Kurdî  ■  كوردی  ■  عربي
SAT, 27 APR 2024 00:40 Erbil, GMT +3
پارتی دیموکراتی کوردستان
ئازادی . دیموکراسی . دادپەروەری
 

کورد بە رێککەوتنی دهۆک، هەنگاوێکی نوێ لە خەباتی نەتەوەیی دەست پێ دەکات
| KDP.info



هەولێر-KDP.info- سەرۆكی ئەنجوومەنی نیشتمانیی كورد لە رۆژئاوای كوردستان، دەڵێت "(سەرۆك بارزانی) وەك رێبەری نەتەوەییی كورد، مامەڵەی لەگەڵ كردین و هەردوو ئەنجوومەنی رۆژئاوای كوردستانی بە رێككەوتن گەیاند"، هاوكات چاودێرانی سیاسیی رۆژئاوای كوردستان دەڵێن، "(سەرۆك بارزانی) ئەركی نەتەوەیی خۆی بەجێ گەیاند و پێویستە پارتییە سیاسییەكانی رۆژئاوا، نەتەوەییانە رێككەوتننامەكە، بەجێ بگەیەنن".

سەرۆك، ماڵی كوردانی رۆژئاوای یەك خستەوە
ماوەی مانگێك و 7 رۆژە، كۆبانی (150 كم باشووری رۆژهەڵاتی حەلەب) لە دژی داعش لە جەنگە، جەنگێك كە ئیتر بە هۆی پەرتەوازەییی دوو رەوتی كوردی، ئەنجوومەنی تەڤگەری جڤاكی دیموكراتی (تەڤدەم) ‌و ئەنجوومەنی نیشتمانیی كورد لە سووریا (ئەنەكەسە)، لێكتێگەییشتنی هاوبەشی بۆ رووبەڕووبوونەوەی داعش نەبوو، ئەمەیش بۆشایێكی دروست كرد و تیرۆریستانی دەوڵەتی ئیسلامی توانییان گەمارۆی كۆبانی بدەن كە، زیاتر لە 350 هەزار كەسی لێ دەژی و 400 گوندی هەیە. هاوكات هەرێمی كوردستان كە، بە درێژای زیاتر لە 1050 كیلۆمەتر، لە جەنگی دژ بە داعشە، هەوڵ و كۆششی سەرۆكی كوردستان (سەرۆك بارزانی) وای كرد، سەرباری جەنگی داعش لە نزیك سنوورەكانی هەرێمی كوردستان، ئەمەریكا و هاوپەیمانەكانی رازی بكات، تا هێرشی ئاسمانی بكەنە سەر داعش لە رۆژئاوای كوردستان و بەر لە پێشڕەویی ئەو رەوتە تیرۆریستییە بگیرێت و چەكیشی رەوانەی رۆژئاوای كوردستان كرد.
دوای لاوازبوونی رژێمی (بەشار ئەسەد) لە سووریا، لە بابەت چۆنیەتیی حوكمكردنی رۆژئاوای كوردستان لە مەرجەعی سیاسی و بڕیاردا، كوردەكانی رۆژئاوا كۆدەنگییان نەبوو، ئەمەیش وای كرد رێبەری نەتەوەییی كوردستان (سەرۆك بارزانی) بۆشایی نێوان دوو ئەنجوومەنە سەرەكییەكەی رۆژئاوا نەهێڵێ و دوێنێ لە شاری دهۆك، ئەم دوو ئەنجوومەنەی بە رێككەوتن گەیاند و ڕێككەوتنی دهۆكیان واژۆ كرد. وەك لە پرێسكۆنفرانسی هاوبەشی هەردوو ئەنجوومەنی رۆژئاوای كوردستاندا، كە دوێنی لە دهۆك ساز درا و تێیدا راگەیەندرا كە (سەرۆك بارزانی) وەك رێبەرێكی نەتەوەیی ئەم كارەی ئەنجام دا و رێككەوتنی پێ واژۆ كردوون.
سەرۆكی ئەنجوومەنی نیشتمانیی كورد لە سووریا (تاهیر سفۆك)، دوێنی لە پرێسكۆنفرانسی هاوبەشی لەگەڵ (تەڤدەم)، رایگەیاند كە "(سەرۆك بارزانی) وەك رێبەری نەتەوەیی كورد، مامەڵەی لەگەڵ دۆزی كوردانی رۆژئاوا كردووە و لە ژێر چاودێریی (سەرۆك بارزانی) گەییشتین بە رێك كەوتن".

