Kurdî  ■  كوردی  ■  عربي
FRI, 19 APR 2024 03:42 Erbil, GMT +3
پارتی دیموکراتی کوردستان
ئازادی . دیموکراسی . دادپەروەری
 

میرانی: بەغدا بە وشەیەکیش ستاییشی رۆڵـی پێشمەرگەی نەکرد.. بە هیواین حکوومەتی نوێ خۆی لە هەڵە و بژاردە هەڵەکان بەرامبەر هەرێمی کوردستان بەدوور بگرێت
| KDP.info


هەولێر-KDP.info-  سکرتێری مەکتەبی سیاسیی پارتیی دیموکراتی کوردستان(فازڵ میرانی) دەڵێت، هێزەکانی پێشمەرگە پێویستیان بە چەکی زیاتر هەیە بۆ ئەوەی بتوان لە ماوەیەکی کەمدا شەڕی داعش کۆتایی پێ بێنن، راشیدەگەیەنێت، هەر هاوکارییەکی هێزەکانی پێشمەرگە هەرێمی کوردستان پێشوازی لێ دەکات، بەڵام پێشمەرگە پێویستی بە چەکی قورستر هەیە.

(میرانی) لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ کەناڵی (الحدث)ـی ئەلعەرەبییە، باسی چەندین تەوەری کرد و رایگەیاند "تا ئێستا پێشمەرگە تەنیا وشەیەکی چاکیشی وەرنەگرتووە نە لە بەغدا، نە لە وەزارەتی بەرگری نە لە پەرلەمانی عێراق و نە ئەنجوومەنی وەزیرانیش، زیاتر گوتی "سەرەڕای ئەوەش ئینتیما بۆ پاککردنەوەی عێراق لە تیرۆر وا دەکات پێشمەرگە ئامادە بێت بۆ هەماهەنگی لەگەڵ سوپای عێراق".

لە دوابەشی هەڤپەیڤینەکەدا، سکرتێری مەکتەبی سیاسیی پارتی هیوا دەخوازێت کە حکوومەتی نوێی (عەبادی) هەڵەکانی حکوومەتی رابردوو بە بڕینی مووچەی فەرمانبەران دووبارە نەکاتەوە، دەشڵێت " کاتێک مووچەی فەرمانبەران لەلایەن (مالیکی)-یەوە بڕدرا نە مەرجەعە ئایینییەکان و نە وڵاتانی عەرەبی و نە لە ئاستی نێودەوڵەتیشدا کەس نەهاتە دەنگ.

دەقی دیدارەکە:
بەڕێز (فازڵ میرانی) بەوە دەست پێ دەکەین کە وەک لە هەواڵەکان باس دەکرێت سەبارەت بە راهێنانی هێزەکانی پێشمەرگە لەسەر دەستی راهێنەرانی بیانی، باس لەوە دەکرێت کە ژمارەیەکی زۆر راوێژکار و راهێنەری سەربازی ئێستا لە عێراقن، ئایا هاتنی ئەو ژمارە زۆرەی سەربازەکان مەبەست لێی بەشداری ئەو سەربازانەیە لە شەڕی دژی داعش، یان تەنیا راهێنان بە هێزەکانی پێشـمەرگە دەکەن؟

