Kurdî  ■  كوردی  ■  عربي
FRI, 19 APR 2024 06:56 Erbil, GMT +3
پارتی دیموکراتی کوردستان
ئازادی . دیموکراسی . دادپەروەری
 

وەزارەتی پێشمەرگە سەركەوتنی راگەیاند.. ئەو چەكانەی بۆ كۆبانی رەوانە كران، هیی حكوومەتی هەرێمن
| KDP.info


هەولێر-KDP.info-  وەزارەتی پێشمەرگەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، سەركەوتنی هێزی پێشمەرگەی لە شەڕەكانی ئەمڕۆ لەگەڵ داعشدا راگەیاند و دەشڵێت، ئەو چەكانەی بۆ كۆبانی رەوانە كراون، چەكی حكوومەتی هەرێمی كوردستانن نەك هیچ حیزب و لایەنێك.

بەڕێوەبەری راگەیاندن و هۆشیاریی وەزارەتی پێشمەرگەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان عەمید (هەڵگورد حیكمەت)، بە kdp.infoـی راگەیاند، ئەمڕۆ چەكدارانی داعش لە حەوت میحوەرەوە هێرشیان كردە سەر هێزی پێشمەرگە، بەڵام خۆشبەختانە هێزی پێشمەرگە قارەمانانە بەرەوڕوویان بوونەوە و توانییان شكست بە تیرۆریستان بهێنن و گورزی كوشندەیان لێ بدەن.

(هەڵگورد حیكمەت) گوتیشی، "بە ڕای ئێمە داعش سوودیان لەو كەشوهەوا باراناوییە وەرگرتووە و هەوڵیان داوە هاوسەنگیی هێزەكان بگۆڕن و هێزی پێشمەرگە سەرقاڵ بكەن، بەڵام بە هەوڵ و ئازایەتیی هێزی پێشمەرگە، شكستیان هێنا و گەڕانەوە شوێنی خۆیان".
بەڕێوەبەری راگەیاندنی وەزارەتی پێشمەرگە ڕوونیشی كردەوە، ئێستا شەڕەكان كۆتاییان هاتووە و بارودۆخەكە ئارام بووەتەوە.

سەبارەت بە ناردنی چەكیش بۆ كۆبانی، عەمید (هەڵگورد) گوتی، "ماوەیەكی زۆرە سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەگەڵ وڵاتانی هاوپەیمان و وڵاتی توركیا و رۆژئاوای كوردستان لە هەوڵدایە بۆ ئەوەی میكانیزمێك بدۆزرێتەوە و هاوكاریی شەڕڤانانی كورد لە كۆبانی بكرێت، خۆشبەختانە دوێنێ تواندرا لە رێگەی فڕۆكەكانی ئەمەریكاوە چەكیان بۆ رەوانە بكرێت و لە رێگەی پەڕەشووتەوە بە دەستیان گەییشتووە".

ئەو زیاتر گوتی، جۆری مامەڵەكردنی هەرێمی كوردستان لەگەڵ رۆژئاوای كوردستان و وڵاتانی دیكە، لە رێگەی حكوومەتی هەرێمی كوردستانەوەیە، بۆیە ناردنی چەك كاری حیزب و لایەنێكی سیاسی نییە.
ئەو بەرپرسەی وەزارەتی پێشمەرگە ئاماژەیشی دا كە، ئەو چەكەی بۆ كۆبانی رەوانە كراوە، هیی حكوومەتی هەرێمی كوردستانە و بە هیچ شێوەیەك لە دەرەوەی میلاكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان نییە.

