Kurdî  ■  كوردی  ■  عربي
FRI, 19 APR 2024 21:34 Erbil, GMT +3
پارتی دیموکراتی کوردستان
ئازادی . دیموکراسی . دادپەروەری
 

بارزانی رۆحی بەرخودانی وەبەر دڵی ملیۆنان كورددا کرد.. هەرێم، ناوچەیەكی دژەفڕینە
| KDP.info


پێشوازیی کوردانی باکوور لە پێشمەرگە کە بەرەو کۆبانیی ڕۆژئاوای کوردستان دەچن.

هەولێر-KDP.info-  بەرپرسی مەكتەبی سیاسیی پارتیێكی رۆژئاوای كوردستان رایدەگەیەنێت، چوونی پێشمەرگە بۆ كۆبانی، بە بڕیاری (سەرۆك بارزانی)، پێگەی كوردی لە رۆژهەڵاتی ناوین بەهێزتر كرد. هاوكات پسپۆڕێكی زانستە سیاسییەكان دەڵێت، كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، هەرێمی كوردستانی بە هێڵ و ناوچەی دژەفڕین داناوە، رێ بە ئێران، توركیا و وڵاتانی عەرەبی نادرێت ئەم هێڵە ببەزێنن.


دوای ئەوەی فەرماندەی گشتیی هێزەكانی پێشمەرگە (سەرۆك بارزانی)، بڕیاری دا پێشمەرگە بۆ بەرگری لە رۆژئاوای كوردستان بچێتە كۆبانی، پەرلەمانی كوردستان لە 22-10-2014ـدا بە كۆی گشتیی ئەندامانی، متمانەی بە بڕیارەكە دا. دوێنێ پێشمەرگە گەییشە باكووری كوردستان، ژمارەی ئەو هێزەیش 150 پێشمەرگەیە و بە "هێزی ئاگر" ناسراوە كە لە هێزی پشتیوانیی یەك و دوو پێك هاتوون و بە چەكی قورسەوە بەڕێوەن. جەماوەری كۆبانی و پارتییە سیاسییەكانی رۆژئاوای كوردستان، بە گەشبینییەوە لەم هێزە دەڕوانن و بۆچوونیان وایە پێشمەرگە دەتوانێ داعش تێك بشكێنێت.
سكرتێری مەكتەبی سیاسیی پارتیی دیموكراتی كوردستان-سووریا (محەممەد ئیسماعیل)، بۆ KDP.info رایدەگەیەنێت، "بڕیاری (سەرۆك بارزانی) لە چوونی هێزی پێشمەرگە بۆ كۆبانی، بڕیارێكی مێژووییە و ورە و پێگەی كوردی لە رۆژهەڵاتی ناوین بەرزتر كردووەتەوە، ئێمە لە هەر چوارپارچەی كوردستان، پڕ بە دڵ سوپاسی (سەرۆك بارزانی) دەكەین و وەك رێبەری نەتەوەیی لە (بارزانی) دەڕوانین".

كۆبانی كە زیاتر لە 350 هەزار كەس لێی دەژین و 400 گوندی لەسەرە و 150 كم لە حەلەبەوە دوورە، هەروەها 30 كم لە رۆژئاوای ڕووباری فوراتە. بەپێی ئامارە نافەرمییەكانیش، بە هۆی گرژی و قەیرانەکانەوە، 200 هەزار كورد، لە رۆژئاوای كوردستان ئاوارە بوون، بەڵام بە چوونی پێشمەرگە بۆ كۆبانی و گورزوەشاندنی ئەو هێزە، ئاوارەكانی كۆبانی دەگەڕێنەوە زێدی خۆیان.

