Kurdî  ■  كوردی  ■  عربي
FRI, 26 APR 2024 00:41 Erbil, GMT +3
پارتی دیموکراتی کوردستان
ئازادی . دیموکراسی . دادپەروەری
 

هەڵگورد حیكمەت: نووسینگەیەکی هاوبەش پێشمەرگە و شەڕڤانان ئاراستە دەکات.. بڕیار نییە سوپای ئازاد بڕواتە كۆبانی
| KDP.info


کاروانی ئۆتۆمێلە سەربازییەکانی پێشمەرگە، کە بەرەو کۆبانی دەچن. دوێنێ


هەولێر-KDP.info   بەڕێوەبەری گشتیی ڕاگەیاندن و هۆشیاریی وەزارەتی پێشمەرگە، دەڵێت، وەها بڕیار نییە سوپای ئازاد بڕواتە كۆبانی و، دەربارەی ئەو پرسە هیچ ڕێككەوتنێك لە ئارادا نییە، بەڵام بۆ ڕێكخستنی كاروبارەكان، لە کۆبانی نووسینگەیەك دروست كراوە، کە ئەفسەرێكی وەزارەتی پێشمەرگە، هەڤاڵێكی ڕۆژئاوا و نوێنەرێكی توركیایشی تێدا دەبێ. جەختیش دەکاتەوە، چوونی هێزەكانی پێشمەرگە بۆ رۆژئاوای كوردستان، هەستی نەتەوەیی لە هەر چوار پارچەی كوردستاندا تۆخ و چالاک كردەوە.

