Kurdî  ■  كوردی  ■  عربي
FRI, 26 APR 2024 09:05 Erbil, GMT +3
پارتی دیموکراتی کوردستان
ئازادی . دیموکراسی . دادپەروەری
 

وەزارەتی پێشمەرگە: وەرزی زستان لە بەرژەوەندیی پێشمەرگەدایە.. سەركەوتنی مەزن بەڕێوەیە
| KDP.info


پۆلێک پێشمەرگە کە لەسەر چەکی میلان و ڕۆبۆتی میندۆزەرەوە ڕاهێنانیان کردووە.

هەولێر-KDP.info-  وەزارەتی پێشمەرگەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ڕایدەگەیەنێت، سەرقاڵی دابینكردنی پێداویستیی زستانەن بۆ پێشمەرگە و چارەی ئەم كێشەیە دەكەن. دەشڵێت، ئەم وەرزە لە بەرژەوەندیی هێزی پێشمەرگەدایە و سەركەوتنی مەزن بەڕێوەیە.

بەڕێوەبەری راگەیاندنی وەزارەتی پێشمەرگەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان عەمید (هەڵگورد حیكمەت)، دەربارەی جیاوازیی هێرش و بەرگری و جیاوازیی وەرزەكان رایگەیاند، "جۆری پلان و هێرشكردن و بەرگریكردن لە زستاندا جیاوازییەكی زۆری لەگەڵ وەرزەكانی دیكەدا هەیە كە سەرمایان تێدا نییە، دەكرێت ئەم وەرزەیش وەكو چەكێكی باش دژی تیرۆریستان و دوژمنانی میللەتی ئێمە بەكار بهێنرێت، پلانێكی زۆر گشتگیریش هەیە و لە داهاتوویەكی زۆر نزیكیشدا سەركەوتنەكانی هێزی پێشمەرگە دەبینین".

عەمید (هەڵگورد) بۆ kdp.info گوتی، "هاوكارییەكانی هاوپەیمانان بۆ هێزی پێشمەرگەی كوردستان، بێ بەرانبەرن، چونكە ئێمە تا ئێستا پڕۆتۆكۆڵ یاخود گرێبەستێك و شتێكی لەو بابەتەمان لەگەڵ هیچ دەوڵەتێكدا نەكردووە، ئەمە هاوكاریی ئەو وڵاتانەیە كە ئێستا هاوپەیمانی هەرێمی كوردستان و پێشمەرگەی كوردستانن لە جەنگی دژی داعشدا، ئەم هاوكاریانە شێوازی جۆربەجۆریان هەیە كە لە چەكی سادە و سووكەوە تێیدایە هەتا چەكی قورس و تەقەمەنییش، بەڵام بە كۆی گشتی ئەم هاوكاریانە سەرەتایین".

