڵایەتی ئاشکرایکرد، بەگوێرەی پڕۆژەیەک ١٠٠ ھەزار دینار بۆ مووچەی کەمئەندامان زیاد دەکرێت، گوتیشی: لە ھەرێمی کوردستان ٧٤ ھەزار کەمئەندام و خاوەن پێداویستی تایبەت مووچەی مانگانەیان بۆ خەرج دەکرێت.

 
سەرۆک بارزانی پێشوازی لە سەرۆکی کارگێری هەڵبژاردن و ئەندامێکی ئەنجوومەنی کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق دەکات

THURSDAY, 18 APRIL 2024 17:04:21

ھەولێر-KDP.info-  ڕۆژێ پێنجشەممە 18ی نیسانی 2024 لە سەلاحەددین سەرۆک مەسعود بارزانی پێشوازی لە دادوەر عەباس فەرحان حەسەن سەرۆکی کارگێری هەڵبژاردن لە کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق و دادوەر عامر موسا محەمەد ئەندامی ئەنجوومەنی کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق کرد.

 


 
© 2023 Kurdistan Democratic Party, KDP

Contact