Kurdî  ■  كوردی  ■  عربي
WED, 24 APR 2024 14:04 Erbil, GMT +3
پارتی دیموکراتی کوردستان
ئازادی . دیموکراسی . دادپەروەری
 

دڵشاد شەهاب: دەکرا یەکێتی لە بری بەیاننامە، پەنای بۆ دادگا بردبایە.. هەڵپەڕكێی شادیی بۆ پاشەكشەی پارتی بەست
| KDP.info


ئەندامی سەركردایەتیی پارتیی دیموكراتی كوردستان (دڵشاد شەهاب)

هەولێر-KDP.info-  دەربارەی ئاڵۆزبوونی پەیوەندییەكانی نێوان پارتی و یەکێتی، (دڵشاد شەهاب)، ڕاشكاوانە دەڵێ، "لەو رۆژەوەی كەوا یەكێتی هەڵپەڕكێی شادیی بۆ پاشەكشەی پارتی بەست، خەڵكی كوردستان شینیان بۆ شنگال دەكرد"، دەربارەی ئەو بەیاننامەیەی یەكێتییش پێوەست بە چوونی سیاسیێكی كوردستان بۆ لای ناحەزێكی كورد و داواکردنی بڕینی مووچەی فەرمانبەران، ئەو ئەندامەی سەرکردایەتیی پارتی دەڵێ، "ئەگەرچی حوكمكردن لەسەر ئەم مەسەلەیە زووە و من ناتوانم بڵێم ئەم بابەتە ڕاستە، هاوکات نایشتوانم ڕەتی بكەمەوە، بەڵام دەڵێم، ئەگەر یەكێتی لەبری ئەوەی بەو هەڵچوونەوە ئەم بەیاننامەیە بڵاو بكاتەوە، دەبووایە رێگەیەكی دروستی دیكە بگرنە بەر، ئەگەر بەڕاست متمانەیان بەوە هەبێت كەوا هەموو بەرپرسەكانی یەكێتی لەم پرسە دوورن، دەبووایە پەنا بۆ دادگا ببەن."

ئەندامی سەركردایەتیی پارتیی دیموكراتی كوردستان (دڵشاد شەهاب) لە دیمانەیەكی تایبەتی KDP.info-دا، پێوەست بە پرسی تێکچوونی ڕێککەوتننامەی ستراتیژی و ئاڵۆزبوونی پێوەندیی نێوان پارتی و یەکێتی بە ڕوونی وەڵامی چەند پرسێک دەداتەوە.

* پەیوەندییەكانی نێوان پارتی و یەكێتی، لێدوانە جیاجیاكان و خوێندنەوەی هەندێك لە چاودێران بۆ دۆخەكە كە هەندێك جار بە بارگرژی وەسف دەكرێت، ئێوە چۆن باسی دەكەن؟
(دڵشاد شەهاب): بە دیتی من كاتی ئەوە هاتووە كەوا هەموو ئەوانەی چاودێریی ئەم پەیوەندیانە دەكەن و پاراستنی یەكڕیزیی خەڵكی كوردستانیان لا مەبەستە، لە هۆكارەكان و سەرەتاكانی سەرهەڵدانی ئەم بارگرژییەی كە ئێستا هەیە، بپێچنەوە. ئەگەر بۆ سەرەتای سەرهەڵدانی ئەم تێكچوون و گرژییەی پەیوەندیانە بگەڕێینەوە، دەبێت چاوێك بە رێككەوتنی ستراتیژیدا بخشێنینەوە كە لە نێوان پارتی و یەكێتیدا هەبووە، بەپێی ئەو رێككەوتنە هەموو لایەك دەزانین كە پارتی و یەكێتی لەسەر شێوازی حوكمڕانی و بەیەكەوە ئیدارەكردنی حوكم لە هەرێمی كوردستاندا كۆك بوون و ئەمەیش لە كۆمەڵێك خاڵی رووندا هاتووە، سەرەتاكانی شكاندنی ئەم رێككەوتننامەیە بۆ ئەوكات دەگەڕێتەوە كەوا یەكێتی خۆی بە هۆی ئەم رێككەوتنە ستراتیژییەوە سەرەڕای ددانپێدانانی سەركردەكان و كادرە پێشكەوتووەكانی یەكێتی كە لە هەڵبژاردنەكانی ساڵی 2009 خۆیان بە زاری خۆیان دەڵێن دەنگەكانی ئێمە لە ساڵی 2013 زیاتر نەبوون، بەڵام بە هۆی ئەوەی كە رێككەوتننامەی ستراتیژیمان هەبوو، 50 بە 50 پۆستەكان لەگەڵ پارتی دابەش كران، بە هۆی ئەوەوە كورسییەكانی یەكێتی تێیدا بزر بوون، لەو كاتەیدا كە بە هۆی ئەو رێككەوتنەوە یەكێتی 50 بە 50 حوكمی هەرێمی كوردستانی لەگەڵ پارتیدا دەكرد، زۆربەی جار لە لێدوانەكانیاندا هێرشیان دەكردە سەر رێككەوتنی ستراتیژی وەكو ئەوەی رێككەوتننامەی ستراتیژیی نێوان پارتی و یەكێتی هۆكاری شكستێكی گەورە بێت لەم وڵاتەدا، بە شێوەیەكی گشتی و بۆ خودی یەكێتییش، لە حاڵەتێكدا یەكێتی بە هۆی ئەم رێككەوتنەوە حوكمی 50 بە 50-ی لە هەرێمی كوردستاندا دەكرد كە لە هەڵبژاردنەكانی ساڵی 2013 دەری خست ئەمە قەبارەی یەكێتی نەبووە و خۆیشیان بە روونی ددانیان بەوەدا نا.