چاودێرێكی سیاسیی رۆژئاوا كە نەویست ناوی بهێنرێت، بۆ KDP.info دەڵێت، چوونی پێشمەرگە كاریگەری دەبێت لە گەڕانەوەی ئاوارەكانی كۆبانی، چونكە ئەم هێزە هێڵێكی پشتیوانی بەهێزە بۆ سەنگەرەكان و، لە رووی مەعنەوەییەوە وا دەكات پارتییە سیاسییەكان، كارەكانی بەهێزكردنی پێگەی كورد، دەست پێ بكەن. هەروەك لە لێدوانێكی پێشووتری سەرۆكی پارتیی دیموكراتی كوردستان-سووریا (سعوود مەلا) كە بۆ KDP.info، ئاماژەی داوە، هەفتەی داهاتوو مەرجەعی سیاسی بۆ جێبەجێكردنی خاڵەكانی دی رێككەوتنامەی دهۆكی نێوان هەردوو ئەنجوومەنی نیشتمانی و رۆژئاوای پارتییە سیاسییەكانی كورد، لە سووریا پێك دەهێنرێت. هاوكات (محەممەد ئیسماعیل) دەڵێت، بە هەڵوێست و پێداگریی (سەرۆك بارزانی)، مافەكانی ئێمەی كورد لە رۆژئاوای كوردستان گەرەنتی دەكرێن، كە وای كرد ماڵی رۆژئاوا یەك بخرێتەوە، هەڵبەت چوونی پێشمەرگە بۆ كۆبانی، بڕیارێكی مرۆڤایەتیش بوو كە لە دڵەوە رۆژئاوای كوردستان، پێشوازیی لێ دەكات و دەبێتە هۆی نەهێشتنی ترس و هەڕەشە لەسەر خەڵكی كۆبانی. 
(محەممەد ئیسماعیل)، زێتر دەڵێت، لەگەڵ بڕیاری چوونی پێشمەرگە بۆ كۆبانی، مەعنەویاتی كوردانی رۆژئاوای كوردستان، بەرامبەر تیرۆریستان، بەرز بووەتەوە، "ئەم بڕیارەی (سەرۆك)، دڵ و هزری كوردی لە هەر چوارپارچەی كوردستان هەژاند، لە رۆژهەڵاتی ناویندا رۆحیەتی بەرگریی بەبەر سەرجەم تاكی كورددا کردەوە. ئەگەر داعش وا لە 100 تیرۆریست بكات تیرۆر و خۆكوژی ئەنجام بدەن، سەرۆكی نەتەوەیی ئێمە (سەرۆك بارزانی)، دڵی ملیۆنان كوردی هەر چوارپارچەی كوردستانی جووڵاند و، رۆحی بەرخودانی وەبەرهێنان، بەم ورەیەیشەوە تیرۆریستان لە نێو دەبەین و تێك دەشكێنرێن".


هەرێم، بۆ ئێران، توركیا و وڵاتانی عەرەب ناوچەیەكی دژەفڕینە
چاودێرانی سیاسی رایدەگەیەنن، هەرێمی كوردستان بووەتە ناوەندی بڕیار بۆ هەرچوار پارچەی كوردستان و، لەلایەن كۆمەڵگەی نێودەوڵەتییەوە، دۆزی كورد لە هەرێمی كوردستانەوە شیكردنەوەی بۆ دەكرێت. مامۆستای زانكۆ و پسپۆڕ لە زانستی سیاسی (عەبدولحەكیم خەسرۆ)، بۆ KDP.info دەڵێت، هەرێمی كوردستان، بووەتە ناوەندێك بۆ پاراستنی سەقامگیریی كورد و سەنگەری ململانێی دۆزی كورد، لەگەڵ دەوڵەتەكانی رۆژهەڵاتی ناویندا، بەپێی ئەو رۆڵەی هەرێم لە پڕۆسەی ئاشتیی توركیادا گێڕای، لەگەڵ رێككەوتنی هێزە سیاسییەكانی رۆژئاوای كوردستان (رێككەوتننامەی دهۆك) و سیاسەتی هەرێم لەگەڵ پارتییەكانی رۆهەڵاتی كوردستان، هەرێم بووەتە ناوەندێك بۆ دۆزی كوردی و، كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لە رووی سەقامگیریی دۆزی كوردی لە رۆژهەڵاتی ناویندا حیساب بۆ بەهێزیی سەنگی هەرێمی كوردستان دەكات.