(فازڵ میرانی): وەک خۆتان لە هەواڵەکان ئاماژەتان بۆ کرد، بەڵێ هێزی بەریتانیایی لە عێراقن بۆ راهێنانی هێزەکانی پێشمەرگە و سوپای عێراق، ئەو راهێنانەش بۆ ئەوەیە پێشمەرگە و سوپای عێراق لەسەر ئەو چەکانە رابێن کە دەبێت بە کار بهێندرێت لە شەڕی دژی تیرۆردا، دەمەوێت ئەوەش بڵێم کە، لە گرینگیی ئەو چەکانە کەم ناکەمەوە، بەڵام هێشتا لە ئاست داواکارییەکان نین، ئێمە لە جەنگداین، ئێمە لەگەڵ دەوڵەتێکی تیرۆر شەڕ دەکەین، ئێمە تەنیا شەڕ لەگەڵ رێکخراوێک ناکەین، بەڵکو ئەوەی لەگەڵی لە جەنگداین خاوەنی توانای زۆرە لە بواری بۆمب و تەقینەوەکان، هەر بۆیە هەر پاڵپشتییەکی هێزەکانی پێشمەرگە بکرێت لە رووی سەربازییەوە پێشوازی لێ دەکەین، بەڵام بوونی هێزی زەوینی لە عێراق، ئەوە تایبەتە بە حکوومەتی عێراق و ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق، هیواخوازم عێراق ناچار نەبووایە بێت گوشار بخاتە سەر ئەمەریکا و بەو رێگایەیش نەڕۆیشتایە کە گوشار بکات بۆ جێهێشتنی هێزەکانی ئەمەریکا بە ناوی سەروەریی عێراق، کە خۆی تەنیا لە ڕواڵەت هەبوو نەک لە ناوەڕۆکدا، ئێمە بڕوامان وایە کە عێراق بە گشتی روبەڕووی مەترسییەکی گەورە بووەتەوە، هەروەها رێز و ستایشمان بۆ هەموو شەهیدەکانمان هەیە بەتایبەت هێزەکانی پێشمەرگە، هەروەها دەستخۆشی رۆڵی پاڵەوانەیان لێ دەکەم لەو شەڕەدا، بۆئەوەی عێراق و گەلەکەی رزگار بکەین و پاکی بکەینەوە و لەو تیرۆرەی کە ئێستا رووبەڕووی عێراق بووەتەوە بەتایبەت لە شەڕی دژی داعشدا.

پ: باست لەوە کرد کە ئەو چەکانەی بە هێزەکانی پێشمەرگە گەییشتوون لە ئاستی پێویستدا نین، ئەو چەکانە چین و هێزەکانی پێشمەرگە پێویستیان بە چ جۆرە چەکێکە؟

(فازڵ میرانی): پێشمەرگە پێویستی بەوە هەیە کە جۆری ئەو چەکانەی لە دەستی دایە لەو ئاستەدا دابێت کە بە سوپای عێراق دراوە، هیواخوازبووم کە حکوومەتی عێراق یان وەزارەتی بەرگریی عێراق، هاوکاریی هێزەکانی پێشمەرگە بکەن، بەو جۆرە چەکانەی لە دەستیان دایە، لەنێویشیاندا ئۆتۆمبێل و تانک و تۆپ، ئەوەی ئێستا هەمانە چەکی کۆنن و ئەوەیە کە پێشتر سوپای عێراق هەیبوو، بەڵام ئێستا سوپای عێراق تانک و هەلیکۆپتەری پێشکەوتووی ئەمەریکایی هەیە، ئێمە لە کوردستان ئەو چەکانەمان نین تا شەڕی پێ بکەین، من زۆر دوور ناڕۆم ئێمە داوامان لە وڵاتان کرد کە هاوکاریمان بکەن لە پێدانی ئامێری دۆزەرەوەی مین و ئاشکراکەری بۆمبەکان بە تایبەت لە کاتی پێشڕەویی هێزەکانی پێشمەرگە بۆ ئەو ناوچانەی دەمانەوێت رزگاری بکەینەوە، بەڵام ئەوە رووینەدا، کەواتە ناهاوسەنگی هەیە لەنێوان ئامادەیی رێکخراوی تیرۆریستیی داعش کە من بە دەوڵەتی تیرۆر ناوی دەبەم، چونکە ئەوە لە رێکخراوێک گەورەترە، بۆیە دەبێت راستی بڵێین بۆ ئەوەی تووشی شتی چاوەڕواننەکراو نەبینەوە، بۆیە دەبێت بە هەموو شێوەیەک هاوکاریی سەربازیی زیاتر بدرێتە هێزەکانی پێشمەرگە بۆ ئەوەی کاتی شەڕی بنەبڕکردنی داعشیش کەم بێتەوە و ژمارە و قەبارەی قوربانیانیش بە هەمان شێوە کەم بێتەوە، دەبێت هاوکاری زیاتر بکرێین بۆ ئەوەی تازووە رزگارمان بێت لەو تیرۆرە و ئارامی بۆ عێراق بگەڕێتەوە.

