Kurdî  ■  كوردی  ■  عربي
WED, 24 APR 2024 13:01 Erbil, GMT +3
پارتی دیموکراتی کوردستان
ئازادی . دیموکراسی . دادپەروەری
 

سەرۆكوەزیرانی ئیتالیا: بۆ هاوکاریی پێشمەرگە، كۆدەنگی و ئیرادەیەكی بەهێز لەنێو وڵاتانی یەكیەتیی ئەورووپادا هەیە
| KDP.info


هەولێر-KDP.INFO-  سەرۆكوەزیرانی ئیتالیا جەختی كردەوە كە، كۆدەنگی و ئیرادەیەكی بەهێز لەنێو وڵاتانی یەكیەتیی ئەورووپادا هەیە كە لە ڕووی سەربازی و مرۆیی هاریكاریی هێزەكانی پێشمەرگە و حكوومەت و گەلی كوردستان بن. لەبەرانبەردا (سەرۆك بارزانی) سوپاسی هەڵوێستی سەرۆكوەزیرانی ئیتالیای كرد و ڕایگەیاند "هاوپەیمانی و پشتگیریی ئەورووپا و ئیتالیا، وا دەكات گەلەكەمان هێز و ئومێدێكی زیاتری هەبێت لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر"، و هیوایشی خواست، پەیوەندییەكانی ئیتالیا و كوردستان گەشەی زیاتر بەخۆیانەوە ببینێت.

ئەمڕۆ چوارشەممە سەرۆكوەزیرانی ئیتالیا(ماتێیۆ ڕێنزی) و شاندێكی یاوەری سەردانی هەرێمی كوردستانی كرد و لە مەراسمێكی فەرمیدا لە لایەن سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان(نێچیرڤان بارزانی) و ژمارەیەك لە بەرپرسە سیاسی و حكوومییەكانی هەرێمی كوردستان لە فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر پێشوازی لێ كرا و پاشان لە هەولێری پایتەختی هەرێمی كوردستان لەگەڵ سەرۆكی هەرێمی كوردستان(مەسعوود بارزانی)-دا كۆ بووەوە.
لەم كۆبوونەوەیەدا كە سەرۆكی حكوومەت(نێچیرڤان بارزانی) و جێگری سەرۆكی حكوومەت(قوباد تاڵەبانی) و سەرۆكی دیوانی سەرۆكایەتیی هەرێم(فواد حوسێن) و وەزیری پێشمەرگە(مستەفای سەید قادر) و بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی حكوومەت(فەلاح مستەفا) و و نوێنەری حكوومەتی هەرێمی كوردستان(خاتوو ڕێزان حەمەساڵح) ئامادەی بوون، سەرۆكوەزیرانی ئیتالیا خۆشحاڵیی خۆی بۆ هاتنی بۆ كوردستان ڕاگەیاند و (سەرۆك بارزانی)-یش بە گەرمی بەخێرهاتنی سەرۆكوەزیرانی ئیتالیا و شاندی یاوەری كرد.
لە كۆبوونەوەیاندا دواپێشهاتە ئەمنی و سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان و عێراق و بارودۆخی مەیدانیی بەرەكانی ڕووبەڕووبوونەوەی هێزەكانی پێشمەرگە و تیرۆریستان و بارودۆخی مرۆیی ئاوارەكان خرایە بەرباس و گفتوگۆ و سەرۆكوەزیرانی ئیتالیا ئەوەی بە (سەرۆك بارزانی) ڕاگەیاند كە پارلەمانی ئیتالیا بڕیاری داوە كە ئیتالیا پشتگیریی مرۆیی و سەربازیی هەرێمی كوردستان بكات لە دژی شەڕی تیرۆریستانی داعش. هەروەها جەختی كردەوە كە كۆدەنگی و ئیرادەیەكی بەهێز لەنێو وڵاتانی یەكیەتیی ئەورووپا هەیە كە لە ڕووی سەربازی و مرۆیی هاریكاریی هێزەكانی پێشمەرگە و حكوومەت و گەلی كوردستان بن. لەم دانیشتنەدا سەرۆكوەزیرانی ئیتالیا بە ناوی خۆی وەك وەزیری دەرەوەی ئیتالیا و سەرۆكی دەوریی یەكیەتیی ئەورووپا لە گەڕی داهاتوو بە (سەرۆك بارزانی) ڕاگەیاند كە "ئێوە لەم شەڕەدا تەنیا نین و شەڕی ئێوە شەڕی ئێمەیشە و سەركەوتنی كوردستان لە شەڕی تیرۆریستاندا سەركەوتنی ئێمەیە"، هاوکات ئامانجی سەردانەكەیشی بۆ كوردستان خستەڕوو كە بریتی بوو گەیاندنی پەیامی پاڵپشتیی ئەورووپا و وڵاتەكەی بۆ گەلی كوردستان و فراوانتربوونی پەیوەندییەكانی ئیتالیا و كوردستان و هەروەها ئاگاداربوون لەوەی چۆن بتوانن لەڕووی سەربازی و مرۆییەوە هاوكاریی كوردستان بكەن.
سەرۆكوەزیرانی ئیتالیا زۆر ڕاشكاوانە ڕایگەیاند كە، بڕیاریان داوە چەك و هاوكاریی مرۆیی بدەنە كوردستان و هانی كۆمپانیاكانی ئیتالیا دەدات لە كوردستان سەرمایەگوزاری بكەن و ئاستی پەیوەندیی دیپلۆماسیشیان لە نوێنەرایەتی بۆ كردنەوەی كۆنسووڵخانە لە هەولێر بەرز بكەنەوە. سەرۆكوەزیرانی ئیتالیا هیوایشی خواست (سەرۆك بارزانی) لە ئاییندەیەكی نزیك سەردانی ئیتالیا بكات.
لەبەرانبەردا (سەرۆك بارزانی) سوپاسی هەڵوێستی سەرۆكوەزیرانی ئیتالیای كرد و وێڕای شیكردنەوەی چۆنییەتی پەلاماری تیرۆریستان و ڕەوشی ئاوارەكان و هێزی پێشمەرگە، ڕایگەیاند كە "هاوپەیمانی و پشتگیریی ئەورووپا و ئیتالیا، وا دەكات گەلەكەمان هێز و ئومێدێكی زیاتری هەبێت لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر"، و هیوایشی خواست، پەیوەندییەكانی ئیتالیا و كوردستان گەشەی زیاتر بەخۆیانەوە ببینێت.
سەبارەت بە هاتنی ئاوارەكان بۆ كوردستان (سەرۆك بارزانی) ئاماژەی بەوەدا كە "ئەوەی لە تواناماندا بێت بۆ یارمەتیدان و ئیدارەكردنی ڕەوشیان دەیكەین"، ئاماژەیشی دا، "بۆ كوردستان جێگەی شانازییە كە كۆمەڵگەییەكی فرەئایین و فرەنەتەوەی هەیە و بە هەموو توانایەك پارێزگاری لەم فرەییە دەكەین."
 




