Kurdî  ■  كوردی  ■  عربي
THU, 25 APR 2024 02:24 Erbil, GMT +3
پارتی دیموکراتی کوردستان
ئازادی . دیموکراسی . دادپەروەری
 

لە ساڵیادی شەهیدانی قەندیلدا.. سەفەر یوسف میرخان ژاژوكی
| KDP.info


كاتێك لە ئەلبوومی ژیانی ئەم میللەتە ستەملێكراوە رادەمێنین، بە سەدان و هەزاران دیمەن و چیرۆكی سەیر سەیر دێنەوە پێش چاومان، كە گوزارشتن بۆ ڕۆژە سەخت و كارەساتاوییەكان و هەریەكەیان تۆمارێكی سەرنجڕاكێش و هەستبزوێنن و لە زهنی مرۆڤدا فلیمێكی واقیعی بەرجستە دەكەن.

(ئازاد) لە ساڵی 1981 گوڵی تەمەنی پشكوتووە و هێشتا لە دووەمین بەهاری تەمەنیدا دەبێت كە قەدەرێكی تاڵ بەرۆكی دەگرێ، كاتێك لەو دەمەدا (كەكشار ژاژوكی)ـی باوكی تێكۆشەری لەگەڵ شەهیدی فەرماندە (حەسۆ میرخان ژاژوكی) و (عەبدولڕەحیم پێندرۆیی) و پولێكی پێشمەرگە لە شۆڕشی گوڵاندا ساڵی 1983 لە قەندیلی سەربەرزدا گیانی پاكیان بە رێی سەرفرازی نەتەوەكەیان دەسپێرن، ئەو بێئاگا لە رووداوەكان بێ سۆز و ئامێزی باوك دەمێنێتەوە و چیرۆكی تفتی ژیانی دەست پێ دەكات.. تەنیا دایكی وەك شێرەژن دوای شەهیدبوونی هاوسەرەكەی، (ئازاد)-ی كوڕی تاقانەی بەخێو و پەروەردە دەكات و جوانیی خۆی دەكاتە مۆم لە پێناو ژیانی كوڕەكەیدا. (ئازاد) دەڵێت، "زۆر شانازی بە دایكم (گوڵ) دەكەم، كە دوای شەهیدبوونی باوكم، هەڵوێستی جوامێرانە بووە و بۆ من دەبێتە تاكە ئامێزیكی بەوەفا و خەمخۆری لەو رۆژە سەختەدا و جێگەی باوكیشم بۆ پڕ دەكاتەوە".
ئەو كوڕە شەهیدە باوكی خۆی نەدیوە و لە تەمەنی منداڵیدا نەیتوانی وەك منداڵانی تر وشەی باوك فێر بێت، جارێك بە دوای باوكیدا نەگریاوە تا لەگەڵ خۆی بیباتە دەرەوە.. تامی ماچی گەرمی باوكی نەچەشتووە و باوك پێی نەگوتووە وەرە رۆڵە، وەرە باوەشی بابە..
رۆژگار هات و رۆیشت، (ئازاد) لەگەڵ دایكە ڕووسوورەكەیدا شەمەندەفەری تەمەنەیان بەرەو پێش برد، ئەو تەمەنی گەیشتە 30 ساڵ و هەر لە چاوەڕوانیدا بوو تا باوكی لە دەرگای ماڵەكەیان بدا و حەسرەتی بێباوكیی خۆی بڕەوێنێتەوە... رۆژێك (ئازاد) ئاگادار دەكەنەوە كە سبەی دەچینە قەندیل و تەرمی شەهیدەكان دەگوازرێنەوە زێدی خۆیان، (ئازاد) گوتی، "بە پەلە خۆم گەیاندە دایكم و ئەم هەواڵەم پێ گەیاند، بەڵام دایكم حەزی نەدەكرد من لە ماڵ بچمە دەرەوە و دەیوست هەموو كات پێكەوە بین، ئەمجارە دایكم وەك جاران نەبوو و بە منی گوت: قەینا رۆڵە بچۆ رێگات لێ ناگرم".
سپێدەیەك (ئازاد) لەگەڵ كەسوكاری چەند شەهێدیكی تردا بەرەو قەندیل، ئەو شوێنەی كە 27 ساڵ پێشتر باوكی لەوێدا شەهید بووە، كەوتنە ڕێ.. ئەو كە گەیشتە شوێنی گۆڕی بەئەمانەتی شەهیدەكان، نەیدەزانی بگری یان هەست بە خۆشی بكات، هەستی باوك و كوڕ لە ناخیدا كڵپەی سەندبوو، هەستی كرد كە ئەویش باوكی هەبووە. ئەو دەڵێت، "حەزم دەكرد هاوار بكەم و قەندیل بهەژێنم و دار و بەردی ئەو ناوە تێبگەیەنم، كە لەگەڵ باوكمدا بكەوینە قسە و پێی بڵێم: بابە گیان ئەوە منم، كۆرپە دوو ساڵانەكەت، ئەو زارۆكە دڵ پڕ حەسرەتەی 27 ساڵ بە دەم ئازاری بێتۆییەوە دەتلێمەوە و 27 ساڵە من چاوەڕوانی هاتنەوەت دەكەم. بابە بۆ وا زوو جێت هێشتین.. بابە لەگەڵ هەموو خەم و ژانەكانی بێتۆییدا، بەڵام پێت سەربەرزین كە رێگەیەكی پیرۆزت گرتە بەر و لە پێناو ئامانجی پیرۆزدا شەهید كرای، تۆ شەهیدێكی نەتەوەیەكی، تۆ سەروەری ناو میللەتێكی".
(ئازاد) ئێستا هەستی دەكرد كە ئەویش باوكی هەیە، لە خۆشیی شادبوون بە گۆڕی باوكی حەزی بە فڕین كرد، لە چاوەكانیدا فرمێسك قەتیس ببوو، لە دڵەوە ئاسوودە بوو، دەیوست قەرەبووی چەندین ساڵەی بێباوكیی خۆی بكاتەوە، لە پاڵ گۆڕەكەی دانیشێ و هەستی خۆی دەرببڕێ و لە گەڵیدا بكەوێتە گفتوگۆ، تا دڵنەوایی خۆی لێ وەرگرێ و كەمێك لە ژان و خەمی نەبوونی باوك داببڕێ.
تەرمی بابە لە گۆڕەكە دەردەهێنن، (ئازاد) لە كۆڵی دەنێ و دەكەونە رێگا، لە هاتنەوەدا ماندووبوونێكی زۆری دیبوو، بەڵام لە كاتی گەڕانەوەدا دەیزانی ئێستا بە تەنیا نیە و باوكی لە گەڵیدایە.. هەستی بە هێزێكی گەورە دەكرد، چونكە بە بینینی گۆڕی باوكی و لەپشتكردنی تەرمەكەی سەبووری هاتووە و لە خەیاڵیدا بە باوكی شاد بووەتەوە، هەرچەندە رێگا سەخت و دوور بوو، بەڵام ماندووبوون نەدبوو، چونكە هەستی دەكرد كە باوكی لە پشتە...
روحی باوكی (ئازاد) و گشت شەهیدانی رێگای سەرفرازیی كوردستان شاد بێت.