پ: باستان لەوە کرد کە جۆرێک لە کەموکوڕی هەیە لە حکوومەتی عێراق بۆ ئەوەی هاوکاریتان بکات لە رووی سەربازیەوە، بە بۆچوونی تۆ ئەو کەموکوڕییە هۆکارەکەی چییە؟

(فازڵ میرانی): من نامەوێت لە جیاتی حکوومەتی عێراق وەڵام بدەمەوە، بەڵام سەیرکە.. بۆ نموونە ئێمە بەنداوی مووسڵمان رزگار کرد و لە سەدا 80 ناحیەی زوممارمان ئازاد کرد، هەروەها رەبیعە و مەخموور و گوێڕیشمان لە دەستی چەکداران دەرهێنا، هەروەها چەندین ناوچەی دیکەیش، بەڵام پێشمەرگە تەنیا وشەیەکی چاکیشی وەرنەگرت لە بەغدا، نە لە وەزارەتی بەرگری نە لە پەرلەمانی عێراق و نە ئەنجوومەنی وەزیرانیش، وەک بڵێی ئەو پێشمەرگانەی کە بۆ رزگارکردنی ناوچەکانی هەرێمی کوردستان کە بەشێکە لە عێراق شەهید بوون، کەسانێکی غەریب بن و خەڵکی ئەو وڵاتە نەبن، خێزان و پێشـمەرگەکانیش چاوەڕوانی ئەوە بوون کە ستاییشی بەغدا ببیستن، بەڵام ئەوە رووینەدا، کەواتە چۆن هاوکاریی سەربازیی پێشمەرگە بکەن؟ چۆن چەک و تانک و چەکی دیکە بدەنە پێشمەرگە لەکاتێکدا ئەوان هیچ وشەیەکی چاکیان بۆ پێشمەرگە رانەگەیاندووە؟.

پ: کەواتە ئاستی چ جۆرە هەماهەنگییەک لە نێوان هەیە لە نێوان هێزەکانی پێشمەرگە و سوپای عێراق، بە تایبەت کە هەردوولا هەندێک جار لە یەک شوێن شەڕی دژی داعش دەکەن؟

(فازڵ میرانی): نا بابەتەکە لەوە گەورەترە، بابەتی ئینتیما بۆ عێراق و بەرگری ئەولەویەتە لە بەسرە تا زاخۆ، ئەوە ئامانجێکی هاوبەشی نێوان پێشمەرگە و سوپای عێراقە، ئەوە بە چاوپۆشین لە گوتەی هەر بەرپرسێکی کورد لێرە و لە بەغدا، ئەو ئەڵقە نیشتمانییەی کە هەموو رۆڵەکانی عێراقی بە هەموو جۆرە ئایین و مەزهەب و پێکهاتەیەک بەیەکەوە بەستووەتەوە، ئەڵقەیەکی نیشتمانی نەگۆڕە و ئێمە پشتی پێ دەبەستین، ئەو ئەڵقەیەش گرینگە و دەبێت عێراقییەکان دەستی پێوە بگرن بۆ ئەوەی بە هۆیەوە رووبەڕووی هەموو جۆرە مەترسییەک ببنەوە .
پ: کەواتە دوای چەند مانگێک لە شەڕی هێزەکانی پێشمەرگە لەگەڵ داعش، لەهەموو ئەو شوێنانەی کە گرێدراو یان سەر بە هەرێمی کوردستانن، ئایا تا ئێستایش هەرێمی کوردستان هەڕەشەی داعشی لەسەرە؟.

(فازڵ میرانی): هەر کاتێک عێراق ئارام نەبێت، ئێمەش ئارام نین لە هەرێمی کوردستان، بۆ نموونە تا مووسڵ رزگار نەکەین، هەر لە سەنگەر دەبین بەرامبەر ئەوانەی بوونەتە هەڕەشە بۆ سەر هەرێمی کوردستان و عێراق، کەواتە دەبێت ئارامی بۆ هەموو عێراقییەکان بگەڕێتەوە، هەر لە ئەنبارەوە تا کوردستان .