مێدیاکانی عەرەب و تورکیا، هاوکات لەگەڵ چوونی هێزێکی پێشمەرگە بۆ کۆبانیی ڕۆژئاوای کوردستان، باس لە چوونی 50 تا 200 چەکداری یەکەکانی سوپای ئازادی سووریا دەکەن، کە ئەوانیش هاوشانی شەڕڤان و پێشمەرگە، لە جەنگی کۆبانی و وەدەرنانی داعشدا بەشدار دەبن. بەوپێیە سێ هێز کە ئەزموونی شەڕکردنیان لەپاڵ یەکدیدا نییە تا بەرەوڕووی دوژمن و داگیرکارێکی سەرسەختی وەک ڕێکخراوی دەوڵەتی ئیسلامی(داعش) ببنەوە، کە زیاتر لە چل ڕۆژە ئەو شارەی گەمارۆ داوە، ئەوا پێویست بە ژوورێکی هاوبەش دەکات تا لە ڕێیەوە پلانی جەنگ دابڕێژن.
عەمید (هەڵگورد حیكمەت)، لەبارەی ئەو هەماهەنگییەی هێزی پێشمەرگە و هێزی پاراستنی گەل و سوپای ئازاد لە شەڕی كۆبانیدا، بۆ KDP.info گوتی، "بڕیار نییە سوپای ئازاد بڕواتە كۆبانی، چونكە هیچ ڕێككەوتنێك نییە، بەڵام بۆ ڕێكخستنی كاروبارەكان لەوێ نووسینگەیەك دروست كراوە، نووسینگەكە ئەفسەرێكی وەزارەتی پێشمەرگە، هەڤاڵێكی ڕۆژئاوا و نوێنەرێكی توركیایشی لێیە، بۆ ئەوەی بتوانن ڕێكخەری پەیوەندییەكانی هەموو لایەنەكان بن و سەرجەم ئەو هێزەیش سەر بە وەزارەتی پێشمەرگەیە، كە هێزەكە لە پشتەوەی هێزەكانی ڕۆژئاوا لە شەڕدا دەبن".
گوتیشی، "هیچ ئاستەنگێك لە بەردەم چوونی پێشمەرگەدا نەبووە، بەڵام پێشوازیی فراوانی خەڵك بۆ ئەو هێزە، هۆكار بووە بۆ ئەوەی ئەو كاروانانە تۆزێك دوا بكەون، كە بە دواكەوتنی هێزی پێشمەرگە بۆ كۆبانی، ئەو نووسینگەیە زۆر گرینگە بۆ ئەوەی سەرپەرشتیی جۆری پەیوەندی لەگەڵ توركیا و وەزارەتی پێشمەرگە و لایەنی هاوپەیمان بكات، كە سەرجەمیان ئەم نووسینگەیە ڕێكیان دەخات، ئەگەر ئەمە نەبێت، گرفت دروست دەبێت و هەماهەنگی نامێنێت، بەڵام هەبوونی، كارئاسانی دەكات و بۆ ئەوەی لایەنەكان ئاگایان لە یەكتری هەبێت، تا ئاگاداری جۆری جووڵاندنی هێز بن و لایەنە پەیوەندارەكانی دیكەیش كە لە نووسینگەكە هەن، لە شێوازی ئەو جووڵەیە زیاتر بزانن".
پەرلەمانی کوردستان، لە 22/102014 ناردنی هێزی پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان بۆ بەرگری لە کۆبانی، بە کۆی دەنگی پەرلەمانتارانی پەسند کرد، کە لەسەر داوای سەرۆکی هەرێمی کوردستان و بەپێی بڕگەی (یازدەیەم)-ی ماددەی (دەیەم) لە یاسای سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان ژمارە(1) ساڵی (2005) هەموارکراو، بەپێی ئەو دەستەڵاتەی پێی دراوە بۆ جووڵاندنی هێزی پێشمەرگە بۆ دەرەوەی هەرێمی کوردستان بە ڕەزامەندی پەرلەمانی کوردستان و بە مەبەستی پاراستنی ئاساییشی نیشتیمانی لە مەترسییەکانی تیرۆر بە تایبەت کردەکانی ڕێکخراوی تیرۆریستیی داعش و بەوپێیەی عێراق و هەرێمی کوردستان بەشێکن لە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بۆ بەرەنگاری تیرۆر، وەک بەشێک لە پێداویستییەکانی بڕیاری پەرلەمانی کوردستان ژمارە (24) لە 15-10-2014 ئەم بڕیارە دەرچووێنرا.
وەک کاردانەوەیەک بە دوای ئەم بڕیارەدا، دوێنێ سێشەممە، فەرماندەیی فەرماندەیی هێزی ناوەندیی ئەمەریکا، لە کۆبوونەوەیان لەگەڵ (سەرۆک بارزانی) و ژمارەیەک بەرپرسی حکوومی و وەزارەتی پێشمەرگەدا، رایگەیاند، وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا، سوپاس و پێزانینی خۆی لە بڕیاری (سەرۆک بارزانی) و هەرێمی کوردستان ڕادەگەیەنێ. هەر دوێنێ، سەرۆکوەزیرانی تورکیا(ئەحمەد داوودئۆغڵو) گوتی، تەنیا پێشمەرگە ئەو هێزەیە کە بتوانێ کۆبانی ڕزگار بکات.
عەمید (هەڵگورد)-یش بە ناوی وەزارەتەوە دەڵێ، "چوونی پێشمەرگە بۆ رۆژئاوا، دەستكەوتێكی زۆر گرینگە، لە ڕۆژانی داهاتوودا بۆچوونی جیاواز لەو بارەیەوە لەسەر ئاستی هەرێمی و نێودەوڵەتیدا دروست دەبێت، چونكە تێپەڕینی هێزی سەربازی لە وڵاتێكەوە بۆ وڵاتێكی دیكە، هەروا ئاسان نییە و شتێكی ڕۆتینی نییە، بە تایبەت كە ئێمە هەرێمێكین لە چوارچێوەی عێراقی فیدراڵدا، بەڵام ئەمە دیپلۆماسییەتی كورد و سیاسەتی سەرۆكی هەرێم زۆر بە ڕوونی نیشان دەدات".
بەڕێوەبەری گشتیی ڕاگەیاندنی وەزارەتی پێشمەرگە ئاماژەیشی دا كە، "بۆ پێشمەرگەی كوردستان زۆر باشە سنوورێكی نێودەوڵەتی بۆ پشگیریی بەشێكی كوردستان ببڕێت و لە میدیا جیهانییەكاندا باسی پێشمەرگە دەكەن كە چووە بۆ كۆبانی و جۆری پێشوازیی ئەو ناوچانە لە باكووری كوردستان و سنوورەكانی كوردستان، ئەمە هەڵوێستی نەتەوەیی لە هەر چوار پارچەدا تۆخ و چالاک كردووەتەوە، لە رووی سەربازییشەوە پێشمەرگە جگە لەوەی سەركەوتنی گەورەی بە دەست هێناوە، لە هەمان كاتدا بووەتە مانشێتی ڕۆژنامەكان و هیچ ڕێگرییەكیشی نییە، نە نێودەوڵەتی و نە لەسەر ئاستی هەرێمایەتی".

