هەولێر-KDP.INFO- بەرپرسی لقی دووی پارتیی دیموکراتی کوردستان(عەلی حوسێن) و سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان(ئومێد خۆشناو)، سەردانی ماڵی(شێخ حوسێن حاجی محەممەد شێخ ڕەشید لۆلانی)-یان لە هەولێر کرد و هاوخەمیی پارتییان لە بەرانبەر تەقاندنەوەی مەزاری (شێخ ڕەشید لۆلانی) بەو بنەماڵەیە گەیاند.
لەم سەردانەدا بەرپرسی لقی دوو، بە ناوی ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی پارتیی دیموکراتی کوردستان نیگەرانیی پارتییان بە (شێخ حوسێن) راگەیاند و کارەکانی رێکخراوی تیرۆریستی داعش لە تەقاندندەوەی مەزارگە و شوێنە پیرۆزەکان، بە کارێکی دوور لە بەها ئەخلاقی نەریتی سیاسی و ئایینی و مرۆڤایەتی وەسف کرد.
بەرپرسی لقی دوو جەختی کردەوە کە، ئەم بەدکاریانەیان، نامرۆڤانەیە و هیچ کات قبووڵ ناکرێت.. دەبێت ئەم رێکخراوە باجی هەموو ئەم کارانەیان بدەن. هاوکات بەرپرسی لقی دوو جەختی لە یەکهەڵوێستی و یەکگرتووییی خەڵکی کوردستان کردەوە بەرامبەر ئەم ڕەوش و قۆناخە تازەیەی هاتووەتە کایەوە، تا ببنە پاڵپشت بۆ هێزەکانی پێشمەرگە بۆ ئەوەی هەرێمی کوردستان پارێزراو بێت، لەم ڕووەوە (شێخ حوسێن) و سۆفی و موریدانی (شێخ ڕەشید لۆلانی) دەستخۆشی و ستاییشی خۆیان بۆ هەلوێست و پەیامی سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەربڕی، لە ئیدانەکردنی ئەم کارەی تیرۆریستان کە بەرامبەر بە مەزارگەکان ئەنجام دەدرێت، هەروەها ئامادەیی خۆیشیان دەربڕی بۆ پاڵپشتی و چوونە نێو ریزەکانی پێشمەرگە بۆ پارێزگاریکردن لە کوردستان دژی دوژمنان و تیرۆریستان.
ئەم سەردان هاوهەڵوێستییەی بەرپرسانی پارتی بۆ بنەماڵەی (شێخ حوسێن)، پاش تەقاندنەوەی مەزاری(شێخ رەشید لۆلانی) دێت لە مووسڵ لە لایەن ڕێکخراوی تیرۆریسیی داعشەوە.