سەبارەت بە مووسڵ، بەپێی زانیارییەکان داعش لەو شارە ئێستا چەکدار کۆ دەکاتەوە و چەکی قورسیشی هەیە، وەک بڵێی ریزەکانی رێک دەخاتەوە، ئایا هیچ جۆرە هێرشێک یان شەڕێک لە مووسڵ روو دەدات، بە تایبەت لەنێوان پێشمەرگە و داعش؟

(فازڵ میرانی): بە بڕوای من هیچ کاتێکی دیاری کراو نییە، هەر پرۆسەیەکی سەربازی پێویستی بە ئامادەکار و خۆ ئامادەکاری هەیە، بە بڕوای من رەوشی مووسڵ پێویستی بە دیراسەکردن و ئامادەکاری و ئامادەکاریی خەڵکی مووسڵ هەیە، چونکە پێشمەرگە ناکرێت بە تەنیا ئەو کارە بکات، بەڵام پێشمەرگە و سوپای عێراق و هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دەتوانن ئەو کارە بکەن و مووسڵ لە دەستی چەکداران دەربێنن، کارێک کە دەبێت روو بدات ئێستا و دوایی بێت.

پ: کەمێک دوور لە پێشکەوتنە مەیدانییەکان، لەسەر ئاستی پرۆسەی سیاسیی عێراق، پێشکەوتنی بەرچاو روویدا و (هۆشیار زێباری) وەک وەزیری دارایی دەستنیشان کرا، ئایا ئەمە رەنگدانەوەی چی دەبێت لەسەر هەرێمی کوردستان و پرسی بودجە لە عێراق، بەتایبەت ئێمە دەزانین کە (نووری مالیکی)-ی سەرۆکوەزیرانی پێشووی عێراق بەشەبودجەی هەرێمی کوردستان بڕیبوو پێشتر؟

(فازڵ میرانی): هەر بەو بۆنەیەوە پیرۆزبایی لە سەرۆکوەزیرانی عێراق و ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق و هەموو وەزیرەکان دەکەم، بە بڕوای من کێشەکە تەنیا لە کەسێک نییە وەک وەزیری دارایی، نە وەزیری پێشووی دارایی عێراق و نە (هۆشیار زێباری)، کێشەکە لە چۆنییەتیی مامەڵەکردن لەگەڵ پێکهاتەکان و بەڕێوەبردنی ئەو وڵاتەدا هەیە، لەوەتەی لەنێو پرۆسەی سیاسیم هەرگیز گوێم لێ نەبووە، حکوومەتێک مووچەی فەرمانبەرانی خۆی ببڕێت، لە کاتێکدا لە رووی یاساییەوە، ئەو فەرمانبەرانە ئەرکی سەرشانییان جێبەجێ دەکەن بەرامبەر وڵات، ئەو کەسەیشی ئەرکی خۆی بەرامبەر دەوڵەت جێبەجێ بکات، ماف و ئەرکی هەیە، بێ ماف هیچ ئەرکێک نامێنێت، کەواتە کاتێک حکوومەتی بەغدا مووچەی زیاتر لە یەک ملیۆن فەرمانبەری هەرێمی کوردستان بڕی، نەمانبیست و گوێمان لێ نەبوو کەس بێتە دەنگ، نە لە بەغدا نە لە وڵاتانی عەرەبی نە لە ئاستی نێودەوڵەتییش، ئێمەش قوربانی دەستی ئەو جۆرە بەڕێوەبەرییەین لە عێراق و پێمان وایە ئەو جۆرە مامەڵەیە خزمەتی عێراق ناکات، من دەیڵێم و گوتوومە، دەبێت لە بەغدا وا لە کورد بکەن کە پەرۆش بێت بۆ بەغدا و عێراق، بەڵام ئەو جۆرە مامەڵەیە دەبوو مەرجەعە ئایینییەکان و سیاسییەکان رەتیان بکردایەوە بە سوننە و شیعەوە، دەبوو قسەی خۆیان هەبوایە و بیانگوتایە، یان ئەوانە عێراقی نین، یان ئەگەر عێراقین بۆچی خۆراک و مووچەیان دەبڕدرێت، ئەوەمان چاوەڕێ دەکرد لە حکوومەتی پێشووی عێراق، هیواخوازم ئەو حکوومەتە بە ئینتیمای نیشتمانیی خۆی، خۆی لەو هەڵە و بژاردە هەڵانە بەرامبەر هەرێمی کوردستان بەدوور بگرێت، کەس نییە هەڵە نەکات، بەڵام گرینگ ئەوەیە سوود لە هەڵەکان وەربگیرێت، هەر ئەوەش لە حکوومەتەکەی (دکتۆر عەبادی) تەمەننا دەکەین.