ئەوەیشی خستە ڕوو كە، "ئێمە لە قۆناخێكداین هەنگاوی زۆر باشمان ناوە، بۆیە ناكرێت حكوومەتی هەرێمی كوردستان بچووك بكرێتەوە و پێویستە هەیمەنەی پێ بدرێت و رێزی لێ بگیرێت، بۆ ئەوەی زیاتر سەركەوتوو بێت، چونكە ئەگەر گەییشتە ئەو حاڵەتەی هەر كەسە و بۆ خۆی سیاسەت بكات، هەموو خەڵكی كوردستان و لایەنەكانیش زەرەرمەند دەبن".
وەزیری دەرەوەی تورکیا(چاوشئۆغلو)، ئەمڕۆ دووشەممە ڕایگەیاند، وڵاتەکەی ڕێگر نابێت لەوەی هێزی پێشمەرگە لە هەرێمی کوردستانەوە و بە خاکی تورکیادا بچێتە کۆبانیی ڕۆژئاوای کوردستان.
لای خۆیەوە لەبارەی چوونی هێزی پێشمەرگەوە بۆ كۆبانی، (حیكمەت) گوتی، "وەزارەتی پێشمەرگە ئامادەیی خۆی بۆ ناردنی هێز بۆ كۆبانی پێشان داوە، بەڵام جووڵاندنی هێز پێویستی بە فەرمانی سەرۆكی هەرێم و پەرلەمان هەیە كە كۆدەنگییەك لەناو پەرلەمان هەبێت لەو بارەیەوە و سبەی هیچ لایەنێك باس لەوە نەكات ئێمەی تێدا نییە، یاخود هەر لایەنێك بە جۆرێك قسە بكات".
عەمید (هەڵگورد) جەختیشی كردەوە، كۆبانی زیاتر پێویستی بە چەك هەیە نەك هێز و ئەگەر هێزیش رەوانە بكرێت، هێزی پشتیوانی دەبێت، بۆ ئەوەی پشتیوانی لە هێزی ئەوان بكات.

ئاماژەیشی دا كە، لە هەر هەنگاوێك وەزیری پێشمەرگە ئاگادارە و، پێشبینییشی كرد ئەگەر هێز رەوانە بكرێت، رەنگە هێزی پێشتیوانیی یەك بێت، بەڵام تاوەكو ئێستا فەرمان نەكراوە.
بڵند ئیبراهیم
 




دوایین هەواڵەکان

شاخەوان عه‌بدوڵڵا بۆ KDP: دەرکردنی ئەو ماڵە کوردانەی خانەقین ڕاگیرا

THURSDAY, 18 APRIL 2024 23:04:20

ھەولێر-KDP.info- جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق گوتی، دەرکردنی ئه‌و ماڵە کوردانه‌ی لە خانووی شارەوانی بوون کە بڕیاری لێدرابوو راگیرا.

 
ڕێگای نێودەوڵەتی ھامڵتۆن نوژەن دەکرێتەوە

THURSDAY, 18 APRIL 2024 20:04:17

سۆران _KDP.info_بەڕێوەبەری چاککردنەوە و پاراستنی ڕێگاوبانی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران گوتی: بە بڕیاری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ڕێگای نێودەوڵەتی ھامڵتۆن لە نێوان ھەرێمی کوردستان و کۆماری ئیسلامی ئێران نوژەن دەکرێتەوە.‌

 
پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارتی پێشوازیی لە شاندێکی کۆمەڵەی دۆستایەتی کورد و ئەڵمان کرد

THURSDAY, 18 APRIL 2024 17:04:30

ھەولێر-KDP.info- شاندێکی  کۆمەڵەی دۆستایەتی  کورد و ئەڵمان سەردانی مەکتەبی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارتی دیموکراتی کوردستانیان کرد و هۆشیار سیوەیلی، بەرپرسی مەکتەب و ژمارەیەک لە ستافی دێسک و یۆنیتەکانی مەکتەب  پێشوازیان لێ کردن.

ھەوراز عەبدولقادر: بەگوێرەی پڕۆژەیەک ١٠٠ ھەزار بۆ مووچەی ئەم توێژە زیاد دەبێت

THURSDAY, 18 APRIL 2024 17:04:31

ھەولێر  _KDP.info_ بەرپرسێکی وەزارەتی کاروباری کۆمەڵایەتی ئاشکرایکرد، بەگوێرەی پڕۆژەیەک ١٠٠ ھەزار دینار بۆ مووچەی کەمئەندامان زیاد دەکرێت، گوتیشی: لە ھەرێمی کوردستان ٧٤ ھەزار کەمئەندام و خاوەن پێداویستی تایبەت مووچەی مانگانەیان بۆ خەرج دەکرێت.

 
سەرۆک بارزانی پێشوازی لە سەرۆکی کارگێری هەڵبژاردن و ئەندامێکی ئەنجوومەنی کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق دەکات

THURSDAY, 18 APRIL 2024 17:04:21

ھەولێر-KDP.info-  ڕۆژێ پێنجشەممە 18ی نیسانی 2024 لە سەلاحەددین سەرۆک مەسعود بارزانی پێشوازی لە دادوەر عەباس فەرحان حەسەن سەرۆکی کارگێری هەڵبژاردن لە کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق و دادوەر عامر موسا محەمەد ئەندامی ئەنجوومەنی کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق کرد.

 


 
© 2023 Kurdistan Democratic Party, KDP

Contact