هه‌ولێر-KDP.info- ئه‌ندامێكی فراكسیۆنی زه‌رد له په‌رله‌مانی كوردستان ده‌ڵێت، ناوچه‌ی شنگال زه‌ره‌ر و زیانێكی زۆر گه‌وره‌ی پێ گه‌یشتووە و، داواكاری و خواستی خه‌ڵكی شنگال گه‌لێك زۆره و، كردنه‌وه‌ی نووسینگه‌ی په‌رله‌مان سوودی زۆری ده‌بێت.
(فرسەت سۆفی)، ئه‌ندامی په‌رله‌مانی كوردستان له فراكسیۆنی زه‌رد، به ماڵپه‌ڕی فه‌رمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی ڕاگه‌یاند: ئێمه وه‌كو فراكسیۆنی زه‌رد داوای كردنه‌وه‌ی نووسینگه‌ی په‌رله‌مانمان كردووه له شارۆچکەی شنگال، چونكه شنگال شارۆچکەیەکی هه‌ره گه‌وره‌ی هه‌رێمی كوردستانە؛ ته‌نیا له‌ناو شنگال سه‌روی سەدوپەنجاهەزار كه‌س ده‌ژین؛ له شارەدێی 'سنوون'ـدا سەدوچل هەزار كه‌س ده‌ژین، جگه له ناوچه‌كانی تریش. ناوچه‌ی شنگال لەو ماوەیەدا زه‌ره‌ر و زیانێكی زۆر گه‌وره‌ی پێ گه‌یشت، بۆیه داواكاری و خواستی خه‌ڵكی شنگال گه‌لێك زۆره بۆ جێبه‌جێكردن، دوای ئازادبوونی شنگال، كردنه‌وه‌ی نووسینگه‌ی په‌رله‌مان لەوێ سوودی زۆری ده‌بێت؛ یه‌كه‌م، ئێمه چۆن نووسینگه‌ی په‌رله‌مانمان له كه‌ركووكدا كرده‌وه، ئاوا له شنگالیشدا ده‌یكه‌ینه‌وه، كه ناوچه‌یه‌كی دابڕاوە و، به كردنه‌وه‌ی ئه‌و نووسینگه‌یه‌ی په‌رله‌مان جه‌خت له كوردستانیبوونی ناوچه‌كه ده‌كه‌ینه‌وه و، ده‌ری‌ده‌خه‌ین په‌رله‌مانی كوردستان گرینگی به شنگال ده‌دات؛ دووه‌م، له ڕێگه‌ی ئه‌م نووسینگه‌وه، خواست و داواكاریی خه‌ڵكی شنگال زۆر خێراتر ده‌گاته ده‌ست په‌رله‌مان و، فه‌رمانگه‌كانی تری هه‌رێمی كوردستان؛ سێیه‌م، كردنه‌وه‌ی ئه‌م نووسینگه‌یه وه‌كو ڕه‌مزێكه بۆ ئه‌و ناوچه‌یه و، بە كردنه‌وه‌ی ئه‌م نووسینگه‌یه‌ی په‌رله‌مان بۆ گه‌ڕاندنه‌وه‌ی ئه‌م ناوچانه بۆ باوه‌شی هه‌ریمی كوردستان، گرنگییه‌كی زۆری ده‌بێ و ده‌ری‌ده‌خات كه شنگال كوردستانییه و، بە کردەوە ماده‌ی 140 زیاتر جێبەجێ دەبێت."
له ڕێکەوتی 14/1/2015ـدا، فراكسیۆنی پارتیی دیموكراتی كوردستان له پەرله‌مانی كوردستان، یاداشتێكی به ژماره 21 پێشكه‌ش به سه‌رۆكایه‌تیی په‌رله‌مانی كوردستان كرد بۆ كردنه‌وه‌ی نووسینگه‌ی په‌رله‌مانی كوردستان له شاروچكه‌ی شنگالدا.
سه‌رباز واحید