سەرجەم پارتییە نەتەوەییەكان، (سەرۆك بارزانی) بە رێبەری نەتەوەیی ناو دەبەن
(سەرۆك بارزانی) توانی ئەمەریكا و وڵاتانی پێشكەوتووی جیهان بهێنێتە سەر هێڵی پشتیوانیكردن لە هێزی پێشمەرگە بۆ پاراستنی كوردستان، دڵسۆزی و خەمخۆریی ئەو، گەییشتە سەرجەم پارچەكانی دیكەی كوردستان و لە هەر قۆناخێكدا پشتیوانی گشت كوردەكان بووە، لە توركیا هەوڵی زۆری بۆ پارتییە كوردییەكانی ئەو پارچەیەی كوردستان دا، تا بتوانن بە خەباتی سیاسی، مافی كورد لە توركیا بە دەست بهێنن. لە 2012ـیش توانی كۆدەنگییەك لە نێوان سەرجەم پارتییە كوردییەكانی رۆژئاوای كوردستان دروست بكات، دوێنێیش بە رێككەوتنی سەرجەم لایەنەكان كۆتایی پێ هێنا و ماڵی رۆژئاوای یەك خستەوە.
هاوسەرۆكی پەیەدە (ساڵح موسلیم) لە میانەی سەردانێكی بۆ لای سەرۆكی كوردستان رایگەیاند، "(سەرۆك بارزانی) جیاوازی لە نێوان كۆبانی و هەولێردا ناكات"، لێدوانی زۆرێك لە چاودێرانی سیاسیی رۆژئاوای كورستان و ئەندامانی هەردوو ئەنجوومەنەكەی رۆژئاوای كوردستان، كە ماوەیەكە بۆ كەناڵەكانی راگەیاندن دەدوێن، پشتڕاستیان كردووەتەوە كە (سەرۆك بارزانی) لە رۆژئاوای كودستان فریادڕەسی كوردە. (خەلیل ئەحمەد) شارەزا لە رەوشی سیاسیی سووریا بۆ KDP.info دەڵێت، "(سەرۆك بارزانی) هەمیشە بە یەك چاو سەیری هەر چوارپارچەی كوردستانی كردووە و لە رۆژئاوای كوردستانیش سەرجەم پارتییە سیاسییە نەتەوەییەكان، (سەرۆك بارزانی) بە رێبەری نەتەوەیی دادەنێن".