*سەرەتاكانی تێكچوونی پەیوەندییەكان و پێشێلكردنی ئەو رێككەوتنە بۆ كەی دەگەڕێتەوە؟
(دڵشاد شەهاب): یەكێك لەو بەندانەی كە هەردوو لامان بە روونی تێیدا لەسەری رێك كەوتبووین، ئەوە بوو كە لە هەڵبژاردنەكاندا بە یەك لیست دابەزین و بەیەكەوە لە سەندیكا و هەڵبژاردنەكانی پەرلەمان و هەر هەڵبژاردنێكی دیكە كە لە كوردستاندا دەگوزەرێت، بەشدار بین. یەكەمین جار پێشێلی ئەم رێككەوتنە لە هەڵبژاردنی سەندیكای پارێزەراندا كرا كاتێك كە بە روونی نەك بە شێوەیەكی نهێنی، یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان هاوپەیمانەتیی لەگەڵ هەرسێ لایەنی ئۆپۆزسیۆن لە دژی پارتیی دیموكراتی كوردستان بەست، سەرەڕای ئەوەی هەر چواریان چوونە پاڵ یەكتری، لە هەڵبژاردنەكەدا شكستیان هێنا، ئێمە ئەو كات زۆر بە روونی ئەوەمان بەرەو رووی سەركردایەتیی یەكێتیمان كردەوە كە ئەوە پێچەوانەی رێككەوتننامەی ستراتیژیی نێوانمانە، ئەمە ناكرێت و چەند كۆبوونەوەیەك كران بۆ هێوركردنەوەی دۆخەكە ئەوە بوو داوایان كرد كە هەریەك لە پارتی و یەكێتی بە لیستێكی جیا لە هەڵبژاردنی 2013دا دابەزین كە ئێمە زۆرمان جەخت كردەوە كە ئێمە پابەندین بە رێككەوتننامەی ستراتیژی و بۆ ئەم قۆناخە زەروورە، ئێمەیان خستە خانەیەكی واوە وەكو ئەوەی كە ئێمە بووبینە بارێكی زۆر قورس بەسەر یەكێتییەوە و بمانەوێ لەگەڵیاندا بە یەك لیست دابەزین، ئەوە بوو لەسەر پێشنیازی یەكێتی بڕیار درا هەریەكەمان بە لیستێكی جیا دابەزین و دەرئەنجامەكانیش دەركەوتن كە پارتیی دیموكراتی كوردستان دووبەرابەر و زیاتری كورسییەكانی یەكێتیی، لە هەرێمی كوردستاندا كورسیی بە دەست هێنا كە هاتینە سەر دابەشكردنی پۆستەكان ئیتفاقی ستراتیژی لە رووی ناوەڕۆكەوە هەمووی پێشێل كرابوو و تەنیا برادەرانی یەكێتی دەیانویست ئەم بەندەی كەوا پەیوەستە بە دابەشكردنی پۆستەكان 50 بە 50 بن، ئەمە بە تەنیا بە زیندوویی بمێنێتەوە، بەڵام لەسەر بنەمای پاراستنی بەرژەوەندی و یەكڕیزیی نیشتمانیی كوردستان و بەرژەوەندیی گشتیی ئەم هەرێمە، پارتی رازی بوو پاش ئەوەی كەوا مافی هەموو لایەنەكان بەپێَی ئیستحقاقی ئینتخابی لە پۆستەكان جیا كرایەوە ئینجا لە بەشی خۆی و لە بەینی خۆی و یەكێتیدا نیوە بە نیوە دابەشی كرد و لە كابینەی هەشتەمدا وەزارەتەكانی ئێمە و ئەوان بەقەدەر یەك بوون.