بەپێی هەندێ لێكۆڵینەوە، هەرێمی كوردستان، لەلایەن كۆمەڵگەی نێودەڵەتییەوە وەك ناوچەیەكی دژەفڕین دانراوە، هەر دەوڵەتێك بیەوێ هەڕەشە و گوشار بخاتە سەر هەرێم لێی قبووڵ ناكرێت، ئەمەیش بە باوەڕی مامۆستای زانكۆ (عەبدولحەكیم خەسرۆ)، ئاماژەیەكی روونە و گوتەكانی (ئۆباما) لە پەرلەمانی ئەڵمانیا، لێدوانی سەرۆكوەزیرانی بەریتانیا و فەڕەنسامان، بیر دێنێتەوە كە باسیان لە پاراستنی هەرێمی كوردستان كردووە و بە ئاشكرا گوتوویانە هەولێر دەپارێزین، ئەو ڕوونی دەکاتەوە، "لە دوای بڕیاری 688ـی ئەنجوومەنی ئاساییشی نێودەوڵەتی 1991، (هەرێمی كوردستان كرایە ناوچەیەكی دژەفڕین، بۆ دەوڵەتی عێراق) دوای ئەم بڕیارە لە چوارچێوەی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی حسێبی تایبەت بۆ كورد كرا كە، كورد نابێ لەلایەن دەوڵەتی هەرێمایەتی و رۆژهەڵاتی ناوینەوە هەڕەشەی لێ بكرێت.  كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی هەرێمی كوردستانی بە هێڵێك و ناوچەیەكی دژەفڕین داناوە و بە هیچ شێوەیەك رێگە نادرێ لەلایەن ئێران، توركیا و عەرەبەوە دەستی بۆ درێژ بكرێت، چونكە هەرێم، تەنیا گوزارشت لە فیدڕاڵییەت نییە، بەڵكوو لە چوارچێوەی بایەخی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی گەرەنتی و سەقامگیرییەكە بۆ سایكلۆژییەتی هەموو كورد لە رۆژهەڵاتی ناویندا. ئەگەر هەڕەشەی داعش و مەترسییەكانی بۆ سەر هەولێر زێتر بوونایە، هەموو رۆژهەڵاتی ناوین دەكەوتە جەنگەوە، كوردانی رۆژهەڵاتی كوردستان لە ئێران و كوردانی باكووری كوردستان لە توركیا، بێدەنگ نەدەبوون، چونكە ئێستا هەرێم، ناوەندێكی سەقامگیری، شوناسی كورد و نەتەوایەتیی هەر چوارپارچەی كوردستانە".

لەلایەن رژێمی پێشووی عێراق، سەردەمی (سەددام حوسێن)، نەتەوەی كورد، جینۆساید و ئەنفال كرا، بەڵام كورد بۆ بەجینۆسایدناساندنی، تەواوی جیهانی ئاگادار كردەوە و ئەمەیش بووە خاڵێكی بەهێز كە كۆمەڵگەی كوردی گەرەنتی بە كورد بدات. بە بۆچوونی (عەبدولحەكیم خەسرۆ)، دداننانی پەرلەمانی بەریتانیا، سوید، ئەڵمانیا و زۆرێك وڵاتانی دی، كە كورد جینۆساید كراوە، وای كردووە دیپلۆماسییەتی هەرێم لە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدا پشتگیریی زێتری لێ بكرێت"، ئاماژەیشی دا، "كۆمەڵگای نێودەوڵەتی قبووڵی نییە جارێكی دی كارەساتی وا بەسەر كورددا بهێنرێتەوە، كۆمەڵگای نێودەوڵەتی لەگەڵ ئەوەی بەرگری لە كورد دەكات وەك پێكهاتەیەك لە رۆژهەڵاتی ناوین، هەڵبەت دووپاتیان كردووەتەوە، كورد لە رۆژهەڵاتی ناوین، بە تەنیا نییە كە تورك، فارس و عەرەب، هەڕەشەی لێ بكەن. ئەمەریكا، ئەورووپا، بەریتانیا و زۆرێك وڵاتانی جیهان دۆستی كوردن و بەرگری لە هەرێم دەكەن".


