هەولێر-KDP.INFO- وەزارەتی پێشمەرگەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان جەخت دەکاتەوە کە، هیچ هێزێکی پەکەکە لە قەندیلهوه بۆ هاوکاریکردنی هێزی پێشمەرگە نەهاتووە و ئەوەی ئێستا لە سەنگەردایە بۆ بەرگریکردن لە خاکی کوردستان، تەنیا هێزی پێشمەرگەیە.
بەڕێوهبەری راگەیاندن و هۆشیارییی وەزارەتی پێشمەرگەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان عەمید (هەڵگورد حیکمەت) به kdp.infoـی راگەیاند، لە ئێستادا هێزی پێشمەرگە بە درێژایی 1050 کیلۆمهتر لە بهرانبهر تیرۆریستاندا لە جەنگدایە، راستە وهك گەلی کورد هەموو لایەک هاوسۆزن لەگەڵمان و چەندین وڵات هاوکاریی هەرێمی کوردستان دەکەن، بەڵام ئەوەی ئێستا دژی تیرۆرستان لە سەرنگەرەکانی شەڕدایە، تەنیا هێزی پێشمەرگەیە و هیچ هێزێکی دیکە لەو سەنگەرانهدا نییە.
بەڕێوهبەری راگەیاندن و هۆشیاریی وەزارەتی پێشمەرگەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان راشیگەیاند، راستە لە مەخموور پەکەکە هەبوو و لەسەر سنووریش یەپەگە بوونی هەبووە، بەڵام ئەمانە بەرگرییان لە خۆیان کردووە و بۆ پاراستنی خۆیان بوونیان لەو ناوچانە هەیە، لەو چوارچێوەیەیشدا هاوکاریی هەرێمی کوردستانیشیان کردووە، ئەمەیش لە پێناو پاراستنی خۆیان .
ئەوەیشی خستە ڕوو، ئەوەی باس لەوە دەکات کە هێزی پەکەکە لە قەندیلەوە بۆ هاوکاریکردنی هێزی پێشمەرگە بۆ هەرێمی کوردستان هاتووە، راست نییە و به تهنیا هێزی پێشمەرگە لە سەنگەرەکانی شەڕدایه.
ئەمەیش لە کاتێکدایه، کەناڵی عەرەبییە ئەلحەدەس باسی لەوە کردووە کە هێزی پێشمەرگە و پەکەکە بەیەکەوە لە دژی چەکدارانی داعش لە سەنگەرهکانی شەڕدا دەجەنگن، بەڵام وەزارەتی پێشمەگە ئەوە رەت دەکاتەوە.
بڵند ئیبراهیم