*ئەگەر ڕوونتر باسی بكەی ئەم مەسەلەیە لە كەیەوە وا ئاڵۆز بوو؟
(دڵشاد شەهاب): ڕاشكاوانە دەڵێم لەو رۆژەوەی كەوا یەكێتی دەستی بە هەڵپەڕكێ كرد لەبەر دەنگی شینی كارەساتی شنگال، یەكێتی هەڵپەڕكێی شادیی بۆ پاشەكشەی پارتی بەست كە خەڵكی كوردستان شینیان بۆ شنگال دەكرد، یەكێتی شاییان بۆ شكستی پارتی دەگێڕا وەكو ئەوەی تەنیا پارتی بەرپرسیار بێت لەم دۆخە و بە زیاتریشەوە، ئەوەیش بە ڕوونی لەسەر زاری نەك كادرێك و دەزگایەكی راگەیاندنی سێبەر، بەڵكە لەسەر زاری بەرپرسەكانیان زۆر بە روونی هەستی پێ كرا كە بەرپرسی مەڵبەندیان دەڵێت ئیتر خەڵكی لەم ناوچەیە بڕوا و متمانەیان بە پارتی نەماوە وەكو ئەوەی كە دەستكەوتێكی زۆر گەورەی دەست كەوتبێت.

*مەبەست لەو گێڕانەوەیە چییە؟
(دڵشاد شەهاب): كاتێك كەوا تەئكید لەسەر زەروورەتی یەكڕیزی و پەیوەندی و باشبوونی ئەم پەیوەندیانە دەكرێت، دەبێت لە هەمان كاتدا بگەڕێینەوە بۆ ئەوەی كە هۆكارەكانی تێكچوونی ئەم پەیوەندیانە چین. من لە خەڵكی كوردستان دەپرسم، پارتی دەبێت چیی دیكە بكات لەوەی كە لە هەڵبژاردنەكان و دابەشكردنی پۆستەكان بەم شێوازە مامەڵە بكات لە دابەشكردنەوەی پۆستەكانیش لە بەغدا و ئیستیحقاقی یەكێتی و دەستنیشانكردنی سەرۆككۆمار بەم شێوەیە مامەڵە بكات و لە پۆستەكانی تر بەم شێوەیە مامەڵە بكات، بە واتایەكی دیكە، پارتی هەرچییەكی لە ئەستۆ بووە بۆ پاراستنی ئەم پەیوەندی و یەكڕیزییە كردوویەتی، بەڵام چەپڵە تەنیا بە دەستێك لێ نادرێت و ئەم یەكڕیزیەیش تەنیا بە پارتی ناپارێزرێت و لە هیچیش لەو مەجالانەدا پارتی كەموكوڕیی نەبووە.

* بەم دواییە بڵاو بووەتەوە كە گوایە دوو بەرپرسی یەكێتی هەوڵیان بۆ بڕینی مووچەی كوردستان داوە، ئەمەیش جۆرێک لە نیگەرانی لە نێو جەماوەردا ناوەتەوە، دەشێ ئەمە ڕاست بێ؟
(دڵشاد شەهاب): تەمەننا دەكەم ئەوە وا نەبێت، وەكو كوردێك حەز ناكەم هەر سیاسەتمەدارێكی كوردستان ئەوەی كردبێت، چونكە بە شكستی دەبینم و خەڵكیش لە كوردستان تووشی نائومێدی دەكات، ئەگەر هەر سیاسەتمەدارێكی كوردستان چووبێتە لای ناحەزێكی كورد و داخوازییەكی وای لێ كردبێت لە پێناو مەرامێكی سیاسیی حزبیی تەسكدا، حوكمكردن لەسەر ئەم مەسەلەیە زووە و من ناتوانم بڵێم ئەم بابەتە راستە، نایشتوانم ڕەتی بكەمەوە، بەڵام دەڵێم ئەگەر یەكێتی لەبری ئەوەی بەو هەڵچوونەوە ئەم بەیاننامەیە بڵاو بكاتەوە، دەبووایە رێگەیەكی دروستی دیكە بگرنە بەر، ئەگەر بەڕاست متمانەیان بەوە هەبێت كەوا هەموو بەرپرسەكانی یەكێتی لەم پرسە دوورن، دەبووایە پەنا بۆ دادگە ببەن و داوای سەرچاوەی رەسمی لە رێگەی دادگەوە لەو دەزگا راگەیاندنە بكەن خۆ ئەگەر دەستگای راگەیاندن ئەمەی سەلماند كە ئەو سەرچاوانە دروستن و بەڵگەی پێویستی لە بەردەستدا بوو، بە دیتی من دەبێت خەڵكی كوردستان لەم مەسەلەیە بێدەنگ نەبن و هەموویان لەو مافەی خۆیان بپێچنەوە لەوەی كە كەسانێك بووبنە هۆكاری ئەو ئەزیەت و مەینەتییەی كەوا ئێستا خەڵكی كوردستان پێیدا تێپەڕ دەبن، ئەگەر پێچەوانەكەیشی بوو، ئەوا مافی خۆیەتی یەكێتی ئەوكات هەر چۆنێكی بووێت داوای یاسایی خۆی پێشكەش بكات، چونكە بەپێی یاسا ئەوانیش مافی خۆیانە.