دوو خاڵی ستراتیژیی كورد
زۆرێك لە چاودێرانی سیاسی دەڵێن، دوو خاڵ هەن بوونەتە رۆژەڤ و بنچینەی سیاسەتی كورد و سازشیان لێ ناكات و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتییش لەسەر ئەم دوو خاڵە پشتیوانی لە هەرێمی كوردستان دەكەن، ئەمانیش: یەكەم، سەربەخۆیی ئابووری، دووەمیش، بەهێزكردنی توانای سەربازییە. (عەبدولحەكیم خەسرۆ) کە پسپۆڕی زانستە سیاسییەكانە،  ئەم دوو خاڵە شیی دەكاتەوە و دەڵێت، " بۆ خاڵی سەربەخۆیی ئابووری هەرێم، ئەگەر بێت و كورد لەگەڵ بەغدایش رێك بكەوێت، سازش لەسەر ئەم خاڵە ناكات و سەربەخۆیی ئابووری لە ستراتیژییەتی كورددایە، ئەمەریكا و ئەورووپایش لەمە تێگەییشتوون و پشتیوانی لەو ستراتیژییەتە دەكەن. كورد تێگەییشت كە ناكرێت بۆ داهات پشت بە بەغدا ببەستێت، چونكە لە سەردەمی (مالیكی)ـدا بینرا كە، چۆن بودجەی هەرێم راگیرا و تەنانەت ئێستایش لە سەردەمی سەرۆكوەزیرانی عێراق (حەیدەر عەبادی)، ئەو بودجەیە كە مافی رەوای گەلی كوردە، لە چوارچێوەی 17%ـی پشكی هەرێم، بۆی نەگەڕێندراوەتەوە".
لەبارەی خاڵی دووەمەوە كە توانای سەربازییە، (عەبدولحەكیم خەسرۆ) دەڵێت، "توانای سەربازی و بەرگریی هەرێم، لە چوارچێوەی هێزی پێشمەرگەدا شەرعییەتی خۆی وەرگرتووە و ئەگەر رێككەوتنیش لەگەڵ بەغدا بكرێت، ئەوا پێشمەرگە، لە چوارچێوەی هەرێمدا دەمێنێتەوە، چونكە ئەمەریكا، لە رۆژهەڵاتی ناویندا باوەڕی بە پێشمەرگە هەیە و شەرعیەتی نێودەوڵەتیی پێ داوە".


پاشخان
فەرماندەی گشتیی هێزی پێشمەرگە (سەرۆك بارزانی) بەپێی بڕگەی (یازدەیەم)ـی ماددەی (دەیەم) لە یاسای سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان ژمارە (1) ساڵی (2005)ـی هەمواركراو، دەستەڵاتی جووڵاندنی هێزی پێشمەرگەی بۆ دەرەوەی ئیدارەی هەرێم هەیە و بەپێی ئەو دەستەڵاتەی پێی دراوە بۆ جووڵاندنی هێزی پێشمەرگە بۆ دەرەوەی هەرێمی كوردستان بە ڕەزامەندیی پەرلەمانی كوردستان و بە مەبەستی پاراستنی ئاساییشی نیشتیمانی لە مەترسییەكانی تیرۆر بە تایبەت كردەكانی ڕێكخراوی تیرۆریستیی داعش و بەوپێیەی عێراق و هەرێمی كوردستان بەشێكن لە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بۆ بەرەنگاری تیرۆر، وەك بەشێك لە پێداویستییەكانی بڕیاری پەرلەمانی كوردستان ژمارە (24) لە 15-10-2014 ئەم بڕیارە دەرچووێندرا.
150 پێشمەرگە، بە سەرپەرشتیی لیوا (عەبدولقادر مەجید دۆسكی) بەرەو كۆبانێ‌، رۆییشتوون.
بڕیاری 688 ـی ئەنجوومەنی ئاساییشی نێودەوڵەتی 5-4-1991، تایبەت بوو بە دانانی ناوچەیەكی دژەفڕین بۆ هەرێمی كوردستان، تا هەرێم، لە مەترسی و هەڕەشەی دەوڵەتی عێراقی سەردەمی (سەددام حوسێن) پارێزراو بێت.
رێككەوتنامەی دهۆك، واژۆكردنی رێككەوتنی هەردوو ئەنجوومەنی نیشتمانی و ئەنجوومەنی رۆژئاوا بوو، كە بە سەرۆكایەتیی (سەرۆك بارزانی) ماڵی كورد لە رۆژئاوای كوردستان یەك خرایەوە.