كورد بەم رێككەوتنە، هەنگاوێكی نوێی خەباتی نەتەوەیی دەست پێ دەكات
ئەم هەوڵەی (سەرۆك بارزانی) دوای ئەوە دێت كە لە ساڵی 2012 لە هەولێر و بە دەستپێشخەریی سەرۆكی هەرێمی كوردستان (مەسعوود بارزانی) ئەنجوومەنی رۆژئاوای كوردستان، پێك هێنرا و 10 ئەندامی هەبوو، 5 ئەندام سەر بە ئەنجوومەنی نیشتیمانیی كورد و 5 ئەندامیش سەر بە ئەنجوومەنی گەلی ڕۆژئاوا (تەڤدەم) بوو و رێككەوتنی لەسەر كرا.
دیاریكردنی مەرجەعی سیاسی، چۆنیەتیی بەڕێوەبردنی رۆژئاوا كە ماوەی زیاتر لە دوو ساڵە سیستمێكی خۆبەڕێوەبەری تێیدا دانراوە، وەك پێشتریش لە خاڵی بەڕێوەبردن وەها رێك كەوتوون كە بۆ هەر ئەنجوومەنێك 40% بێت، بەڵام ئەو 20%ـەی كە دەمێنێتەوە، بۆ لایەنەكانی دیكە و بە هەڵبژاردن یەكلا دەكرێنەوە، چونكە رای جیاواز بۆ یەكلاكردنەوەی هەن و چەندین حیزب و كەسایەتیی سەربەخۆ و رۆشنبیریش لەناو ئەو بەرێوەبەرایەتیانەدا هەن".
لە بابەت بایەخی واژۆكردنی رێككەوتتنامەی هەردوو ئەنجوومەنی رۆژئاوای كوردستان، سەرۆكایەتیی‌ هەرێمی‌ كوردستان لە بەیاننامەیەكیدا رێككەوتنی‌ لایەنە سیاسییەكانی‌ خۆرئاوای‌ كوردستانی‌ راگەیاند و، سەرۆكی‌ هەرێمی‌ كوردستانیش (سەرۆك بارزانی) جەختی‌ كردەوە كە ئەم ڕێككەوتنە دەستپێكی سەركەوتنی گەلی كوردە لە رۆژئاوای كوردستان و وەڵامی ڕاست و دروست بۆ دوژمنان، ئەوەیە كە هەموومان بە یەكەوە بین. كۆبوونەوەكە كە بە سەرپەرشتیی سەرۆكی كورستان لە دهۆك بەڕێوە چوو، (بارزانی) لە پەیامێكی مێژووییدا هاوكات رایگەیاند، ئەم ڕێككەوتنە دەستپێكی سەركەوتنی گەلی كوردە لە رۆژئاوای كوردستان و بەم بۆنەیەوە پیرۆزبایی لە گەلی كوردستان و تێكڕای لایەنە سیاسییەكانی كوردستان و هەروەها هاووڵاتیانی ڕۆژئاوای كوردستان كرد و دەستخۆشیشی لە لایەنە سیاسییەكانی كوردی ڕۆژئاوا كرد و هیوای ئەوەیشی خواست كە ئەم ڕێككەوتنە بە زووترین كات جێبەجێ بكرێت.
سەرۆكی‌ هەرێمی كوردستان، جەختی لەوەیش كردەوە كە هەرێمی كوردستان، ئەوەی لە دەستی بێت بۆ پاڵپشتیكردنی ڕۆژئاوا دەیكات و ئاماژەیشی بە خۆڕاگری و قارەمانێتیی كۆبانی دا و سڵاو و دروودی خۆی بۆ كۆبانیی قارەمان نارد و جەختی‌ كردەوە كە سەركەوتنی كورد لە هەر شوێنێك، سەركەوتنی گەلی كوردە.
(بارزانی) لە پەیامیدا بەم بۆنەوەیە، یەكڕیزیی نێوان لایەنە كوردییەكانی بەرز نرخاند و هێمای بەوە دا كە "جێگەی سەرفرازییە لەو كاتەی كە دوژمنان دەیانەوێ وەزعی گەلی كوردستان تێك بدەن، هێزە كوردییەكان بەرەو یەكڕیزی و یەكبوون و هاوكاری بچن. وەڵامی ڕاست و دروست بۆ دوژمنان ئەوەیە كە هەموومان بەیەكەوە بین."

