هەولێر-KDP.info- بڕیارە سبەی لەبارەی پلانی چوار ساڵی داهاتووی وەزارەتی پەروەردە و رەوشی خوێندن، بە تایبەت لە پارێزگای دهۆك، وەزیری پەروەردە لە پەرلەمانی كوردستان میوانداری بكرێت.
ئەندامی لیژنەی پەروەردە لە پەرلەمانی كوردستان (ئامینە زكری)، بە kdp.info-ی راگەیاند، بڕیارە سبەی پەرلەمانی كوردستان میوانداریی وەزیری پەروەردە بكات لەبارەی پلانی چوار ساڵی داهاتووی وەزارەت و رەوشی خوێندن بە تایبەت لە پارێزگای دهۆك، چونكە تاوەكو ئێستا لە سێ قەزا خوێندن دەستی پێ نەكردووە و بۆ ئەو مەبەستەیش ڕوونكردنەوە دەدات.
(ئامینە) گوتیشی، "ئێمە لە چەندین دانیشتندا وەكو پەرلەمانتارانی دهۆك لەگەڵ بەڕێوەبەرانی گشتیی پەروەردە لە دهۆك و خودی وەزیری پەروەردە و ئەنجوومەنی پارێزگای دهۆك، بەدواداچوونمان بۆ كێشەی پەروەردە كردووە و داوامان كرد وەزیری پەروەردە بێتە پەرلەمان و ڕوونكردنەوە لەبارەی پلانی چوار ساڵی داهاتووی پەروەردە و بارودۆخی پەروەردە لە دهۆك بدات".
ئەوەیشی خستە ڕوو كە، وەزیری پەروەردە خۆی داوای لە فڕاكسیۆنی پارتیی دیموكراتی كوردستان كرد كە بێتە پەرلەمان و ڕوونكردنەوە لەبارەی هەموو پرسەكانەوە بدات، بۆیە بڕیارە سبەی لە كۆبوونەوەی پەرلەماندا میوانداری بكرێت و ڕوونكردنەوەكانی خۆی بدات.
بڵند ئیبراهیم