شاو کوردی

 




دوایین هەواڵەکان

وەزیری بازرگانی ھەنگاوەکانی وەرگرتنی گەنمی ئەمساڵ بۆ KDP ئاشکرا دەکات

FRIDAY, 19 APRIL 2024 21:04:30

ھەولێر-KDP.info- وەزیری بازرگانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، تاوەکو ئێستا بڕی وەرگرتنی گەنمی ھەرێمی کوردستان لەلایەن بەغدا دیاری نەکراوە، بڕیاریشە حکوومەتی ھەرێم و بەغدا بە ھەماھەنگی بڕەکە دیاری بکەن، بۆ ئەو مەبەستەش خۆمان ئامادەکردووە.

 
شاخەوان عه‌بدوڵڵا بۆ KDP: دەرکردنی ئەو ماڵە کوردانەی خانەقین ڕاگیرا

THURSDAY, 18 APRIL 2024 23:04:20

ھەولێر-KDP.info- جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق گوتی، دەرکردنی ئه‌و ماڵە کوردانه‌ی لە خانووی شارەوانی بوون کە بڕیاری لێدرابوو راگیرا.

 
ڕێگای نێودەوڵەتی ھامڵتۆن نوژەن دەکرێتەوە

THURSDAY, 18 APRIL 2024 20:04:17

سۆران _KDP.info_بەڕێوەبەری چاککردنەوە و پاراستنی ڕێگاوبانی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران گوتی: بە بڕیاری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ڕێگای نێودەوڵەتی ھامڵتۆن لە نێوان ھەرێمی کوردستان و کۆماری ئیسلامی ئێران نوژەن دەکرێتەوە.‌

 
پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارتی پێشوازیی لە شاندێکی کۆمەڵەی دۆستایەتی کورد و ئەڵمان کرد

THURSDAY, 18 APRIL 2024 17:04:30

ھەولێر-KDP.info- شاندێکی  کۆمەڵەی دۆستایەتی  کورد و ئەڵمان سەردانی مەکتەبی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارتی دیموکراتی کوردستانیان کرد و هۆشیار سیوەیلی، بەرپرسی مەکتەب و ژمارەیەک لە ستافی دێسک و یۆنیتەکانی مەکتەب  پێشوازیان لێ کردن.

ھەوراز عەبدولقادر: بەگوێرەی پڕۆژەیەک ١٠٠ ھەزار بۆ مووچەی ئەم توێژە زیاد دەبێت

THURSDAY, 18 APRIL 2024 17:04:31

ھەولێر  _KDP.info_ بەرپرسێکی وەزارەتی کاروباری کۆمەڵایەتی ئاشکرایکرد، بەگوێرەی پڕۆژەیەک ١٠٠ ھەزار دینار بۆ مووچەی کەمئەندامان زیاد دەکرێت، گوتیشی: لە ھەرێمی کوردستان ٧٤ ھەزار کەمئەندام و خاوەن پێداویستی تایبەت مووچەی مانگانەیان بۆ خەرج دەکرێت.

 


 
© 2023 Kurdistan Democratic Party, KDP

Contact