Kurdî  ■  كوردی  ■  عربي
FRI, 26 APR 2024 10:33 Erbil, GMT +3
پارتی دیموکراتی کوردستان
ئازادی . دیموکراسی . دادپەروەری
 

ڕێککەوتنی دهۆک، بەرەنجامی ستراتیژی نەتەوەییانەی سەرۆك بارزانییە
| KDP.info


هەولێر-KDP.info- چاودێرانی سیاسی ئاماژە بە ڕۆڵی (سەرۆك بارزانی) لە كۆكردنەوەی هێزەكانی ڕۆژئاوای كوردستان دەدەن و، ئەوەیش دەخەنە ڕوو كە سەرۆكی هەرێم لە بواری سیاسیدا لە رۆژئاوا سەركەوتنی بە دەست هێناوە و لە بواری سەربازییشەوە كوردانی ڕۆژئاوا چاوەڕوانییان لێی هەیە. ئەوان کۆکن لەوەی کە، ڕێککەوتنی دهۆک بەرهەمی ستراتیژییەتی نەتەوەییانەی (سەرۆك بارزانی)ـیە.

دوای ئەوەی سەرۆكی هەرێمی كوردستان سەرجەم لایەنەكانی ڕۆژئاوای كوردستانی كۆ كردەوە و لەسەر چەند خاڵێك ڕێك كەوتن، دوێنێیش 22\10\2014 پەرلەمانی كوردستان (سەرۆك بارزانی)ـیان سەرپشك كرد بۆ نادرنی هێز بۆ كۆبانی، لایەنەكانی ڕۆژئاوا و چاودێرانی سیاسییش پێیان وایە، (سەرۆك بارزانی) جیا لەوەی لە ڕووی سیاسییەوە سەركەوتنی بۆ كۆكردنەوەی لایەنەكانی ڕۆژئاوا بە دەست هێناوە، لە هەمان كاتدا لە بواری سەربازییش ڕۆژئاوا چاوی لە سەرۆكی هەرێمە.

نوێنەری سەرۆكی هەرێمی كوردستان بۆ كاروباری ڕۆژئاوای كوردستان (حەمید دەربەندی)، لە لێدوانێكدا بۆ KDP.info گوتی، "سەرۆكی هەرێمی كوردستان زیاتر لە 3 ساڵە لە هەوڵی ئەوەدایە كە هەموو لایەنەكانی ڕۆژئاوای كوردستان لە ژێر یەك چەتردا كۆ بكاتەوە، بە بڕوای ئێمەیش نابێت ئەمە بچووك بكرێتەوە بۆ هەوڵ، ئەمە هەوڵ نییە، بەڵكە ستراتیژییەتی نەتەوەییانەی جەنابی (سەرۆك بارزانی)ـیە، كە دوێنێیش ئەو ڕێككەوتنە واژۆ كرا، درێژكراوەی ئەو ستراتیژییەتە بوو".

گوتیشتی، "(سەرۆك بارزانی) جگە لەوەی كاریگەریی سیاسیی لە كۆكردنەوەی لایەنەكانی ڕۆژئاوادا هەیە، لە هەمان كاتدا لە بواری سەربازییشەوە هیچ كات ئەو ڕۆڵە نادیتە ناگیرێت، چونكە بە هۆی سەرۆكی هەرێمەوە بوو هێزی هاوپەیمانان بۆ لێدانی داعش لە كۆبانی هاتنە سەرخەت و دەورێكی كاریگەری هەبووە بۆ دروستكردنی هاوپەیمانیی دژی داعش لە توركیاوە تا ئەمەریكا، بۆیە ئێستایش ڕۆژئاوای كوردستان لە ڕووی سەربازییەوە پێویستی بە ستراتیژییەتی (سەرۆك بارزانی) هەیە".

هاوكات ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق (د. تاریق گەردی) بۆ KDP.info ئاماژەی دا، "ئەوە بۆ چەند ساڵ دەڕوات سەرۆكی هەرێمی كوردستان بە جیددی لەگەڵ سەرجەم لایەنەكانی ڕۆژئاوادا لەسەر خەتە بۆ ئەوەی پێكەوە ئیدارەی ڕۆژئاوای كوردستان بكەن، هەرچەندە لە سەرەتادا پەیەدە نەدەهاتە ژێر باری ئەو ڕێككەوتنە، بەڵام ئەمڕۆكە هەوڵەكە چڕ كرایەوە و ڕێككەوتن جێبەجێ كرا، ئەوەیش بەشێكە لە بەرەوپێشچوونی كورد بۆ دروستبوونی مەرجەعییەتێكی سیاسی لە كوردستان كە بۆ پارچەكانی دیكەی كوردستانیش ڕەنگ دەداتەوە".
دەشڵێت، بە حیكمەتی (سەرۆك بارزانی)، هەموو لایەنەكانی ڕۆژئاوا كۆ كرانەوە.