پێشمەرگە ئامادەی جەنگێکی فراوانە
پێوەست بە دانانی بناخەیەكی پتەو لەگەڵ هاوپەیمانان و بەردەوامیی پشتگیرییەكانیان ڕایگەیاند، "ئێمە بناخەیەكمان داناوە بۆ هاوپەیمانەتییەك یاخود هاوكاریكردنی پێشمەرگە و سەرەتاكەی دەستی پێ كردووە و بە تەقەمەنی و بەشێك لەو چەكە قورس و سوكانەی كە گەییشتوونەتە هەرێمی كوردستان و دەستی پێشمەرگە، ئەمەیش دەبێت بەردەوامیی هەبێت و بە دڵنیاییشەوە لە كۆبوونەوەكانی وەزارەتی پێشمەرگە لەگەڵ وڵاتانی هاوپەیمان هەموو جارێك جەخت دەكرێتەوە كە هاوكارییەكان زیاتر بكرێن و خستنەڕووی ئەو پێداویستییە هەنووكەییانەی كە لەبەرەكاندا هەیە، سەبارەت بە پێشمەرگە، ئەوانیش تا رادەیەكی باش بەهاناوەهاتنیان هەیە و هاتوونەتە پێشەوە و ئامادەییشیان هەبووە، بە نموونە مەسەلەی چوونی ئەو كۆمەڵە ئەفسەرە بۆ ئەڵمانیا و بینینی خولی بەكارهێنانی میلان كە دژەتانكە و ئێستاكە میلانەكە لە دەستی پێشمەرگەدایە و لە بەرەكانی شەڕە كە 32 ئەفسەری ئێمە بۆ ئەو مەبەستە چوونە ئەڵمانیا و لەوێ دەورەیان لەسەر چەكی میلان بینیوە، ئێستایش چەكەكان دابەشی سەر تەواوی میحوەرەكان كراون كە ئەوە لە ئایندە كاریگەری دەبێت، بەهەمان شێوە ئەو دۆشكانەی كە هاوپەیمانەكان داویانە بە ئێمە دوای ئەوەی كە لێرە ژمارەیەكی باشی پێشمەرگە دەورەیان لەسەر بینیوە كە لە ژێر دەستی فێركاری بیانی راهێنانیان كردووە، ئێستا بەهەمان شێوە ئەوانیش ژمارەیەكی زۆریان لە تەواوی بەرەكان هەیە".
گوتیشی، "هەروەها جۆرە تۆپێكیش هەیە كە دابەشی سەر میحوەرەكان كراوە و مەشقیشی لەسەر كراوە، ئەمە بە شێوەیەكی گشتی تەواوی ئەو چەكانەی كە هاتوون تەنانەت رۆبۆتەكەیش ئەو رۆبۆتەی كە بەكار دەهێنرێت بۆ هەڵگرتنەوەی مین و ئەو بۆمبانەی كە تیرۆریستان زۆر بەكاری دەهێنن، لە تەواوی جەبهەكاندا دابەش كراوە، ئەویش مەشقی لەسەر كراوە و ئێستا بەهەمان شێوە ئەم رۆبۆتانەیش كە لەگەڵ میلانەكەدا ژمارەیەكی زۆر دیاری كراون، بەڵام سوودمەندن بۆ جەبهەكان، ئەم هاوكاریانەیش رۆڵی خۆیان گێڕاوە و دەبێت پێشمەرگەیش لەگەڵ ئامادەیی هاوپەیمانەكانیدا، ئامادەیی تێدا بێت بۆ ئەوەی زیاتر مەشق و راهێنان بكات و خۆی ئامادە بكات تا بتوانێت جیاواز لە جاران، لە جەنگێكی پارتیزانیدا نا، بەڵكە لە جەنگێكی بەرفراوانی وەكو ئەمەی ئێستادا بەرەوڕووی تیرۆریستان ببنەوە".

هاوپەیمانان مەبەستیانە پێشمەرگە ببێتە دامەزراوەیەكی سەربازی
بەڕێوەبەری راگەیاندنی وەزارەتی پێشمەرگە، دەربارەی هاتنەپێشەوەی جەنگی داعش و سەپاندنی قۆناخێكی تر بەسەر هێزی پێشمەرگەدا، رایگەیاند، "ئێمە بە هاوپەیمانەكانمان گوتووە كە لە ساڵانی رابردوودا پێشمەرگەمان راهێنابوو لەسەر ئەوەی رێگری بكات لە هاتنەناوەوەی تیرۆریستێك و خۆكوژێك ئەو واقیعی حاڵەی هەمان بووە لە هەرێمی كوردستان، پێشمەرگەمان بۆ ئەوە ئامادە كردبوو، بەڵام لە راستیدا جەنگی داعش كە هاتە پێشەوە قۆناخێكی دیكەی بەسەر هێزی پێشمەرگەی كوردستاندا سەپاند، بۆیە ئێمە داوامان كردووە كە پێشمەرگە پێویستی بە مەشق، چەك، پێداویستییەكانی تری سەربازی هەیە ئەوەی كە سوپایەك هەیەتی لە دونیادا، ئەمانەیشمان هەموو خستووەتە بواری گفتوگۆوە، بە دڵنیاییشەوە ئەولەوییەت دەدرێت بە جۆری پێداویستییەكانی پێشمەرگە و سەیری جەبهەكان دەكرێت كە ئێستا چی پێویستیی ئەو جەبهانەیە، هەروەها هاوپەیمانان ئامادەییان تێدایە هاوكارمان بن، ئێمەیش بە شێوەیەكی ستراتیژیانە قسە لەسەر تەواوی دامەزاوەی پێشمەرگە دەكەین لەگەڵیاندا و ئەم ستراتیژییەتەی كە ئێستایش لە نێوانی پێشمەرگە و هاوپەیمانەكانماندا پێڕۆ دەكرێت، بەلای كەمەوە تا 3 ساڵی دی جۆری ئەم هاوكاریانە بەردەوام دەبن و ئەوەیش كە گرینگە بیڵێم، هاوپەیمانان زۆر بە جیددی مەبەستیانە پێشمەرگە ببێتە دامەزراوەیەكی سەربازی لە ئاستی پێویست لەم ناوچەیەدا".

