هەولێر-KDP.INFO- لە پەیامێکیدا کە ئەمڕۆ شەممە بڵاو کراوەتەوە، سەرۆكی هەرێمی كوردستان(مەسعوود بارزانی)، لەنێوبردن و تەقاندنەوەی مەزرارگە و شوێنە پیرۆزەكانی خەڵك لە شاری مووسڵ، لە لایەن تیرۆریستانەوە، سەرزەنشت دەکات و ڕایدەگەیەنێت کە، دەبێ تیرۆریستان باجی ئەم تاوانە گەورەیەیان بدەن.
دەقی پەیامی (سەرۆک بارزانی):
پەیامێك لە سەرۆكی هەرێمی كوردستان
لە دوای ڕوواوەكانی كەوتنی شاری مووسڵ و كۆنتڕۆڵكردنی ناوچەیەكی زۆری پارێزگاكانی مووسڵ و سەڵاحەددین لەلایەن چەكدارە تیرۆریستەكان و ئاوارەبوونی سەدانهەزار هاووڵاتی و دانیشتوانی ئەم ناوچانە، ئێستا لەنێوبردن و تەقاندنەوەی مەزرارگە و شوێنە پیرۆزەكانی خەڵك لە شاری مووسڵ دەستی پێ كردووە. ڕەفتاری لەمشێوەیەی چەكدارە تیرۆریستەكان دژی هەموو ڕەوشت و بنەما و بەهایەكی ئاسمانی و ئینسانییە و توراسی مێژوویی ئەم شارە و باری دیمۆگرافیی ناوچەكە دەكاتە ئامانج.
زۆر بە توندی ئیدانەی تەقاندنەوەی مەزارگەی پێغەمبەر و پیاوچاك و شوێنە پیرۆزەكان و ئەم ڕەفتارە نامەدەنی و بەدڕەوشتییە دەكەین كە چەكدارە تیرۆریستەكان لە دژی ئایینە ئاسمانییەكان و كولتوور و مێژوو و پیرۆزییەكانی خەڵك ئەنجامی دەدەن. ئومێدەوارم موسڵمانانی ڕاستەقینە ئەم سووكایەتییە گەورەیە قبووڵ نەكەن و دەبێ تیرۆریستان باجی ئەم تاوانە گەورەیەیان بدەن.
مەسعوود بارزانی
سەرۆكی هەرێمی كوردستان
26ـی 7ـی 2014