دوایین هەواڵەکان

شاخەوان عه‌بدوڵڵا بۆ KDP: دەرکردنی ئەو ماڵە کوردانەی خانەقین ڕاگیرا

THURSDAY, 18 APRIL 2024 23:04:20

ھەولێر-KDP.info- جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق گوتی، دەرکردنی ئه‌و ماڵە کوردانه‌ی لە خانووی شارەوانی بوون کە بڕیاری لێدرابوو راگیرا.

 
ڕێگای نێودەوڵەتی ھامڵتۆن نوژەن دەکرێتەوە

THURSDAY, 18 APRIL 2024 20:04:17

سۆران _KDP.info_بەڕێوەبەری چاککردنەوە و پاراستنی ڕێگاوبانی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران گوتی: بە بڕیاری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ڕێگای نێودەوڵەتی ھامڵتۆن لە نێوان ھەرێمی کوردستان و کۆماری ئیسلامی ئێران نوژەن دەکرێتەوە.‌

 
پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارتی پێشوازیی لە شاندێکی کۆمەڵەی دۆستایەتی کورد و ئەڵمان کرد

THURSDAY, 18 APRIL 2024 17:04:30

ھەولێر-KDP.info- شاندێکی  کۆمەڵەی دۆستایەتی  کورد و ئەڵمان سەردانی مەکتەبی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارتی دیموکراتی کوردستانیان کرد و هۆشیار سیوەیلی، بەرپرسی مەکتەب و ژمارەیەک لە ستافی دێسک و یۆنیتەکانی مەکتەب  پێشوازیان لێ کردن.

ھەوراز عەبدولقادر: بەگوێرەی پڕۆژەیەک ١٠٠ ھەزار بۆ مووچەی ئەم توێژە زیاد دەبێت

THURSDAY, 18 APRIL 2024 17:04:31

ھەولێر  _KDP.info_ بەرپرسێکی وەزارەتی کاروباری کۆمەڵایەتی ئاشکرایکرد، بەگوێرەی پڕۆژەیەک ١٠٠ ھەزار دینار بۆ مووچەی کەمئەندامان زیاد دەکرێت، گوتیشی: لە ھەرێمی کوردستان ٧٤ ھەزار کەمئەندام و خاوەن پێداویستی تایبەت مووچەی مانگانەیان بۆ خەرج دەکرێت.

 
سەرۆک بارزانی پێشوازی لە سەرۆکی کارگێری هەڵبژاردن و ئەندامێکی ئەنجوومەنی کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق دەکات

THURSDAY, 18 APRIL 2024 17:04:21

ھەولێر-KDP.info-  ڕۆژێ پێنجشەممە 18ی نیسانی 2024 لە سەلاحەددین سەرۆک مەسعود بارزانی پێشوازی لە دادوەر عەباس فەرحان حەسەن سەرۆکی کارگێری هەڵبژاردن لە کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق و دادوەر عامر موسا محەمەد ئەندامی ئەنجوومەنی کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق کرد.

 


 
© 2023 Kurdistan Democratic Party, KDP

Contact