عەمید (هەڵگورد) دەربارەی ئەو فڕۆكانەی كە ئێستا كەوتوونەتە دەستی چەكدارانی تیرۆریستی داعش، گوتی، "ئەوە مەترسییەكی دیكەیە كە ئێستا هەیە و وا دەكات ئێمە لەگەڵ هاوپەیمانەكانمان باسی ئەو فڕۆكانەیش بكەین كە واقیعەكە ئەوە فەرز دەكات كە كۆبوونەوەكانی داهاتوومان لەگەڵ هاوپەیمانان مەسەلەی چەكی دژەفڕۆكەمان بۆ دابین بكەن".
(هەڵگورد حیكمەت)، دەربارەی هاتنی وەرزی سەرما و باران و ئامادەكارییەكانی وەزارەتی پێشمەرگە، ئاماژەی دا، "لەبەر ئەوەی زۆر سەرقاڵی ئەو واقیع و جەبهەیەن كە هەیە و هەموویشمان دەزانین جەبهەیەكی فراوانە، لەوانەیە وەكو پێویست وەزارەت نەیتوانیبێت بەدەم مەسەلەی بارانبارین و ئامادەكاریی پێویستەوە بچێت، لەسەر ئەم كەشوهەوا تازەیە كە ئەمساڵ زووتر باران باری، بەڵام ئێستا برادەرانی وەزارەت سەرقاڵن مشووری دابینكردنی پێداویستیی زستانە دەخۆن و ئەوەیش جێبەجێ دەكرێت و وەزارەتیش چارەی ئەم كێشەیە دەكات، پێشمەرگەیش رادە و ئاستی ورە و توانا و خۆشەویستیی بۆ وڵاتەكەی لەوە زۆر زیاترە كە تەحەموولی حاڵەتێكی وا نەكات".

ئەو هەروەها زیاتر گوتی، "ئەو كەشوهەوا زستانییەی كە چاوەڕوان دەكرێت لە ناوچەكەدا بێتە ئاراوە، ئەوەندەی كە لە بەرژەوەندیی هێزی پێشمەرگەی كوردستاندا تەواو دەبێت، لە بەرژەوەندیی تیرۆریستاندا نییە و بە زیانی تیرۆریستان دەشكێتەوە، چونكە هێزی پێشمەرگەی كوردستان پەروەردەی ئەم سرووشتەی كوردستانە كە چوار وەرزی هەیە و تێیدا ژیاوین، بەڵام لەناو تیرۆریستانی داعشدا كە زۆر پێكهاتەی تێدان و تەواجوودیان هەیە، زیاتریشیان ئەوانەن كە عەرەبن و عەرەبیش تا رادەیەكی زۆر خەڵكی ناوچە بیابانییەكانن كە ئەوەیش كاریگەریی خۆی هەیە".
عەمید (هەڵگورد) ئاماژەیشی دا، "جۆری پلان و هێرشكردن و بەرگریكردن، لە زستاندا جیاوازییەكی زۆری لەگەڵ وەرزەكانی دیكەدا هەیە كە سەرمایان تێدا نییە، بۆیە دەكرێت ئەم وەرزەیش وەكو چەكێكی باش دژی تیرۆریستان و دوژمنانی میللەتی ئێمە بەكار بهێنرێت".
لەبارەی جموجۆڵی هێزی پێشمەرگەی كوردستان و گرتنەوەی ئەو شوێنانەی لە بەردەستی داعشدان، بەڕێوەبەری راگەیاندنی وەزارەتی پێشمەرگە گوتی، "پلانێكی زۆر گشتگیر هەیە و لە داهاتوویەكی زۆر نزیكدا سەركەوتنەكانی هێزی پێشمەرگەی كوردستان دەبینین".