دوایین هەواڵەکان

عەبدولحسێن شەعبان: کێشەی ھەرێم لەگەڵ بەغدا لە سنووری دادگای فیدڕاڵی گەورەترە

WEDNESDAY, 24 APRIL 2024 12:04:32

ھەولێر-KDP.info- بیرمەندێکی ناسراوی عەرەب باس لەو گرفتە سیاسی و ئەمنیانە دەکات کە ڕووبەڕووی کوردستان کراوەتەوە و ئاماژە بەوە دەکات، کێشەی ھەرێمی کوردستان لەگەڵ بەغدا زۆر لە سنووری دادگای فیدڕاڵ دوورتر و گەورەترە دەشڵێ، ناکرێ مووچە و بوودجەی ھەرێم بخەنە نێو ململانێ و کێشمەکێشی سیاسییەوە، چونکە ئەمە سەرپێچییە و یەکێتیی نیشتمانیی وڵات و ئایندەی پەیوەندییەکانی نێوان عەرەب و کورد ڕووبەڕووی مەترسی دەکاتەوە".

 
بەمنزیکانە سەرۆکی هەرێمی کوردستان سەردانی بەغدا دەکات

WEDNESDAY, 24 APRIL 2024 12:04:47

ھەولێر-KDP.info- سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ بەشداری لە کۆبوونەوەیەکی هاوپەیمانی بەڕێوەبردنی دەوڵەت دەچێتە بەغدا. گوتەبێژی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستانیش دەڵێت، ئێستا هەوڵی جیددی هەن هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە کاتی خۆیدا بکرێت. 

 
مەسروور بارزانی: شەهیدانی کارەساتی بۆردوومانی قەڵادزێ هەمیشە لە یادمانن

WEDNESDAY, 24 APRIL 2024 11:04:17

ھەولێر-KDP.info- سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان جەخت لەوە دەکاتەوە، شەهیدانی بۆردوومانی قەڵادزێ "هەمیشە لە یادمانن".

 
ئەمڕۆ ئەنجوومەنی وەزیران چەند بابەتێک گفتوگۆ دەکات

WEDNESDAY, 24 APRIL 2024 10:04:07

ھەولێر-KDP.info- ئەمڕۆ چوارشەممە، 24 ی نیسانی 2024، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، بە سەرپەرشتیی مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، کۆدەبێتەوە و تێیدا چەند بابەتێک گفتوگۆ دەكرێت.

 
ڕاگەیاندنی پارتی پرسەنامەیەک ئاراستەی خانەوادەی ھونەرمەند (جەمال ھیدایەت) دەکات

WEDNESDAY, 24 APRIL 2024 10:04:44

ھەولێر-KDP.info- بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پارتی دیموکراتی کوردستان، پرسەنامەیەک ئاراستەی خانەوادەی ھونەرمەندی ناسراوی گەلەکەمان مامۆستا (جەمال ھیدایەت) دەکات.

 


 
© 2023 Kurdistan Democratic Party, KDP

Contact