زوممار-KDP.INFO- سەرچاوەیەک لە زوممار دەڵێت، ھێزەکانی پێشمەرگە لە میحوەری زوممار بەردەوام لە پێشڕەوین و ئەمڕۆش پێنج گوندی دیکەیان کۆنترۆڵ کردوونەتەوە.
بەرپرسی ناوچەی دیجلەی پارتیی دیموکراتی کوردستان لە زوممار(حەسەن خەلۆ) بە kdp.infoی راگەیاند: "ئەمڕۆ جارێکی دیکە ھێزەکانی پێشمەرگە ھێرشیان کردە سەر چەکدارانی داعش لە میحوەری زوممار و توانییان کۆمەڵگای بارزانکێ رزگار بکەن کە بنکەی سەرەکیی چەکدارانی داعش بوو لەو ناوچەیەدا."
(حەسەن خەلۆ) زیاتر گوتی، "دواتر ھێزەکانی پێشمەرگە پێشڕەوییان کرد تا گەیشتنە کۆمەڵگای سموود ئەو شوێنەشیان کۆنترۆڵ کرد و دواتر کۆمەڵگای خانکێیش کۆنترۆڵ کرا."
ئەو بەرپرسەی ناوچەی دیجلەی پارتی لە زوممار راشیگەیاند: "لە باشووری کۆمەڵگای بارزانکێ، گوندێک ھەیە بەناوی عەین فەرەس و دواتر گوندێکی دیکە بە ناوی عەین زالە ھەیە، ئەو دوو گوندەیش کۆنترۆڵ کران."
ئەوەیشی خستە ڕوو، "ھێزەکانی پێشمەرگە لە پێشڕەویدان و لە زوممار نزیک بوونەتەوە و چەکدارانی داعش توانای بەرگرییێکی ئەوتۆیان نییە و تەنیا پشت بە دانانی بۆمب و مینی چێنراو دەبەستن، خۆشبەختانە ھێزەکانی پێشمەرگەیش تیمی شارەزایان لەگەڵن بۆ پوچەڵکدرنەوەی ئەو تەقەمەنییە چێنراوانە."
(خەلۆ) گوتیشی: "داعش زیانێکی زۆری بەرکەوتووە و ژمارەیەکی زۆریان لێ کوژراون و چەندین ئۆتۆمبێلیشیان لێ سووتێنراون."
بڵند ئیبراھیم