 




دوایین هەواڵەکان

وەزارەتی ناوخۆ ئاگادارییەك ئاراستەی ئەو ئەفسەر و كارمەندانە دەكات

THURSDAY, 25 APRIL 2024 00:04:55

ھەولێر-KDP.info- وەزارەتی ناوخۆی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ئاگادارییەك ئاراستەی ئەو ئەفسەر و كارمەندانە دەكات كە بی مۆڵەتی خوێندن بڕوانامەیان بەدەست هیناوە و تاوەكوو ئێستا بۆیان هەژمار نەكراوە.

 
ھەرێمی کوردستان بەشداری لە دیداری ئەبوزەبی بۆ وەبەرھێنان دەکات

WEDNESDAY, 24 APRIL 2024 19:04:39

ھەولێر -KDP.info- دەستەی گشتی وەبەرھێنان بەشداری لە سێزدەمین دیداری وەبەرھێنان لە ئەبوزەبی دەکات و سەرۆکی دەستەی گشتی وەبەرھێنانیش دەڵێ، ھەرێمی کوردستان بۆ جاری یەکەمە بەشداری لە دیدارەکە دەکات.

 
ئەنجومەنی وەزیران: بەپێی یاسا بەرکارە فیدڕاڵییەکان، بەشی بەغدا لە داهاتی نانەوتی هەرێم دەخرێتە سەر هەژماری وەزارەتی دارایی فیدراڵ

WEDNESDAY, 24 APRIL 2024 19:04:56

ھەولێر-KDP.info-  ئەمڕۆ چوارشەممە 24ی نیسانی 2024، بە سەرپەرشتی سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە.

 
مەحموود محەممەد: وەک پارتی لەگەڵ سیستەمی هەڵبژاردن و ڕێگریی لە بەشداریی پێکهاتەکان، کۆک نەبووین

WEDNESDAY, 24 APRIL 2024 18:04:37

مەحموود محەممەد: وەک پارتی لەگەڵ سیستەمی هەڵبژاردن و ڕێگریی لە بەشداریی پێکهاتەکان، کۆک نەبووین

 
راوێژکارێکی دەستەی ناوچە کوردستانییەکان: ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان کاریگەری ھەبووە"

WEDNESDAY, 24 APRIL 2024 17:04:54

ھەولێر-KDP.info- دوای ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان کرانەوەیەک ھەیە لەنێوان ھەرێم و بەغدا بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی حکوومەتی ھەرێم و دەنگەکانی کورد لە کەرکووک و نەینەوا و خانەقین گۆڕانکاریان پەیداکردوە. 

 


 
© 2023 Kurdistan Democratic Party, KDP

Contact