(د. تاریق) ئەوەشی خستە ڕوو كە، لەبەر ئەوەی سەرۆكی هەرێمی كوردستان، فەرماندەی گشتیی هێزەكانی پێشمەرگەیشە، تاكو ئێستا لەو ڕووبەڕووبوونەوانەی هەن، لە هیچ شوێنێك دوژمن نەیتوانیوە بێتە پێشەوە، تەنیا لە چەند ناوچەیەك نەبێت، كە ئەمە بە هەوڵی جەنابیان بووە، بۆیە بە دڵنیاییەوە لە ڕووی سەربازییەوە ئەوەی لە توانایدا بێت بۆ باشووری كوردستان و هەروەها ڕۆژئاوای كوردستانیش ئەنجامی دەدات.

هەر لەم بارەوە سكرتێری پارتیی دیموكراتی كوردستان- سووریا (سعوود مەلا)، بۆ KDP.info گوتی، "ڕۆڵی (سەرۆك بارزانی) لە یەكخستنەوەی ناوماڵی كورد زۆر گرینگ و پێویستە، ئێمە ناتوانین یەك ڕۆژیش بڵێین (بارزانی) جیاوازیی لە نێوان كوردی ڕۆژئاوا و باشووردا كردووە، ئەو بە یەك چاو سەیری هەموو لایەنەكانی كردووە، لەم ڕووەوە حەزی كردووە كە كورد لە هەر چوارپارچە یەك ڕۆڵی هەبێت، بۆ ئەمەیش دەورێكی گرینگی هەبووە".

ئەوەیشی خستە ڕوو كە، "بڕیاری جووڵاندنی هێز بۆ كۆبانی، بڕیارێكی دڵسۆزانە و نەتەوەییانە و لە خەمخۆریی بۆ وڵاتپارێزی و نیشتمانپەروەرییەوە بووە، بە وجوودی (سەرۆك بارزانی) هاوپەیمانان هاتوونەتە سەر خەت بۆ ئەوەی پشگیری لە كۆبانی بكرێت، هەمووانیش دەزانن كە وڵاتانی جیهان لە خۆیانەوە نایەن پشگیریی كۆبانی بكەن".

كارزان هەورامی
 




دوایین هەواڵەکان

چلەی ماتەمینی تێکۆشەر و خەباتگێڕ دکتۆر جەرجیس حەسەن بەڕێوەچوو

FRIDAY, 26 APRIL 2024 01:04:37

ھەولێر-KDP.info- ڕۆژی پێنجشەممە لە شاری هەولێر بە ئامادەبوونی نوێنەری سەرۆک بارزانی چلەی ماتەمینی تێکۆشەر و خەباتگێڕ (دکتۆر جەرجیس حەسەن) بەڕێوەچوو.

 

فازڵ میرانی: پارتی به‌ سه‌رۆكایه‌تیی سه‌رۆك بارزانی دوو ئه‌ركی له‌ ئه‌ستۆدایه‌

THURSDAY, 25 APRIL 2024 21:04:43

ھەولێر-KDP.info- به‌رپرسی ده‌سته‌ی كارگێڕیی مه‌كته‌بی سیاسیی پارتی ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات، پارتی به‌ سه‌رۆكایه‌تیی سه‌رۆك بارزانی له‌م هه‌لومه‌رجەدا دوو ئه‌ركی له‌ ئه‌ستۆدایه‌، ده‌شڵێت، ده‌بێت ئه‌مڕۆ بپارێزن بۆ ئه‌وه‌ی سه‌رفرازییه‌كانی دوێنێ به‌رده‌وام بن.

 
شێروان دوبەردانی" ھەندێ لایەن لە نەینەوا دەیانەوێ زێدەڕۆیی بکەنە سەر مافەکانی کورد و پارتی"

THURSDAY, 25 APRIL 2024 20:04:44

نەینەوا -KDP.info- پەرلەمانتارێکی پارتی دەڵێت، ھەندێ لایەن لە نەینەوا دەیانەوێ  دەستوەردان لە پۆستە کارگێڕییەکانی نەیەنەوا بکەن و گۆڕانکاری لەو پۆستانە بکەن کە پشکی پارتی و کوردن..دەشڵێت، ئێمە بەرەنگاریان دەبینەوە.

 
مەکتەبی سیاسی پرسەنامەیەک ئاراستەی خانەوادەی (سەید مەحموود تاوەگۆزی) دەکات

THURSDAY, 25 APRIL 2024 19:04:31

ھەولێر-KDP.info- مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان، پرسەنامەیەک ئاراستەی خانەوادەی خوالێخۆشبوو (سەید مەحموود سەید حسێن تاوەگۆزی) دەکات.

 
بەڕێوەبەری کوشتارگەی هەولێر"بڕیاری سەرۆکی حکوومەت کاریگەری لەسەر نرخی گۆشت دەبێت

THURSDAY, 25 APRIL 2024 17:04:26

ھەولێر-KDP.info-  بەڕێوەبەری کوشتارگەی هەولێر دەڵێت، نرخی گۆشت لە بازاڕەکانی هەرێم دادەبەزێت..دەشڵێت، بڕیاری سەرۆکی حکوومەت کاریگەری لەسەر نرخی گۆشت دەبێت.

 


 
© 2023 Kurdistan Democratic Party, KDP

Contact