KDP.info




دوایین هەواڵەکان

چلەی ماتەمینی تێکۆشەر و خەباتگێڕ دکتۆر جەرجیس حەسەن بەڕێوەچوو

FRIDAY, 26 APRIL 2024 01:04:37

ھەولێر-KDP.info- ڕۆژی پێنجشەممە لە شاری هەولێر بە ئامادەبوونی نوێنەری سەرۆک بارزانی چلەی ماتەمینی تێکۆشەر و خەباتگێڕ (دکتۆر جەرجیس حەسەن) بەڕێوەچوو.

 

فازڵ میرانی: پارتی به‌ سه‌رۆكایه‌تیی سه‌رۆك بارزانی دوو ئه‌ركی له‌ ئه‌ستۆدایه‌

THURSDAY, 25 APRIL 2024 21:04:43

ھەولێر-KDP.info- به‌رپرسی ده‌سته‌ی كارگێڕیی مه‌كته‌بی سیاسیی پارتی ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات، پارتی به‌ سه‌رۆكایه‌تیی سه‌رۆك بارزانی له‌م هه‌لومه‌رجەدا دوو ئه‌ركی له‌ ئه‌ستۆدایه‌، ده‌شڵێت، ده‌بێت ئه‌مڕۆ بپارێزن بۆ ئه‌وه‌ی سه‌رفرازییه‌كانی دوێنێ به‌رده‌وام بن.

 
شێروان دوبەردانی" ھەندێ لایەن لە نەینەوا دەیانەوێ زێدەڕۆیی بکەنە سەر مافەکانی کورد و پارتی"

THURSDAY, 25 APRIL 2024 20:04:44

نەینەوا -KDP.info- پەرلەمانتارێکی پارتی دەڵێت، ھەندێ لایەن لە نەینەوا دەیانەوێ  دەستوەردان لە پۆستە کارگێڕییەکانی نەیەنەوا بکەن و گۆڕانکاری لەو پۆستانە بکەن کە پشکی پارتی و کوردن..دەشڵێت، ئێمە بەرەنگاریان دەبینەوە.

 
مەکتەبی سیاسی پرسەنامەیەک ئاراستەی خانەوادەی (سەید مەحموود تاوەگۆزی) دەکات

THURSDAY, 25 APRIL 2024 19:04:31

ھەولێر-KDP.info- مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان، پرسەنامەیەک ئاراستەی خانەوادەی خوالێخۆشبوو (سەید مەحموود سەید حسێن تاوەگۆزی) دەکات.

 
بەڕێوەبەری کوشتارگەی هەولێر"بڕیاری سەرۆکی حکوومەت کاریگەری لەسەر نرخی گۆشت دەبێت

THURSDAY, 25 APRIL 2024 17:04:26

ھەولێر-KDP.info-  بەڕێوەبەری کوشتارگەی هەولێر دەڵێت، نرخی گۆشت لە بازاڕەکانی هەرێم دادەبەزێت..دەشڵێت، بڕیاری سەرۆکی حکوومەت کاریگەری لەسەر نرخی گۆشت دەبێت.

 


 
© 2023 Kurdistan Democratic Party, KDP

Contact