رێكخستنەوەی رۆژئاوای كوردستان بەپێی رێككەوتننامەكە
بەپێی زانیاریی KDP.INFO، لە رۆژئاوای كوردستان ئەنجوومەنی هاوبەش كارا دەكرێت و لەشكرێكی هاوبەش پێك دەهێنرێت و مەرجەعی سەرەكیی بڕیاردان، ئەو ئەنجوومەنە دەبێت. ئەنجوومەنێكی مەرجەعی سیاسی لە نێوان هەردوو ئەنجوومەنەكەی رۆژئاوا پێك دەهێنرێت كە لە 30 ئەندام پێك دێت و كار بۆ ئیدارەیەكی تەوافوقی و هێزێكی هاوبەش دەكرێت. هەردوو ئەنجوومەنەكە بە یەكسانی، هەر لایەكیان 12 ئەندامیان دەبێت ‌و 6 ئەندامیش لەلایەن  24 ئەندامەكەی پێشووی هەردوو ئەنجوومەنەكەوە هەڵدەبژێردرێن. جێی ئاماژەیە رۆژی سێشەممە 14ـی تشرینی یەكەمی 2014، هێز و لایەنە سیاسییەكانی رۆژئاوای كوردستان لە شاری دهۆك، بە سەرپەرشتیی سەرۆكی هەرێمی كوردستان (مەسعوود بارزانی) كۆ بوونەوە و دوێنێیش بە سەركەوتوویی رێككەوتنامەی نێوانیان واژۆ كرد.
بەرپرسی نووسینگەی پەیوەندیی نیشتمانیی پارتیی دیموكراتی كوردستان- سووریا (سەعید عومەر) دەڵێت، "(سەرۆك بارزانی) ئەركێكی نەتەوەیی بە جێ گەیاند و بە رەوانەكردنی چەك و تەقەمەنییش بۆ كۆبانی، تاڕادەیەك توانیویەتی بەر بە پێشڕەویكردنی داعش بگرێت و رێككەوتنی نێوان هەردوو ئەنجوومەنەكەی رۆژئاوایش بە كۆششی (سەرۆك بارزانی) لەم قۆناخەدا كارێكی مێژووییە و پێویستیشە لایەنە كوردییەكانی رۆژئاوای كوردستان، نەتەوەییانە بیر بكەنەوە و ئەم رێككەوتنەی واژۆ كراوە، جێبەجێی بكەن".

بڕیاری سەرۆك لە پاراستنی رۆژئاوای كوردستاندا

دوای ئەوەی سەرۆكی كوردستان، ئەمەریكا و هاوپەیمانەكانی و توركیای رازی كرد كە بە رێگەی خاكەكەی پێشمەرگە بچێتە بەرەی جەنگی دژ بە داعش لە كۆبانی، پەرلەمانی كوردستان، بە بڕیاری ژمارە (28)-ی ساڵی 2014، پێشوازیی لەو هەنگاوەی (سەرۆك بارزانی) كرد و سێ بڕیاری لەبارەی‌ ناردنی‌ هێزی پێشمەرگە بۆ شاری كۆبانی پەسەند كردن. بە دەنگی سەرجەم فڕاكسیۆنەكان بڕیار درا هێزی پێمشەرگە بە چەكی قورس بۆ رۆژئاوای كوردستان رەوانە بكرێت، وا چاوەڕوان دەكرێت كە بەپێی پێویستیی بارودۆخی جەنگی رۆژئاوا لە دژی داعش ژمارەی پێشمەرگە و جۆری چەكەكان دیاری بكرێن. ئەمەیش دووبارە خەمخۆریی سەرۆكی كوردستان دەگەیەنێ بۆ رۆژئاوای كوردستان كە، نەك تەنیا ئاواتی سەرۆكە كە ماڵی كورد لە رۆژئاوا یەك بێت، بەڵكە بە كرداریش دەیانپارێزێت و ئەمەیش بۆ یەكەمجارە لە مێژووی عێراقدا سوپایەك لەلایەن وڵاتێكی هەرێمییەوە رێگەی پێ بدرێت، بەشداریی جەنگێك بكات و سنووری توركیا و سووریا، ببڕێت لە پێناو پاراستنی كورد. ئەم هەنگاوەی (سەرۆك بارزانی)، بڕیارێكە بۆ دوورخستنەوەی هەڕەشەی تیرۆریستان گەر لە هەر پارچەیەكی كوردستانەوە بێت.