كارزان هەورامی
 




دوایین هەواڵەکان

فازڵ میرانی: پارتی به‌ سه‌رۆكایه‌تیی سه‌رۆك بارزانی دوو ئه‌ركی له‌ ئه‌ستۆدایه‌

THURSDAY, 25 APRIL 2024 21:04:43

ھەولێر-KDP.info- به‌رپرسی ده‌سته‌ی كارگێڕیی مه‌كته‌بی سیاسیی پارتی ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات، پارتی به‌ سه‌رۆكایه‌تیی سه‌رۆك بارزانی له‌م هه‌لومه‌رجەدا دوو ئه‌ركی له‌ ئه‌ستۆدایه‌، ده‌شڵێت، ده‌بێت ئه‌مڕۆ بپارێزن بۆ ئه‌وه‌ی سه‌رفرازییه‌كانی دوێنێ به‌رده‌وام بن.

 
شێروان دوبەردانی" ھەندێ لایەن لە نەینەوا دەیانەوێ زێدەڕۆیی بکەنە سەر مافەکانی کورد و پارتی"

THURSDAY, 25 APRIL 2024 20:04:44

نەینەوا -KDP.info- پەرلەمانتارێکی پارتی دەڵێت، ھەندێ لایەن لە نەینەوا دەیانەوێ  دەستوەردان لە پۆستە کارگێڕییەکانی نەیەنەوا بکەن و گۆڕانکاری لەو پۆستانە بکەن کە پشکی پارتی و کوردن..دەشڵێت، ئێمە بەرەنگاریان دەبینەوە.

 
مەکتەبی سیاسی پرسەنامەیەک ئاراستەی خانەوادەی (سەید مەحموود تاوەگۆزی) دەکات

THURSDAY, 25 APRIL 2024 19:04:31

ھەولێر-KDP.info- مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان، پرسەنامەیەک ئاراستەی خانەوادەی خوالێخۆشبوو (سەید مەحموود سەید حسێن تاوەگۆزی) دەکات.

 
بەڕێوەبەری کوشتارگەی هەولێر"بڕیاری سەرۆکی حکوومەت کاریگەری لەسەر نرخی گۆشت دەبێت

THURSDAY, 25 APRIL 2024 17:04:26

ھەولێر-KDP.info-  بەڕێوەبەری کوشتارگەی هەولێر دەڵێت، نرخی گۆشت لە بازاڕەکانی هەرێم دادەبەزێت..دەشڵێت، بڕیاری سەرۆکی حکوومەت کاریگەری لەسەر نرخی گۆشت دەبێت.

 
"بابەتی لادانی سفرەکانی سەر دیناری عێراق کاتی زۆری پێویستە"

THURSDAY, 25 APRIL 2024 17:04:37

بەغدا -KDP.info-  ئەندامێکی لیژنەی ئابووری لە پەرلەمانی عێراق دەڵێت، لادانی سفرەکانی سەر دراوی عێراقی ھەنگاوێکی باشە و کاریگەری زۆر دەبێت لەسەر دراوی عێراقی، بەڵام بابەتێکی ئاسانیش نییە.

 


 
© 2023 Kurdistan Democratic Party, KDP

Contact