* لە یەكێك لە خاڵەكانی بەیاننامەی یەكێتیدا هاتووە، "روون و ئاشكرایە كە كێ هۆکاری شكستی سیاسەتی داراییی هەرێمی كوردستانە" ئەوان مەبەستیان كێیە؟
(دڵشاد شەهاب): هەموومان دەزانین ئەوە پێویست بەوە ناكات خەڵك بە پەناوپێچ باسی بكات، دەبێت زۆر راستگۆیانە بین لەگەڵ خۆیشمان و جورئەتی راستگۆییمان لەگەڵ خەڵكیشدا تێدا بێت، ئیدارەی هەرێمی كوردستان لە ماوەی رابردوودا لە دوای رێككەوتنی ستراتیژییەوە هەتا ئێستا پارتی و یەكێتی بە 50بە50 ئیدارەی ئەم وڵاتەیان كردووە، واتا هەر كارێكی كە لەم ئیدارەیەدا كراوە بە باش و خراپ ئێمە وەكو پارتی پێمان وایە هەردوو لامان لێی بەرپرسین و هیچ كاتێكیش ئێمە لە بەرپرسیارەتیی خۆمان بەرانبەر بە دەستكەوتەكان و كەموكوڕییەكانیش نەشاردووەتەوە و بە شانازییەوە دەڵێین خاوەنی دەسكەوتەكانین ئەوانەی كە لە هەرێمی كوردستاندا هاتوونەتە دەست و تەحەممولی بەرپرسیارەتیی هەوو كەموكورتییەكانیش دەكەین، چونكە ئێمە حاكم بووینە و متمانەی خەڵكمان لەلا بووە، بەڵام ئەگەر یەكێتی پێی وابێت كەوا خۆی لە بەرپرسیارەتیی رابردوو و ئێستای هەرێمی كوردستان بێبەری بكات، كە ئەمە لە كاتێكدا بۆ یەكێتی دروست دەبوو كە دەستبەرداری ئەو پۆستانە بووایە، ئەوەی كەوا ئیدارەی حوكمی پێ دەكرد، یەكێتی لە ماوەی رابردوودا سەرۆكی حكوومەتی هەبووە، ئەو ماوەیەی كە ئەوان بە شكست باسی دەكەن، جێگری سەرۆكی حكوومەتیان لەلا بووە، سەرۆكی پەرلەمان و جێگری سەرۆكی پەرلەمانیان هەبووە و هەشت ساڵی دووبارەیش بە دوای یەكدا لە ماوەی دوو كابینەدا وەزیری دارایی لە یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بووە.