پرۆفایلی كۆبانی
- كۆبانی لە ناوی كۆمپانیایەكی ئەڵمانیاییەوە هاتووە كە لە ساڵی 1912 هێڵێكی شەمەندەفەری خێرای لەو دەڤەرە دروست دەكرد.
- زیاتر لە 350 هەزار كەس لێی دەژین و 400 گوندی لەسەرە و 150 كم لە حەلەب دوورە و 30 كم لە رۆژئاوای ڕووباری فوراتە.
- كۆبانی، ماوەی مانگێك و 7 رۆژە لە جەنگی دژ بە داعشە و بەم زووانە هێزی پێشمەرگە بۆ وەستانی پەلاماری تیرۆریستانی داعش دەچێتە ئەو دەڤەرە و شانبەشانی هێزە كوردییەكانی رۆژئاوای سووریا، دەجەنگێت.

شاو كوردی




دوایین هەواڵەکان

پەیامێک لە سەرۆکی حكوومەتی هەرێمی كوردستانەوە

FRIDAY, 26 APRIL 2024 23:04:07

ھەولێر-KDP.info- ئەمشەو مەسروور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە پەیامێکدا رایگەیاند: "بە توندی سەرکۆنەی هێرشە تیرۆریستییەکەی ئەمشەو بۆ سەر كۆرمۆر دەکەم. سەرەخۆشی لە کەسوکاری ئەو چوار هاووڵاتییە سیڤیلە دەکەم کە گیانیان لەدەست دا، هیوای زوو چاکبوونەوەش بۆ بریندارەکان دەخوازم. وەزارەتی تەندروستییم ڕاسپاردووە کە هەموو هاوکاری و پاڵپشتییەکی پێویست پێشکەش بکات.

 
مەکتەبی سیاسی پرسەنامەیەک ئاراستەی خانەوادەی (خالید ئیبراهیم ڕەزگەیی) دەکات

FRIDAY, 26 APRIL 2024 22:04:35

ھەولێر-KDP.info- مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان، پرسەنامەیەک ئاراستەی خانەوادەی خوالێخۆشبوو (خالید حاجی ئیبراهیم ڕەزگەیی) دەکات.

 
پەیامێک لە سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستانەوە لەبارەی هێرشەکەی سەر کۆرمۆر

FRIDAY, 26 APRIL 2024 22:04:54

ھەولێر-KDP.info- سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان سەرکۆنەی هێرشەکەی سەر کۆرمۆر دەکات و رایدەگەیێنێت، "ئه‌م هێرشانه‌ ئارامى و سه‌قامگیریى وڵات ده‌خه‌نه‌ مه‌ترسییه‌وه‌ و لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كانى حكوومه‌تى عێراقى فیدراڵ پێویسته‌ ئه‌ركى خۆیان بۆ رێگرى له‌و هێرش و په‌لامارانه‌ و دۆزینه‌وه‌ى ئه‌نجامده‌رانى له‌هه‌ر لایه‌نێك بن، بگێڕن و به‌ سزاى یاسایى بگه‌یه‌نرێن". 

 
بەیاننامەیەک لە حکوومەتی ھەرێمی کوردستانەوە

FRIDAY, 26 APRIL 2024 22:04:16

ھەولێر-KDP.info- حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لەبارەی ھێرشی تیرۆریستی بۆ سەر کێڵگەی غازی کۆرمۆر بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە و ئیدانەی ئەو کارە تیرۆرستیە دەکات.

 
نەوزاد ھادی بۆ پەرلەمانتاران و ئەندامانی ئەنجوومەنی پارێزگا: خزمەتی خەڵکی بکەن

FRIDAY, 26 APRIL 2024 21:04:32

مووسڵ-KDP.info- بەرپرسی مەکتەبی ڕێکخستنی نەینەوا لەگەڵ پەرلەمانتارانی پەرلەمانی عێراق لە بازنەی نەینەوا و ئەندامانی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا لەسەر لیستی پارتی کۆبووەوە 

 


 
© 2023 Kurdistan Democratic Party, KDP

Contact