*سەرباری هاوبەشییان لە فەرمانڕانێتیی ئەم هەرێمەدا، یەكێتی هەمیشە وا پێشان دەدات كە لە كەموكورتییەكان بێبەرییە، هەست دەکرێ خۆ بە خاوەنی باش و خراپەکان نەزانێ؟
(دڵشاد شەهاب): بە دیتی من ئەم هەڵچوونەی كە لەو بەیاننامەیەدا هەیە و خۆدەربازكردن لەوەی كەوا ئەوان بەرپرسیار نین لە شكستی ئیداری یاخود داراییی هەرێمی كوردستاندا، لەگەڵ بەشداربوونیان لە حكوومەت و گفتوگۆی توندیان لەسەر ئەوەی كەوا وەزیرێكی زیاتریان لە حكوومەتدا هەبێت، دوو شتی دژ بە یەكن، خەڵكێك كە ئەوەندە مەبەستی بێت بەشداری حوكم بێت و شەڕی دیپلۆماسی لەسەر بەدەستهێنانی كورسییەكی وەزارەتێك بكات، دەبێ خۆیشی لێ بە خاوەن بكات و نابێت بە خەڵك بڵێت من بەرپرسیار نیم لەوەی كە لە هەرێمی كوردستاندا دەگوزەرێت، بۆیە بەیاننامەیەك بە وەڵامدانەوەی دەستگای راگەیاندن و بەو شێوەیە خۆدەربازكردن لە بەرپرسیارەتیی هەرێمی كوردستان، بە ڕای من شتێكی لە جێگەی خۆیدا نییە و دەكرا ئەم بابەتە زۆر بە هێمنانەتر و بە رێگەی یاسایی چارە كرابایە، وەك چۆن چەندان جاری وا هەبوون لە دەستگاكانی راگەیاندنەوە شت لەسەر هەموو لایەنەكان بڵاو كراونەتەوە و رێوشوێنی یاساییان بۆ گیراوەتە بەر. ئەگەر كەموكورتی لە دەستگاكانی ڕاگەیاندندا هەبووبێت، یاساكان رێڕەوی خۆیان وەرگرتووە.


گفتوگۆی بەڕیوەبەری نووسین




دوایین هەواڵەکان

عەبدولحسێن شەعبان: کێشەی ھەرێم لەگەڵ بەغدا لە سنووری دادگای فیدڕاڵی گەورەترە

WEDNESDAY, 24 APRIL 2024 12:04:32

ھەولێر-KDP.info- بیرمەندێکی ناسراوی عەرەب باس لەو گرفتە سیاسی و ئەمنیانە دەکات کە ڕووبەڕووی کوردستان کراوەتەوە و ئاماژە بەوە دەکات، کێشەی ھەرێمی کوردستان لەگەڵ بەغدا زۆر لە سنووری دادگای فیدڕاڵ دوورتر و گەورەترە دەشڵێ، ناکرێ مووچە و بوودجەی ھەرێم بخەنە نێو ململانێ و کێشمەکێشی سیاسییەوە، چونکە ئەمە سەرپێچییە و یەکێتیی نیشتمانیی وڵات و ئایندەی پەیوەندییەکانی نێوان عەرەب و کورد ڕووبەڕووی مەترسی دەکاتەوە".

 
بەمنزیکانە سەرۆکی هەرێمی کوردستان سەردانی بەغدا دەکات

WEDNESDAY, 24 APRIL 2024 12:04:47

ھەولێر-KDP.info- سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ بەشداری لە کۆبوونەوەیەکی هاوپەیمانی بەڕێوەبردنی دەوڵەت دەچێتە بەغدا. گوتەبێژی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستانیش دەڵێت، ئێستا هەوڵی جیددی هەن هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە کاتی خۆیدا بکرێت. 

 
مەسروور بارزانی: شەهیدانی کارەساتی بۆردوومانی قەڵادزێ هەمیشە لە یادمانن

WEDNESDAY, 24 APRIL 2024 11:04:17

ھەولێر-KDP.info- سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان جەخت لەوە دەکاتەوە، شەهیدانی بۆردوومانی قەڵادزێ "هەمیشە لە یادمانن".

 
ئەمڕۆ ئەنجوومەنی وەزیران چەند بابەتێک گفتوگۆ دەکات

WEDNESDAY, 24 APRIL 2024 10:04:07

ھەولێر-KDP.info- ئەمڕۆ چوارشەممە، 24 ی نیسانی 2024، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، بە سەرپەرشتیی مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، کۆدەبێتەوە و تێیدا چەند بابەتێک گفتوگۆ دەكرێت.

 
ڕاگەیاندنی پارتی پرسەنامەیەک ئاراستەی خانەوادەی ھونەرمەند (جەمال ھیدایەت) دەکات

WEDNESDAY, 24 APRIL 2024 10:04:44

ھەولێر-KDP.info- بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پارتی دیموکراتی کوردستان، پرسەنامەیەک ئاراستەی خانەوادەی ھونەرمەندی ناسراوی گەلەکەمان مامۆستا (جەمال ھیدایەت) دەکات.

 


 
© 2023 Kurdistan Democratic Party, KDP

Contact